Osman-Qale-weli

هەورامان عەلی : ئه‌و پیاوه‌ی به‌ بێ ده‌نگ خه‌ریکه‌ ده‌مرێ که‌س نرخه‌که‌ی نازانێ ، گوێبگره‌ با پێت بلێم:

ئه‌و پیاوه‌ی ده‌یبینن به‌کزی له‌به‌رده‌م نه‌هامه‌تیه‌کانی رۆژگاردا چۆکی داداوه‌ ، رۆژانێک بوو زه‌وی له‌ژێر پێیدا ده‌له‌رزی! هه‌سته‌ سه‌رپێ و ده‌ست به‌سنگته‌وه‌ بگره‌ و که‌مێك بوه‌سته‌ و سه‌ری رێزی بۆ دانه‌وێنه‌! ! ئه‌وه‌ چی سه‌لیقه‌ و جوانی بینا و ته‌لارسازی ، چی ئاوه‌ز و شاره‌زایی باخوباخاتی ناوچه‌ی هه‌ورامان بوو له‌کارو کرده‌وه‌ی ئه‌مدا ره‌نگی دابووەوه‌ ، زیاتر له‌په‌نجا ساڵە ، هه‌وڵی دا ,، جوانترین و شیریترین رۆژگاره‌کانی ته‌مه‌نی ، له‌هه‌ره‌تی لاویدا له‌شه‌و رۆژێکدا 20 کاتژمێر هه‌ڵده‌سورا ، قامه‌تێکی درێژ و هه‌لمه‌تێکی گورج ، قاقایه‌کی جوان ، به‌رد له‌سه‌ر به‌رد باخێکی بنیادنا .

زۆر دلی به‌ره‌نج و ماندو بوونه‌که‌ی خۆشبوو ، ئه‌و له‌هیچ کۆلێژێکی ئه‌ندازیاری نه‌یخوێند بوو ، که‌چی دیواری رێك و ته‌ڵانی هاوسه‌نگی وای بینا نابوو ، مه‌گه‌ر ئه‌ندازیاره‌کانی ” خۆفۆ ” ی فێرعه‌ونی میسریه‌کان له‌ هه‌ره‌مه‌کاندا ته‌کنیکی وایان به‌کار هێنابێت!.

ئه‌و له‌هیچ کۆلێژێکی کشتوکالی نه‌یخوێندبوو ، که‌چی چ نه‌خۆشیەکی دار و دره‌خت هه‌یه‌ ده‌ی ناسی و چاره‌سه‌ره‌که‌یشی ده‌زانی! به‌هاران له‌گه‌ل پاککردنه‌وه‌ی نێو باخه‌کاندا ، ئه‌و دره‌خته‌کانیشی ده‌شوشت ! چه‌ندین جار لێم بیستوه‌ که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌و دره‌ختانه‌ی هێنده‌ی ” هه‌ورامان ” ی تاقه‌ کوری خۆشی ده‌وێن ! که‌ جه‌نگی مالوێرانکه‌ری عێراق – ئێران ده‌ستی پێکرد رۆژانه‌ تۆپبارای چه‌می ئاوێسه‌ر ده‌کرا ، نه‌ك هه‌ر بۆ باخه‌که‌ی خۆیی ، به‌ڵکو که‌ ته‌قینه‌وه‌ی تۆپێك دره‌ختێکی سه‌رده‌بڕی ، ئه‌و هۆن هۆن فرمێسك به‌چاوه‌کانیدا جۆگه‌له‌ی ده‌به‌ست .

ئاخر له‌ کولتوری ئێمه‌دا گریانی پیاو مانایی هه‌یه‌ ، ئاخر ئه‌و ئاشقی دارو دره‌خت بوو ، به‌و فرمێسکانه‌ی ده‌یویست خۆشه‌ویست و ئاودێری باخه‌کان بکات ! که‌ جه‌نگ و مالوێرانی ئاواره‌ی شاره‌کانی کوردستانی کردین ، ئه‌و به‌دزیه‌وه‌ تا دوساڵیش ده‌هاته‌وه‌ بۆ ئاودانی باخه‌که‌ی ، جارێکیان که‌وتبوه‌ نێو شه‌تڵێکی مینه‌وه‌ ، ده‌یگوت نازانم چۆن ڕزگارم بوو! که‌ “بنجۆ ” سه‌رچاوه‌ی ئاوی باخه‌که‌ی مین رێژکرابوو ، ئیتر ئه‌ویش به‌ناچاریی له‌باخ و نۆباو وازی هێنا .

له‌ سلێمانی ، له‌ مه‌لکه‌ندی به‌ کلاشچنین ئه‌و سالانه‌ی تێپه‌ران ، که‌ به‌عس هه‌واشیی لێمان قه‌ده‌غه‌ کردبوو .. ساڵ هات و ساڵ چوو ، هه‌ر له‌ سالی یه‌که‌مدا خه‌فه‌تی زه‌مانه‌ تاڵی ره‌شی له‌ سه‌ریدا نه‌هێشت و سه‌راپایی موه‌کانی سپی بون ! .

که‌ راپه‌رین بوو 7.3 شار راپه‌ریی ، ئه‌ویش راپه‌ریی ، که‌ 8.3 ئه‌منه‌ سوره‌که‌ گیرا ، ئه‌ویش له‌وێ بوو . دو رۆژ دوای ئه‌و ڕووداوه‌ ، خۆیی گه‌یاندبووه‌ نێو باخه‌که‌ی ، دارو به‌ردی ئه‌و ناوه‌ مین بوو . بۆیی باسکردم : که‌ یه‌ك به‌یه‌کی دره‌خته‌کانی ماچکردووه‌ ! ! له‌په‌نا هه‌ر دره‌ختێکی وشک بوو و شکاودا فرمێسکی بۆ هه‌ڵوه‌راندبووه … ئازارێکی قورس بوو ، جه‌نگ ره‌نج و ماندوبونی 50 ساڵی ڕابردوی به‌ده‌م باوه‌ دابوو ، به‌لام ئه‌و کۆڵی نه‌دا .

به‌درێژایی بیست سالی رابردوو ، گه‌رچی پیری و خه‌فه‌تی زه‌مانه‌ شه‌ته‌ک و ماندویان کرد بوو ، به‌لام ئه‌و کۆڵی نه‌دا ، جارێکی تر باخه‌که‌ی ئاوه‌دانکرده‌وه‌ . باخێك که‌ له‌ هه‌ورامانی دیوی ئه‌م دیو وێنه‌ی نیه‌ ….. گه‌ر رێت که‌وته‌ ئاوێسه‌ر له‌ که‌سێكی شاره‌زا بپرسه‌ کامه‌یه‌ باخه‌که‌ی ” ئۆسمانی قاله‌وه‌لی ” تا بزانی داستانی ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رمکردن له‌گه‌ڵ سروشت و خولقاندنی جوانی چ مانایه‌کی هه‌یه ..‌

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds