كەمال محەمەد: چاكسازی وهێزی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مۆنتسیكۆ: ئەڵێ لە سەرەتای دروستبونی هەر كۆمەڵگایەكی سیاسیدا ڕۆڵ و ئەركی سەركردەكان دروستكردنی دامەزراوەكانی ئەبێت تاڕادەی خستنەسەرپێیان كە بتوانرێت ڕۆڵ و ئەركی سەركردەكان لەو دامەزراوانەوە وەربگیرێت، بەڵام لەهەرێمی كوردستان نەبینینی ئەو راستی و ئەركەی كە جەمسەری دژە دیموكراسی و ئازادی و یەكسانی و بەدامەزراوەیی كردنی دەزگاكانی دەسەڵاتی پێكهێناوە لەلایەن سیاسییەكانی حیزبەوە لە ماوەی حكومڕانی هەرێمی كوردستاندا وایكردوە كە سەرمایەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی حیزبەكان كەڵەكە بكرێت و سەرمایە حقوقییەكەی خۆشیان لەدەست بدرێت بێگومان مەبەست لێی گەلێكی بۆرژاوزی هیوا لەدەست دراوە یان مەیلی بەدەستهێنان و سپاردنی ئەوانەیە كەهیواكانیان بە داهاتویەكی نادیار سپاردوە، بەدرێژایی ئەم ماوەیە رەخنە گرتن لەدەسەڵات و سیستەمی سیاسی و حكومڕانی لە سی ساڵی ڕابردودا و تەنها لە میانەی چوارچێوەیەكی رەخنەیی جگە لە هەڵوێستێكی خەیاڵی لەبواری كرداریدا هێندە چانسی جێبەجێكردنی نەبوە، ئەمەش كەلێنە گەورەكەی نێوان تیۆری و كرداری نیشان ئەدات لەپرۆسەی چاكسازیدا.
چاكسازی لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە هەموان لە پێدراوە ئابوری و دەسەڵاتدارێتییەكان لەبەردەم یاسادا یەكسان بكات و لەهەمان كاتیشدا بەرپرسیاریان بكات لەبەردەم یاسادا، ئەم هەژمونە لە حكومڕانییەی حیزب بەسەر حكومەت و دەزگا حكومیەكان وایكردوە كردەی سیاسی و حكومڕانی لەبازنەیەكی بچوكدا بخولێتەوە بەسودی چەندین بنەماڵەی سیاسی و حیزبی دا و ئەو هێزە لەبەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەدەست نەهێنێت.
سیاسەت لە هەرێمی كوردستان لەسەردەستی ئەم حكومڕانییە نەیتوانیوە پێكەوە ژیانی هەمو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا دەستبەربكات و كۆمەڵگایەكی دیموكرات برەو پێبدات و خۆی نوێ بكاتەوە لەگەڵ پرۆسێسە سیاسییەكانی هاوچەرخ كە هەموان مافی هاوڵاتی بونیان پارێزراو بێت.
بونی دەستور لەهەر كۆمەڵگایەكی سیاسیدا زیاتر بوار بۆ رێگری لەگەندەڵی و هێزی بەرەنگاربونەوەی دەرەخسێنێ، بەڵام لەهەرێمی كوردستان نەبونی دەستور بۆشاییەكی گەورەی دروست كردوە لەهەمواری ئەو یاسایانەی كە حیزبەكان دەری ئەكات و لە پەرلەمان چەسپاندویانە بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و ئەوەی كە ناویان لێ ناوە چاكسازی لە كۆتاییدا بەخزمەتی چینی باڵادەست كۆتایی پێهاتوە، بۆیە پرۆسەی چاكسازییەكەیان نەیتوانیوە جوڵەیەكی دینامیكی وەهای هەبێت كە داهات و یاساو مەلەفی نەوت و بازار بەشێوەك رێكبخات كە یەكسانی و روونی تێدا بەدیبكرێت بە پشت بەستن بە تیۆرەیەكی زانستی و سیاسی و ئابوری.
ئێستا كە پرۆژە یاسای چاكسازی لەناواندایە و حكومەت ڕەوانەی پەرلەمانی كردوە باس لە میكانیزمی گێڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان نەكراوە كەهەڵەی ئابوری سەربەخۆی سیاسییەكان بوەو باجەكەشی هاوڵاتی ئەیدات، ئەمەو جگە لەوەی كەلەپرۆژەیاساكەدا باس لەكەمكردنەوەی موچەی پلەباڵاكان و سەرۆكایەتییەكان نەكراوە كە جیاوازییەكی لەگەڵ ئەم سیستەمەی ئێستادا هەبێت ، بۆیە پرۆسەی چاكسازی وگۆڕینیش لەوێوە دەست پێ ئەكات كە مەودایەك هەبێت توانای هێنانەكایەی ئیرادەو فیكرێكی هەبێت لە پراكتیزەكردنی سیاسەت و پیادەكردنی دەسەڵاتێك كەتوانای خوێندەوەو گۆڕینی سیستەمەكەی هەبێت ،بەشێكی زۆری وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە كە ئایا چاكسازی ریشەیی لەنەبونی دەستورێك كە بڕبڕەی پشتی یاسایە و لەنێو ئەم. سیستەمە سیاسییە ئۆتۆكراسییە بەكوێ و چی ئەگات لە كاتێكدا هیچ پڕۆسەو باسێكی گەورەی گۆڕانكاری لە پڕۆژە یاساكەدا نییە كە بڕیار وایە پەرلەمان خوێندەوەو وبڕیاری خۆی لەسەر بدات، بۆیە ئەگەر پێمان وابێ چاكسازی تەنها لەچەند سێكتەرێكی بچوكدا توانای هێنانەكایەی مۆدێلێكی جیاواز لە حكومڕانی سی ساڵی ڕابردوی هەیە ئەوا تێڕوانینێكە نەیتوانیوە عەقڵییەتیێك بەرهەم بهێنێت كە بڕوای وابێت چاكسازی بەوانە ناكرێت كە هۆكار و بارگراوی كراوی قەیرانە سیاسی و ئابوری وكۆمەڵایەتی و یاساییەكانن.