عه‌تا قه‌ره‌داخی: خه‌می بوون.

لێره‌دا زاراوه‌ى خه‌م به‌ ماناى نیگه‌رانی و ویستن به‌كار ده‌هێنرێت، به‌ڵام ‌خه‌م رووبه‌رێكی فراوانتر ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ خه‌مه‌كانی ئێمه‌ وه‌كو كورد كه‌ ئه‌ویش بانتاییه‌كی‌ هێجگار فراوانی داگیركردووه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكو ئێستا كورد نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی بوون و ئاماده‌بوون.
خه‌می سه‌ره‌كی ئێمه‌ خه‌می بوونه‌، واته‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌می ئه‌م پرسیاره‌داین:
ئایا ئێمه‌ هه‌ین؟
ئایا ئاماده‌بوونمان هه‌یه‌؟
ئایا ئێمه‌ بووینه‌ته‌ بكه‌رى سه‌ر جوگرافیاى خۆمان یان هه‌ر به‌ركارین؟
ئایا ئه‌م بارى به‌ركاریبوونه‌ چ رۆلێكی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بارى په‌رت و بڵاویی و دژ یه‌كی و خۆخۆرى و خۆكوژییه‌مان؟
ئایا باره‌ شكسخواردووه‌ى ئێمه‌ تێداین ته‌نیا ده‌رئه‌نجامی لاوازى كه‌سێتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عنه‌وى ئێمه‌یه‌ یان داخۆ گرفت و كه‌موكورتی بۆماوه‌یی له‌ بوونی كه‌سێتی كوردیدا هه‌یه‌؟
مه‌به‌ستمان له‌م پرسیارانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی كه‌ له‌ رووى ژماره‌وه‌ هاوشانی زۆرێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ین كه‌نه‌ك هه‌ر كێشه‌ى بوونیان نییه‌، به‌ڵكو بووه‌یه‌كی هێند به‌ هێزیشیان هه‌یه‌ له‌ زۆر قۆناغ‌و وێستگه‌ى مێژوودا نه‌ك هه‌ر له‌ رووى كه‌لتوورى‌و عه‌قڵیه‌وه‌ پێش زۆرینه‌ى گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان كه‌وتوون، به‌ڵكو له‌ رووی سیاسی‌و سه‌ربازى‌و ئابووری‌و ئیداریشه‌وه‌ توانیوویانه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر زۆر به‌شی تری جیهاندا بكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز خواست‌و ویستی كورد نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكی تردا بكات، به‌ڵام ئێمه‌ كێشه‌یه‌كی چاره‌نووسسازمان هه‌یه‌ ئه‌ویش كێشه‌ى بوونه‌ واته‌ ئه‌م جه‌سته‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ناوى جه‌سته‌ی كوردییه‌ تاكو ئێستا جه‌سته‌یه‌كی پێناسه‌كراو نییه‌ له‌ رووى سیاسی‌و كه‌لتووری‌و عه‌قڵی‌و ئیداریی‌و ئاماده‌بوونه‌وه‌، واته‌ ئه‌م جه‌سته‌یه‌ نه‌بووه‌ته‌ جه‌سته‌یه‌كی خاوه‌ن شووناس، شووناس به‌و مانایه‌ى كه‌ له‌ رووى ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا توانای خۆنمایش كردنی هه‌بێت‌و بوونی خۆی رابگه‌یه‌نێت، واته‌ ده‌نگی هه‌بێت‌و ئه‌و ده‌نگه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌ ببیسترێت، مه‌به‌ست له‌ بیستنیش ئه‌وه‌یه‌ قورسی‌و هێزى ده‌نگه‌كه‌ گوێی ئه‌وانی تر ناچار بكات بۆ گوێ لیگرتن‌و بیستنی نه‌ك سۆزو به‌زه‌یی هۆكار بن بۆ ئه‌وه‌ى گوێیان بكرێته‌وه‌ تا هاوارو ناڵین‌و كڕوزانه‌وه‌كانی ئێمه‌ ببیستن. بێگومان كه‌ى ده‌نگی راسته‌قینه‌ى جه‌سته‌ى كوردیی گه‌یشته‌ ئاستی به‌ ده‌نگ بوون‌و ئه‌وانی تری ناچاركرد گوێی لێبگرن ئه‌وه‌ جه‌سته‌ى كوردی گه‌یشتۆته‌ ئاستی خۆنمایش كردن كه‌ ئه‌وه‌ش گوزارشت كردنه‌ له‌ بوون‌و شووناس. به‌ڵام ره‌نگه‌ پرسیارێك لای هه‌موومان سه‌رهه‌ڵبدات: باشه‌ كه‌ى كورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌نگ، ده‌نگێك كه‌ ئه‌وانی تر بیبیستن یان ناچاری گوێ لێگرتنی بن؟
بێگومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ راسته‌خۆ به‌نده‌ به‌ خودی كورد خۆیه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا له‌و چركه‌ساته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ كورد به‌ بێترس چوارچێوه‌ی مافه‌كانی خۆی ئاشكرا بكات‌و رایبگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو یاسا ئاسمانی‌و زه‌وینییه‌كان هه‌مان ئه‌و مافانه‌ به‌ كورد ره‌واده‌بینن كه‌ به‌ ئه‌وانی تریان رابینیووه‌، بۆیه‌ مافی خۆمانه‌ پێ له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه‌مان دابگرین‌و سووریش بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش له‌به‌ر كۆمه‌ڵی هۆكار نه‌توانین بگه‌ین به‌ ئامانجه‌كانمان ئه‌وه‌ مانای وانیه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری داواكانمان بووین، نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ به‌ئاشكرا رایبگه‌یه‌نین كه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌ به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت به‌رزكردنه‌وه‌ى داواكانمان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تر دواخستووه‌ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وانی تریش تێبگه‌ن كه‌ ئه‌و دواخستنه‌ بۆ هه‌تا هه‌تا نییه‌و ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێ ده‌نگی خۆمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وى ده‌نگی خۆمان هه‌بێت ده‌بێ ببین به‌ خاوه‌نی بوون‌و شووناسی خۆمان، بوون‌و شووناسیش به‌ بێ سه‌ربه‌خۆیی‌و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت نایه‌ته‌ دی، تاكه‌ رێگاش بۆ ئه‌وه‌ى كورد پێ له‌سه‌ر داواكانی دابگرێت یه‌كگرتن‌و یه‌كبوونیه‌تی، واته‌ گه‌یشتن به‌ ئاستی بوون‌و گه‌یشتن به‌ ئاستی ده‌نگ به‌بێ یه‌كگرتن‌و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی نابێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies