Sadi-Iran

رەحمان پیرۆتی : شەڕی ساردی ئێران و عەرەبستانی سعودی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

چۆنیەتی پێوەندی نێوان ئێران و عەرەبستان وەکوو دوو وڵاتی کاریگەری ناوچە ، یەکێ لە گر­نگترین فاکتەرەکانی رێنیشاندەری ساختاری سیاسی و ئەمنییەتی ناوچەیە . زیاتر لە سێ دەیەیە ، رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە ، گرینگترین پرسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە ، رووبەڕووبوونەوەیەک کە سنوورەکانی دوو وڵاتی تێپەڕاندووە و زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی وەکوو فەلەستین ، لوبنان ، عێراق ، یەمەن ، بەحرەین و سوریەی تێوەگلاندووە . لە راستیدا ، لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، سەرچاوەی سەرەکی ئاڵۆزبوونی کێشە ناوخۆیی­یەکان ، بۆ هۆکارێکی دەرەکی واتا دژایەتی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودی وەکوو دوو جەمسەری ئیسلامی سیاسی شیعە و سوننی دەگەڕێتەوە .

پێوەندی سیاسی نێوان ریاز و تاران هەمیشە پڕ هەوراز و نشێو بووە . هەر لە سەرەتاوە ، ئەو دوو وڵاتە یەکتریان بە لادان لە چەمکەکانی ” ئیسلامی راستەقینە ” تۆمەتبار کردووە ، یارمەتی گروپە دژبەرەکانی یەکتریان داوە ، بەدژی بەرژەوەندی­یەکانی یەکتر کاریان کردووە و لە زۆرێک لە وڵاتانی هاوپەیمانی یەکتر سەنگەریان بەرامبەر بە یەک گرتووە ؛ بەڵام بەو حاڵەش هێشتا رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نیزامی­یان تەجروبە نەکردووە ؛ واتا پێڕەوییان لە ئوسولەکانی شەڕی سارد کردووە و هەمیشە بردنەوەی لایەنێک ، بە مانای شکستی لایەنەکەی تر تەعبیر کراوە . شەڕێک کە لە چەند ساڵەی دوایی­دا بەتایبەتی لەسەر پرسەکانی سوریە ، عێراق ، بەحرەین و یەمەن پڕکێشەتر بووە و تێچووی قورسی لێکەوتۆتەوە.

عەرەبستان لە رێگای یارمەتی ماڵی ساڵانە بە تۆڕێکی بەربڵاو لە شوێنە ئایینی­یەکان ، قوتابخانە ئیسلامی­یەکان و رێبەرانی مەزهەبی ناوچەیی لە سەرتاسەری جیهان ، تێکۆشاوە تا خۆی وەکوو پشتیوانی سەرەکی مسوڵمانانی جیهان واتا ” ام القرای ” ئیسلام دەربخا . ئەو وڵاتە بەردەوام کاری بۆ ئیسلامی سەلەفی سوننی کردووە و لەو رێگایەوە یارمەتیدەری دامەزرانی گروپی شێوەنیزامی جۆراوجۆر بەبیری ئیسلامی بناژۆخواز بووە . عەرەبستان ، ناوەندی سەرەکی بڕیار لەناو وڵاتانی عەرەبی­یە و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە حکومەتە سەرەڕۆکانی هاوپەیمانی خۆی دەکا . لە لایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی هاوشێوەی بەرامبەر بە رەوتە سیاسی و بزووتنە چەکداری­یەکانی شیعەی ناوچە هەیە ؛ ئیددیعای رێبەری جیهانی ئیسلام دەکا و لە چوارچێوەی پرۆژە ستراتێژیکەکانی خۆی بۆ گشتتاندنی ” وەلایەتی فەقیە ” و دامەزراندنی کەوانەی شیعە لە هیچ هەوڵێک سڵ ناکاتەوە . بەو پێیە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو جەمسەرە نائاسایی نییە .

سێ­شەممەی رابردوو ، ” سعود ئەلفەیسەل ” وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان ، لە پەراوێزی دیدار لەگەڵ هاوتای ئەڵمانی خۆی ” فرانک واڵتێر ئیشتاینمایەر ” لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش­دا ، داگیرکاری ئێرانی لە سوریە مەحکوم کرد و وتی : ” ئێران بۆ یارمەتیدان بە چارەسەری کێشەی سوریە ، دەبی هێزە داگیرکەرەکانی خۆی لەو وڵاتە بکشێنێتەدەر “. ئەلفەیسەل هەروەها وتی :” راستییەکەی ئەوەیە کە ئێران لە زۆرێک لە پرسەکانی ناوچە ، بەشێک لە کێشەیە ، نەک چارەسەر “. ئەوە لە حاڵێکدایە کە تاران ، بەردەوام عەرەبستان بە بانکی ماڵی تێرۆریسم ناو دەبا و بۆ بەرەنگاربوونەی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە دەرفەتی نوێ دەگەڕێ . حەوتووی رابردوو راوێژکاری سەربازی خامەنەیی رایگەیاند کە پێویستە هێزی سەربازی ئێران ، رەوانەی عێراق و سوریە بکرێ تا بەرەنگاری داعش ببێتەوە ، و رایگەیاند : ” پێش ئەوەی داعش بۆ ئێران ببێتە هەڕەشە ، پێویستە لە عێراق و سوریە گورزی گورچکبڕی لێبدرێ “. ئاماژەیەک بۆ ئیسلامی سوننی توندڕەو کە تاران ، عەرەبستان و هاوپەیمانانی عەرەبی و رۆژئاوایی ئەو وڵاتە بە رێنوێنی­کەری ئەو گروپە دەزانێ .

لە ئەرزی واقداا ، ئێران و عەرەبستان ئێستا لە شەڕێکی سەنگەر بە سەنگەر دان . عەرەبستان و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی سوننی ، راشکاوانە لە گروپەکانی دژبەری دەوڵەتی ئەسەد پشتیوانی دەکەن . ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە رێژیمی ئەسەد بێداهاتوویە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەڕوخێ ؛ بەو پێیە لە سەرکەوتنی گروپەکانی نەیاری ئەسەد و هاوپەیمانانی خۆیان، پوانی گرینگ بۆ دەستەبەربوونی ئامانجە سیاسی­یەکانی خۆیان لەو ناوچە دەبینن . لە بەرامبەردا ، ئێران و هاوپەیمانەکانی ، سوریە وەکوو هاوپەیمانی ستراتێژیکی خۆیان دەبینن و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و سیستمی هاوسەنگی هێز بە هەموو شێوەیەک دەیپارێزن . تەرخانکردنی پێگەیەکی نیزامی بۆ راهێنانی هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سوریە لە لایان عەرەبستان ، و هەروەها بڕیاری دامەزراندنی هێزێکی هاوبەشی ” شووڕای هاوکاری کەنداوی فارس ” بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئێران ، بەشێک لە هەوڵەکانی ریاز بۆ سەرکوتی هێژمۆنی ئیسلامی سیاسی شیعە بە رێبەری کۆماری ئیسلامی ، لە ناوچە و بەتایبەتی لە سوریەیە .

سوریە تەنیا خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە نییە ؛ ریاز ، کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەمەن و پشتیوانی لە ” شیعەکانی حوسی ” تۆمەتبار دەکا ؛ کە رۆژی ٢١ی سێپتامبر ، سەنعا ، پێتەختی ئەو وڵاتەیان داگیر کرد. لە بەیاننامەیەکدا کە عەرەبستان و پێنج دەوڵەتی عەرەبی لێواری کەنداوی فارس ، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی یەمەن بڵاویان کردەوە ، دەستدرێژی دەرەکی کۆماری ئیسلامییان بە تووندترین شێوە مەحکوم کرد و رایانگەیاند کە چیتر ” بێدەنگ نابن “. ” عەبدوڵلا ئەلعەسکەر “، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی شوڕای عەرەبستان هۆشداری دا کە ” حوسیەکانی یەمەن ، تاڵبانێکی دیکەن . ناکرێ سەنعا بدەینە دەست حوسییەکان و ئێرانی –یەکان . پێویستە گوشاری نێونەتەوەیی بخەینە سەر ئێران . ئێران پێی لە بەڕەی خۆی زۆر زیاتر راکێشاوە . پێویستە پێشی پێ بگیردرێ “.

لە لایەکی دیکە ، ئێران جێگیربوونی سەربازانی سعودی لە بەحرەین بە ” زێدەخوازی وەهابی­یەکان ” پێناسە دەکا . بەحەرەین لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ و لە درێژەی ناڕەزایەتیەکانی بەهاری عەرەبی و داواکاری بۆ ئەنجامدانی رێفۆڕمی سیاسی تووشی قەیرانی سیاسی بوو . لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتیانە و بەشداریکردنی روحانیانی شیعە ، ئەو ناڕەزایەتیانە لایەنی مەزهەبی و فێرقەییان بەخۆوە گرت و دەوڵەتی بەحرەین و لایەنگرانی ، کۆماری ئیسلامی­یان بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی شیعە لەو وڵاتە تۆمەتبار کرد . عەرەبستان رووبەڕووی ئەو هەوڵانە بووە و بە پاراستنی ناوەندە گرینگەکانی حکومەتی بەحرەین ، دەستی ئەو وڵاتەی ئاوەڵا کرد تا دەنگی ناڕەزایەتی­یەکان کپ بکا .

لە عێراقیش ، ئەو دوو وڵاتە لە بەرەی تەواو دژ بە یەک دان . عەرەبستان لە کەوتنی عێراق بۆ بەرەی شیعە و گرێدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران بەردەوام ناڕازی­ بووە ؛ و تێکۆشاوە لە رێگای بەهێزکردن و پشتگیری کردنی لایەنە سوننی­یەکان بەرەنگاری سیاسەتەکانی ئێران بێتەوە . ناڕەزایەتیە جەماوەری­یەکانی لایەنەکانی سوننی و گەشەسەندنی داعش ، رەنگە دیارترین نیشانەکانی شەڕی ساردی ئەو دوو وڵاتە لەسەر خاکی عێراق بێ . جگە لەوە عەرەبستان بەردەوام لە ئەهرۆمی ئابووری و بەتایبەت هەڵکشان و داکشانی نرخی نەوت بۆ گوشار خستنەسەر ئێران کەڵکی وەرگرتووە و لە رێگای هاوپەیمانێتی لەمێژینەی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمریکا لەسەر رەوتی وتووێژە ناوکی­یەکان و سەدکردنی رێگای دەستوێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کاریگەری داناوە .

ئەو دوو وڵاتە هێمای دوو گوتاری جیاواز و وێکچوو لە ئیسلامی سیاسین . هەر دوو وڵات ساختاری دەسەڵاتی هاوشێوەیان هەیە و لە کەمترین ئاستدا نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکەکەیان دەکەن . بەو پێیە سیاسەتی دەرەکی و ناوچەیی­یان سەرچاوەگرتووە لە ئیرادە و گوتاری زاڵی ئەو کۆمەڵگایانە نییە . شێوەی روانین و شەڕی ساردی ئەو دوو وڵاتە ، لەگەڵ چەشنی هەڵەکانی رۆژئاوا دۆخێکی ئاڵۆزی وەهای خوڵقاندووە کە بۆ داعش و داعشییەکان نەبێ ، بۆ کەسی دیکە ناتوانێ دڵخواز بێ . هەر ئەو هۆکارەشە کە کۆمەڵگای مەدەنی وڵاتانی تێوەگلاو لە شەڕ ، و کۆمەڵگای جیهانی بەرپرسیار دەکا تا هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی هێژمۆنی سیاسی- ئابووری ئەو دوو لایەنە چڕتر بکەنەوە .