Hellebce

شەریف هەژاری : هەڵەبجە ـ دەولەمەنترین ناوچەی ئابوری هەمەجۆر و کاولترین پارێزگای لەڕووی خزمەتگوزارییەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شاری هەڵەبجە مێژوویەکی پڕ کەڵەکەبووی هەیە لە بنیادنانی شارستانییەتی کۆمەڵگای کوردەواریدا ، ئەم شارە – چ لە ڕووی عیلم و عیرفان ، چ لە ڕووی مەیدانی شۆڕشگێڕان ، چ لە ڕووی ناوەندی کەیفوسەفا و میواندۆستی ” کە خۆرهەڵاتناسەکانیش زۆرجار لەبەر ئەم هۆکارە ڕوویان تێ کردووە ” و ، چ لە ڕووی بنکەی ئابوری هەمەچەشنی بۆ هەردوو دیوی خۆرهەڵات و باشوری کوردستان – ئەوا ناوەندێکی ستراتیژیی – ئابوریی و عیرفانیی هەبووە لە ناو مێژووی نەتەوەکەماندا .

لە کارەساتی جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجە ” کە خۆم و بنەماڵەکەشم ئەو تراژیدیایەمان دی ” ، ئەوا تا ڕادەیەکی زۆر هەڵەبجە لە ڕووی ئاوهەوا و بونیادی شارستانییەوە وێران کرا و ، دوژمنانی کوردستان بە عێراقی بەعسیی و تەنانەت ئەو سوپایانەی پاسدارانیش کە شارەکەیان داگیرکرد ، زەڕەیەک ڕەحمیان بە ” مرۆڤ و سامانەکەی و ، ئاژەڵ و باخەکان ” نەکرد و هەرچی هەبوو بردیان و پاشماوەکەشیان وێران کرد و سوتاندیان و کردیانە قەقنەز .

پاش ئەوەی خەڵکی ڕزگاربووی هەڵەبجە بەوپەڕی بێ دەرەتانی لە ئاوارەییبوون و نەمانی کەسوکاریان دا گەڕانەوە و لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە دەستیا کردەوە بە بنیادنانەوە شارەکە لەسەر ئەساسی ” بەردێ دوو بەرد دیوارێ، دیوارێ دوو دیوار – ژوورێ ، ژوورێ دوو ژوور – خانوویێ ، خانوویەک دوو خانوو – هەلەبجەیێ ، هەڵەبجەیەک دوو هەڵەبجە – کوردستان ”، ئەوا حیزبە کوردییەکان هەزاران بەڵێنیان دا بەوەی شارەکە لە ساڵی ١٩٩٢ تا دەگات بە ساڵی ١٩٩٤ دەکەنە شاری ” هێرۆشیما ” چ لە ڕووی خزمەتگووزاریی و چ لە ڕووی ناوەندێکی ستراتیژیی دیدگای جیهانییەوە !

کەچی نەک هەر نەیانکردە هەڵەبجەکەی جارانیش ، بگرە ڕێیان لەو ئاوەدانکردنەوەیەش گرت کە خەڵکە خوێناوییە بێ دەرەتانەکەی  ‘ دەست لە دەست و قووە لە خوا ” دەستیان دابوویە .

 هەر زۆر زوو ، بێ ئەوەی حیزبە کوردییەکان زەڕەیەک هەست بە بەرپسیارێتیی و زەڕەیەک ڕێزی قوربانییەکانی هەڵەبجە بگرن ، ئەوا کردیانە ناوەندی شەڕەقۆچی خۆیان ، هەڵەبجەیان کردە بنکەی ستراتیژی تەواوی شەرەکانیان – ” شەڕی یەکێتیی و بزووتنەوەی ئیسلامی ، شەڕی پارتیی و حسک ، شەڕی پارتیی و بزووتنەوە لە لایەک و یەکێتیش لە لایەکی ترەوە ، شەڕی پارتیی و بزووتنەوەی ئیسلامیی ، شەڕی باڵەکانی بزووتنەوە باڵی بنەماڵەی مەلا عەلیی و باڵی عەلی باپیر ، دواتریش شەڕی یەکێتیی و ئەنسارول ئیسلام ”-، هەربۆیە شارەکە هێندە خوێناوی کرایەوە ، ئەوەشی خەڵکە بەشمەینەتەکە بنیادی نابووەوە ئەوا حیزبەکان ئەوەشیان کردە قەقنەز ، سەیر ئەوەبوو لە ساڵانی حوکمی بزووتنەوەی ئیسلامییدا ئەوا سەیران و گۆرانیی و ڕەشبەڵەک یاساغ بوو – کە ئەمە کلتوری بەگزادەکانی جافی کوردەواریی بوو  ، و … هتد  .

ئێستا هەڵەبجە ڕاستە پارێزگایە و ، پێشموایە دەولەمەنترین ناوچەی ئابوری هەمەچەشنی هەموو گەلی کوردە ، کەچی وێرانترین پارێزگایە ، با کورت بنووسین و تەنها لەم سامانە ئابوریە هەمەجۆرانەی هەڵەبجە وردبینەوە ، سامانە ئابورییە هەمەچەشنەکانی :

* سامانی ژێر زەوی – نەوت و گۆگرد و گاز : پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لە ناوەندەکانی سامانی ژێر زەویی و چەندان بیری نەوت و گۆگرد و گازی تێدایە و ئێستا کاری لەسەر دەکرێت بۆ دەرهێنان و حەپەلووش کردنی ، بەتایبەت لە ناوچەکانی : دەرەشیش ، سازان و ناحیەی بەمۆ لە گووندی بانی بۆڵانی تاوگۆزی ، ئێستا کۆمپانیا ڕووسییەکان لە کارکردندان بۆ دەرهێنانی .

* سامانی ئاویی سرووشتیی و ماسی : هەڵەبجە خاوەن زۆرترین ڕێڕەوی ئاوی سرووشتییە لە چاو پارێزگاکانی دیکەی باشوری کوردستان دا ، ڕووباری سیروان کە ڕێڕەوە ئاوی زمکان لە ناوچەکانی تاوگۆزیی و ڕێڕەوە ئاوی زەڵم لە ناوچەکانی ئەحماوای هەورامان بە دوو دیوی جیاواز دا دێن و دەڕژێنە ڕووبارەکەوە، ئەوا سامانێکی گرنگی ماسیی و ئاوی سرووشتی تێدایە ، ساڵانە یەکێکە لە گرنگرترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی سامانی ماسی ، حکوومەت تەواو کەمتەرخەم بوو لە بنیادنانی کارگەی لە قوتونانی ماسیی لەم ناوچەیەدا ، هەروەها لە درووستکردنی کارگەی ئاوی سرووشتی ، بۆ نموونە : دەبەیەکی بچووکی ئاوی خواردنەوە بە ٢٥٠ دینارە ، چوار دەبەش یەک لیتر ئاوە ، واتە چوار دەبە دەکاتە هەزار دینار ، بەمپێیە ٢٠ لیتر ئاوی خواردنەوەی بە دەبەکراو دەکاتە ٢٠ هەزار دینار ، واتە نرخی ئاوی کانزایی گرانترە لە نرخی بەنزین کە ٢٠ لیتر بەنزین بە ١٠ هەزار دینارە، کەچی حکوومەتی نا – پسۆڕ هەموو ئەم خواپێداوییانەی فەرامۆش کردووە ، کە بە درووستکردنی کارگەی ئاو و کارگەی لە قوتونانی ماسیی و حەوزی ماسی ئەوا سەدان گەنجی ناوچەکە و کوردستان کاریان دەست دەکەوێت .

* سامانی کشتوکاڵیی و ئاژەڵداری : هەڵەبجە خاوەن دەشتی شارەزوورە ، کە یەکێک لە دەولەمەنترین دەشتەکانی جیهانە ، چی بەروبوومی خواکردە ئەتوانرێ لەم خاکەدا بەرهەم بهێنرێ و دەیان کارگەی بەرووبوومی کێڵگەیی و لە قوتونانی تێدا درووست بکرێ ، کەچی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە لە ناوەڕاستی خاکەکەدا زەوی فستەقیان بەسەر بەرپرسەکانا دابەشکردووە و کردوویانەتە ڤێلا !! ئافەرین سەد ئافەرین ! زەوی فستەق لە جیهاندا دانسقەیە و وەک چاو دەپارێزرێت و یاساغە دەست بۆ بردنی ، کەچی ئەمان ئەڕۆن بەتایبەت ئەو زەوییانە دابەش دەکەن !! ئیتر با سامانی ئاژەڵداری بووەستێ ، کە سەرەڕای خەڵکەکەی ، ئەوا حکوومەت ئەتوانێ چەندان کێڵگەی ئاژەڵداری حوکمی تێدا درووست بکا و دەیان کەس لە هاوڵاتیانیش کاریان دەست کەوێ ، ئیدی با درووست کردنی کارگەی گۆشتی لە قوتونان و هیتریش بووەستێ .

* سامانی گەشتووگوزار : پێویست ناکات بە وردی باس لە ئەحماوا – تەوێڵە و بیارە – گووڵان و چاوگ – سازان – ڕۆخەکانی ڕووباری سیروان تا ئەوبەری ڕووبارەکە ناوچەکانی شەمێران و تاوگۆزی ، هەموویان سرووشتێکی ناوازەی خواکردن ، بەس فایدەی چی ، کە حکوومەت هەمووی پشتگوێ خستووە .

* سامانی درەختی میوەیی : هەڵەبجە بنکەی جیهانی بەرهەمهێنانی هەناری ناوازەیە ، گوێزی هەورامان نایەوێت هیچی لەسەر بڵێم ، ئیتر با هەنجیر و قۆخ و ترێ ڕەشە و سێو بووەستێ .

* سامانی شوێنەوار : ئەتوانم بڵێم %٢٥ ی شوێنەوارەکانی کوردستان دەکەونە گرد و لووتکە شاخەکانی پارێزگای هەڵەبجەوە ، لە هەزاران سال پێش زاینەوە تا دەگات بە بنکەکانی مووغانی زەردەشتی لە هەورامان و تا دوایی . بەڵام هەموو ئەم شوێنەوارانە ئەو کەسانەی کە ” پیاوی بەرپرسەکان بوون ” تالانیان دەکردن و ، لە دەورانی حوکمی بزووتنەوەش وەک شوێنی گاوران هەڵ دەتەکێنران .

* سامانی خاڵە سنوورییەکان : ئەم سامانە خۆی لە بازرگانیکردنە نێودەوڵەتییەکاندا دەبینێتەوە ، هەڵەبجە دەیان دەروازەی گرنگی تێدایە کە دەکرێت بکرێتە خاڵی سنووری ستراتیژی لەگەڵ ئێراندا ، بۆ نموونە : تەوێڵە ، سازان و لە ناحیەی بەمۆش گووندەکانی بەڕوێن و پشتە و گمەی تاوگۆزی کە هەموویان چەندان خاڵی سنووری گرنگن لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە ، بەڵام حکوومەت گرنگی بەم خاڵە جیۆپۆلەتیکییانەش نادات و فەرامۆش کراون ، هەربۆیە خەڵکی هەڵەبجەش بۆ کاروکاسپی قەتیس کراون .

ئیدی سامانی دیکە با بووەستێ و چۆنیەتی عەقڵیەتی بنیادنانی کارگە و پێشخستنیشی با هەر بووەستێ ، لەبەر ئەوەی ئێرە کوردستانە ئەوا گەر زانستییانەش لێی بکۆڵینەوە و پێشنیاری پێشخستنی ناوچەکان بکەین : کێ گوێی لێ ئەگرێ  ؟ بەهەرحاڵ ، سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجە و تێکڕای شەهیدانی گشت بەشەکانی کوردستانی تیکە تیکەراوی دەیانجار بە جینۆسایدکراو .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت