شەریف ‌هەژاری: بۆچی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، بەردەوام دەبن!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھۆکاری ھەرە سەرەکی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بریتییە لە دۆخی سیاسیی و حکومەتداری. ڕاستە ھۆکاری تری ھەیە. بەڵام ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکەی بریتییە لە بەخۆنازینی کەسانێکی بێ-نرخ کە لە ناو حیزبەکانەوە بە خۆیان دەنازن!
خەڵک ئەناسم کە خۆی و براکانی لەبەر ئەوەی حیزبیان لە پشت بوە. زەوی خەڵکی تریان داگیرکردوە! ئەگەر حکومەتداری تەندروست بێت: باوک چۆن ئەتوانێت کچ لە تەمەنی 12 ساڵیی دا بە شوو بدات!؟ ئەگەر حکومەتداری تەندروست بێت: کەسێک بە خۆی و براکانییەوە چۆن ئەتوانێت بچێتە ماڵی كچەكە و سیانزە فیشەکی لێ بدات و، دواتریش خۆی تەسلیم نەکات!؟
مەبەستمە کە بڵێم: کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بەھۆی نایاسایی و نەبونی حکومەتدارییەکی تەندروست دێنەبون کە سی ساڵە درێژەی ھەیە. چونکە ئەگەر یاسا دادپەروەرانە جێ بە جێ بکرێ و، حکومەتێکی تەندروست ھەبێ و، حیزبەکان ھێزی حیزبییان نەبێ، خەڵکانێکی چەکدار چۆن کەڵەگایی لێ دەخوڕن!؟ چۆن بە 12 ساڵ كچ بە شوو دەدەن یا دەیخوازن!؟ چۆن زەوی خەڵکی تر داگیر دەکەن!؟ چۆن خەڵک بە ئاشکرا دەکوژن!؟ چۆن بەرپرسی حیزبیی دەتوانێ تاوانکارەکان بپارێزێ!؟ کەوابو، ھەق ئەوەیە: ئیتر کە وترا فڵان ڕوداو بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ڕوی دا، لەگەلیشیی دا بوترێت: بەھۆی نەبونی حکومەتدارییەکی تەندروست، ھەر کەسێک ‘بەرپرسێکی چەتە’ی لە پشت بێ: بکوژ و ببڕ ھەر خۆیەتی!
کاتێک ماستەرم تەواو کرد لە 2013 – 2014 ، گەڕامەوە بۆ کوردستان. لە خولی مامۆستایانی ئامادەییەکانی پارێزگای ھەڵەبجە، داواکرابو لە زانکۆ کە من وانەبێژبم بۆ خولی ھاوینەی مامۆستایانی ئامادەییەکان. منیش وانەی: ‘فەلسەفەی مێژوو و فەلسەفەی حوکمڕانییەت’م پێ دەوتنەوە! دوو وانەم تایبەت کردبو بە: مشتومڕەکەی نێوان سوقەرات و ئەفلاتون!
سوقەرات ھەمیشە جەختی کردۆتەوە: ”بۆ ئەوەی یاسا لە حوکمڕانیی دا سەروەر بکرێت، دەبێت سوپایەکی بەھێز و یەکگرتوت ھەبێت کە یاسا دادپەروەرانە و نەترسانە جێ بە جێ ببێت”. لە کوردستان نەک ھەر حیزبەکان، بگرە ھەر بەرپرسەو سوپایەکی ھەیە: بۆیە یاسا جێ بە جێ ناکرێت! ئەگەر یاسا بەسەر ھەمواندا جێ بە جێ بکرایە: منداڵ لە تەمەنی دوانزە ساڵیی دا نەدەدرا بە شوو. منداڵ بە دوانزە ساڵیی نەدەخوازرا! زەوی کەس داگیر نەدەکرا!
زیاتر لەوانەش، پۆلیس و ئاسایشی وڵاتان کەسانێکی بەڕەوشت و پەروەردەکراو و یاساخوازن. لە کوردستان لەگەل ڕێزم بۆ بەشێکیان، بەڵام بەشێکیشیان لە خڵتەترین و پۆخڵەواترینن و دایانمەزراندون تەنیا بۆ ئەوەی شەق لە خەڵک بدەن! خەڵک ھەیە دوو مرور دەناسێ: ئیتر بە ئارەزوی خۆی سەرپێچی ئەکات و کەس نایگرێ. وەڵا لە دورەوە چاودێری مرۆڤی پۆخڵەواتم کردوە، لەبەر ئەوەی مفەوەزێکی بێ سەنگی ئاسایشی لە پشت بوە: کەچی زوڵمی لە خەڵکانێکی بێ دەسەڵات کردوە!
خەڵک ھەیە بەنزینخانەی نایاسایی، کێڵگەی پەلەوەری نایاسایی و، کارگەی نایاسایی دادەنێ و، ھەشن ئۆتۆمبێلی بێ ئەوەلیات و زۆر کاری نایاسایی تر دەکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی مفەوەزێکی ئاسایش، یا ئەفسەرێکی پۆلیس، یان بەرپرسێکی حیزبییان لە پشتە! خەڵک ھەیە دە ساڵە لە بازیان کارگەی چیمەنتۆی داناوە، بەڵام باج نادات. چونکە ‘بەرپرسی چەتە’ لەگەڵیی دا شەریکە.
لە حیزبەکانی وڵاتانی دنیادا: ئەندام و کادیرانیان بۆ نیشتیمانپەروەریی و یاساسەروەری ھان دەدەن. کەچی لە کوردستان خەڵک فێر بوە تەنیا بۆیە دەبێتە حیزبیی بۆ ئەوەی ‘چەتەیی و نایاسایی’ بکات و، بکوژ و ببڕ خۆی بێت. ھەر تەنیا بەمەدا دەسەلمێت کە حیزبەکان و بەرپرسەکانیان لە سەرو یاساوەن!
ترسناکترین مەسەلە ئەوەیە: ئەم حیزبانەی کوردستان بەشێکی خەڵکیان فێری حەزی ‘چەتەیی و نایاسایی’ کردوە! واتە: وەختە کرداری ‘چەتەیی و نایاسایی’ دەبێتە ‘خوو’پێوەگرتن لە ناو خەڵکە حیزبییەکاندا!
حکومەتداری و وڵاتداری چۆن وا دەکرێ! بەشێکی خەڵک لە کوردستان بۆیە ئەڕۆنە ناو حیزبەکانەوە، تەنیا بۆ ئەوەی ‘چەتەیی’ لێ بخوڕن!
بەداخەوە بۆ ئەو ھەمو کارەساتە کۆمەڵایەتییانەی لە کوردستان ڕودەدەن، کە بنەڕەتەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە: یاسا بەسەر ھەمواندا دادپەروەرانە جێ بە جێ ناکرێ و، زانستگا و زانستیش بەھۆی بڕوانامەدارە قبوڵخاسەکانەوە بێ بایەخکراوە تاوەکو نەوەیەکی تەندروست پەروەردە بکەن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت