دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا – چواره‌م.
تێگه‌یشتن له پرسە هەنووکەییەکان
مێژوو له‌میانه‌ی خستنه‌ڕووی چه‌نده‌ها پرسیاری قوڵ ده‌رباره‌ی هۆکاری ئه‌و کاروبارانه‌ی که ئێستا له ئارادان، بۆ تێگه‌یشتن له پرسه هاوچه‌رخه‌کان کۆمه‌کمان ده‌کات، که ده‌توانین به کورتی ئاماژه به‌م خاڵانه بکه‌ین:
1- تێگه‌یشتن له پرسەکانی ئێستا
مێژوو له‌ڕێگه‌ی ئاشکراکردنی بناغه مێژووییه‌کانه‌وه، که‌شی شیکردنه‌وه‌ی ڕووداوه به‌رده‌وامه‌کانمان بۆ ده‌ره‌خسێنێت. واته مێژوو وەک هاوێنه‌یه‌ک کاردەکات و لە ڕێگەیەوە دەتوانین ڕووداوە هاوچەرخەکان بخەینهوه نێو چوارچێوه‌کانیان و لێیان تێبگه‌ین. بۆ نموونه توێژینه‌وه‌ی ململانێنی جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا، گه‌نجینه‌یه‌کی دەوڵەمەنده بۆ تێگەیشتن لە گرژییەکانی ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. بە لێکۆڵینەوە لە کێبڕکێ ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و سەربازییه‌کانی نێوان ئەم زلهێزانە لە سەردەمی جەنگی سارددا، تێڕوانینێکی ورد بۆ ڕەگ و ڕیشەی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستا گه‌ڵاڵه ده‌که‌ین، وەک ئەو ململانێیانه‌ی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و چین یان هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی نێوان ڕوسیا و ئۆکراین. هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌ی دابه‌شبوونی هیندستان و پاکستان لە ساڵی 1947دا، تیشک دەخاتە سەر گرژییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسی کشمیر. تێگەیشتن لەو هۆکارە ئایینی و که‌لتووریی و سیاسییه ئاڵۆزانەی کە ڕۆڵیان لە دابەشبوونەکەدا بینی، یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئه‌و ململانێ بەردەوامانهی که ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا هه‌ن.
2- شیکردنه‌وه‌ی ڕووداوە مێژووییەکان
لە ڕێگەی شیکردنه‌وه‌ی ڕووداوەکانی ڕابردووەوە، دەتوانین بابەتە دووبارەبووەوەکان جیا بکەینەوە و لە کارلێکی ئاڵۆزی ئەو هۆکارانە تێبگەین، کە جیهانی ئەمڕۆیان پێکهێناوه. بۆ نموونە شۆڕشی فەرەنسی ساڵی 1789 وانەگهلێکی به‌هادار لەسەر بزووتنه‌وه‌ی هەڵچوونه کۆمەڵایەتی و گۆڕانه شۆڕشگێڕییه‌کان پێشکەش دەکات. له میانه‌ی ئاشنابوون به هۆکارەکانی شۆڕش، لەوانەش نایەکسانییه ئابووری و کۆمەڵایەتییه‌کان و بێبه‌شکردنی سیاسی و بیرۆکه‌کانی ڕۆشنگەریی و… تاد، تێگەیشتنێکی قووڵتر ده‌رباره‌ی بزووتنەوە هاوچەرخەکان له‌پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چاکسازی سیاسی فه‌راهه‌م ده‌کات. هه‌ووه‌ها ڕووخانی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی به نموونەیەکی سەرنجڕاکێش داده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ی کە چۆن ململانێ ناوخۆیی و هێرشه دەرەکی و ئاڵنگارییه ئابووری و کۆمەڵایەتییه‌کان دەتوانن ژیارێکی بەهێز و مه‌زن بڕوخێنن. بۆیه ئەم ئه‌زموونه مێژووییانه تێڕوانینێکی ورد بۆ هه‌ستییاریی دامەزراوە سیاسییەکان و گرنگی چارەسەرکردنی پرسە سیستماتیکییەکان بۆ ڕێگری‌کردن لە لێکهه‌ڵوه‌شانی کۆمەڵگه پێشکەش دەکه‌ن.
3- پێکهاتنی سیستەمی سیاسی جیهانی
دیاره په‌ره‌سه‌ندنه مێژووییەکان شوێنه‌واری به‌رچاو لەسەر سیستەم و دامەزراوە سیاسییە جیهانییەکان بەجێدەهێڵن. بۆ نموونه پەیمانی (وێستفالیا لە ساڵی 1648) کە کۆتایی بە جەنگی سی ساڵەی ئەوروپا هێنا، (بنەماکانی سەروەری دەوڵەت) و (دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ)ی چه‌سپاند. ئەم ڕێککەوتنە گرنگە بناغەی سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرنی داڕشت و تا ئەمڕۆش لە داڕشتنی پێوه‌ره‌کانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە. تێگەیشتن لە چوارچێوەی مێژوویی و گرنگی ئەم جۆرە پەیماننامانە بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گفتوگۆ هاوچەرخه‌کان ده‌رباره‌ی سەروەریی، دەستێوەردان و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی جیهانی و… تاد گرنگە. هه‌روه‌ها بزووتنەوەی دژه کۆلۆنیالیزەکردن لە ئەفریقا لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، بە (هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتەکانی کۆلۆنیالیزم) و ( به‌هیزکردنی سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەییە سەربەخۆکان)، دیمەنی جیۆپۆلەتیکی داڕشتەوە. خەباتی سەربەخۆیی لە وڵاتانێکی وەک غانا و کینیا نەک هەر نەخشەی سیاسی ئەفریقای گۆڕی، بەڵکو کاریگەریی لەسەر بزووتنه‌وه‌ی دیپلۆماسی و هاوکاری نێودەوڵەتی هەبوو.
4- توێژینه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی که‌لتووریی و داهێنانه‌کان
مێژوو ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی ئاڵوگۆڕ و داهێنانی که‌لتووره‌کان ئاشکرا دەکات، کە بە درێژایی سه‌رده‌مه‌کان کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتییان پێکهێناوه. سەردەمی زێڕینی ئیسلامی کە لە سەدەی 8 تا 14 زایینی خایاند، گه‌واهی گەشەسەندنێکی گه‌وره‌ی دەستکەوتە هزریی و زانستی و هونەرییەکانی جیهانی ئیسلامی بوو. فه‌یله‌سوف و زاناکانی وەک (ئیبن سینا و خواریزمی و ئیبن ڕوشد و… تاد)، بەشدارییەکی پێشه‌نگانه‌یان لە بوارەکانی وەک پزیشکیی، بیرکاریی و فەلسەفەدا کرد، کە کاریگەرییەکی درێژخایەن و به‌رده‌وامی لەسەر سیستەمی زانستی جیهانی هەبوو. بۆیه ئاشکراکردنی که‌لتووری سەردەمی زێڕینی ئیسلامی، جەخت لەسەر پەیوەندی ژیاره‌کان و کاریگەریی بەردەوامی ئاڵوگۆڕی نێوان که‌لتوورەکان لەسەر پێشکەوتنی مرۆڤەکان دەکاتەوە.
بە کورتی، مێژوو وەک ئامرازێکی (فرە ئه‌رک) بۆ تێگەیشتن لە پرسە هه‌نوکه‌ییه‌کان کاردەکات، ئه‌ویش له میانه‌ی گه‌رانه‌وه بۆ چوارچێوە مێژوویییه‌کانیان و شیکردنەوەی نەخش و جوڵه دووبارەبووەوەکان و توێژینه‌وه‌ی پەرەسەندنی سیستەمی سیاسی جیهانی و تیشک خستنە سەر هێزی گۆڕینی ئاڵوگۆڕه که‌لتوورییه‌کان و داهێنان له ته‌واوی ژیاره‌کاندا.