بورهان شێخ ڕەئوف : حکومەتى بنکەفراوانى نیشتمانى یان تکنۆکرات .

ئەوەى لاى هەمووان ڕوون و ئاشکرایە و زۆرجار هەرخۆم لەزۆر موناسەبەدا ئاماژەم پێداوە دروستبوونى دەوڵەتى عێراقى تازەیە لە سەرەتاى بیستەکانى سەدەى پێشووەوە بە دەر لە خواستى پێکهاتەکانى و دانانى پاشایەک بۆى کە لە حجازەوە هێنایان کەلە بنەماڵەى هاشمیە بەو ئومێدەى ببێتە چەترێک هەموو پێکهاتە ناجۆرو جیاوازەکانى عێراق کۆبکاتەوە .
بەڵام هەر زوو مەلیک غازى دووەم پادشاى عێراق هەستى بەوە کرد کە مانەوەى عێراق وەکو وڵاتێکى یەکگرتوو کارێکى هێندە سانا نییە و قۆرتى گەورەى لە بەردەمدایە بۆیە لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر بمانەوێت عێراق بە یەکگرتووویى بمێنێتەوە دەبێت سووپایەکى بە هێزى هەبێت هەمیشە چونکە لە هەر کاتێکدا دووان لە پێکهاتەکانى عێراق ڕاپەڕن لە باکوورو باشوور دەوڵەتى عێراق ناتوانێت بەرەنگاریان بێتەوە لەت دەبێت .
زۆر ڕوونە مەبەستى شا غازى دەبێت عێراق هەر چۆن بە زۆر و زۆردارى داتاشراوە مانەوەکەشى هەردەبێت بە هێزو کووتەک بێت ، ئەگەرلە هەشتا ساڵى ڕابردوودا عێراق وەکو وڵاتێکى نائارام و پڕ لە قەیران و شەڕى و یەک لە دواى یەک و ئاکامەکانى گۆڕى بە کۆمەڵ و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید بووبێت لە سایەى ڕژێمە دکتاتۆرو تۆتالیتارەکانەوە ئەوا لە دواى پرۆسەى بە ناو ئازادى عێراقیشەو لە ساڵى 2003 ەوە تا ئیستا سەرەڕاى نووسینى دەستوورو ڕاپرسى و حکومەتى ئینیقالى و و حکومەتى بنکە فراوان و یەکێتى نیشتمانى نەتوانراو نەکرا ئاو بە ئاگرەدا بکرێت و دواڕۆژێکى گەش و ئارام بۆ پێکهاتەکانى عێراق فەراهەم بکرێت .
لە ئێستاشدا کە ڕق و بێزارى سەرتاپاى خەڵکى عێراقى گرتووەتەوە شەڕى داعش و قەیرانى دارایى تاقەت پڕووکێن نەبوونى خزمەتگوزارى بە هەموو سکتەرەکانیەوە تەشەنەکردنى گەندەڵى لە ڕادەبەدر و حەیابەر لە ئاستە باڵاکانى جومگەکانى دەوڵەتدا لە ناو توێژێکى سیاسى گەندەڵ و مشەخۆر و بەرژەوەند پارێز کە لە ناوچەى سەوز ى بەغدادا خۆیان قایم کردوەو کەڕوکاسن و لە ئاست نەهامەتیەکانى خەڵکى عێراقدا بۆیە بیر لە پێکهێنانى حکومەتى تکنۆکرات دەکەنەوە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە قووڵەى کە تێ ى کەوتوون .
بەڵام بە وردبووونەوە لە ئەزموونەکانى ڕابردوو لە حکومەتى دکتاتۆرى سەردەمى کۆن و حکومەتەکانى دواى پرۆسەى بەناو ئازادى عێراق لە دواى 2003 ئەوەمان لا جێگیر دەکات حکومەتى تکنۆکراتیش بە دەردى حکومەتەکانى پێشووتر دەچێت و ناتوانن پێکهاتەکانى عێراق بە یەکەوە بلکێننەوە چونکە ئەوە خواستى هێزە زلەکان و وڵاتانى ناوچەکەیە کە دەیانەوێت بەرژەوەندیەکانى خۆیان بپارێزن و گیان بکەنەوە بە بەرى لاشەى شەکەتوو داڕزاوى عێراقدا و درێژە بە زنجیرە سیناریۆى کوشتن و بڕین و خوێن ڕشتن و بە فیڕۆدانى سامانەکەى بدەن .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies