Barzani-Erdogan

ئەحمەد ڕەزا: مەترسیی نەرمیی نواندنی تورکیا لەسەر ڕیفراندۆم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشکرایە سەرکردایەتیی کورد لە باشور، دوابەدوای کەوتنە ژێر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، گۆڕانێکی چەشنیی لە دیدو دنیابینیاندا ڕوویدا، فەلسەفەی ژیانی حزبەکان لە ناسیۆنالیستی بەرتەسکەوە گۆڕا، بۆ دەستگرتن بەسەر زۆرترین سەرمایەی تاکەکەسیداو بوون بە بازرگانی گەورەو دەستگر بەسەر بازاڕدا.
هەرێمی باشور کە ئابوریی” دەستکەوت/ ریعي” هەیە، بە ئاسانیی کەوتە بندەستی سەرانی حزبە تەمەن درێژەکان و ئەوانیتریش لەبەردەم دەستکەوت و بێبەش نەبوون لەو سەرمایە بێ دەستمایەیەدا، تەنها هەڵبژاردەیەکیان بۆ مایەوە، ئەویش سازش کردن بوو لەسەر هەڵوێستەکان و کشانەوەو بوون بە بازرگانی ناوەند.
کەواتە کەڵەکە کردنی سەرمایەی زیاتر، بوو بە پێشەنگی کارەکان، شکۆی پێشینی خەبات و شۆڕشیش تەنها دەستمایەی دەستی بازرگانە تازەدەرکەوتووەکانە، بەم پێیە وڵات لە دەستێکی ئەمیندا نەماوەتەوەو پێشبڕکێی ئێستا، پێشبڕکێی پەیداکردن و کەڵەکە کردنی زیاترو گواستنەوەی دراوە بۆ دەرەوەی وڵات، کە لەمەدا پەنا بۆ هەموو کارڕاییەکی دروست و نادروست براوە، بە دادگا ” نمایشکاریی/ صوري”ـەکان و سپیی کردنەوەی دراویشەوە.
کاتێک کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر، کاری لە پێشینی جوڵە سیاسییەکان بێت، هەڵبەتە بازرگان لە پێناوی سوودی زیاتردا، لە زۆرباردا سەرکێشیی گەورە ئەکات، تا ئەندازەی نزیکبوونەوە لە سنورەکانی مەحاڵ.. بازرگانی سیاسیی وەک کاڵا تەماشای دانیشتوان و خاک و سیستمی حوکمڕانێتیی ئەکات. نمونەی ئەم بابەتە زۆرن، وەک ڕازیی بوون بە مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیی نەک هەر بە بێ گەڕانەوە بۆ خەڵک، بەڵکو بە تەفرەدانی خەڵک و چەواشە کردنیان و گۆڕینی مانای دەستەواژەو زاراوەکان، دەستهەڵگرتن لە بەشێکی خاک بۆ سوپای تورک و سستیی نواندن لە ماددەی 140 داو چۆڵکردنی شەنگال، هەروەک لە نمونەکانی حوکمڕانێتییش، مانەوە لە دەسەڵاتدا بە زۆرەملێ و داخستنی پارلەمان و قۆرخ کردنی وەزارەتە هەستیارەکان بۆ پارتی و نمونەی زۆری تریش.
لەبەر ئەو هۆکارانە، ڕیفراندۆم و بانگەشەی دەوڵەت لە دەستی ئەمیندا نیین و ئەشێ لەهەر سەوداو مامەڵەیەکدا بەشێک لە خاک و دانیشتوان و سامانی سروشتیی، ببنە قوربانی بازرگانییەکی گەورە. بە تایبەت لەم کاتەدا:

1- بە قسەی سەرۆکی هەرێم، سلێمانی نەفرەت لێکراوە، واتە هەر لە بنەڕەتەوە هەرێم بۆ بانگەشە کردن کرا بە دوو بەشەوە، بەشی ” بەڵێ” و بەشی ” نەخێر”..
2- لە کاتێکدا ئاکپارتی خەون بە گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵەوە ئەبینێت، کە پێشتر ویستی لە ڕێگەی داعشەوە بەو خەونە بگات و ئێستاش سیناریۆی نوێی هەن..
3- بە ئێستاشەوە ” تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا” چوار دوژمنە ناسراوە سەرسەختەکە، بە لێدوانی ڕەسمیی، دژی ڕیفراندۆم و بە دەوڵەت بوون نەوەستاونەتەوە، تەنها لەسەر زاری هەندێ بەرپرس و ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانیانەوە، تێبینییان هەیە، نەک دژایەتیی.
بەو واتایەی باسمان کرد دەڤەری ڕۆژهەڵاتی دێگەڵە بە ” نەخێر” وەڵامی ڕیفراندۆمەکەی دەڤەری ڕۆژئاوای دێگەڵە ئەداتەوە.
4- سووربوونی مەسعود بارزانی لەسەر ڕیفراندۆم و ئەو گوتارە نادیپلۆماتییەی کە هەیەتی.
5- تورکیا کە دژایەتی دەوڵەتی کوردیی لە گوندێکیشدا بکات، خێرە ئەم باسە گەرم و گوڕە فەرامۆش ئەکات و دەرگای بۆ ئاچوغ ئەکا؟
6- ئەی لە پشتی ئەوانەوە، دەوڵەتە زلهێزەکان لە ختوخۆڕایی بە بۆنەو بە بێ بۆنە ئاگادارمان ئەکەنەوە لەو سەرکێشییە؟
7- ئەی گەر لە بەشی ڕۆژئاواماندا، کە بە دڵنیاییەوە سندوقەکان پڕ ئەبن لە ” بەڵێ”، ویستی هەرێم گواستنەوە بە دەشتاییەکانی موسڵ و بەشێکی کەرکوکیشەوە” ویلایەتی موسڵ” هەبوو بۆ سەر تورکیا، ئەزانن ئەو سنورەی کوردستانە گەورەکەی ناسیۆنالیستەکان دڵیان پێی خۆشە، چی بەسەر دێت؟
8- وەزیفەی ڕیفراندۆم، ڕاگەیاندنی دەوڵەت نییە، بەڵکو پرس کردنە بە ئیرادەی ئەو گەلەی لە باشوردا بە کاڵا ئەبینرێت.