نەوزادى موهەندیس: ئەرێ لەم سەردەمەدا مۆدێلى کودەتاى سەربازى یان سپى ماوە؟ وڵاتى سوودان وەک نموونە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

زۆر لە مێژەوە و تەنانەت لە دەستپێکى مێژوو و ژیان لەسەر ئەم گۆى زەویەوە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتى ڕەها و تاکڕەوى و بەناو شکۆمەندى کەسى یان خێزان و بنەماڵە یان عەشیرەت و هۆز یان وڵات یان حیزبێکى سیاسى تاکو ئێستا، هێندەى پەنایان بۆ جەنگ و کوشتار و ململانێى ناڕەوا و تیرۆر و تۆقاندن و کودەتا بە خوێناوى و سپیەوە بردوە نیو هێندە پەنایان بۆ دیالۆگ و دیموکراتیەت و ئاشتیانە و لێکتێگەیشتن نەبردوە، هەربۆیە ئەم دیاردە نامۆ و قێزەونە بەدرێژایى مێژووى کۆمەڵگا مرۆڤایەتى و شارستانێتیە دێرین و نوێکانەوە تاکو ئێستا و لە سەدەى بیست و یەکەمى زاینیشدا هەر بەردەوامە و ماوە ناماوەیەک لێرەوە و لەوێ دووبارەدەبنەوە بە خوێناویترین شێوە و وایلێهاتوە بۆتە جۆرە مۆدێلێک بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و خاوەنەکانیشیان خۆیان بەپاڵەوان و ڕزگارکەر دادەنێن و کودەتاکانیشیان بە شۆڕش یان ڕاستکردنەوەى ئاڕاستەکان ناودەبەن و گوایە لە پێناو گەل و نیشتیمان و بەرژەوەندیە باڵاکاندا ئەم کارەیان کردوە.
کودەتا سەربازیەکان یان تەنانەت ململانێ خوێناوى و جەنگ و داگیرکاریەکانیش لەسەردەمانێکى سەردەمى پێش مێژوو یان سەدەکانى ناوەڕاست و ئەو قۆناغانە کە مرۆڤایەتیان تیادا خەمڵیوە کە موتوربەکراون بە بیروباوەڕ و بنەما دیموکراتى و مرۆڤدۆستانەکان و کارى پێکەوەیى و حوکمڕانى کۆمەڵى و ڕێزگرتن لەمافە تایبەتى و گشتیەکان و تێپەڕاندنى قۆناغى کۆیلایەتى و چەوسانەوەى مرۆڤ بۆ مرۆڤزڤەکان. ڕەنگە جۆرێک لە ڕەوایەتى هەبوبێت، چونکە وەک وەڵامدەرەوەیەکى بارودۆخ و قۆناغەکانى دواکەوتوویى و بوە لە هزر و بیر و تێگەیشتنە مرۆڤدۆستیەکان بە پێچەوانەى قۆناغەکانى پێگەیشتن و هەڵکشانى هزر و بیرى مرۆڤدۆستى لەلایەن بیرمەندان و ڕۆشنگەران و دانایانى سەردەمى خۆیانەوە، چونکە کۆمەڵگاکانى ئەو کات و قۆناغانە هەرهێندە لە نرخ و بەها مرۆڤایەتیەکان تێگەیشتبوون و حەز و ویستەکانیشیان بۆ داگیرکارى و چەوساندنەوە و زوڵم و زۆر هۆکارى سەرەکیان بوە بۆ ئەنجامدانى ئەو کارانە و گرتنەبەرى قێزەونترین و ناشیرینترین هۆکارەکان لە جەنگ و کوشتنى براو و باوک و کوڕ و تۆقاندن و تیرۆر و سەرپەڕاندن و بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردن و ژەهرخواردکردنى نەیارەکان و خنکاندن و کودەتاکان بوە. بەڵام ئایا ڕەوایە لەم سەردەمە و لە سەدەى بیست و یەکى پێشکەوتن و داهێنان و تەکنەلۆجیا سەرسوڕهێنەرەکان و هۆکارەکانى پەیوەندیکردن و زۆرى تر لە شا بەرهەم و داهێنانەکانى مرۆڤەکاندا، هێشتاش بیرێک یان سەرکردەیەک یان تەنانەت سەرۆک هۆزێکیش مابێت پیلانى کودەتاى سەربازى یان سپى پەیڕەو بکات لەناو خێزان یان هۆز یان بنەماڵە یان حیزب و وڵاتێکدا. خۆ ئەگەر مابێت ئەوا بەڕاستى لەلایەک مایەى شەرمەزارى و سەرکۆنەکردن و لەلایەکیش ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ بیر و عەقڵتەسکى و دواکەوتویى و بێتوانایى و بێ ئیڕادەیەکى ڕاست و دروستە بۆ گۆڕانکارى و هێنانەدى کەشوهەواو قۆناغێکى ئارامتر و گەشەکردووتر و باڵاتر لە قۆناغى هەبوو یان پێشترى ڕابووردوو.
ئاشکرایە قۆناغى کودەتا سەربازیەکان لەجیهان و بەتایبەتیش لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کیشوەرى ئەفریقیاو تەنانەت ئاسیا و ئەمریکاى لاتینیشدا لەدواى جەنگى جیهانى دوهەمەوە بەشێوەیەکى بەربڵاو سەریهەڵدا و بەتایبەتیتریش دواى دامەزراندن یان ڕاگەیاندنى وڵاتانى پاش جەنگەکە بۆ سەربەخۆیى لە ژێر دەستەیى ئیمپراتۆریەتەکانى عوسمانى و… هتد. لەهەر ناوچەیەکى جیهاندا. ئیدى کودەتا بوە مۆدێل و سیمایەکى دەیەکانى پەنجا و شەست و حەفتاکان و تاهەشتاکانى سەدەى بیست بەردەوامیان هەبوە و وڵاتى واهەبوە کەمتر لە ساڵێک چەندین جار کودەتاى تیادا ڕوویداوە، وایلێهاتبوو کە کودەتا ببوە سیمایەکى دیارى وڵاتان و کیشوەرە هەژار و دواکەوتوەکان دونیاى ئەوکات. بەڵام هێواش هێواش خۆشبەختانە ڕوویان لەکەمیکرد، بەهۆى کرانەوەى کۆمەڵگاکان و تێگەیشتن لە بنەما مرۆڤدۆستانەییەکانى ڕۆژئاوا و ئەوروپاى پاش جەنگەکە و دامەزراندنى دەیان ڕێکخراوى نێودەوڵەتى و برەودان بەبنەماکانى ئازادى و سەربەخۆیى گەلان و…هتد. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکاریانەشدا هێشتا سەیرە بیرێک یان سەرکردەیەک یان حیزبێک مابێت کە پەنا ببات بۆ پیادەکردنى پیلانگێڕى قێزەونى ژەهرخواردنکردن یان کودەتاى سەربازى و خوێناوى بۆ خۆسەپاندن و قۆرخکارى دەسەڵات یان بەناو ڕاستکردنەوەى ئاڕاستەى ڕووداوەکان.
ئەوەتا لە وڵاتى سوودان لە کیشوەرى ئەفریقیادا کە بەمێژووى خۆى دواى سەربەخۆبوونى لەساڵى 1956داچەندین کودەتاى سەربازى خوێناوى ((16کودەتاى سەرکەوتوو سەرنەکەوتوو لە ساڵەکانى 1957 و1958 و 1964 و1969 و 1971 و1973 و1975 و 1976 و 1985 و 1989 و 1990 و1992 و2019 و 3جار لەساڵى 2021))ى تیادا ڕووداوە و نوێترینیشیان لە 25 ئۆکتۆبەرى 2021دا ڕوویدا کە اەم ساڵەدا بەتەنها 3جار هەوڵى کودەتا دراوە. سەیرو سەمەرەى ئەم کودەتایانە و کودەتاچیەکانیش بریتیە لەوەى کە ماف و ڕەوایى بەخۆیان و کودەتاکانیان دەدەن و جۆرەها بیانوى داتاشراویان بۆ دێننەوە و بە شۆڕش و ڕاستکردنەوەى ئاڕاستەکان و بۆ بەرژەوەندى گەل و نیشتیمانى دەخەنە پاڵ، لەکاتێکدا بەرامبەرەکانیشیان بە کودەتا و ناڕەوا ناوزەدیان دەکەن.
بەداخەوە هێندەى کودەتا و کودەتاچیەکان لەم ناوچەیەدا هێشتا زەمینەى لەباریان هەیە و جەماوەرى خۆشیان هەیە سەرەڕاى پێشکەوتن و بەجیهانبوونى جیهان و تێکەڵاوى و نزیکبونەوەى زیاترى کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان و شارستانێتیەکان و هەستکردن بەجیاوازیە گەورە و گرانەکانى نێوان کۆمەڵگا دواکەوتوو و هەژار و نەخوێندەوارەکانى ڕۆژهەڵات و لەبەرامبەریشدا کۆمەڵگا پێشکەوتوو و دیموکرات و ئارام و گەشەسەندوەکانى ڕۆژئاوا، کەچى نیوهێندە بیرى کرانەوە و دیموکراتى و ئازادیەکان و ڕێزگرتنى مافەکان لایەنگر و پشتیوانیان نیە بەبەڵگەى ئەوەى لە پڕۆسە بەناو دیموکراتیەکان و هەڵبژاردنەکاندا هەر حیزب و سەرکردە ماوە بەسەرچووەکان و تاکڕەو و خۆسەپێنەکان دەردەچنەوە و زۆرینەى دەنگەکان ((بەساختەکارى بێت یان بە ڕاستەقینە)) بەدەستدێننەوە. جا ڕۆژهەڵاتێکى جەهەنم ئاسا و ڕۆژئاوایەکى بەهەشت ئاسابونیان هەیە و ئەوانەى کودەتا دەکەن بەنیازى ئەوەى کۆمەڵگاکانیان بەرەو ئەو بەهەشتەى ڕۆژئاوا ئاڕاستە بکەن و دیموکراتیەتى ڕاستەقینە بچەسپێنن، بەڵام تەنها دواى خۆ قایمکردن و شەپاندنى دەسەڵاتیان بەهۆى گەندەڵى و بێمۆڕاڵى و بێ بەهاکردنى مرۆڤەکان و ناشیەتى و نەشارەزایى و نەبونى ویست و ئیڕادەیەکى ڕاستگۆیانە بۆ ئەو مەبەستە نەبیلە، پاش ماوەیەکى کەموکورتى زەمەنى بادەدەنەوە بەلاى دیکتاتۆریەت و تاکڕەوى و خۆسەپێنى و قۆرخکارى و گەندەڵى و چەوساندنەوەى کۆمەڵگاکانیان و بەهەدەردانى سەروەت و سامانەکانى گەل و نیشتیمان. ئاى گەل و نیشتیمانى خێر لە خۆنەدیوەکانى ئەم ناوچەیە چەند گوناهـ و تاوان و کودەتا و شۆڕش بەناوتانەوە دەکرێت و دەرئەنجامیش هەرئێوە زیانمەندى سەرەکى و یەکەمن.
لەڕێڕەوى درێژى مێژوو و گۆڕانکارى و ڕووداوەکان ئەوە دەخوێنرێتەوە کە لە بنچینەدا نە سەرکردەى هەڵکەوتووى مێژووکرد لەم ناوچەیەدا هەڵکەوتوون و نە بنەما و بیروباوەڕى مرۆڤدۆستیش بونیان هەبوە لە کردار و گوتار و سلوکى تاکەکان ئەوسا خێزان و کۆمەڵگاو حیزب و سەرکردە سیاسیەکانیشدا. یان ئەوەتا نە دیموکراتیەتى ڕاستەقینە و نە ئاشتى و ئارامى لە قەدەرى ئەم ناوچەیە نوسراوە یان ئەوەتا کاڵا بەقەد باڵایە و هەر لە ئەزەلەوە نەفرەتى خواوەند لەم ناوچەیە کراوە و بۆتە تەوق و ملبەندى تاک و کۆمەڵگاکانى و هەربۆیەش ناتوانرێت بە ئاسانى خۆى لێ ڕزگار بکرێت، چونکە هەمیشە خوێن و جەستە و بیرى توندڕەوى نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبى و ناوچەگەرى و بیرى تەسکى حیزبایەتى و ململانێى ناڕەوا و تاکڕەوى و خۆسەپاندن و بێدادى و نایەکسانى هەمیشە ئامادەگیان هەبوە لە هەست و نەستى مرۆڤەکاندا و هەرئەمەش کەشوهەوایەکى گونجاویان ڕەخساندوە و بۆ ئایندەش دەیڕەخسێنن بۆ دووبارەبونەوە و سەدبارەبونەوەى کودەتا خوێناوى و سوور و ڕەش و سپیەکان لەم ناوچەیەدا. لە عێراق و سوریا و میسر و جەزائیر و تونس و مۆریتانیا و زۆر وڵاتى تر.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت