meriwan-amsterdam

مەریوان وریا قانیع : کوبانی‌و سیستم‌و کاپیتالیزم .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

-١-

سەرەتا
ئەم نوسینە وەڵامدانەوەی ئەو دو وتارەی کاک ( بەختیار عەلی ) یە کە بەناونیشانی ” کوبانی‌و ناسیۆنالیزم‌و یۆتۆپیا ” وەک وەڵامێک بۆ نوسینێکی من بەناونیشانی ” ڕۆحی بەرگریی کوبانییەکان له‌کوێوە دێت؟”. ھیوادارم ئەم وەڵامە بتوانێت هه‌م هه‌ندێک لەتێزەکانی من لەو نوسینەدا‌و هه‌م هه‌ندێک لەتێزەکانی کاک بەختیار ڕونبکاتەوە . تاکە مەبەستێکیش لەم وەڵامە هاریکاریکردنی خوێنەرانە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەقوڵایی لێکنەچونەکانی بۆچونەکانی کاک بەختیار‌و ئەوانەی من. هاوکات ئەم نوسینە هه‌وڵدانێکە بۆ نیشاندانی کۆمەڵێک لێکدانەوەی ناڕاست‌و نادروست کە کاک بەختیار بۆ نوسینەکەی منی کردوە‌و ڕەتکردنەوەی بەشی هه‌رە زۆری ئەو تۆمەتانەشە کە بەدور لەئەخلاقیاتی نوسین داویەتی پاڵ من . لەوانەش ، بۆ نمونە ، تۆمەتی ئەوەی من کەسێکم ئایدیۆلۆژیام له‌ژیان بەلاوە گرنگترە ، بەهای ئایدیۆلۆژیا لەسەروی بەهای مرۆڤەوە دادەنێم ، من ناتوانم بەبێ ” حیکایەتی گەورە ” بیربکەمەوە‌و بنوسم، یان خەریکی حەماسەتسازیی‌و مکیاژکردنی دەموچاوی سیستمم و … ھتد . ھیوادارم خوێنەران دوای خوێندنەوەی ئەم نوسینە ئەو ڕاستییەیان بۆ دەربکەوێت کە سەرجەمی ئەو قسانەی کاک بەختیار بوختانی داتاشراون‌و دور‌و نزیک ئەوەی ئەو دەیڵێت پەیوەندیی بەنوسینی منەوە نییە .

لەدەرەوەی سەفسەتە‌و زاراوەبازییدا
بۆ ئەوەی خوێنەر لەناو ئەو هه‌مو سەفسەتە‌و زاراوەبازیی‌و بەکارھێنانە بێکۆنترۆڵەی زماندا بزرنەبێت کە بەشێکی دانەبڕاوە لەنوسینە تیورییەکانی کاک بەختیار، هه‌وڵئەدەم لێرەدا زۆر بەکورتیی تێزەکەی کاک بەختیار‌و تێزەکەی خۆم کورتبکەمەوە ، ئینجا دوای ئەوە بکەومە دیالۆگەوە لەگەڵ بەشێک لەو ڕوانینانەدا کە کاک بەختیار دەریاندەبڕێت. ئەو پرسیارەی نوسینەکەی من دەیکات ئەمەیە : ئایا ڕۆحی بەرگرییکردنی جەنگاوەرەکانی کوبانی لەکوێوە دێت ؟ سەرچاوەکانی ئەم ڕۆحییەتی بەرگرییکردنە لەکوێدایە ؟ ئەو وزە گەورەیەی بەرگرییکردن لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ وەڵامەکەی من وەڵامێکی کۆنکریت‌و ئاشکرا‌و ڕاست‌و ڕەوانە : سەرچاوەی ئەو وزە گەورەیە ئەو ” ڕەهه‌ندە یۆتۆپی ” یەیه‌ کە لەناو ناسیۆنالیزمدا ئامادەیە. هه‌ر کەسێک نوسینەکەی من بەمەبەستی شێواندن‌و خراپبەکارھێنان نەخوێنێتەوە دەزانێت من لەو نوسینەدا یۆتۆپیام وەک پرۆژەیەکی سیاسیی کامڵ وێنانەکردوە ، بەڵکو بەپلەی یەکەم ؛ وەک وزەیەکی گەورە بۆ گۆڕانکاریی باسمکردوە ، وەک دۆخێک کە ناھێڵێت مرۆڤ چاوەڕوانییە پۆزەتیڤەکانی لەخۆی‌و لەکردەکانی خۆی لەناو دونیادا لەدەستبدات . بۆ ڕونکردنەوەی زیاتری ئەم خاڵە لەپاڵ جاک دێریداشدا ، هه‌وڵمداوە ئەم جۆرە چاوەڕوانییە بە ” چاوەڕوانیی بەبێ ئاسۆیەک بۆ چاوەڕوانییکردن ” ناوبنێم ، واتە چاوەڕوانییەک ئەوەندەی سەرچاوەی وزەیە ، سەرچاوەی ھیچ شتێکی دیکە نییە . لەدۆخی کوبانیدا ئەم ڕۆحە یۆتۆپییە فۆرمێکی کۆنکریت دەگرێتە خۆی‌و دەبێت بە‌وزەیەک بۆ جەنگ لەپێناوی دروستکردنی دونیایەکی تازە‌و نوێدا کە دونیایەکی ئینسانیی‌ تر‌و دادپەروەرتر‌و یەکسانتر‌و پڕ کەرامەتتر بێت .( من لەبەشەکانی داهاتوی ئەم نوسینەدا بەوردیی دەگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتانە ). بەکورتیی ئەوەی من دەمەوێت لەو وتارەدا بەرگریی‌ لێ بکەم ئەم تێزەیە : ئەوەی لەکوبانیدا ڕویدا‌و ڕودەدات گواستنەوەی ئەم وزە یۆتۆپییەیه‌ بۆ کردەوە، داگرتنیەتی لەئاسۆیەکی یۆتۆپییەوە بۆ ناو ژیانی ڕۆژانە‌و کردنیەتی بەپاڵنەرێکی گرنگ بۆ بەرگرییکردن . ئەمەش پەیوەندیی بەو پەروەردەکردنە یۆتۆپییەوە هه‌یە کە پەکەکە‌و پەیەدە ئەندامەکانی خۆیانیان پێپەروەردە کردوە. زۆر بەکورتیی ئەمە تێزەکەی منە. تێزەکەی کاک بەختیار ئەوەیە کە ئەوەی لەکوبانیدا ڕودەدات پەیوەندیی بەپەکەکە‌و پەیەدە‌و ناسیۆنالیزم‌و ئایدیۆلۆژیا‌و گوتار‌و چاوەڕوانیی‌و شوناس‌و زمانی جەنگاوەرەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەبەرگریکردنەوە هه‌یە لە”ژیانێکی ڕوت”، ژیانێک دەکەوێتە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیا‌و شوناس‌و ‌وێنە‌و گوتارەکانەوە. لای ئەو ئەوەی ڕودەدات بەرگرییکردنە لەژیان بەرلەوەی ئەو ژیانە بچێتە ناو ھیچ پرۆژەیەکی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و ڕەمزییەوە. نوسینەکەی من، لەبەشێکیدا، دیالۆگێکی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەم تێزەی کاک بەختیار‌و باس لەوە دەکات کە ئەم تێزەی کاک بەختیار ڕاست نییە. لای من ئەوانەی شەڕ دەکەن “مرۆڤی سەرەتایی” نین‌و ئەوەشی بەرگریی لێ دەکەن “ژیانی ڕوت” نییە، وەک کاک بەختیار دەڵێت، بەڵکو کەسانی زۆر کۆنکریتی ناو دونیایەکی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی‌و ناوچەیی زۆر کۆنکریتن‌و سەر بەچەند ھێزێکی سیاسیی کۆنکریتن‌و هه‌ڵگری زمان‌و خەون‌و پرۆژە‌و ئایدیۆلۆژیا‌و چاوەڕوانیی سیاسیی زۆر کۆنکریتشن. من هه‌ر لەبنەڕه‌تیشەوە باوەڕم بەوە نییە شتێک هه‌بێت ناوی “ژیانی ڕوت” بێت بەو مانایەی کاک بەختیار باسیدەکات، یانی باوەڕم بەبونی ژیانێک نییە دابڕاو لەگوتار‌و خەون‌و زمان‌و شوناس‌و ئایدیۆلۆژیا‌و نیشتیمان‌و نەتەوە‌و چین‌و پێگەی کۆمەڵایەتیی‌و جێندەری تایبەت، بەزمانی بۆردیۆ قسەبکەم ژیانێک لەدەرەوەی” هه‌بیتۆس”دا بونی نییە، کۆمەڵایەتییبونی مرۆڤ لەناو سکی دایکییەوە دەستپێدەکات. بێگومان کاک بەختیار دەیتوانی لە‌وەڵامدانەوەکەیدا ئەم تێزەی من قبوڵنەکات‌و درێژە بەتێزەکەی خۆی بدات، بەڵام ئەوەی وەڵامەکەی ئەو بخوێنێتەوە سەری لەو هه‌مو تۆمەت‌و تاوانبارکردنانە سوڕدەمێنێت کە بێ ھیچ سڵەمینەوە‌و دودڵییەک بەدوای یەکدا ڕیزیاندەکات، هه‌روەها سەریشی لەو هه‌مو کێشە تیورییانە سوڕدەمێنێت کە کاک بەختیار دایاندەتاشێت بەبێ ئەوەی ھیچ یەکێکیان پەیوەندیی بەنوسینەکەی منەوە هه‌بێت .

ئایا ئایدیۆلۆژیا له‌ژیان گرنگترە ؟
وەک وتم خاڵی سەرەکیی لەنوسینەکەی مندا ئەوەیە ئەوەی لەکوبانیدا ڕودەدات بەرگرییکردن نییە لەشتێک بەناوی “ژیانی ڕوت”ەوە، بەڵکو بەرگرییکردنە لەپرۆژەیەکی تایبەتی‌و پەیوەندییەکی پتەویشی بەدانپیانانی نیشتیمانیی‌و نەتەوەیی‌و قبوڵکردنی کۆمەڵێک مافی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و ئینسانیی‌و جێندەرییەوە هه‌یە. بەڵام کاک بەختیار ئەم ڕوانینەی من ‌وا نیشان ئەدات وەک ئەوەی من بڵێم بەرگرییکردن لەژیان کەم‌و بێنرخە‌و لەباتی ئەوە پێویستە بەرگریی لەئایدیۆلۆژیا بکەین. کاک بەختیار دەیەوێت وا لەخوێنەر بگەیەنێت کە لای من ژیان بچوکە‌و قابیلی بەرگرییلێکردن نییە، ئەوەی پێویستە بەرگریی‌ لێبکرێت ئایدیۆلۆژیایە. کاک بەختیار دەنوسێت: “لای هەندێک لەوانەی قسەیان لەکۆبانی کرد، پێیان کەم بو، بڵێین کوبانی بەرگریی لەژیان دەکات. شەڕکردن بۆ ژیان وەک جۆرێک لەکەمکردنەوەی نرخی کوبانی دەبینرا، وەک بڵێن ژیانی بچوک چییە، تا کۆبانی مەزنی پێ بپێوین.” کاک بەختیار لەسەر ئەم نەزمە بەردەوام دەبێت‌و دەنوسێت گوایە لای من “بەرگرییکردن لەژیان بێنرخکردنی کۆبانییە”، چونکە گوایە من پێموایە”شتێک هەیە لەلامان لەژیان گرنگترە”، یان “بەهایەک‌و نرخێک هەیە کە دەکەوێتە سەرو نرخی ژیانەوە، یان سەرو نرخی مرۆڤەوە بەگشتیی”. ئەوەی نوسینەکەی من بخوێنێتەوە دەزانێت ئەم ڕوانینەی کاک بەختیار بۆ ئەو نوسینە ڕوانینێکی نەک هه‌ڵە‌و ناڕاستە، بەڵکو شێواندنێکی بەئەنقەست‌و نابەرپرسیارانەی نوسینەکەیە‌و گۆڕینی تێزە سەرەکییەکەیەتی بۆ تێزەیەک ناکۆک بەسەرجەمی نوسینەکە خۆی. ئەم شێوازی مامەڵەکردنە شێواندنێکی بەئەنقەستی نوسینەکەیە بەمەبەستی ئەوەی ئەو بتوانێت بەئاسانی‌و بەوشێوەی دەخوازێت ڕەخنەی بکات. سەرجەمی نوسینەکەی من تاقە یەک وشەی تێدا نییە قابیلی ئەوەبێت وا تەفسیربکرێت کە من ئایدیۆلۆژیام لەژیان بەلاوە گرنگتربێت، یان پێموابێت “بەهاو نرخێک هه‌یە لەسەروی بەهای ژیان‌و مرۆڤەوە”. نەک ته‌نها نوسینەکەی من بەڵکو ئەو کەمە نوسینانەی تریش کە کەسانی تر لەسەر کوبانی نوسیویانە‌و من خوێندبێتمەوە، ھیچیان نەیانوتوە “ژیان” شتێکی بێنرخە‌و قابیلی بەرگریی‌ لێکردن نییە، کەسم نەدیوە بڵێت شتێک هه‌یە “لەسەروی نرخی ژیان”و “نرخی مرۆڤەوە”. کەس نەیوتە “ژیانی بچوک چییە بەرگریی‌ لێبکەین وەرن با بەرگریی لەئایدیۆلۆژیا بکەین”. سەرجەمی ئەم قسانەی کاک بەختیار قسەی هه‌ڵبەستراو‌و داتاشراو‌و ناڕاستی ناو خەیاڵی خۆیەتی، پەیوەندیی بەنوسینەکەی منەوە نییە.
ئەوەی من گوتومە ئەوەیە بەرگریی لەکوبانیدا بەرگریی نییە لەشتێک ناوی “ژیانی ڕوت”بێت، ئەمە نەک لەبەر ئەوەی بەرگرییکردن لەژیان کەمنرخ‌و بێبایەخە، یان شتێک هه‌بێت لەسەروی ژیان‌و مرۆڤەوە، وەک کاک بەختیار دەیەوێت بەخوێنەری بفرۆشێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەبنەڕەتدا شتێک نییە ناوی “ژیانی ڕوت” بێت، نە لەکوبانی‌و نە لەھیچ شوێنێکی تری دونیادا. شتێک نییە ناوی بونی ژیانبێت لەدەرەوەی دروستبونی کۆمەڵگا‌و شوناس‌و پەیوەندیی‌و زمان‌و وێنە‌و گوتار‌و تەفسیر‌و خوێندنەوەی هه‌مەجۆر‌و فرەلایەن‌و ئاڵۆزدا ھتد… دەستەواژەی “ژیانی ڕوت”، بەو مانایەی کاک بەختیار بەکاردەھێنێت، دەستەواژەیەکە ھیچ شتێک نایباتەوە ناو مێژوی ھیچ تاکەکەس‌و خێزان‌و گروپ‌و چین‌و نەتەوە‌و کۆمەڵگایەک لەدونیای ئەمڕۆدا، مەگەر کەسایەتی “تەرەزان”ی ناو فیلمە ھیندییەکان‌و هه‌ندێک کارەکتەری ناو حیکایەتە کۆنەکان نەبێت. ئەوەی لەکوبانیدا هه‌یە ژیان نییە وەک مەقولەیەکی ئەبستراکت، بەڵکو ژیانە لەناو کۆمەڵێک چوارچێوەی کۆمەڵایەتیی‌و ڕەمزیی‌و سیاسیی‌و فەرهه‌نگیی تایبەتدا. ژیانە لەناو شێوازێکی تایبەتی پەروەردەکردنی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و ئایدیۆلۆژییدا‌و لەناو دونیایەک پەیوەندیی ئاڵۆز‌و فرەڕەهه‌ندی ناوەکیی‌و دەرەکیدا. وەک تۆدۆرۆف دەڵێت لەدوای دروستبونی ئادەم‌و حەوا‌و دروستبونی زمانەوە ھیچ شتێکی ڕوت بونی نامێنێت، هه‌مو شتێک دەچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ هه‌مو شتێکدا‌و دونیا دەبێت بەدونیایەکی “ئینتەرتێکستواڵ”، واتە دونیای تێکەڵبونی تێکستەکان بەیەکتری. ئەم تێکەڵبونەش مانای کۆتاییهاتنی ئەو شتانە کە دەشێت لەساتێکدا ساف‌و ڕون‌و ڕوت بوبن، لەساتی بەر لەدروستبونی زمان‌و گوتار‌و وێنە‌و تێکست‌و شوناس‌و پەیوەندیی‌و شتەکانی ترەوە. بەکورتی ئەوەی من دەمەوێت بەرگریی‌ لێبکەم ئەوەیە کە شتێک بونی نییە ناوی ژیانی ڕوت بێت، ئەوەی لەهه‌ر شوێنێکی دونیادا ئامادەیە، بەکوبانییشەوە، ژیانێکی پڕە، پڕ لەمانا‌و زمان‌و وێنە‌و گوتار‌و چاوەڕوانیی‌و خەون‌و یاده‌وەریی‌و ھتد… لەنوسینەکەی مندا کوبانی بەرگریی لەژیانی ڕوت ناکات، بەڵکو بەرگریی لەو ژیانە پڕە دەکات.

دیسانەوە ” خۆرهه‌ڵات ” و نارسیزم
وەک خوێنەر دەبینێت ئەم بۆچونەی‌ من لەکوێ‌و ئەو تەفسیرە داتاشراوەی کاک بەختیار لەکوێ کە دەڵێت من ژیانم بەلاوە بێنرخە‌و پێموایە ئایدیۆلۆژیا لەمرۆڤ‌و لەژیان گرنگترە؟ کێشەکەش لەوەدایە کاک بەختیار ته‌نها بەم شێواندنە گەورەیەی نوسینەکەی منەوە ناوەستێت، بەڵکو تێزەی بەگرنگ زانینی زیاتری ئایدیۆلۆژیا لەژیان، بەشێوەیەک گەورە‌و ڕەها دەکات هه‌مو “خۆرهه‌ڵات” بگرێتەوە. لای کاک بەختیار ئەو بێنرخکردنەی ژیان کە ته‌نها پەیوەندیی بەمنەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لەعەقڵیەت‌و ڕوانینی کەسانی “خۆرهه‌ڵاتی”ی، هه‌ڵوێستی خۆرهه‌ڵاتییەکانە بەرامبەر بەژیان‌و لەخۆرهه‌ڵات نوسەران، وەک من، ئایدیۆلۆژیایان لەژیان بەلاوە گرنگترە. لەم ڕوەوە دەنوسێت: “جۆرە هەڵوێستێکی وەها نە سەیرە، نە چاوەڕواننەکراوە، بەڵکو تەواو لەگەڵ ئەو نەزمە ئایدیۆلۆژییەدا دەگونجێت کە تێڕوانینی ئێمەی بۆ ژیان تێدا شێوەگیر بوە. ئایدیۆلۆژیا لەخۆرهەڵات دەبێت چی بێت، جگە لەبەهیچ زانینی ژیان‌و بەموقەدەسکردنی ئایدیا‌و فیکر‌و ئاڕاستە سیاسییەکان.”
بەکورتیی ئەوەی ئەم نوسەرە ئەنجامی ئەدات ئەوەیە سەرەتا کێشەیەکی داتاشراو‌و ناڕاست لەنوسینەکەی مندا دروست دەکات، دوای ئەوە ئەو کێشەیە بەسەر هه‌مو خۆرهه‌ڵاتدا تەعمیم دەکات‌و وای نیشان ئەدات لەخۆرهه‌ڵات نوسەران تێڕوانینیان بۆ ژیان شێواوە‌و ژیان لەبەرامبەر ئایدیۆلۆژیادا بەھیچ دەزانن. پرسیار ئەوەیە کاک بەختیار ئەم حوکمە گشتگیرە نەسەلمێنرا‌وو ترسناکەی لەکوێوە ھێناوە؟ بێگومان لەوەوە نەیھێناوە نوسینی خۆرهه‌ڵاتییەکانی خوێندبێتەوە‌و نیشاندابێت کە لەخۆرهه‌ڵات دۆخەکە بەو شێوەیەیە کە ئەو باسی دەکات. تاقە نوسینێک ئەو لەو وەڵامەدا بەگژیدابچێتەوە نوسینەکەی منە‌و ئەو نوسینەی منیش لەڕێگای شێواندنێکی فرەلایەن‌و قوڵەوە نەبێت قابیلی ئەو تەفسیرە نییە کە بڵێیت ئایدیۆلۆژیا لەژیان بەهادارترە. بەبۆچونی من مەسەلەکە نە خوێندنه‌وە‌و شیکردنەوەی خۆرهه‌ڵاتە‌و نە خوێندنەوە‌و هه‌ڵسەنگاندنی نوسینی نوسەرانی ترە، مەسەلەکە ئەوەیە کاک بەختیار دەیەوێت خۆی وەک تاکە نوسەرێک نیشانبدات کە گوایە لەھیچ نوسەر‌و ڕۆشنبیرێکی تری خۆرهه‌ڵات ناچێت، تاقە خۆرهه‌ڵاتییەکە لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیا‌و شوناس‌و گوتارەکاندا باوەشی بەژیاندا کردوە‌و ھێزی خۆی بۆ بەرگرییکردن لەژیان‌و لەمرۆڤ تەرخانکردوە. من کێشەیەکی گەورەم لەگەڵ ئەم جۆرە نارسیزمە بێسنورەدا نییە، بەمەرجێک ئەم نارسیزمە لەسنوری کەسەکە خۆی‌و لەسنوری‌ وێناکردنی ئەو کەسەدا بۆ خۆی بمێنێتەوە، بەڵام کەی ئەم نارسیزمە بو بەئامرازێک بۆ بێنرخکردنی هه‌مو شتێک‌و هه‌مو کەسێک، بو بەئامرازێک بۆ ھێرشکردنێکی بەردەوام‌و ستراتیژیەتێک بۆ شێواندنی هه‌ر شتێک لەخۆی نەچێت، بۆ قسەوتن بەم نوسەر‌و بەو ڕۆشنبیر، ئەودەم دەبێت بەکێشە، بەر لەهه‌مو شتێک بەکێشەیەکی ئەخلاقیی. وەک چۆن داتاشینی مەسەلەی بەرگرییکردن لەئایدیۆلۆژیا دژ بەژیان لەنوسینەکەی مندا داتاشینێکی ناڕاست‌و دروستکراوە، ئەو وێنەیەش کە کاک بەختیار بۆ خۆی دروست دەکات، وێنەی ئەوەی گوایە “نوسەری ژیان”ە دژ بەئایدیۆلۆژیا، قسەکەری “ژیانی ڕوت”ە دژ بەشوناس‌و گوتارەکان، نوسەرێکە بێئایدیۆلۆژیا، وێنەیەکی تەواو ناڕاست‌و دورە لەڕاستیی. ئەوەی نوسینەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی کاک بەختیار بخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێت ئەم نوسەرە تا بینەقاقای لەناو “مارکسیزمی نوێ”و لەناو “سیستمگەرایی”و لەناو ھێرشکردنێکی ستالینییانەدا بۆ سەر “کاپیتالیزم”و “لیبرالیزم”و “دیموکراسیەت”و “پلورالیزم”دا نوقمە، گاڵتەی بەگۆڕانی ھێمن‌و لەسەرخۆ دێت‌و بوقی شۆڕش‌و ڕادیکالیزم لێئەدات. هه‌مو ئەو ڕەخنانەش، کە بەتەعمیمێکی بێوێنەوە، لەخۆرھه‌ڵات‌و کاپیتالیزم‌و لیبرالیزم‌و دیموکراسیەت‌و سیاسەت‌و پەرلەمانتاریزم‌و فاشیزم دەیگرێت‌و دەینوسێت لەژێر پاڵتۆکەی چەند نوسەرێکی کەمی سەر بەقوتابخانەی “مارکسیزمی نوێ”و “سیستمگەرایی”وە دێنەدەرەوە. بەتایبەتی لەژێر پاڵتۆکەی لاکان‌و ژیژێک‌و بادیۆدا. ئەم تەسلیمبونەی کاک بەختیار بە “نیو مارکسیزم” بەڕادەیەکە، مەگەر نوسینی دۆستانی “کۆمۆنیزمی کارگەریی”و نوسەرانی “ئیسلامی سیاسیی” لێدەرچێت، دەنا نوسینی ھیچ نوسەرێکی تری کورد بەم ڕادەیەی نوسینی کاک بەختیار ئایدیۆلۆژیی نییە. ئەم وەرچەرخانە بەرەو “مارکسیزمی نوێ” بەڕادەیەکە، بەزەحمەت دێڕێکی کاک بەختیار بدۆزینەوە لەم کارخانە ئایدیۆلۆژییەوە نەهاتبێت. ئەمە دۆخی کاک بەختیار خۆیەتی کەچی لەڕێگای دروستکردنی ئیشکالیەتێکی ناڕاست‌و داتاشراوەوە لەنوسینەکەی مندا، دەیەوێت خۆی وەک نوسەری دەرەوەی ئایدیۆلۆژیاکان نیشانبدات‌و من وەک نوسەرێکی نوقومبو لەئایدیۆلۆژیادا،خۆی وەک نوسەری ژیان‌و من، نەک هه‌ر من هه‌مو نوسەرانی خۆرهه‌ڵات، بەنوسەری دژ بەژیان. کاک بەختیار ئەمە نە یەکەمینجار‌ه‌و لەوانەیە دواهه‌مین جاریش نەبێت، کە تێکستی کەسانی تر بشێوێنێت‌و بەکەیفی خۆی ڕا‌و بۆچون‌و لێکدانەوەی ناڕاست‌و دروستکراو بداتە پاڵ هه‌مو ئەوانەی کە دەیەوێت ڕەخنەیان بکات. ئەم مۆدێلە لە‌وەڵامدانەوە مۆدێلی باڵادەستی وەڵامدانەوەی ئەم نوسەرەیە، ئەمەش هه‌رچییەک بێت نوسینێک نییە سەرەتا هه‌رە سادەکانی ئەخلاقیاتی نوسینی پەیڕەوکردبێت. بەکورتیی نە من‌و نە ھیچ نوسەرێکی تر وتومانه‌ بەرگرییکردن لە “ژیانی ڕوت” عەیبە‌و نوقسانییە، کەس نەیوتوە بۆ ئەوەی “ژیانی ڕوت” مانای هه‌بێت ئەبێت ئەم ژیانە بارگاویی‌ بکرێت بەئایدیۆلۆژیا، ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە لەھیچ کون‌و قوژبنێکی دونیادا شتێک نییە ناوی “ژیانی ڕوت” بێت، بەتایبەتی لەکوبانیدا‌و لەلای کۆمەڵێک جەنگاوەر کە هه‌مومان دەزانین لەچ پاشخانێکی سیاسیی‌و ئایدیۆلۆژیی‌و کۆمەڵایەتییەوە هاتون‌و شەڕ بۆ چ مەسەلەیەک دەکەن.

حیکایەتی گەورە
لای کاک بەختیار “ناسیونالیزم”و “ئیسلام”و “مارکسیزم” حیکایەتی گەورەن‌و پێیوایە کە من وتم ڕۆحی بەرگریی جەنگاوەرەکانی کوبانی لەناو ڕەهه‌ندە یۆتۆپیەکەی ناسیۆنالیزمەوە دێت، ئیتر من نوسەری حیکایەتە گەورەکانم، کەسێکم ناتوانم بەبێ حیکایەتی گەورە بژیم. ڕۆشنبیرانی کوردیش کەسانێکن ناتوانن بەبێ حیکایەتی گەورە بژین، ئەوەی دیسانەوە لەهه‌مو خۆرهه‌ڵاتدا بەبێ حیکایەتی گەورە دەژی ته‌نها کاک بەختیار خۆیەتی. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەڕاست کاک بەختیار نوسەری دەرەوەی حیکایەتە گەورەکانە؟ یان ئەمەش وێنەیەکی تەواو هه‌ڵەی کاک بەختیارە لەسەر خۆی؟ ئایا ئەگەر ئیسلام‌و مارکسیزم‌و ناسیۆنالیزم حیکایەتی گەورەبن ئەی “کاپیتالیزم”، “کاپیتالیزمی خۆرهه‌ڵاتی”ی، “سیستم”، “فاشیزمی خۆرهه‌ڵاتیی”و “مارکسیزمی‌ نوێ” حیکایەتی گەورە نین؟ بۆچی‌ ناسیۆنالیزم حیکایەتێکی گەورەیە بەڵام “فاشیزمی خۆرهه‌ڵاتیی”و “کاپیتالیزم”و “سیستمگەرایی” حیکایەتی گەورە نین؟ باشە ئەگەر “مارکسیزم”ی کۆن حیکایەتێکی گەورەبێت، حیكمه‌ت چییە “مارکسیزمی نوێ”ی ژیژێک‌و بۆردیۆ حیکایەتی گەورە نین؟ لەڕاستیدا وێنەی کاک بەختیار لەسەر خۆی بەڕادەیەک هه‌ڵەیە هه‌مو خوێنەرێکی ھۆشیار توشی سەرسوڕمان دەکات. ئەو ڕوانینانەی سەرجەمی نوسینەکانی ئەم ساڵانەی دوایی کاک بەختیار ئاراستە دەکات نەک ته‌نها ئەو حیکایەتە گەورەکانی “کاپیتالیزم”و “مارکسیزمی نوێ”و “سیستم”و “سیستمگەرایی”ە، بەڵکو کەم نوسەری کورد هه‌یە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەڕادەی کاک بەختیار لەپاڵ ئەم حیکایەتە گەورانە‌و دەرەنجامە ئایدیۆلۆژییەکانیانەوە نوسیبێتی. لەڕاستیدا لەفیکری کاک بەختیاردا شتێک نادۆزینەوە کۆنکریت‌و مێژویی، ئەوەی هه‌یە چەندان حیکایەتی گەورەیە کە ھیچ شتێکی کۆنکریتمان لەسەر هێڵ مەسەلەیەکی کۆنکریت پێ ناڵێن. دەستەواژەکانی کاپیتالیزم، خۆرهه‌ڵات، خۆرئاوا، فاشیزمی خۆرهه‌ڵاتیی، سیستم، لەنوسینی کاک بەختیار دەربھێنە شتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە قسە لەسەر کێشەیەکی کۆنکریتی وەک کوبانی‌و جەنگاوەرەکانی دەکات، سەرجەمی ئەو قسانەی دەیانکات زمانی تێکەڵکردنی چەندان حیکایەتی گەورەیە بەیەکتری، تێکەڵکردنی “مارکسیزمی نوێ” ی‌ ژیژێک لاکانییە، بەزاراوەی سیستم‌و هه‌ندێک دەستەواژەی تر کە لەدەرەوەی مێژوی کوبانی‌و مێژوی هه‌مو کۆمەڵگاکانی دونیادایە، مەبەستم دەستەواژەی “ژیانی ڕوت”ە.
وەک وتم ئەگەر ناسیۆنالیزم‌و ئیسلام حیکایەتی گەورەبن‌و هه‌میشە یەک مانایان هه‌بێت‌و نەکرێت لەئیسلام‌و ناسیۆنالیزمدا ڕەهه‌ندی باش هه‌بن، وەک کاک بەختیار پێشنیاری دەکات، ئەی باشە “کاپیتالیزم” لەنوسینەکانی کاک بەختیاردا حیکایەتێک نییە دەیانجار لەناسیۆنالیزم گەوره‌تر؟ لەڕاستیدا مرۆڤ سەریسوڕدەمێنێت لەبێئاگایی کاک بەختیار لەمانای ئەو دەستەواژانەی کە خۆی بەکاریاندەھێنێت، دەستەواژەی “سیستم” بەوجۆرەی لای کاک بەختیار ئامادەیە، یان “کاپیتالیزم” بەو شێوە ڕەها‌و موتڵەقەی ئەو باسی دەکات، نەک ته‌نها حیکایەتی گەورەن، بەڵکو لەگەورە گەورەتر‌و قەبەترن. قسەی من لێرەدا لەسەر وشەبازیی‌و زەخرەفەی زمان نییە، کە بەشێکی بەرچاوی نوسینی کاک بەختیارە، قسەم لەتاوانبارکردنی کەسانێکە بەشتگەلێک کە زۆر زۆر بەزیادەوە لەنوسینی خۆیدا ئامادەیە. یەکێک کەمترین زانیاریی لەسەر گەشەی کاپیتالیزم هه‌بێت ئاگای لەزمانی خۆی بێت لەوەسفکردنی کاپیتالیزمدا، ڕستەی لەشێوەی ئەم ڕستەیەی کاک بەختیار نانوسێت: “لەکەپیتالیزمی تەقلیدییدا، مرۆڤ وەک کۆیلە، وەک کارگەر، وەک بونەوەرێک کە کورتدەکرێتەوە بۆ ئیشکەرێک تەماشادەکرێت ،”. ” کۆیلە ” و ” کارگەر”و “ئیشکەر” سێ چەمکی تەواو جیاوازن‌و ئەوەی سەرەتاکانی مارکسیزم شارەزابێت بەو شێوەیە قسە لە “کاپیتالیزمی تەقلیدیی” ناکات .

س – ئاوێنە

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت