بورهان شێخ رەئوف: وەرزی سووتان و ئاگركەوتنەوە لە عیراق و كوردستان.
ئەوەی مایەی نیگەرانیی خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستانیشە روودانی ئەو هەموو ئاگركەوتنەوانەیە كە ساڵانە لە وەرزی هاویندا دووبارە دەبێنەوە، جگە لە وەرز و مانگەكانی تریش كە هەر كەموكورتی هەیە.
هۆكاری ئەم ئاگركەوتنەوانەی ئەو ناوچانەش ئەگەرچی هەندێكیان سروشتییە و دەستی مرۆڤی تێدا نییە، بەڵام هەندێكیان هۆكاری تیرۆریستییە كە گروپە تیرۆریستییەكانی لە پشتەوەن.
هەرچەندە ئاگركەوتنەوە دیاردەیەكی سروشتییە و زۆرجار پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە هەیە، بەڵام گومان و لێكدانەوەی زۆریش هەڵدەگرێت، هۆكارە راستەقینەكانی ئەو ئاگركەوتنەوە بەردەوامانە، كە دەبێتە كەرەسەی خاو بۆ میدیاكان بەگشتی و پێشبڕكێی سیاسی بەتایبەتی، چونكە هەندێك لەو ئاگرانە كارەساتی گەورە و سامناكیان بەدوای خۆیاندا هێناوە، چ بە لەدەستدانی ماڵ و سامانی زۆر، یان قوربانی گیانیی لێكەوتووەتەوە.
فاكتەری زۆر هەن بۆ ئەو ئاگركەوتنەوانە و لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند خاڵێكی سەرەكی بخەمەڕوو:
1- خەمساردی و بێدەربەستی دامودەزگاكانی دەوڵەت كە بۆتە سیمایەكی دزێوی ئەو فەرمانگانە و تەنانەت ئیدارەی بەشێكی زۆری پرۆژەكانی كەرتی تایبەتیش.
كۆن بوون و ماندووبوونی بەشێكی زۆری كەرەستە و ئامڕازەكانی ئاگركوژاندنەوەی ئەو دامودەزگا و پرۆژانە، ئەوەش خۆی لە نەبوونی چاودێریی وردی دامودەزگاكانی دەوڵەتدا دەبینێتەوە.
2- فاكتەرێكی سەرەكی ئەو ئاگركەوتنەوانە گەندەڵییە، ئەویش بۆ پەردەپۆشكردنی دزی و گزی و فرت و فێڵەكانیان كە دیكۆمێنتەكان دەسووتێنن، ئەویش لە رێگەی سووتاندنی ئەو مادە و كەرەستانەی كە لە كۆگاكاندا ماون، یان هەندێكیان لێ دزیوون، بۆئەوەی ئاشكرا نەبن. ئەوەی كە ماوە دەیسووتێنن، یاخود نرخەكانیان ناگونجێت لەگەڵ نرخە راستەقینەكەی خۆی، یان هاوتا نییە بەو كوالێتییەی داواكراوە.
لەلایەكی تریشەوە ئەم ئاگركەوتنەوانە هەر بە ناوەندی شارەكانەوە نەوەستاوە، بەڵكو گوند و شوێنە دوورە دەستەكان و كێڵگە كشتوكاڵییەكان و دارستان و پاوانەكانیشی گرتۆتەوە، بە جۆرێك بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عیراق رایگەیاندووە: « تائێستا لەم وەرزی دروێنەیەدا ئاگركەوتنەوەكان زیاتر لە 100حاڵەتی تێپەڕاندووە.
هۆكاری ئەم ئاگركەوتنەوانەی ئەو ناوچانەش ئەگەرچی هەندێكیان سروشتییە و دەستی مرۆڤی تێدانییە، بەڵام هەندێكیان هۆكاری تیرۆریستییە كە گروپە تیرۆریستییەكانی لە پشتەوەن بۆئەوەی ترس و ناسەقامگیریی دروستبكەن و وڵات نەگاتە ئاستی خۆبژێۆیی و قەیران بخوڵقێنن و خەڵك كۆچ بكات و ناوچەكانیان چۆڵ بكەن، هەندێكیشیان پاڵنەری تاوانكاریی خێڵەكی و تۆڵە سەندنەوەیە.
بۆ بەگژاچوونەوەی كەوتنەوەی ئاگریش، پێویستە كۆمەڵێك رێكار بگیرێتەبەر:
* لەوانە بەگەڕخستن و چالاككردنی هەموو كەرەستە و ئامڕازەكانی خۆپاراستنی گشتی لە ئاگر.
* توندكردنەوەی چاودێریی ورد بۆ سەر هەموو ئەو دامودەزگایانە بە كەرتی گشتی و تایبەتیشەوە.
* سزادانی هەموو سەرپێچیكاران و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی گشتی و چۆنێتیی روبەڕوبوونەوەی ئاگركەوتنەوە بە دەستەبەركردنی هۆكارەكانی ئاگاداركردنەوەی خێرا، چونكە لە هاویندا كەشوهەوای عیراق زۆر گەرمە و یارمەتیدەرە بۆ كەوتنەوەی ئاگری گەورە، ئەوەشمان لەبیرنەچێت بەگژاچوونەوەی گەندەڵی لە هەموو فاكتەرەكانی تر پێویستترە.