شێرزاد شێخانی : سەنگەر گواستنەوە بۆ ناو پارتی .

قسەیەك هەیە زۆرجار گوێبیستی ئەبین كە ئەڵێ : پارە هەمو شتێكەو  ئینسان ئەگۆڕێ  . ئەمە قسەیەكی راستە ، بەڵام لای من پارە هەمو شتێكیش بێت ناتوانێ مرۆڤی رەسەن و ئەسڵزادە بگۆڕێت  .

ماوەیەكە مودیلێك لەگۆرەپانی سیاسی كوردستاندا بڵاو بۆتەوە ئەویش سەنگەر گۆڕینی هەندێ لەسەركردەو كادیرانی حزبەكانن ، بەتایبەتیش لەناو یەكێتی وگۆڕانەوە بەئاراستەی چونە ناو پارتییەوە .. بەدرێژایی ساڵانی خەباتی نەتەوەیی ولە قۆناغە جیاكانی شۆڕشەكاندا ئەم مۆدیلە بونی هەبوەو بە تەئسیری ململانێ حزبیەكان بەتایبەتیش كە لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا حزبایەتی سەرجەم جومگەكانی دەسەڵانی گرتۆتەوە ، بەڵام لەمدواییانە مۆدیلەكە بەشێوەیەكی فراوان تەشەنەی كردوە تەنانەت پارتی لێژنەیەكی سەركردایەتیشی بۆ دامەزراندوە بەناوی لێژنەی پێشوازی كە لێژنەكانی سەردەمی رژێمی بەعسمان بیر ئەخاتەوە كاتێك حكومەتی بەعس لەسەر سنوركان لێژنەی ” إستقبال العائدون الی الصف الوتنی ” دامەزراند بۆ وەرگرتنەوەی پێشمەرگە سەرلێشێواوەكانی شۆڕشە ئاشبەتاڵەكەی بارزانی لەساڵی 1975دا ..

من نازانم پارتی كەی وایلێهاتوە ئەم خەڵكە روی تێبكەنو سەنگەری خۆیانی بۆ بگوازنەوە ، ئەم حزبە لەهیچ خیانەتێك و كارێكی پیلانگێڕی و پێشێلكردنی یاسا سڵناكاتەوە ، حزبێكی بێ كلتوری عەشایەری دواكەوتو ، حزبيكی خوێنخۆری  میللەت و قوتبڕی خەڵكی هەژار ، حزبێك دەستی خستۆتە ناو دەستی دوژمنانی كوردەوە هەمو هەوڵی چەواشەكردنی میللەت بێت بە ریفراندۆمو سەربەخۆییەكی درۆزنانەوە ، حزبیك خەباتو قوربانی دەیان ساڵی میللەتی خستبێتە ژێر پێیەكانیەوە كار بۆ شكستی ئەزمونە دیموكراسییەكەمان بكات كە بەخوێنی هەزاران هەزار شەهیدی ئەم كوردستانە هاتۆتە كایەوە ، حزبێك پەرلەمان پەكبخات حكومەت ئیفلیج بكات تا سامانی میللەت بدزێت و بیخاتە خزمەتی بنەماڵە ، ئەم حزبە چ كارێكی باشی هەیە تا خەڵك روی تێبكەونو پشت لەسەنگەری میللەتەكەیان بكەن .

پارتی شتێكی وای نیە ئینسانی بەهەڵوێست و میللەتپەرست بەسەنگەرێكی شەرەفمەندی بزانن تا بچنە رێزیەوە،تەنها مەسەلەكە پارەو پۆستو ئیمتیازاتە كە چاوی زۆریانی كوێر كردوە ، ئەمانەش هەموی موڵكی میللەتە پارتی دەستی بەسەردا گرتوە  بۆ خزمەتی خۆی بەكاریان ئەهێنی . سەیرە كەسانێك ئەم سەنگەرە دژ بەمیللەتە هەڵبژێرن ویژدان و شەرەفی خۆیان بفرۆشن بەرامبەر هەندێ ئیمتیازات و پارەی دزراوی میللەت ، لەپارتییەكان زیاتر بكەونە سەر داكۆكیكردن لەسیاسەتە قێزەونەكانی پارتی و جاسوسی بەسەر حزبەكانیان بكەنو خۆیان بەتەواوی تەسلیم بەپارتی بكەن و ببنە ژمارەیەك لە كۆیلەو بەكرێگیراوەكانی بنەماڵەی بارزانی ، بۆ سەلماندنی كۆیلایەتیشیان بكەونە سەر بەیت و بالۆرەی سەرۆكی هەرێم و مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆییە درۆزنانەكەی بارزانی .

ئەوانەی ئەمرۆ سەنگەرییان ئەگۆڕن و ئەچنە ناو پارتیه وه خەڵكی هەلپەرست و چڵكاو خۆرن ، بەڵام لەوانیش پیستر ئەو سەركردانەن كەلەناو حزبەكانی خۆیاندا خزمەت بەپارتی ئەكەن ، زۆرێك سەركردە هەن دەستیان لەگەڵ پارتی تێكەڵاو كردوەو پشكی خۆیان لەپارەی دزراوی میللەت وەرئەگرن ، بەپرۆژەو بە جانتا دۆلاری پارتی ، ئەیانەوێ كوردایەتی و نیشتمانپەروەری پارتیمان پی بفرۆشن ، لەكاتی پێویستدا هەڵوێست لەخزمەتی ئەم حزبە بنوێنن ، بەچاوشۆڕییەوە ئەكەونە دیفاعكردن لەسیاسەتە تاكڕەوو دیكتاتۆرییانەی پارتی ، ئەمانە كەسانی ئاشكران ، میللەتیش ئێستا ناسنامەی ئەوانەی بۆ كەشف ئەبێت و نەفرەتیان لێئەكات .

لەهەولێر لەساڵانی شەستەكان كابرایەك هەبو ناوی مەلالۆك بو ، نازانم ئەم ناوەی كورتكراوی چیبو ، چایخانەیەكی هەبو قوماری تیا ئەكرا لەتەك ئەوەشدا كاری سەوداسەری لەشفرۆشان بو ، واتە ” گە …. ” بو ، ئەگێڕنەوە رۆژێك كابرایەك تانەی تێگرت بو سوكایەتی بەپیشەكەی كردبو ، ئەویش كاغەزێكی دەرهێناو  لەسەری نوسی ..” گەواد ” دوایی  دە دیناریەكی دەرهێناو خستیە سەر كاغەزەكەوبەكابرای وت  : سەیركە ئەو دە دینارە چۆن  عەیبەكەی  داپۆشت  .

 هیوادارم ئەو خەڵكانەی ئەمرۆ بەپارەی دزراوی میللەت لاف لێئەدەن وخزمەتكارو كۆیلەی خاوەن پارەو دەسەڵاتن،وا نەزانن بەو سامانە دزراوەی لەدەمی مناڵەكانمان عەیبەكانیان دائەپۆشرێت  .

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies