Abubakir-Caf-3

ئەبوبەکر جاف : بون وەک پەیوەندی ، بون لە پەیوەندیدا.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

لە ئۆنتۆلۆژیای جەوهەرو ماهیەتی  نەگۆڕەوە بۆ ئۆنتۆلۆژیای پەیوەندی .

هەموو فینۆمینێک لە دونیادا بە لای کەمەوە پەیوەندی نێوان دوو هێزە ( ئەوەی بونی نەبێت نۆمین و شتە لە خۆیدا ، ڕەخنەی نیتشە لە میتافیزیکیای جەوهەرو ماهیەتی ئەبەدی و نەگۆر ، ڕخنە لە نۆمین و شت لە خۆیدا ” ی کانت) . پەیوەندی دو هێز کە یەکێکیان لە دۆخی هێرشبردن و هەڵکوتانە سەر ئەویتردایە. هەموو هێزێک لە گەڵ هێزێکی تردا لە بەریەککەوتن و بەیەکدادانێکی ململانێ و هەیمەنەکردندایە.ئەم ململانێ و بەرکەوتنە ڕەنگدانەوەوتیشکی بۆ سەر کۆی هێزەکانی تر دەبێت ” ئیرادەی هێز دەرناکەوێت تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندی بەرەنگاری و بەرگرییەوە نەبێت ، هێزێک بەدوای ئەو هێزەدا دەگەرێت کە بەرهەڵستکارو بەپەرچدەرەوەیە . هێزێک بە دوای بەریەککەوتن و بەرهەڵستکاری و پێکداداندا دەگەڕێت ، بەمشێوەیەو بەڕێژەیی بە دوای یەکە باڵاکاندا دەگەڕێت.ەکێتی و یەکبونێکی باڵاش دەبێت وەک یەکەیەک لێیتێبگەین کە یەکەیەکە ، پەیوەندی هێزەکان لەخۆی دەگرێت و لە هەناویدایەواتە هێرش و بەرگری ، هێرش و بەرەنگاریی ، کردارو پەرچەکردار.
وێنەیەکی تەواو گشتگیرو گشتی بۆ ” ئیرادەی هێز ” کردارە ، کردار نواندنێکە دژ بە هێزی تر ، دژ بە بەرگری ئەو هێزەی بەرانبەری دەوەستێتەوە. بۆ ئەوەی  لەو شتە تێبگەین چی بەسەر هەر هێزێکدا دێت لە میانەو لە ناو ئەو پرۆسەیەی کە ئیرادەی هێز هیچ نییە جگە لە پەیوەندی ، دەبێت بڵێین هەموو هێزێک هەیمەنەو باڵادەستی و فراوانخوازی خۆی فراواندەکات بەسەر هێزێکی تردالە هەمان ئەو دەمەی هێزێکی تر هەڵدەسێت بە بەرگری و بەرەنگاربونەوە . بەمشێوەیە دورخستنەوەی هەر هێزێک مانای نابێت.هەموو دیاردەیەک لە بوندا پێویستە بەوشێوەیە لێ یتێبگەین کە ، گوزارشتکردن و مانێژستبونی ململانێ و کێبەرکێ و بەریەککەوتنی هێزەکانە هەندێکیان دژ بە هەندێکی تریان . ئێمە ئەگەر یەکبون و یەکێتییەکمان بینی لە دراو دیاردەیەکدا ، ئەم یەکبونە هیچ نییە جگە لە یەکەیەک کە کۆمەڵێک هێزی گەمەکەری لە خۆ گرتووە . ئەمەی کە وتمان بۆ بون و بۆ دونیا بە گشتی دەکرێت ڕاستی بێت . ڕاستییەکە بۆ هەموو دونیا و بون دشێت : دونیایەک لە خۆیدا بونی نییە ، هەر لە بنەڕەت و بنچینەدا دونیای پەیوەندییەکانە .
ئەم هەڵوەشاندنەوەو تورهەڵدانەی ” یەکێتی و یەکبونی ” بون ” لە کۆی تێکستەکانی نیتشەدا دەبینرێت . ئەم هەڵوەشاندنەوەو هەڵگەرانەوەیە وێرانکدرنی ئەو دیدگا ئەقڵانییەیە کە بِڕوای بە ” یەک ، یەکێتی و یەکبن ” هەیە ، دژ بە جەوهەرخوازییە ، دژ بە هۆ و هۆکار بەندییە . دژ بەو ” یەک ” ئۆنتۆلۆژییە ، میتافیزیکییە یونیڤیرساڵ و گەردونییەی کە ” حیکایەت و گێڕانەوە گەورەکان هەر لە ئەفلاتونەوە تا هێگڵ و بە مارکسیشدا تێدەپەڕێت.
ئەو دونیایەی نیتشە دەیەوێت لە دەرەوەی ” بنچینەی سەرتایی و یەکەمین ، بنەڕتی یەکەمین وێنای بکات و چییە ؟ ئایا ئەمە بە ئاسانی و بەوەی کەزوو دێتە دەستمانەوە دەیەوێت بڵێت فرەیی هێز و هەمەچەشنی و جیاوازی هێزەکانە ؟. ئێمە لەوە تێدەگەین نیتشە کاری پاچەپارچەکردن و بەشبیەشکردنی ” یەک و یەکگەراییە “.
ئەو کاتەی پەیوەندییەکان دەچنە پێشەوە و باڵادەست دەبن  ، ئەو کاتە شوێن و پێگەی ” یەک ” بە هەمانشێوەی خۆی نامێنێتەوە : دونیای پەیوەندی  بون و ئامادەیی دەبێت بە بێ یەکەیەکی تر : هێزێکی ئامادە لە هەموو شوێنێکدا ، یەک” ەو فرەشە وەک یاری هێزەکانچەشنی یاری شەپۆلی دەریاکان لە هەڵکشان و داکشانیاندا ، وەک زەریایەک کە پڕ بێت لە تۆفان و هەڵکشان و زیادبونێکی بەردەوام لە گۆڕانێگی هەمیشەیی و بەردەوامدا ” بەمشێوەیە ” یەک ، تاک ” پەیوەندییەکی تەنگاوتەنگ و ناچاری بە فرەییەوە هەیە .، وە پەیوەندی بە یاری هێزەکان و شەپۆلەکانییەوە هەیە،پەیوەندی بە دریژبونەوەو شەپۆلی بەردەوامەوە هەیە،بەمشێوەیە : یەک ” یجەوهەری ، ئەقلێ ، میتافیزیکی’ مێژویی  سروشتی  خۆی لە دەستدەدات . تەنانەت فرەیی و هەمەچەشنی هێزەکان بنەڕەت و بنچینەی ” یەکەمین ” نین.ئەوەی بونی هەیە : (یەک – فرەیی ) وەک سەوەی یەکێک لە گەورە فەیلەسوفانی ژیان ” برگسۆن ” باسی دەکات.
ئیرادەی هێزفرەیی هێزەکانە کە سروشتی پەیوەندی و پەیوەندبەندییە ، وە سروشت و سیمای ئەم پەیوەندییەش ململانێ و بەریەککەوتنی هەمیشەییە.
شتێک کەدەبێت  لە سەری بوەستین : نیتشە بە تاک  باسی ” یرادەی هێز ” دەکات ، ئەو کاتەی هەموو دیاردەیەکیش یەکێتییەکی ڕاگوزەیانەی کۆمەلێک هێز بێت ، نیتشە دەیەوێت ئاماژە بۆ ” ئەو تەنیا سیفەتە دەکات کە دەکرێت کەشف بکرێت و بدۆزرێتەوە “، واتە ئەو شتەی لە گشتێتی و کوللەیتی واقعدا دەردەکەوێت ” یەکێتی  ڕیالیتێ . بەڵام ئەم سیفەتی کە دەتوانرێت و دەکرێت بدۆزرێتەوە نە یەکە ، نە پرەنسیپە ، نە یەک” کی میتافیزیکییە.نە حەقیقەتێکی جەوهەریی . بەلو سیفەتێک دەبێت کە : واقع و ڕیالێتێیەکی دیاریکراوی دەبێت ” ئێمە ناتوانین بیدۆزینەوە تەنیا لەو کاتەدا نەبێت بونێکی عەینی و تایبەتکراو دیاریکراوی هەیەلە ” فرەییدا” بەشێوەیەک کە هەرگیز ناتوانرێت لە ” گشتێتی و کوللییەتی خۆیدا ” گەمارۆ بدرێت.دەکرێت بە تا باسی ئیرادەی هێز بکرێت چونکە ، ئەو ماهیەتە پەیوەندبەندییەیە کە هەموو شتێک دەردەخات.هەر بەمشێوەیە دەبێت ماهیەتی پەیوەندبەندی و پەیوەندگەرایی ئیرادەی هێز دیاریبکرێت ، ئەو کاتەی بە بێ ئەمە ناتوانرێت هیچ گۆران و گۆرانکاری و جێگۆرکێ و جوڵەو بزاوت و سەیرورەو هێزی جوڵێنەری دونیا ببینرێت. لە هەموو شوێنێکدا ، لە هەموو پنتێکی بونداهیچ بونی نییە. نە گەردێک ، نە گەردیلەیەک ، نە هێزێک ، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنیاو تەنیا “پەیوەندییە “. بەمشێوەیە لای نیتشە نە گەرد بونی هەیە ، نە مونادەکان ، نە یەکێتی هێزەکانی لە ناو سەیرورەدا. لێرەوە لەوە تێدەگەین بۆچی نیتشە بە تا باسی ئیرادەی هێز دەکات ، چونکە : یەک ماناو یەک ڕەهەند بۆ تێگەیشتنی ئیرادەی هێز هەیە ئەویش ” پەیوەندییە .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت