نوجێفی (PKK) به‌ كوشتنی عه‌ره‌ب له‌ شه‌نگال تۆمه‌تبار ده‌كات .

ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق ، پارتی كرێكارانی كوردستان PKK به‌ كوشتنی عه‌ره‌ب له‌ شه‌نگال تۆمه‌تبار ده‌كات و داوا له‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری موسڵ ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ( تاوانانه‌ ) بكه‌ن .

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ئاژانسی ( این ) كه‌وتووه ‌، نوجێفی ده‌ڵێت ” زانیاریمان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ هێرشی فراوانی كردۆته‌ سه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌نێوان شه‌نگال و ره‌بیعه‌ و گونده‌كانی ( ئوم ئه‌لبخاری و ئه‌لسبایا ) و گوندێكی دیكه‌ كه‌ عه‌شیره‌تی جحێشی تێدا نیشته‌جێیه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ پێنج كه‌س كوژراوه‌و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوو، هه‌روه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه ‌.
به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئوسامه‌ نوجێفی په‌یوه‌ندی به‌ براكه‌یه‌وه‌ ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری موسڵ كردووه‌و داوای لێ كردووه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بكات و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ( تاوانانه ‌) بكات كه‌ گوایه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامی داوه ‌.
ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی نوجێفی له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ناوبراو به‌ر له‌ هاتنی داعش و داگیركردنی موسڵ به‌ دژایه‌تیكردنی كورد ناوبانگی ده‌ركردبوو ، به‌ڵام ئیستا ده‌یه‌وێت به‌ پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ موسڵ و ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری موسل – یش یه‌كێكه‌ له‌ داواكراوانی دۆسێی به‌ده‌سته‌وه‌دانی موسڵ .
هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌كه‌ی نوجێفی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گرژی و ناكۆكیه‌ی كه‌ نێوانی پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌كه‌كه‌دا هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوبه‌ری ئێزدیه‌كان له‌ شه‌نگال .
شایانی باسه‌ شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌بووه‌ له‌ شه‌ڕی داعش له‌شه‌نگال و ناوچه‌كانی دیكه‌ شانبه‌شانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان .

س – م