دکتۆر هەژار مەعروف: گۆیژە بپارێزە دەسەڵاتدارانی سلێمانی.
پێنجشەمە 13ی 6 ی 2024 چالاکوانانی (گۆیژە بپارێزە) وەک نوێنەری سەدان هەزار خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی سلێمانی، بۆ دەرخستی ناڕەزاییان بەرامبەر پرۆژەی تێکدان و شێوانی ژینگەیی و جیۆلۆجیی بەشێکی گرنگ و جوانی شاخەکە، گردبونەوەیەکی مەدنیی ناتوندوتیژیان لە نزیک شوێنی کارکردنی کۆمپانیاکە دەستپێکرد و داوای ڕاگرتنی کاری پرۆژەکەیان کرد. وەک چۆن دوو دڵداری تامەزرۆ بۆ بەیەکگەیشتن ئاوا موچەخۆرانی چەکداری دەسەڵات لە سلێمانی چاوەڕێی چالاکوانەکانیان دەکرد، بۆیە یەکسەر دەستبەکاربون و نەیانهێشت چالاکییەکە بکرێت کە بریتیبو لە چەندین کاری ئەدەبی و هونەری و مۆسیقی بۆ پشتگیریی داواکەیان. شاعیری گەورەمان (لەتیف هەڵمەت) جوانترین شیعری نوسی بۆ پاراستنی گۆیژە لە شۆفڵ و گرێدەر و بەردشکێنەکانی ئەو کۆمپنیا سەرمایەدارییەی پرۆژەکە بەجێدەگەیەنێ.
پێغەمبەری شوێنەوارناسانی کوردستان (عبدالرقیب یوسف) کە پتر لە پەنجا ساڵە خەباتی بەردەوام دەکات بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی کوردستان و کردنیان بە مۆزەخانەی مۆدێرن، لە چالاکیەکە بەشداربو.
جگە لەم بەڕیزانە، سەدان کەسایەتیی ناوداری کوردستان لە هەمو بوارەکانی ژیانی گشتی و تایبەت، ڕون و ئاشکرا بە شێوازی جۆراوجۆر دژی ئەو پرۆژەیە وەستانەوە و داوای ڕاگرتنیان کرد. پتر لە حەفتا کەس لە ژن و پیاو کە سەرتوێژی کەسایەتیەکانی سلێمانین لە ڕۆژنامەنوس و کامێرامان و چالاکوانی ژیانی گشتی و هونەرمەند و دادوەر و مامۆستا و پزیشک و شاعیر و ئەندام پەرلەمان و سەرکردە و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوڵاتیی ئاسایی غەمخۆری ئەم کوردستانە بەشدار و ئامادەی چالاکییەکە بون.
ڕوو لە سەرکردەکانی ناو دۆڵ و شیوە قوڵ و تاریک و تەنگەکانی دەسەڵات لە سلێمانی دەکەم و ئەم پرسیارەیان لێدەکەم: بەڕیزان! باشە خۆ ئێوە لە وڵاتی یەکەم بێشکەی دیموکراسی لە جیهاندا و لە پاڵ corner Hyde park ی لەندەندا گەورەبون و بینیوتانە چۆن خەڵکانی ناڕازی و ڕەخنەگر ڕۆژانی یەکشەمە لە گۆشەیەکی ئەو پارکەدا کۆدەبنەوە و بە دەنگی بەرز و بە شێوازی جۆراوجۆر ڕەخنەکانیان لە دەسەڵات دەردەبڕن و پۆلیس نەک هەر ڕێگریان لێناکات بەڵکو دەشیانپارێزێ!
باشە خۆ ئێوە بیستوتانە (بەڵام وەک ئێمەی پێشمەرگەی دێرین نەتانبینیوە!) چۆن باوکی ڕەحمەتیتان،کە دەسەڵاتەکەتان لەوەوە وەرگرتوە نەک بە خەباتی خۆتان، چیرۆکنوسی کۆچکردوی شاخ (محمد موکری) ی لە سەرەتای 1980 کاندا لە شاخ لە هاوخەباتە توندڕەوەکانی پاراست کە لەسەر نوسینی چیرۆکی ڕەخنەگرانەی (سەگوەڕ) داوای سزادانیان دەکرد، ئەویش پێی وتن بڕۆن بە نوسین وەڵامی بدەنەوە!
باشە ئێوەی دەسەڵاتدار نەتاندەتوانی، نەتان دەزانی، یا ڕاوێژکارە دانا و زیرەکەکانتان نەیاندەتوانی تۆزێ قوڵ و دڵسۆزانە بۆ ئێوە و بۆ خەڵکی کۆڵنەدەری سلێمانی بیربکەنەوە و بەم جۆرە ی خوارەوە وەڵامی چالاکوانانی (گۆیژە بپارێزە) و خەڵکی ناڕازیی سلێمانی بدەنەوە:
سەرۆکی کۆمپانیاکە و ئەندازیارانی بەجێگەیەنەری پرۆژەکە بنێرن بۆ چالاکیەکە و لە سەر ئەو سەکۆیەی ئامادەکرابو بۆ ئامادەبوانی چالاکیەکە بۆ ڕای گشتی سود و باشیەکانی پرۆژەکە و وردەکاریەکانی ڕونبکەنەوە و شرۆڤەی بکەن و وەڵامی پرسیاری چالاکوانەکان بدەنەوە؟
ئیتر چ پێویستی دەکرد پیاوە دەمامکدارەکانتان، کە وەک ئەوەی بۆ شەڕی داعش ناردبێتتان، بە فرمانی ئێوە پەلاماری ئەو خەڵکە تێکۆشەرە بێچەکە ئاشتیخوازە بدەن و مۆبیالەکانیان بە شێوەیەکی کاتی لێبسەنن و سوکایەتییان پێبکەن و ئازاری جەستەییان بدەن و نەهێڵن بەرنامەی چالاکییەکە ئەنجام بدەن؟
داگیرکردنی موڵکی گشتی بە تەنیا تایبەت نیە بە سلێمانی، بەڵکو دیاردەیەکە هەمو ناوچەکانی هەرێم ی گرتۆتەوە، بۆیە دەبێت دەیان دەسپێشخەریی وەک (گۆیژە بپارێزە) لە هەمو کوردستان دروستبکرێت بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکردنی موڵکی گشتی لە بیری نەوت و گاز و شاخ و گرد و دەشت و ڕوبار و بەنداو و خانو و کارگە و ڕێگاوبان و نەخۆشخانە و دائیرەی حکومەتی و… هتد.
- بابەتەکانی تری دکتۆر هەژار عوسمان مەعروف
-
دکتۆر هەژار مەعروف: داخستنی (چاودێر) وەک سەرەداوی کڵافەی دۆخێکی ئاڵۆزکاو.
- -
دکتۆر هەژار مەعروف: فیلمی کفن، بۆ ناو کفن!
- -
دکتۆر هەژار مەعروف: کوا تۆزێ بەزەیی و ویژدانی مرۆڤانە؟
- All Posts