لاوک کونجرینی: دوو ڕیان لە سیاسەتی یەکێتی دا؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سیاسەتی پەتپەتێن لە هەڵوێستدا بۆ مەبەستی گشتی، ئاراستەیە بۆ لێزانیی گەر خولانەوە بێت لە بازنەیەکدا. بەڵام پەتپەتین لە جێگۆڕکێی بازنەیەکدا بۆ بازنەیەکی تر، ئاراستەیە بۆ مەبەستی کەسی و دابڕانە لە کردە جوانەکان. سیاسی باش میژووی سپی دەنوسێتەوە، سیاسی خراپیش مێژوویەکی ڕەشی پر ڕەخنەو تەموومژاویی بنیاد دەنێت. هیچ سەرکردەو سیاسییەک لە مێژوودا بەبێ پردی گلەیی و هەڵەو کەمووکوڕیی نەپەڕیوەتەوە. ئەو سەرکردانەی لە میژوودا پیاهەڵدان و قسەی پاک و بێگەردیان لەسەر دەکرێت، لەوانە گاندی و مانیلا، لەو لاشەوە خەڵکانێک هەن بە وردی بە مێژوویاندا دەچنەوەو سەرەداوی ڕەخنەو گازندە دەورژێنن. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین نموونەی ئەمانە کەمن و وا بەئاسانی جوانیەکانیان ناشەوێنرێت. با لەو قسەوە کۆتایی بەم دێڕە بێنین و بچینە سەری دێڕیكی تر: هەڵە لە جوڵەی مرۆڤەکاندا لەدایک دەبێت، فرە بجوڵێ و هەڵەکان ببینەو وانەی لێوەربگرە. بەڵام هەڵەی زۆر تێڕمان و سەرزەنشت و ڕەخنەو بێزاریی دروست دەکات.
فایەقی شێخ عەلی یەکێک لە سەرانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی سەردەمی صەدام و سەرکردەیەکی دیاریی عێراقی نوێ، لە دوای کۆچی مام، لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا قسە لەسەر هەڵوێستی مام جەلال دەکات و، ئاوا باس دەکات: لە کۆنگرەی بێروتی ساڵی 1991ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، کە لە هۆتێل برستل گیرا. لەساڵەی هۆتێلەکەدا ساڵح جەبر یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لیبرالییەت لەگەڵ مام جەلال گفتوگۆیان دەکرد، کە ئێستا هەردوکیان کۆچیان کردووە. وەفدەکان هاتن و دوای تۆزێک وەفدی شوعییەکان هاتن، قسەیان لەگەڵ مام جەلال کردو، پێیان وت: مام جەلال تۆ لەگەڵ کاممانی، ئێمە دەچین بەیانی کۆتایی دەردەکەین لەسەر ئەمەو ئەوە، ئەمانەوێت لە هەڵوێستت تێبگەین. وتی< ئەوە چییە، پێوسیت بە قسە ناکات، من کەسێکی چەپم و لایەنی شوعییەکانم و پەروەردەو هەڵسوکەت و حیزبیشم هەمووی چپە، من لەگەڵ ئێوەم بێگوومان.
ئەوان ڕۆیشتن و تۆزێکی تر، بەعسییەکان هاتن کە سەر بە سوریا بوون، لەوانە محەمەد شێخ ڕازی و.. هتد، تائێستا کار دەکەن و، سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە صەدام و بەعس و..هتد، وتیان: ئەبوو جەلال، تێمان بگەیەنە سەر بەکاممانی، لەگەڵ ئیمەی یان نا. وتی ئەوە چییە؟ ئەوە ڕاستە! پێویست بە پرسیار دەکات، حیزبەکەی من لە کوێ دامەزرا، لە دیمەشقی سوریا دانەمەزرا ساڵی 1975، حافز ئەسەد نەبوو هاوکارمان بوو، وە ئێوە لەگەڵمان نەبوون، وتیان با. وتی ئیتر بەسە بۆ پرسیارم لێ دەکەن، من لەگەڵ ئێوەم.
دوای تۆزێک ئیسلامییەکان هاتن، لەویا سالح جەبر سەعد، ئامادەیەو بەیەکەوە کافێ دەخۆنەوەو ئاگای لە مام جەلالە بەو شێوەی وەڵامی یەک لەدوای یەکی وەفدەکان دەداتەوە. با لانەدەین، ئیسلامییەکان هاتن، کە سەر بە ئەنجومەنی ئیسلامی و دەعوەن، وتیان ئەبوو جەلال، دەڕۆین بەیانی کۆتایی دەردەکەین و ڕەیی جەنابت چییە؟ سەر بەئێمەیت یان نا، وتیان: پێویستە بزانین هەلوێستت چییە؟. تالەبانی وتی دەوەرە چۆن وەڵامتان بدەمەوە، من 20 ساڵە لەگەڵ کێ کار دەکەم، لەگەڵ ئێوە کار ناکەم، لەگەڵ مەجلیسی ئەعلا و حیزبی دەعووە بەیەکەوە لەیەک سەنگەر شەڕمان لەگەڵ سەدام نەدەکردو کۆبوونەوەی زۆرمان نەکرد لە تاران، ئەوە ڕاستە ئەو پرسیارانە، برۆن من لەگەل ئێوەم و خەمتان نەبێت.
ئەم قسانەی مام جەلال لەگەڵ سەرکردەو نوێنەریی هێزەکان دەربارەی هەڵوێستی بەرامبەر کۆنگرە لەبەردەم من و ساڵح جەبردا دەیکرد. دواتر ساڵح جەبر وتی ئەمەچییە بە سێ جۆر هەلویست و وەڵامت هەبوو لەیەککاتدا، قسەکانت زۆر جیاواز بوون لەیەکتری، تێم ناگەینەنیت تۆ سەر بە کامەمانیت. وتی: تۆ پەیوەندیت چییە بەسەر ئەوانەوە، من لەگەڵ تۆم، لەوەو پیش قسەمان کرد.
تاڵەبانی ڕۆیشت، لەدوای خۆیەوە مێژوویەکی بۆ ئێستاو داهاتوو نوسییەوە. مێژووەکەی لە پیاهەڵدان و ڕەخنەو کەموو کوڕیدایە. نەوەیەکی بەدوای خۆیدا هێنایە دەسەلات، نەوەکانی ئێستا بە پێچەوانەی بیرو ئایدیای خۆی، ئێستا لەدەسەڵاتدان. ئەوانەی مێژوویەک هاوکاریی تاڵەبانی بوون، هەم لەشاخ و هەم لە دوای ڕاپەڕین، لەباشترین پێگەو تەنانەت لە پێگەی تاڵەبانیدا بوون، زۆر بەئاسانی بە کاریی باش و چاکەو بیری تیژ بۆ داهاتووی حیزبەکیان، دەیان توانی مێژویی تاڵەبانی و ڕابردووی تاڵەبانی بشەوێنن و نەهێڵن جێگاکەیان بە نەوەکانیان پڕ ببێتەوە، کەچی بە هەڵەو کەموو کوڕی خۆ خۆیی و نقوم بوو لە بەرژەوەندی کەسی و گەندەڵی، پێگەکەیان دۆڕان و زۆر بەئاسانی لە کۆنگرەی چواری حیزبەکەیاندا ئاوت کران. کەواتە هاتنی نەوەکانی تاڵەبانی وەک ڕەبۆت دانەنران، بەڵکوو لێزانانە سوودیان لە مێژوو و ناوی باوکیان وەرگرت و دەسەڵاتیان گرتە دەست.
باڤڵ تاڵەبانی لەبەرنامەیەک دا، وا وەڵام دەدات:
1- لە بەشێکی دیمانەی بەرنامەی ڕەش و سپی لەپێشکەشکردنی ئەڤین ئاسۆ، لە تەلەڤیزیۆنی نێت تیڤی، کە رێکەوتەکەی دەگەرێتەوە 20- 5- 2019 باڤڵ تاڵەبانی دەڵێت: باوەڕ ناکەیت من چەند لاهورم خۆش دەوێت، تەنها بەو دەڵێم ئامۆزا. هەروەها دەڵێت، قوباد برای منە، بەڵام زیاتر لەگەڵ لاهور کارم کردووە. دیسانەوە دەڵێت، کاک لاهور لە بەریتانیا سەرکەوتوو بوو، لەبەر من هاتەوە بۆ کوردستان. ئەو لەشەردا لە دووزخورماتوو خۆی خستۆتە بەر فیشەک بۆ من. لەوەڵامی ئەڤین ئاسۆدا دەڵێت: منیش ئامادەم خۆم بخەمە پێش فیشەک بۆ ئەو.
2- هەروەها دەڵێت: من زۆر جار بۆ وەڵامی پرسیارێک، نازانم چۆن وەڵام بدەمەوە. هەمیشە بیر دەکەمەوە ئەگەر مام جەلال بوایە چی دەکرد.
لاهوور شێخ جەنگی چ ئاراستەیەکی هەیە لە قسەکردن؟
لاهور شێخ جەنگی، لە پاش هەڵبژرادنی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی لەچەند بۆنەیەک بە شێوازی توندو ڕەخنە ئامێز لە رابردووی حیزبەکەی و مامەڵکردنی پارتی لەگەڵ یەکێتی بەم شێوەیە دەدوێت:
1- لە هەولێر لە کردنەوەی خوێندنگایەکی بنەڕەتی وتارێکی خوێندەوەو، وتی: ئێستا من لێرە بەڵێن دەدەم کە یەکێتی نوێ بڕیاری داوە کە شێوازی سیاسەتکردنی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت، بە شێوازە تەقلیدییەکە نەبێت لەچەند ساڵی ڕابردوو کردوومانە. چەقی ململانێمان دەهێنینەوە هەولێر.
2- بە بۆنەی یادی سێ ساڵەی ڕیفراندۆمەوە لەسەر بەشی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنوسێت: 25/9/2017 ئەو رۆژەی كە چارەنوسی گەلی كوردستان و دەسكەوتەكانی، كران بە قوربانی لێكدانەوەی هەڵە و غروری چەند سیاسییەكانی تێنەگەیشتو و كاڵفام.
ڕۆژی 21- 12- 2019 کۆنگرەی یەکێتی دەستی پێکرد، کەشی کۆنگرەکە بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆ داڕێژرا بوو، جێبەجێ کرا. کۆنگرە بەپێی هەندێک سەرچاوە، بە کودەتایەکی سپی دەچێت بەسەر کۆمەڵێک دەسەڵاتی تەقلیدی و چەق بەستووە بە کۆمەڵێک ئایدیای گەنیوو.
سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، بۆ ناو یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی ڕووداوێکی کتوپڕ نەبوو، بەڵکوو دەرکەوتن و هەڵبژاردنیان ماوەیەک پێش کۆنگرە بە ڕاشکاوانە قسەیان لەسەر دەکرا. پارتی زۆر هەوڵیدا ئامانجی خۆی بچەسپینێت و هاوسەرۆکانی ئەمڕۆی یەکێتی سەرنەکەوێت، لەبەر ئەوەی لەسەر ڕووداوی 16 ئۆکتۆبەر تاوانباریکردوون بە ناپاکی و، جگە لەوەش سەرانی نوێ بە خوێنیکی گەرم و نوێ وە، ئامانجگیرن بۆ هەنگاویی داهاتوویی یەکێتی، هەرئەمەشە پارتی بە دیوەکەی تر قسە لەسەر ئەم هاوسەرۆکانەی یەکێتی دەکات.
بەهاتنی هاوسەرۆکانی نوێ، توێژە کۆنەکەی سەرەوەی یەکێتی، کە دەسەڵاتی ڕەهای یەکێتیان بەدەسەتەوە بوو، بە پێگەیەکی دڵخۆشکەرو بەناوێکی زل و بە دەسەڵاتێکی ئەنگوستەدەست ڕۆیشتوو، جێگیرکران. وەک کورد دەڵێت: ترۆ تەرفیع کران.
لەدوای کۆنگرە ماوەیەک تاک لایانە لاهوور تاڵەبانی هەندێک قسەی لەسەر ڕەوشی ناوخۆی حیزبەکەی و هەرێم کرد و پیلانی داهاتوو، کە ڕزگارکردنی یەکێتی یە لە کۆتووبەندی پارتی و کەنارکرگرتنی حیزبەکەی لە سەر ئاستی هەرێم درێژە پێدا. بەڵام دواتر کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و جێگیرکردن و دەستنیشانکردنی هاوسەرۆکایەتی و مەکتەبی سیاسی و دەستەی سەرکردایەتی، بەبەردەوامی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی، قۆناخی سێیەمیان دەستی پێکرد، ئەویش ئاراستەکانیان کرد بە دوو ڕییان، ڕییانێک، هاوسەرۆکێکیان هەڵمەتی ڕەخنەو هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات و قسەکردن لەسەر پێگەی یەکێتی لە حکومەت و پەڕلەمان و ئۆرگانەکانی تری حکومی دەستی پێکرد. هاوسەرۆکەکەی تر بە هەنگاویی کۆبوونەوەو کاریی دیبلۆماسی و هێورکردنەوەی ڕەوشی دەستی پیکرد.
پارتی و هەندێک لە توێژەرە سیاسییەکان و تا دەگاتە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس، بە دیوێکدا بۆچوونیان لەم دوو ڕیانییەی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی هەبوو بە ئێستاشەوە، کە گوایە سەردەمێکی نوێی لێکدابڕان و ململانێی نوێ دەستی پێکردووە لەناو یەکێتی، بەڵام سەرچاوە نزیکەکانی ناوماڵی تاڵەبانی پێچەوانەو تەنانەت قسە لەسەر ئەوە دەکڕێت نەک هەر ناڕێکیان نییە، بەڵکوو ڕۆژ بەرۆژ تەبایی و تێگەیشتن و کاریی هاوبەشیان جیگر دەکەن.
ئێستا یەکێتی بۆتەوە بە حیزب، نەخۆشی باڵباڵینەو کوتلەبازیی بەڕێ کردووە، سەرکردایەتییەکی خاوەن بڕیاریی خۆی هەیە. بەڵام کردەی ئەمڕۆ و داهاتووی تا ئێستا وەک پیلانێک جیاواز تر لەجاران بوونی نییە. هاوبەشە لە هەموو کەمووکوڕی و هەڵەو دزیی و ڕاوورووت و گەندەڵی ئەمڕۆی هەرێم لەگەڵ پارتی. کەی هەڵوێستی جدی وەرگرت لە سەر کۆی گەنیوبوونی جوومگەکانی سیاسی هەرێم و، خۆی پاک بکاتەوە لەو ڕەوشە قێزەونەی هەرێم تێی کەوتووە. گومانی تیا نییە، یەکێتی دەبێتەوە بە یەکیتییەکەی جاران.