Marks

ئەبوبەکر جاف : خودای ماركس .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئەوە خودا نییە مرۆڤی دروستكردووە ، ئەوە مرۆڤە خودای دروست كردووە .. ماركس .

1

ئەم كۆجیتۆیەی ماركس تا شوێنێك ڕاستەكە مومكین نییە خەیاڵی ئێمەی مرۆڤ ، خەیاڵێكی ئینسانی نەبێت لەسەر خوداوەند . واتە خودایەكی خەیاڵكراوی بە ئینسان بوو نەبێت . قدرەت و توانای خەیاڵكردنی ئێمە لەسەر خوداوەند ، مەحكومە بە بەرهەمهینان و بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی ناو كۆنتێكست و هەلومەرجی ناو پەیوەندی و بەریەككەوتنی هێزەكسن . بەڵام ، ئەم قسەیە لەوێدا حوكمێكی قورسی ئیدۆلۆژییە كە ، خوداوەندێك لە خۆیدا بوونی نەبێت ،Dieu en soi، بەڵكو تەنیا ئەو خودایە هەیە كە لە ڕێگەی ئێمەوەو لە ڕێگەی خەیاڵ و جەبری خەیاڵدانی ئێمەی ئینسانەوە بەرهەمهێنرا بێت .

2

خەیالێكی سروشتی ئەزەلی و ئەبەدی هەیە ؟ یان خەیاڵ و خەیاڵدان و خەیاڵكردن مەحكومە بەو هەلومەرج و كۆنتێكستەی هێزەكان و پەیوەندیی و هاوسەنگیی لاسەنگی هێزەكان و زاڵبوونی هێزێك و شكستی هێزێك ؟ ئەنترۆپۆلۆژیای كۆمەڵایەتی ئەو ڕاستییەی نەشاردۆتەوە كە ، گردبوونەوەو خڕبوونەوەیەكی ئینسانی نییە خاڵی بێت لە جۆرێك لە خەیاڵكردن بەرانبەر بە خوداوەندێك ، بەرانبەر هێزێكی بان سروشت و سەرو مێژوو ، بە جیاوازی ناو و ناولێنانەكانییەوە ، هاوبەش و هاوتەریب بە پێدان و بەخشینی هێزو دەسەڵاتێك كە لە ئاست دەستەپاچەبوون و كڵۆڵی تواناو هێزی ئێمەدا بە تەنگمانەوە بێت ، فریامانبكەوێت . ئەگەرچی ئەو خوداوەندەش پەیكەرێكی بۆ داتاشرا بێت ، واتە : ئەو كاتەی خوداوەندێكی مەلموس و داتاشراوی كۆنكرێتی و واقیعیمان هەیە ، بەڵام خەیاڵێكی نەگیراو نا كۆنكرێتی و نا مەلموسیمان هەیە بەرانبەر ئەو خودا كۆنكرێتی و داتاشراوە كە ڕۆژانە لەمسی دەكەین . هێشتاكە ئێمە دەسبەرداری خودایەكی خەیاڵی نابین ئەگەرچی خوداكانیش وەك كارو بەرهەمی ئەندازەو كاری هونەری مەلموس و داتاشراو . ئێمە كە خەیاڵ دەكەین چۆن ئەم خەیاڵە لە ناو هەلومەرج و بارودۆخ و پەیوەندی هێزەكاندایە ؟ گردبوونەوەكانت پێشوترو ڕابووردووی دوری مرۆڤایەتی ، سەروكاریان لە گەڵ سروشتدا ، لەسەر بنەمای ترس و تۆقین بووە لە ڕوداوە سروشتییەكان ، كەواتە خوداوەندێك وەك مانایەكی بەرهەمهاتوو دەبێت خوداوەندێكی تێكەڵ بە سروشت بێت . خوداوەندیك لە هەورەبروسكەو لافاو بوومەلەرزەو مەترسییە سروشتییەكان بمان پارێزێت . دۆعاو نزاو پاڕانەوەی مرۆڤێكی نەخۆش ، سەروكاری لە گەڵ خودایەكی شافی و شیفاهێنەردایە . ترسی مەرگ و ترس لە مەرگ ، خودایەكمان بۆ دەهێنێت كە سەروكاری لە گەڵ جێگەو پێگەو مەكانی پاش مەرگ و ئارامیی و ئاسایشی پاش مەرگدا هەبێت . لە ناو مۆدێرنەدا خودا وەك هێزو وەك تواناو قودرەت لە خەیاڵكراوێكی ئەنترۆپۆلۆژییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەقڵ و تەكنیك و قودرەتی تەكنیك لە كەشفكردنی نهێنییەكان . پزیشكەكان خەیاڵكراوی خوداوەندن ، تاقیگەكان … واتە لە ناو هێزەكانی مۆدێرنەدا هێشتا دەسبەرداری خەیاڵی خوداوەندێك نەبووین .

3

با بگەڕێینەوە سەر قسەكەی ماركس ، خودایەكی خولقێنراو لە لایەن مرۆڤەوە ، نەك مرۆڤێكی خولقێنراو لە لایەن خوداوە . ئەڵبەتە دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت ماركس باس لە خودایەك دەكات لە ناو ململانێی چینایەتی و چینەكاندا لەو شوێنری خودا دەبێت بە میكانیخم و مەقاش و داردەستی چینی باڵادەست بە مەبەستی هێشتنەوەی بارودۆخی باو ، وە قەناعەتهێنان بە چینی ژێردەست و بەشخوراو كە ئەمە بارێكی ئیلاهییە ، هەبوون و داراو موڵكییەت بەخشینی خودایەو لە ئیرادەی ئیلاهیدایەو قدەری خودایەو دەبێت ڕازی بن لێ . لە لایەكی دیكەوە خودا ڕێگرە لە شۆڕش و یاخیبوونی چینی كرێكارو بەشخوراو بەشمەینەت ، شەرعییەتێك بۆ ڕاپەڕین و یاخیبوون و شۆڕش و هەستانەوە ناهێڵێتەوە بە ڕوی ستەمكارو زۆردارو چینی باڵادەستدا .

4

خودای ماركس لەوشوێنەدا بە كەڵكی خوداوەندی نایەت كە داردەستی دەوڵەمەندوچینی باڵادەست ، ئەم خودایە لە خۆیدا چ سەروكارێكی بەسەر خودابوون و خوداوەندییەوە نییە ، ئەمە خودایەك نییە لە عەدل و حەدالەتدا ، ئەمە وێنەیەكی گوتاریی خوداوەندە ، وێنەی خودایە لە ناو ململانێكاندا ، وێنەی خودایەكە كە ، لایەنگیری بەرەیەك و نەیاری بەرەیەكە ، ئەم خودیەكی زەمیننشینی ناو ململانێی و شەڕەكانەو بەشێكیشە لە شەڕو بە لایەكداخستنی لایەك . بەڵام خودا چ سەروكارێكی ئەكتی و واقعی نییە بەسەركەوتن و كۆنترۆڵ و هەیمەنەی هێزو گوتارێك ، قسەمان لەسەر خودایەكی بێلایەن و عادلی ڕەهایە . وەك چۆن خودایەك هەیە شەرعییەت بە موڵكییەت و چەوسانەوە دەدات ، بە هەمانشێوە خودایەكیش هەیە لە گەڵ شەركردندایە لەپێناو عەدالەت و ژیاندا . كێشە و بێدەسەڵاتیی و خودای خولقێنراو و دروستكراو بێدەسەڵات و بە ئینسانكراوی ماركس ، خودایەكی ناو كۆنتێكستی مەسیحیەت و كریستیانیزم و خودای بە عیسابوو عیسای بە خودابووی ناو میراتی مەسیحییەتدایە ، دیارە سەرباری ئەوەی ماركس جولەكەش بوو ، بەڵام لە ناو گوتاری كریستیانیزمدایە . واتە ئێمە بەر ماركسێكی مەسیحی دەكەەین . پاشان ئەگەر بڕیار بێت سەروەت و سامانی كەڵەكەبووی دەوڵەمندو چینی سەرو لە ناو كردەی دزین و بەكارهێنان و ئیستیغلال و كڕینی دەستی كاری كرێكاردا كەڵەكە بوو بێت ، بەم لۆژیكە خودا لە گەڵ دزین و ڕووتاندنەوەدایە !! ئەگەر خودایەك لە گەڵ دزیی و فزیی و ڕوتانەوەو ئیستیغلالكردندا بێت كەی بە كەڵكی خواداریی و خوداوەندیی دێت ، كەی ماهییەت و جەوهەری ئیلاهی و عەدلی ئیلاهی لە گەڵ دزیی و فزیدایە ؟
كەمنەبوون ئەو ڕاپەڕین و شۆڕش و هەستانەوەو بەرگرییانەی كە خوداوەندو ڕۆحی ئیلاهی مۆتیڤی جوڵەیان بوو لە لێناو بە دەستهێنانی حەق و مافدا . خودایەك كە شەرعییەتی بە دانیشتن و پاسیڤبوون نەدەدا . كێشەو ئیشكالی نیتچەش لە گەڵ خودایەكی مردوودا ئەم خودایە بوو ، نیتچە هۆگری خودایەكی باڵاو مەسیحێكێكی دیكەدا بوو .

5

دواخاڵ كە دەمەوێت لەسەری بوەستم ، ئایا ئێمەی ئینسان دەتوانین لەدەرەوەی خەیاڵ و هێزو توانای خەیاڵمانەوە ، لەمسی خودایەكی ڕەها بكەین ؟ واتە خەیاڵی ئێمە لەسەر خودا دەكەوێتە كوێی خودایەك لە خۆیدا ؟ خەیاڵی ئێمە لەسەر خودا خەیاڵیكی ئینسانییە ؟ خودای ئێمە زودایەكی وێناكراوە بە تونێلەكانی خەیاڵگەلێكی ئێمەدا كە بەرهەم و خولقێنراوی هەلومەرج و بارودۆخ و پەیوەندی هێزەكانە ؟ من وای دەبینم وێناكردن و خەیاڵی ئێمە تا ئەو شوێنەی نەیەتە ناو زمان و گوڕارو خەیاڵی دەستەجەمعی و بەرژەوەندییەكانەوە ، خودایەكی جوان و شیرینە، لەو شوێنەی خودا بوو بە خەیاڵێكی سەپێنراوی دەستی گوتارو ئیدۆلۆژییایەك ، لە خودایی دەكەوێت و بە كەڵكی خوداوەندی نایەت . خودای گوتاریی ئیسلامیزم و لق و پۆپەكانی ، خودایەكە لە ناو ململانێ و بەركەوتن و شەڕو شۆڕدا . خودا دەبێت لەسەر ئاستێكی فەردی مانیڤێست ببێت ، وە مانیڤێستبوونیشی لەسەر بنەمای نا زمانی بێت .

بەکلیکێ لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت