Hitler

کامەران وریا قانع : دیكتاتۆر و منداڵ ..

(( من مندالێكم پێشه‌كه‌ش به‌ فیورۆر كرد )) سردوى دایكانى ئه‌لمانیا له‌ كاتى جه‌نگ ..

په‌یوه‌ندیه‌كى سه‌یر له‌ نێوان دكتاتۆره‌كان و منداڵه‌كان هه‌یه‌ , دیكتاتۆره‌كان دانانى سیسته‌مى دیكتاتۆرى خۆیان له‌ منداڵه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كه‌ن . دیكتاتۆر بۆ ئه‌وه‌ى دوا رۆژى خۆیی لا روون بێت په‌لامارى منداڵان ئه‌دات, دیكتاتۆر هه‌رگیز باوه‌ر به‌ دۆراندنى خۆى ناكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام خه‌ونه‌كانى و پلانه‌كانى بۆچه‌ندین نه‌وه‌ دوایی خۆیه‌تى .

پێناسه‌یه‌كى كورتى دیكتاتۆر ( ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ سنورى ده‌سه‌لاتى ره‌هایه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و شوێنه‌ى فه‌رمانره‌وایی ئه‌كات , ئه‌و حكومه‌ى كه‌ ده‌یكات پێده‌وترێت دیكتاتۆریه‌ت ) ؛ كه‌ دیكتاتۆر دروست بوو ئیتر كۆمه‌ڵگا پڕ ئه‌بێـت له‌ گه‌رایى دیكتاتۆرى بچوك و بڵاو ئه‌بنه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌مویان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان گرێدراوه‌ به‌ دكتاتۆرى گه‌وره‌ كه‌ ولات به‌رێوه‌ ئه‌بات , به‌ شێوه‌یه‌كى تر دیكتاتۆرى گه‌وره‌ ئاره‌زووى نمایشى خۆى هه‌یه‌ له‌ هه‌موو سوچێكى نیشتمان له‌ رێگاى دیكتاتۆره‌ بچوكه‌كانه‌وه‌. هه‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ په‌یوه‌یندیه‌كى به‌هێزى به‌ زۆر بوونى وێنه‌ى دیكتاتۆره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ نیشتمان .

په‌یوه‌ندیه‌كى ئۆرگانى هه‌یه‌ له‌ نێوان دیكتاتۆر و منداڵ , بۆ نموونه‌ له‌ ئه‌لمانیاى سه‌رده‌مى هیتلر هه‌ر خێزانێك لایه‌نگیرى خۆی بۆ نازییه‌كان پیشان نه‌دایه‌ منداله‌كانیان لێ ده‌ستاندن . هەروەها گه‌وره‌كردن و زیاد كردنى ژماره‌ى خێزان زۆر گرنگى پێئه‌درا به‌ جۆرێك زۆر ئاسانكارى كرا هةر له‌ پێدانى قه‌رزه‌وه‌ تاكو دابین كردنى شوێنى نیشته‌جێ . ئه‌و خێزانه‌ى له‌ هه‌شت منداڵى زیاتر هه‌بوایه‌ دایكه‌كه‌ى مه‌دالیاى زێرى وه‌رگرت.

هیتلر ئه‌وه‌نده‌ گرنگى ئه‌دا به‌ كۆنترۆڵ كردنى منداله‌كان هه‌ندێك قوتابخانه‌و چالاكى ترى دروست كرد به‌ ده‌ر له‌ قوتابخانه‌ حكومیه‌كان كه‌ له‌ ته‌مه‌نى 6 سالانه‌وه‌ قوتابى تیا ئه‌خوێند كه‌ زیاتر باسى بیروراى نازیيه‌تى بڵاو ئه‌كرده‌وه‌ هیتلر ئه‌لێت (( هیچ كوڕ و كچێك نابێت قوتابخانه‌ به‌جێبهێلێـت به‌بێ زانیاریه‌كى ته‌واو ده‌رباره‌ى پێویستیه‌كان و واتاكانى خوێنى پاك )) كه‌ ئاماژه‌ بوو بۆ ڕه‌گه‌زى سپى ئه‌لمانى.

ئه‌م دۆخه‌ى ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌نده‌ ترسناك بوو كه‌ په‌یوه‌ندى نێوان خێزان زۆر به‌ خراپی تێك چوو به‌ تایبه‌تى كاتێك ئه‌و مندال و گه‌نجانه‌ى كه‌ زۆر ده‌ماگیر بوون بۆ نازیه‌ت. به‌عسیش هه‌مان ئه‌زموونى دووباره‌ كرده‌وه‌ له‌ عێراق نووسه‌رى عێراقى زهیر جه‌زائیری له‌ كتێبى (زۆردار ,پیشه‌سازى سه‌رۆك و پیشه‌سازى گه‌ل) . ئه‌وا باسى دكتاتۆریه‌تى به‌عسى ئه‌كرد كه‌ چۆن صدامى دكتاتۆرى دروستكرد و ئه‌لێت (( له‌ مێژووى تازه‌ى عێراقه‌ به‌عس دواى ده‌ست به‌سه‌ر گرتن به‌سه‌ر سوپا , تاقه‌ حزبێك بوو منداڵى له‌ خێزان سانده‌وه‌ و كردى به‌ كورى خۆى له‌ رێگاى رێكخراوه‌كانى ته‌لائع و فتوه‌, به‌عس زانى ناتوانێت بچێته‌ ناو خێزانه‌كان له‌ رێگاى باوكان و دایكانه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پلانى دانا له‌ رێگاى منداڵه‌وه‌ خێزانى عێراقى كۆنترۆڵ بكات)) ترسناكى ئه‌م دۆخه‌ له‌وه‌ بوو له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى خێزان چاودێر بێت به‌ سه‌ر منداڵه‌وه‌ , ئتیر منداڵ بوو به‌ چاودێر به‌سه‌ر خێزانه‌وه‌ دواتر منداڵ بوو به‌ چاوى حزب له‌ ژوره‌كانى ماله‌كانه‌وه‌).., هه‌روه‌ها به‌عسیش گرنگى دا به‌ زۆرى كردنى ژماره‌ى خێزان له‌ عێراق له‌ كۆتایی‌ هه‌فتاكان كاتێك به‌عس پاره‌ى تایبه‌تى بۆ منداڵ زیاد كرد. یه‌كێك له‌ ده‌ره‌نجامى ئه‌م سیاسته‌ ئه‌وه‌یه‌ دوایی رۆیشتنى دیكتاتۆره‌كان له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕه‌ دۆراوةكان له‌شكرێك له‌ بێوه‌ژن و منداڵى بێ باوك به‌جێئه‌مێنێت كه‌ كێشه‌ى گه‌وره‌ بۆ كۆمه‌ڵگا دروست ئه‌كه‌ن هه‌ر له‌ زیاد بوونى دیارده‌ى له‌شفرۆشى تاكو بڵاوبونه‌وه‌ى تاوان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رز له‌ كۆمه‌ڵگا.

دیكتاتۆره‌كان ئیش بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ى باوك له‌ خێزان لاوازكه‌ن به‌مه‌ش جۆرێك له‌ ئازادیه‌ك بۆ منداڵه‌كان خێزان دابین بكه‌ن كه‌ تا راده‌یه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ حه‌زى منداڵه‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه‌, به‌ڵام به‌ مه‌رجێك له‌ خێزانێكى گه‌وره‌تر خۆیان بدۆزنه‌وه‌( كه‌ حزبه‌) و كه‌ باوكێكى گه‌وره‌ترى تیایه‌ به‌ ده‌گمه‌ن له‌ رووى فیزیكیه‌وه‌ یه‌كدى ئه‌بینین, به‌ڵام ئه‌م باوكه‌ گه‌وره‌یه‌ لێپرسینه‌وه‌ ناكات له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كان كه‌ خراپه‌ ئه‌كه‌ن مادام له‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى حزب ده‌رناچن , ئه‌م دوو خێزانه‌ رێك پێچه‌وانه‌ى یه‌كن , له‌ خێزانى یه‌كه‌م به‌ها كۆمه‌ڵه‌یه‌تیه‌كان گرنگ و بایه‌خی خۆى هه‌یه‌ وه‌كو ( به‌رده‌وام بوون له‌ خوێندن و به‌ده‌ست هێنانى بروا نامه‌یه‌ك , رێز گرتنى گه‌وره‌و بچوك , درۆ نه‌كردن , دزى نه‌كردن, پاراستنى ناوبانگی خێزان) كه‌ چى له‌ خێزانى دووه‌مى كه‌ حزبه‌ ( گرنگ نیه‌ درۆ ئه‌كه‌یت مادام حزب لێت رازیه‌, گرنك نیه‌ دزى ئه‌كه‌یت مادام له‌ بریاره‌كانى حزب ده‌ر ناچیت , گرنگ نیه‌ ناوبانگى تۆ خراپ بێت مادام گۆێرایه‌لێكى به‌خشنده‌ى حزبیت و ئامادەيت فيشەكى بۆ بتەقنێنیت) له‌ خێزانى یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ ئازادیه‌كت لێزه‌وت ئه‌كرێت بۆ راگرتنى هاوسه‌نگى خێزان , له‌ خێزانى دووه‌م هه‌موو ئازادیه‌كت هه‌یه‌ چی بیكه‌یت به‌مه‌رجێك ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندى و هاوسه‌نگى حزبت رابگریت .

به‌ كورتى له‌ سیسته‌مه‌ دیكتاتۆریه‌كان شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر باوكى بایۆلۆژى و باوكیى ره‌مزى دواجار باوكى ره‌مزى ( ديكتاتور ) باوكى بایه‌لۆژى بچوك ئه‌كاته‌وه‌ جێگاى ده‌گرێته‌وه‌…. له‌ كوردستانى خۆمان هه‌مان دۆخ دووباره‌ بوه‌وه‌ له‌ كۆنترۆڵ كردنى منداڵه‌كان, به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌ له‌به‌ر بوونى دوو هێز له‌ گۆره‌پانه‌كه‌وه‌ هه‌روه‌ها نه‌بوونى تواناى كه‌ره‌سته‌كانى دیكتاتۆریه‌ت , حزبى كوردى سه‌ره‌تا زۆر كارى بۆ كرد به‌ڵام تا راده‌یه‌كى زۆر سه‌رى نه‌گرت,نموونه‌ش ئاماده‌ بوونى حیزب بوو له‌ قوتابخانه‌كانى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندو ئاماده‌یی دواتر زۆر به‌ چڕ تر له‌ زانكۆكان , به‌ داخه‌وه‌ كه‌ نیه‌ته‌كه‌ هه‌یه‌, به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ تواناكه‌ نیه ‌.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies