دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی : ڕێکەوتنى سیاسى یەکێتى و گۆڕان وەهم یان حەقیقەت

بەشى یەکەم

پێموایە ڕێکەوتنى سیاسى نێوان یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان کۆمەڵێک دیدوبۆچوون و کاردانەوەى جیاوازى دژبەیەک لەخۆدەگرێت ، لەلایەک پەیوەستە بەئاستى ستراکتۆرى عەقڵی و مەعریفى تاکى حیزبى گشت پارتەسیاسەکان بەیەکێتى و گۆڕانەوە ، وەلەلاکەى ترەوە پەیوەستە بەئاستى عەقلى و مەعریفى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بەڕێژەى جیاواز ، هەریەک لەعەقڵیەت و هزرودیدو بۆچوون و بەرژەوەندى گشتى و تایەتى خۆیەوە ئەڕوانێتە ئەم ڕێکەوتنە ، واتا لەسەر ئەم بنەمایە ( بنەماى سترکتۆرى عەقلى و مەعریفى ) ئەتوانرێت بڕیاربدرێت ئایا ئەم ڕێکەوتنە تا چ ئاستێک لەخزمەت بەرژەوەندى جەماوەرو ئازادى و مافەکانى خەڵکدادەبێت کاتێک ڕێکەوتنەکە لەقۆناغى تیۆریەوە پراکتیزە بکرێتەسەر ئەرزى واقیع .

ئەمە یەکەم جارنییە ڕێکەوتنى لەم جۆرە ببینین ، ڕێکەوتنى ستراتیژى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان یەکێکە لەو زنجیرە ڕێکەوتنە سیاسیانەى گۆرەپانى کوردستان ، لەبەر ئەوەى نیەتى ئەم ڕێکەوتنە پارێزەرى بەرژەوەندیەکانى چەند بنەماڵەو گروپێک کەسانى باڵادەست بوو بەناوى حیزبەوە تەنانەت لەلوتکەو ترۆپکى پەیوەندى نێوان باڵادەستەکان ئەم ڕێکەوتنە بۆ ساتەوەختێک شۆر نەبۆوە ناوئۆرگانەکانى خوارەوە و قاعیدەى جەماهیری هەردوو حیزب ، هەڵبەتە لەکەش و هەوایەکى ئەوها بێمتمانەیى لەنێوان قاعیدەى جەماهیرى هەردوو حیزب پەیوەندیەکان هەڵکشان و داکشانى بەردەوامدابوون پێچەوانەى سەرکردەو باڵادەستەکان کەپەیوەندیەکى روحى سیاسى کۆمەڵایەتى ئابوورى بوو ، بێجگەلەوەى ئەم ڕێکەوتنە ستراتژیە بووە هەوێنى گشت قەیران و مەینەتیەکانى ئێستاى کوردستان ، گەمژەو بێ عەقڵە ئەوەى وابزانێت هەرچى قەیرانى ووڵاتە خەتاى پارتیە و یەکێتیش بێ ئاگایە ، هەردوکیان بەهەمان سەنگ و قورسایى بەرسن لێى .

بێگومان هێزە سیاسیەکانى کوردستان زۆر لەمێژەوە متمانەیان بەیەک نەماوە ، بۆیە ئەکرێت بپرسین ئایا ڕێکەوتنى سیاسى یەکێتى و گۆڕان وەک ڕێکەوتنە یەک لەدواى یەکەکانى پێشوو ئەبێتە حەقیقەت یان وەهم ؟ .

لەگەڵ ئەوەى هێشتا زۆر زووە بۆهەڵسەنگاندنى ڕێکەوتنێکى سیاسى ئەوها هەستیار لەم بارودۆخە ( سیاسى ، ئابوورى ، کۆمەڵایەتى ) یەترسناکە چەقبەستوە پڕ قەیرانەى ئێستاى هەرێمى کوردستان ، بەڵام گەلێک لێدوان و بابەت و نوسینى ئێجگار زۆر لەو بارەیەوە بەدیی دەکەین ، زۆربەى هەرەزۆریان پەرۆشى سەروەرى ئاسایشى نەتەوەیى و پاراستنى ئاشتەوایى نیشتمانى و کۆمەڵایەتیان پێوە دیارە ، بەتایبەتى ئەو نوسینانەى ئارامى کۆمەڵگا ئەپارێزن و نەفرەت لەدەمارگیرى ئەکەن ، بێجگەلە چەند لێدوان و قەڵەمێکى حیزبى ناوازە لێرەولەوێ ، کە بەشێوەیەکى ناژیرانە مامەڵە لەگەل بارودۆخە دەکەن بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەگەرى شەرى ناوخۆ ودوو ئیدارەیى بەگوێماندا ئەدەن .

بمانەوێ ونەمانەوێ ڕێکەوتنێکى لەم جۆرە لەنێوان دوو لایەنى سیاسى گەورە لەیەک زۆنى جیۆگرافى کەلە یانزە بەش و بیست و پێنج مادە پێک هاتووە بەنیەتى گۆڕینى ( سیستمى سیاسى و حکومڕانى ، دادپەروەرى کۆمەڵایەتى ، سەروەرى یاسا ) یارو نەیارى زۆرى بۆدروست دەبێت ، کاریگەرى ئەرێنى و نەرێنى ئەکاتە لەسەر مشهدى سیاسى کوردستان و ناوچەکە هەر بۆیە هەموو بژاردەکان لەئارادان .

وەک خۆم هیوادارم دواى وەهمێک نەکەوتبین بەناوى ڕێکەوتنى سیاسى یەکێتى و گۆڕان وە لەهەمانکات خوازیارم ببێتە فاکتەرێکى پۆزێتیڤ بۆ گۆڕانکارى ئەرێنى لەودۆخە چەقبەستووەى ئێستا لەپێناو بەرژەوەندى مافەکانى خەڵکى کوردستان چونکە بەبۆچوونى من تائێستا کەسایەتیە دەستڕۆیشتوو و باڵادەستەکان پارێزەرى بەرژەوەندیەکانى چەند بنەماڵەو حیزبێکن نەک کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان .

لەبەر ئەوەى ئەو مافە بەخۆم نەدەم وەک زۆرێک لەو بەڕێزانەى بەناوى جەماوەرو کۆمەڵانى خەڵکى کوردستانەوە دەربڕى تەرزو سیاسەتێکى بەرەیەک لەبەرە جیاوازەکانن ، هەوڵ ئەدەم لەڕێگاى دوو پۆستى فەرمانبەرێکى نەخۆشخانە لەتۆرى کۆمەڵایەتى فەیس بووک و کاردانەوەى لەلایەن بەرپرسێکى باڵاى حیزبى تەندروستى ، کە دوو دیدوبۆچوونى جیاواز لەخۆ دەگرێت ببەستمەوە بەم ڕێکەوتنەوە ، هیوادارم لەداهاتوودا بتوانم بەزنجیرە وتارێک شیکارى زانستى دەروونى ، سیاسى ، ئابوورى و کۆمەڵایەتى بۆ ئەم ڕێکەوتنە بکەم لەڕوانگەى دیدو بۆچوون و عەقڵیەتى کەسانى حیزبى و ناحیزبى جیاوازى کوردستان .

شوێن کوردستانى باشوور شارى سلێمانى پزیشکێک لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک لەدوو پۆستى جیاوازدا یەکێکیان باس لەنائومێدى ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتى دەکات ، ئەوى تریان باس لەبردنى کۆمەکى سندوقى توشبوانى شێرپەنجە دەکات لەلایەن کحومەتەوە ئەمە دەقى هەردوو پۆستەکەیە :

پۆستى یەکەم :

گەمژەییە ئومێد هەڵبەستن بەڕێکەوتن لەکەڵ یەکێتى  .

ئەو ئامادە نابێت دواى وادەى خۆى پارێزگارى سلێمانى تەسلیم کاتەوە سەرەڕاى بردنەوەى هەڵبژاردن !

لەوەش رسواتر ، ئەو تا ئێستاش پێى قبوڵ نییە لایەنگرێکى گۆڕان ببێت بەسەرۆکى پزیشکانى نەخۆشخانەیەک .

ئیتر ڕێکەوتنى چى و قسەى قەڵبى چى ؟!

بێ عەقڵە وابزانێت هەرچى قەیرانى ووڵاتە خەتاى پارتیە و یەکێتى شەریکە دز نیە .

هیچ پێویست بەکۆد ناکات ، ئەوەى لەبەرنامەیایە بکرێت و هەرکەس لاى خۆیەوە دەستبەکاربێت تەواو تاقەتمان نەما .

پۆستى دووەم :

1 –  63 ملیار نەبوو کەباباکانى تەندروستى ئەیانووت ماوە و نەخوراوە ، 72 ملیار دینارە .

2 – وە زۆر بەکورتى خوراوە .

حەقە هەمووى لاى خۆى بنوسێت :

هاوڵاتى خۆشەویست ، ئەو 250 و 500 دینارە تەبعەى کەلێت ئەمێنێتەوە ئامان نەیخەیتە سندوقەکانى شێرپەنجەوە ! چونکە حکومەتە ساختەچیەکە ئەوەستێت هەتا ئەگاتە چەن ملیارێک و ئەیخوات !

هەشە ئەوەندە داماو ساویلکەیە وائەزانێت پاشەکەوتى ئەیەنەوە !

دواى بڵاوبونەوەى ئەم پۆستە یەکێک لەبەرپرسە باڵاکانى تەندروستى وەک کاردانەوەیەک بەپزیشکێى ڕاگەیاندبوو پیان بڵێن باچیدى لەو پۆستانە بڵاونەکەنەو ( ئێمەو ئێوە ) واتا یەکێتى و گۆران ڕێکەتنمان واژووکردووە  .

ئەگەر سەیرى ئەم دوو عەقڵیەتە بکەین بۆمان دەردەکەوێت کەلێنێکى ئێجگار گەورە لەنیوانیاندا هەیە ! زۆر ئەستەمە هەروا بەئاسانى ئەم دووعەقڵیەتە لەیەک نزیک ببنەوە ، بەرپرسێکى حیزبى تەندروستى بەم لۆجیکە بیربکاتەوە لەبرى چارەسەرکردنى کێشەکان بەنیازە بەبیانوى ئەو ڕێکەوتنەوە بێدەنگیان بکات ، لەکاتێکدا خاوەنى پۆستەکە پێى ڕاگەیاندبوون ئێمە لەسەر شاردنەوەى ڕاستیەکان ڕێنەکەوتووین وە بەهیچ شێوەیەک سازش لەبنەماو بیروباوەرمان ناکەین ، ئەگەر بەسیستم و سەروەرى یاسا نەبێت ئەم دوو عەقڵیەتە بەهیچ لوجیک و فورمێک بەیەکەو جێگایان نابێتەوە ، ڕێکەوتن چەند ستراتیژى بێت بەبێ سەروەرى یاسا سەرکەوتوونابێت ، هیچ مانایەک نابەخشى بێجگەلەوەى دواى وەهمێک کەوتووین ناومان ناوە ڕێکەوتن .

لاى من گرنگ نییە دەستڕۆیشتوەکانى حیزب تەبابن و بەرژەوەندیەکانى یەکتر بپارێزن وەک ئەوەى عەقڵیەتەکان لەیەک نزیک ببنەوە ( عەقڵیەتى قاعیدەى جەماهیرى حیزب وهاوڵاتى سادە ) لەوەش گرنگتر کلتورى ئارامى و ئاشتەوایى کۆمەڵایەتى گەشە پێبدەین ، کلتورى تەخوین و دەمارگیرى وەلانێین ، تەنانەت لەترۆپکى شەرى ناوخۆشدا ژیان و بەرژەوەندى دەسەڵاتدارە دەستڕۆیشووەکانى هەردوولا نەکەوتنە مەترسیەوە بەپێچەوانەوە پارێزگارى ژیان و بەرژەوەندیەکانى یەکتریان دەکرد   .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies