Shamir-Mewlan

شامیر مولان : کورتەیەکی فەلسەفی – زانستی دەربارەی ( شوێن – کات ) .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

بوونی هەر تەنێکی مادیی لە سروشت دا پێویستی بە پێشمەرجێکی بنەرەتی هەیە ئەویش شوێنە ، بە واتا هیچ قەوارەیەکی کۆنکرێتی بەدەر لە شوێن ناتوانێت بوونی هەبێت ، کاتێکیش پێناسەی تەنێک دەکەین بەوەی بۆشاییەک داگیر دەکات ،  یاخود لە بۆشاییدا درێژدەبێتەوە ئەوا بەشێوەیەکی سادە لە قالب دانیەتی لە چوارچێوەی سێ دووری جوگرافی ،  ئەم لە قاڵب دانەش لە بەکارهێنانی رۆژانەدا پێی دەگوترێت( شوێن ) …..

( نیوتن ) وەکو کیانێکی تەواو سەربەخۆ و جیا لەماددە ، وەسفی شوێن دەکات و گریمانەی شایانی بوونیکی لە ماددەبەدەری شوێن دەکات . بەڵام  بەراست دەکرێ بۆشاییەکی خاڵی لە ماددە هەبێت ؟ بەواتایەکی دی  ، بوونی گەردوون بەبێ گەلە ئەستێرەوهەسارەکان شتێکی مومکینە ؟… گەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە دەبینین دووانەیی( دوالیزم ) شوێن – کات بەدرێژایی سەدەکانی رابردوو بیر و هزری زانا و فەیلەسوفانی بەخۆیەوە خەریک کردووە ، بۆیە دەبینین ( ئەرستۆ) بەدوای ئەویش دا (لایبنیز) نەفی جوێی و سەربەخۆبوونی شوێن لە مادە دەکەن بە پێجەوانەی ( نیوتن ) کە بانگەشەی نەبوونی شتێک دەکات بە نێوی شوێنی رەهاو پەتی مادامێک شوێن خاسیەت و تایبەتمەندی تەنێک یا ماددەیە وەک شتێک .

لە گشتێتی خۆی دا ئەم ئیشکالیەتە کێشەی  _ شوێنی رەها_دەخاتە روو،واتە ئایا شوێن پێش بوونی ماددە کەوتووە ؟ بە گوزارەیەکی دی ، ئایا شوێن خودی خۆی بوونێکی بەپێویستی جوداو نەبەستراوە بە ماددەی هەیە ؟ واتە جەوهەرێکی سەربەخۆو دابراوە لە ماددە یاخود نا  ، بەلکو بوونی ماددە مەرجێکی سەرەکیە لە وێناکردنی چەمکی شوێن ؟

پێگەی شوێن لە توێژینەوە زانستی و فیزیاییەکان دا خودان پێگەیەکی گرنگە ، کاتێک باس لە بوونی شتێک دەکەین ئەوا شوێنێک بۆ ئەوشتە دیاری دەکەین بەواتایەکی دی چەمکی (کوێ) دەپەستێوینە شوێن . کەواتە شوێن هەرشتێکە پەیوەندی بە وشەی( کوێ)ەوە هەیە بەدوای ئەمەشدا شوێن ئەدگارێکی تایبەتی بۆ شتێکی دیاریکراو ، بۆ وێنە مادە ، دەستنیشان دەکات .

لەلای( دیکارت ) جیهان بۆ دوو توخمی سەرەکی دابەش دەبێت : توخمی هۆشمەندی(فکر) و توخمی درێژبوونەوە.بەم جۆرە گەردوون لەلای دیکارت تەژییە لە ماددە کە ئەمەش گوزارشتە لە دیاریدەی درێژبوونەوە .

دوالیزمی شوێن و ماددە لە باری کوێ یەتیەوە کێماسی روون و ئاشکرا هەڵدەگرێ لەبەرئەوە بۆ شرۆڤەکردنیئەم دوالیزمە پێویستمان بە رامانی تر هەیە بە تایبەت کە چەندین دیاردەی تر خاوەن قەلەمرەوین بەرسەر ئەم پەیوەندیەوە، بۆیە پرسیاریکی تر دەخەینەروو: ماددە چۆن دەردەکەوێت؟یان تەنەکان بە ج شێوەیەک هەن لە شوێندا؟ بەشێوەی جوڵاو یا نە بزۆک؟ بەشێوەی گۆراو یا نەگۆر؟ بەمە رەگەزێکی تازەو گرنگ دەخزێنینە گفتوگۆکەمان ئەویش تێگەی(مفهوم) چۆن ە یاخود چلۆنێتی.بۆنمونە جوڵەی بازنەیی وا دەردەەکوێت گۆران بێت لە بارێکی ماددە دا ئەمەش بەرەنجامی ئەو هێزەیە کە لە میانی سورانەوەدا پەیدا دەبەت(چەقە هێز)، وەک بڵێی شوێن کاریگەری لەسەر ماددە دادەنێت ئەم دیاردەیە لە فیزیای کلاسیکی دا شتێکی زانراو بوو بەڵام پێچەوانەی ئەمە واتە کاریگەری ماددە لەسەر شوێن نەزانراو بوو ئەمەش لەبەرئەوەی فیزیای کلاسیک پێی وایە جوڵەو شوێن رەها و پەتین.لەلای نیوتن شوین موتلەقەو بەدیهیانە دەرکی پێدەکریت بەڵام لەلای-( کانت)- ناسینی شتەکان وابەستە بە توخمی شوێنەوەیە لەبەرئەوە شوێنی وەکو مەرجێکی بنەرەتیانەی خودی بۆ مەعریفە دانا.هەربۆیە نیوتن و کانت زانستی ئەندازە یان وەک مەرجێکی سەرەکی زانستی سروشت و فیزیا دانا نەک وەک لقێکی داتاشراوی زانستەکانی تر.

نیوتن میکانیکی کلاسیکی لەسەر سێ قەوارەی موتلەق امەزراند: کاتی موتلەق، شوێنی مئتلەق و جوڵەی موتلەق بەرامبەر کاتی رێژەیی، شوێنی رێژەیی و جوڵەی رێژەیی کە دوای سەردەمی نیوتن دەیبینین بەڵام بۆ موتلەقبوونی شوێن-کات

(کانت) هیچ بەلگەیەک ناداتە دەست و پێی وایە رەهاهیی بوونی شوێن و کات گریمانەیەکی بەدیهیە گریمانەی کاتی موتلەقیش هاوکاتبوونی رووداوەکان دێنێتە ئاراوە ئەمەش بە مانای بوونی یەک کات بۆ رووداوێک بۆ هەموو بینەریك سەرباری دووریان لە باری شوێنییەوە،….. لێرەدا ئەم هزراندنە نیوتنیە کۆکە لەگەل خاوەن هزرانی جەوهەرێتی کات،کە لای ئەوان کات بوونی بە پێویستە(واجب الوجود)، هەرشتێکی واجب الوجودیش جەوهەرێکی ئەزەلی هەیە.لەبەرئەوە بەستنەوەی کات بە جووڵەوە شتێکی مەحاڵە.دەشێ هیچ جووڵەیەک لە ئارادا نەبێت بەڵام کات هەبێت.

دووبارە دەتوانین لە رێگەی دوالیزمی شوێن-ماددە شرۆڤەی مەفهومی کات بکەین، شوێن تەنێکی بەرجەستە نیە بەلکو مەرجێکی سەرەکیە بۆ بوونی قەوارەی تەنێک بۆیە هەرگیز ناتوانی وێنای تەنێک بکەین ئەگەر مەرجە شوێنییەکانی بەسەردا جێ بەجێ نەبێت(قەبارە،درێژی، بەرزی…)…..

بەستنەوەی چەمکی کات بە جوڵەوە تەوەری ئارگومێنتی فەلسەفییە لەلای-( ئیبن سینا)- کە رامانەکانی ئەم دەربارەی کات نزیکترە لە گیان و عەقلی سەردەم،ئیبن سینا وەکو بری(هێند) جوڵەیەکی کەوانەیی یا بازنەیی لە رووی پێشکەوتوویی و دواکەتویی نەک لە رووی دووری یاخد لادان پێناسەی کات دەکات.هەروەها بەوەی کە جوڵە سیفەتێکی ماددەیە بە واتا بە ماددەوە لکاوە هەر بەو چەشنە کاتیش لکاوە بە جوولەوە.ویناکردنی کات ناتوانریت بکریت بە بێ بوونی جوڵە(گۆران) هەروەها هیچ جوڵەیەکیش بە بێ بونی ماددە مومکین نیە، لێرەوە بۆمان دەردەکەویت تێگەیشتنی ئیبن سینا لەمەر کات تێگەیشتنێکی تەواو ماتریالیە.

کات، لەلای نیوتن چەمکێکی رەها(پەتی)یە،کەچی لەلای کانت و رازی (کات) مەرجێکی بنگەهی خودیی مەعریفەیە.بەلەبەرچاوگرتنی ئەم هزرە فەلسەفییانە، بابەتی کات یەکێک لە گرنگتین چەمکە فیزیاییەکانە سەرباری کێشە ئەبستیمۆلۆژیەکانی کاری فیزییایی ئەزمونگەرایی.

لەگەل هەموو ئەو لێکۆلینەوە فەلسەفییانەی لە بابەت کاتەوە کراون کەچی هەر بەتەمو مژاوی و کرچ و کاڵی ماوەتەوە لەوەش زیاتر، پەیبردنی خودییانەی کات کردەیەکی دژوارە جاریکیتر پرسیارە فەلسەفییەکە خۆی دووبارە دەکاتەوە:ئایا کات تەنها کۆبونەوەی وەختەکانە؟ولە جیهانی بەهەست دا هیچ بوونێکی واقیعی نییە بەڵکو کات تەنها وەهمە یان تەفسیری کات وایە لە قوڵایی بوونی هەستییانەی واقیئعی، یاخود قەوارەیەکی زەینییە بەتەنها؟

حەقیقی بوونی رابردوو و لێڵی داهاتوو بەرگێکی خوودییانەی نا بابەتی وەبەر کات دا دەکات بەڵام زانستی فیزیا کات بە خودان سروشتێکی بابەتی و قابیلی پێوانەکردن دادەنێت،کاتی بابەتی لە فیزیای کلاسیک دا، سەرەرای بەخشینی بۆیەی رەهایی بەڵام پێوەرێکی چەندییە ،بەشێوەیەکی بنەرەتی و گشتگیر وەسفی دیاردە سروشتییەکان دەکات هەروەها تەواوی هاوکێشە تەواوکارییەکان لە فیزیای کلاسیکی هاوکێشەی زەمەنین.بەڵام فیزیای هاوچەرخ لەمە دوورتر دەروات بەجۆرێک کات وەکو دووری چوارەمی شوێن سەیر دەکات ، تیۆری رێژەیی دروستی ئەم گریمانەیە پشتراست دەکاتەوە لێ وێناکردنی ئەم کارلێکەی نێوان شوێن و کات بۆ مرۆڤ کارێکی گرانە ئەمەش لەبەر ئەوەی مێشکی مرۆڤ گوزارشتە لە ئەندامێکی جەستە کە ئەرکی پەیبردنی هەستیانەی ژینگەی دەوروبەرە لە پێناوی مانەوە نەک ئیدراکی گەردوون…

ئەو هێڵە بەریناناەی نیوتن کیشانی هەروەها ئەو یاسا ماتماتیکیانەی ماکسوێل داینان بواریان لەبەردەم گفتوگۆی زانستی دەربارەی چەمکی شوێن-کات وهەروەک کارلێکی ئەم دوانە لەگەڵ دیاردە سروشتییەکانی وەکو ماددە و وزە و بوارەکانی مئگناتیسی و کارۆموگناتیسی کردەوە

پرنسیپی رێژەیی بوونی جوولە دەوەستێتە سەر رێژەیی بوونی خێرایی واتە خێرایی تەنێک بەگوێرەی تەنێکی دی دەپێورێت جا تەنی یەکەم وەستا و بێت یان جوڵاو بەم پێیە دەکرێت بڵێین خۆر بەدەوری زەوی دا دەخولێتەوە وەک پێشینان بروایان وابوو ئەمەش نهێنی پێوانەکردنی کات بوول ە لای بابلییەکان و میسریئیەکان لە کۆن دا کە تا ئێستاش دروستە و هاوتای پێوانەی سەردەمی ئەمرۆمانە کە پێوەرەکەی خولانەوەی زەوییە بەدەوری خۆردا مەبەست لەمەش بە سادەیی کاتی بابەتییە واتە ئەو کاتەی لە رێکخستنی کاروباری رۆژانەدا پشتی پێدەبەستین و یەکێتی گەردوونی لەسەر هەیە واتە رۆژەکان و مانگەکانی ساڵ و یەکە کانی تری کات.

جیاوازی کات بە ئاشکرایی لە کێشەی هاوزەمەنی دا مانیفێست دەبێت ئەمەش دەتوانین بەم نمونەی خوارەوە روونی بکەینەوە کە ئەزموونی زانستی،با بەشێوەیەکی سادەش بێت، راستییەکەی سەلماندوە: با وادانێین دوانەیەک تەمەنی هەریەکەیان ٣٠ساڵە، ئەگەر یەکێک لەم دووانە بە کەشتییەکی ئاسمانی و بە خیرایی رووناکی(٣٠٠٠٠٠کیلۆمەتر لە چرکەیەک دا) هاستێت بە گەشتێکی ئاسمانی رووەو ئەندرۆمیدا(نزیکترین گەلەئەستێرە لە گەلەئەستێرەی رێگای کاکێشآن، بە ٢ ملیۆن ساڵ لە ئێمە دوور دەکەوێتەوە ئەم ماوەیەش بە خیرایی رووناکی دەبرێت!! ) پاش برینی ئەو دووریە گەرانەوەی بۆ سەر زەوی بەبێ وەستان دەبینێت ٤ ملیۆن ساڵ بەسەر مەرگی براکەی تێپەریوە و هیچ شوێنەوارێکی براکەیی و تەنانەت شارستانیتیەکەشی نادینێت هەرچی گەشتیارەکەیە(کەسەکە) ئەوا هەر ٣٠ ساڵە و بەبێ هیچ گۆرانکارییەک. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کاتەی تەنێکی جووڵاو تیایدا دەژی هەمان ئەو کاتە نییە بۆ تەنێکی وەستاو . کات خۆی لەگەڵ خێرایی دا دەسازێنێت،ئەمەش بەو مانایەی کە تەنێک دەبێت بە شتێکی ئەزەلی کاتێک خێراییەکەی دەگاتە خێرایی رووناکی بە گوزارەیەکی دی دەتوانین بڵێین فۆتۆنەکان کە نوێنەرایەتی رووناکی دەکەن لە سروشتی خۆیان دا ئەزەلین هەر بەو جۆرە کە کاتی رەها بوونی نییە ئاواشستێک بە نێوی شوێنی رەها جیکای باس نییە، ئەو بۆشاییەس کە تەنیک داگیری دەکات بە گویرەی پێگە و خێرایی کەسی سەرنجدەر دەگۆرێت هۆکاری ئەم جیاوازیەش دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی لە رژێمەکانی پێوانەکاری کە لە کەسێکەوە بۆ یەکی دی جودایە دواتریش پەیوەندیەک هەیە لە نیوان جوڵە واتە خێرایی تەنێک لەگەڵ شوێن دا بە جۆریک کە دووری ئەندازەیی تەنەکان دەگۆرێن بە نزیکبوونەوەیان لە خیرایی رووناکی. گەورەترین خێرایی کە بەهۆیەوە ئاماژەیەک بگوازرێتەوە ئەوا خێرایی رووناکییە (٣٠٠هەزار کم لە چرکەیەک دا)، کاتێکیش خێرایی شتێک بگاتە خێرایی رووناکی ئەوا لە توانامان دا هەیە جارێکی تر رابردوو ببینینەوە!!!

وەک پێشتر باسمان کرد، جوڵە رۆلێکی سرەکی بینیوە لە تیۆری رێژەیی دا،هەروەک چۆن شوێن و کات بەگوێرەی ئەو رژێمەی لە پێوانە کردنیان دا بەکار دەهێنریت دەگۆرێت بەهەمان کلۆج بارستایی تەنێک بە گۆرانی خێراییەکەی دەگۆرێت بە جۆرێک تا خێراییەک زیاد بکات راستەوانە بارستایی تەنەکەش زیاد دەکات خۆ ئەگەر خێرایی تەنێک بگاتە خێرایی رووناکی ئەوا بارستاییەکەی دەبێتە ناکۆتا لەم بارەدا بارستایی دەگۆرێت بۆ وزە.

پەیوەندییەکی راستەوانە هەیە لە نێوان کێش و پلەی گەرمی دا ، کاتێک پلەی گەرمی تەنێک بەرز دەبێتەوە کێشیەکەی زیاد دەکات و کاتێکیش تیشک دەداتەوە ئەوا کێشەکەی کەم دەکات بەمەش مادە دەبێتە شێوەیەک لە شێوەکانی وزە.

بارستایی تەنێک هەرچەندێک بچووکیش بێت لە توانایدا یە بگۆرێت بۆ وزەیەکی گەورە،بەم پێیە گەردیلە گوزارشتە لە وزەیەکی چرکراوە لە بۆشاییەک(شوێنیک)بچووک یا دەکرێت وزە لە شێوەی تیشک دا دەرکەوێت(گەرمی،کارۆموگناتیسی و هەروەها). ئەم تیشکانە خودان خێرایین ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پەیوەندییەکی زەمەنی هەیە.

ئەگەر بتوانین گرامێک لە بارستایی یەنێک بگۆرین بۆ وزە ئەوا دەستگیری وزەیەکی گەرمی دەبین کە یەکسانە بەو وزەیەی لە سووتاندنی چەند هەزار تۆن لە خەڵوزی بەردین دەست دەکەوێت ئەمەش بەگوێرەی بیردۆزی رێژەیی ئەنیشتاین: و= ب*خ٢ (کاتێک و=وزە، ب= بارستایی، خ= خێرایی رووناکی)E=MxC2

ئەو مادەیەی لە شوین دا ئامادەیی هەیە هۆکاری رامالین یان لادانی بۆشاییە، بوونی مادە لە گەردوون دا یان بە واتایەکی دی هەسارە و ئەستێرە و گەلەئاستێرەکان دەبنە هۆی لادانی ئەو بۆشاییەی دەوری ئەوانەی داوە.ئەمەش بە مانایەی شوێن دووچاری رامالین دەبێت هەر بەو جۆرە کە پارچەیەکی لاستیکی لەکاتی دانانی گۆیەکی ئاسنین تووشی لادان و رامالین دەبێت،

وەک پیستر بینیمان ، کات بە گوێرەی کەسەکان دەگۆرێت لە نمونەکەی پێشوود کاتا ئەو برایەی لەسەر زەوی مایەوە تەواو جیاوازە لەوەی رووەو گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا بە خیرایی رووناکی گەشتی کرد،هەریەک لەوانە کاتی تایبەت بە خۆی هەیە.

بەوەی کە جوڵە تەمسیلی کات دەکات ئەوا دەردەکەوێت کە شوێن و کات لە تیۆری رێژەیی دا دوو چەمکی تەواو بەیەکەوە بەستراون وبە چەشنێک کات وەک دووری چوارەمی مادە ئەژماردەکرێت لە پاڵ سێ دووریەکەی تر دا.

ئێمە لر رێگەی هەتەکانمانەوە پەی بە ٣دووریەکەی جیهانی هەستپێکراوی دەرمان دەکەین وەلێ بە چەشنێکی ئیستیعلایی و لە میانەی ئەبستراکتی زانستییەوە هەست بە دووری چوارەم دەکەین کە ئەویش کاتە کەچی ناشێین پەیبردنێکی هەستییانە ئەزمونی کات بکەین.

وەک چۆن مادە گوزارشتە لە بارستایی ئاواش بوار تەمسیلی وزە دەکات،بیردۆزی ریژەیی پەیوەندی پتەوی نێوان مادە و وزە دەردەخات کەواتە مادە هیچ نییە جگە لە وزەیەکی زۆری خەست و چرەوە بوول ە یەکێ لە خاڵەکانی بوار دا بەم جۆرە دەبینین جیاوازی مادە و بوار مەئلوفە چونکە هەر یەکیک لەم دووانە گوزارشتە لە تاکە چەمکێک ئەویش (وزە)یە.

لێرەوە دەتوانین بڵێین تەنۆلکە بەراییەکانی مادە هیچ نین جگە لە وێنەیەکی جیاوازی وزە وەک دیاریدەیەکی یاساکانی سروشت وەک جۆن تەمسیلی بوار(بە شێوە جیاوازەکانییەوە) بۆ وزە دواجار گوزارشتە لە دووانەیی مادە-وزە.

جا ئەگەر مادە جەوهەری شتەکان بێت ئەوا وزە بگۆری ئەم جەوهەرەیە،مادامێکیش گۆران جەوهەری کاتە ئەوا شتێک بوونی نیە مەگەر لە چوارچێوەیەکی زەمەنی و شوێنیدا نەبێت .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان