ئەحمەد ڕەزا: سروت و سیمبول و ئایکۆنی ژمارە 40.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرنگترین ئەو وێنە هونەرییانەی خەیاڵ ئەیچنێ، نزیک کردنەوەی شتە دوور لەیەک و دژ بەیەکەکانە، خەیاڵی هونەریی بە تەنها بینینەوەو کۆپی کردنی هەست پێکراوەکان نییە، بەڵکو داڕشتنەوەو چنینی درک پێکراوەکانە، بە پێی ئاستی جوانبینیی هونەرمەند/ شاعیرەکە، لەو جوانکارییانەی بۆ خۆی گرنگە، تا لەڕێگەیەوە، هەم وێنە ئیستاتیکییەکانی خۆی گەشە پێبدات و بەوجۆرەش چێژە ئیستاتیکییەکە بگوێزێتەوە بۆ وەرگر.. لەم بارەیەوە دکتۆر جابر العصفور پێی وایە ” چەشن و تواناو کاریگەرێتیی خەیاڵ پێوەری بەهای شاعیرە، کە چۆن بتوانێت لەنێوان ڕەگەزەکاندا گونجاندن و پەیوەندیی نوێ بدۆزێتەوە. ئێمە بەهۆی پێدراوەکانی واقیعەوە خەیاڵی شاعیر بە ئەفرێنەری شیعر ئەزانین، بەڵام بە چنینێک تەواو جیاواز لە بەکارهێنانە واقیعیەکەی، بە مەبەستی گەڕان بە شوێن پێشکەش کردنی دنیابینییەکی نوێدا”. ئەمەش پێچەوانەی میتۆدە کۆنەکانی ڕەخنەیە، لە ڕەخنەی هاوچەرخی ئەدەبیدا خەیاڵ بنچینەی وێنەی هونەرییە.
بونیادی کارە ئەقڵانییە پەتییەکانیش خەیاڵە، خۆسەرقاڵ کردن و بەردەوام خسنەگەڕی خەیاڵ، بنچینەی سیمبۆلیزم بەهێز ئەکات، کە لەڕێگەیەوە گەشە بە سروت/ ” طقس” ـە تایبەت و کۆمەڵایەتییەکان ئەدات، هەر بەو هۆیەشەوە باوەڕهێنان بە جۆری ڕێوڕەسم/ ” شعائر” پەیدا ئەبێت و سیمبولەکان کە مەعنەویین1″ نەک ماددی، ئەکەونە ناو تۆڕی واتاکانەوە.
لە کۆمەڵگەی نوێدا، سروتەکان بەهۆی بەرفراوانبوونی ئەقڵانیەت و زانست و تەکنۆلۆژیاوە، تەواو لە کزییداوەو لە بۆنە ئاینییە بەرتەسکەکاندا نەبێت بە مانا تەقلیدییەکەی- شوێنێکی بۆ نەماوەتەوە، گەر ئەو سرووتە نەگوێزرابێتە ناو بواری سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی..
گەر وەک دورکهێیم/ David Émile Durkheim ئەڵێت؛ بەردەوام ئایین لەڕێگەی سروتەکانیەوە بەرجەستە ئەبێت. بە مانایەکیتر پێدانی تایبەتمەندیی پیرۆزیی لە سروتەکاندا بە ئایین و وردەکارییەکانی، بەو جۆرەی زەینی مرۆڤەکان ئەگوازێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەیەکی گەورەی سیمبول، ئەم حاڵەتە لە ڕێگەی بە پیرۆز تەماشاکردنی دیاردە نائاینییەکانیش لە نەستدا هەمان واتا بەرهەم ئەهێنێتەوە، بە تایبەت لە ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا، سیستمێکی سیمبولیی نوێ بەرهەمدێت وەک: ڕێوڕەسمەکانی مردن و چلەی مردووان و لەدایکبوون و ڕێوڕەسمە ئایدیۆلۆژییەکان و زۆریتریش.
بەم چەشنە سیستمە سیمبولییەکان ناتوانن خۆیان بەسەر بونیادەکاندا بسەپێنن، ئەگەر خۆیان وەک بونیاد ڕێکنەخرابن، دەسەڵاتی سیمبولیزم دەسەڵاتی بونیادنانی واقیعە و هەوڵ ئەدات بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئەبستمۆلۆژیی. کەواتە دووبارە سیمبولەکان دەگەڕێنەوە بۆ خەیاڵدان و زەبروزەنگی خەیاڵیش ناهێڵن ئەقڵ و سۆز بەمانا پەتییەکەیان لە خزمەتی سیمبولدا نەبێ، بە هیچ جۆرێکیتر کار بکەن، بەوەش ” شیعر لە ڕێگە ڕاستەوخۆگەرییەکەی/ المباشریة لائەدات و سیمبولەکان ئەجوڵێنێت، کە لە کۆتاییدا بیرۆکە، یان سۆزێک ئەگەیەنێت.
لە دەقی ” مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن” بە جۆرێک شاعیر مومارەسەی سیمبولەکان ئەکات، وەک ئەوەی جیهانی ماددی و مەعنەویی ئەو تەنها بریتی بێت لە سیمبول.. دروست ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنێت کە ” مرۆڤ ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژیاوە بوونەوەرێکی سیمبولی/ سروتییە بە پلە یەک، بەهۆی خەیاڵگەیەکی سیمبولییەوە پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و خۆی و خۆی و ئەوانیترو خۆی و شتەکان ڕێکئەخات، بەوجۆرەش تۆڕێک لەماما دروست ئەکات.
ئەم لێشاوی سیمبولانە بە جۆرێک ئەگوزەرێن کە بونیادێکی سروتیی پێکئەهێنن و دواتر لە تەواوی دەقەکەدا ئاسۆیەکی میتۆلۆژیی دەرئەکەوێت.. لەوێشدا یەکێک لە سیمبولە دیارەکای میتۆلۆژیا ژمارە ” 40″ ە، کە بە درێژایی مێژووی نوسراو لە سروت و بۆنە مێژووییەکاندا ئامادەیی هەیە.
سەباح ڕەنجدەر شاعیرێکی نوێخوازە، یەکێکە لە دیارترینی ئەو شاعیرانەی لە دنیای وێنەو سیمبولدا، بە ڕەهایی تیایدا قاڵ ئەبێت و گرنگترین خوێندنەوەش بۆ دەقەکانی ڕەنجدەر، تەنها دۆزینەوەی کۆدی خوێندنەوەی دەقەکانییەتی، لەبەرئەوەی بەو ڕێگە تەقلیدییە نانووسێت، کە لە دەقی هەموو شاعیرێکدا ئەبینرێتەوەو ڕاهاتووین لەسەر ئەو شێوازگەرییەی کە شاعیری کورد پێی ئەنووسێت، هەروەک پێکهاتەی بونیادی دەقەکانیش لەوانیتر ناچێت، کەواتە باشترە بڵێین خوێنەری تایبەتی خۆی پێویستە، لەبەر ئەم هۆکارەش هەندێک لە خوێنەران بە گشتیی ئەو جیهانە بە ئاڵۆزو تەمومژاویی وەسف ئەکەن.. پێشنیازی چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە دۆزینەوەی مەدلوولی ڕاستەقینەیە بۆ دالەکان و تێڕامانە لە هەر وێنەیەک بە تەنها بۆ چنینەوەی مانا لە تەواوی وێنەکانی دوای خۆی.. هەرچەند ئەم جۆرە خوێندنەوەیە نزیکە لەوەی بۆ دەقە کلاسیکیەکان ئەکرێت، بەڵام وەک چارەسەرێک لەبەردەم کەشفکردنی ئەو جیهانە پڕ لە سیمبولەدا، ئەبێتە ئەرک.
ژمارە ” 40″ بەناو دەقەکەدا هەڵڕژاوە، ژمارەکە لە میتۆلۆژیای کۆن و نوێدا ئاماژەیە بۆ زۆرترین، وەک لە ئێستادا ملیارو ترلیۆن بەکار ئەهێنرێت.. بۆ نموونە ئەمە چەند بەکارهێنانێکی جیاوازیەتی لە مێژوودا:
* لە میتۆلۆژیای سۆمەرییەکاندا، ” ئین- کی” خواوەندی پیرۆز، ژمارە 40 ی پێدراوەو ” باسمۆش، یان ماری ژەهرڕێژ” کە بوونەوەرێکی میتۆلۆژییەو لەدوایەوە دێت، درێژییەکەی 40 باڵ بووە.
* لە شارستانێتیی بابلییەکانیشدا. ئەستێرەی هێشوویی” سورەیا” 40 ڕۆژ لە پشتی خۆردا خۆی شاردووەتەوە، بەهۆیەوە باران و تۆف زریان هەڵیکردووەو بە دەرکەوتنەوەشی خەڵکەکە، 40 ڕۆژ ئاهەنگی کۆتایی کارەساتەکانیان گێڕاوەو قامیش و زەلیان سووتاندووە.
* لە شارستانێتیی فیرعەونەکانیشدا، باوەڕیان وابووە، گیانی مرۆڤ بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لە جەستەی جیا نابێتەوە.
* لە تەوراتیشدا لەبارەی زریانەکەی نوحەوە ئەڵێت: کاشکای 40 هەبووایە، لەبەرئەوەی دوای 7 ڕۆژ 40 شەو و 40 ڕۆژ باران و تۆف ئەخوڵقێنم و هەرچی لەسەر زەوی بێت ئەیسڕمەوە.
* یونسی پێغەمبەریش خەڵکەکەی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەگەر تا 40 ڕۆژیتر باوەڕ نەهێنن و تۆبە نەکەن، شاری نەینەوا وێران ئەبێت.
* (وإذ واعدنا موسى أربعين ليلة ثم اتخذتم العجل من بعده وأنتم ظالمون) ” المائدة”
* عیسا 40 ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، کاتێ پەیامی پێگەیشت.
* نەوەی ئیسرائیل 40 ساڵ لە بیابانی سینا ون بوون.
* جالوت 40 ڕۆژ بەرەنگاری نەوەی ئیسرائیل بووەوە، تا دواتر داود پێغەمبەر تێکیشکاند.
دەیان چیرۆکیتر هەن لە شارستانێتییە جیاوازەکان و تەورات و ئینجیل و قورئان و لە ئیدیۆمە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، تا ئەگاتە ئەوەی ژمارە 40 وەک ژمارەیەکی میتۆلۆژیی تەماشا بکرێت، تەنانەت بەو پەندەشەوە کە دەوترێت خودا 40 هاوشێوەی بۆ هەر کەسێک دروستکردووە.
ئاهەنگسازییەک و جۆرێک کەشی کەرنەڤاڵیی بە دەقەکەوە دیارە، کە گەرچی داهێنانێکی تاکەکەسییە، بەڵام پەیوەندییەکان لەگەڵ گروپیشدا ڕێکخراون و بە گشتیی وێنەی سروتێکی بە کۆمەڵ ئەگوێزنەوە.. ئەمەش لە چەندین وێنەدا دەرخراوە:
(( لە ئاهەنگی چل ساڵه‌دا
چەندین گۆرانیبێژ بەشداربوون
یەکیان لەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا
مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا
گۆرانی چاوه‌ڕوانی گۆرانیبێژه گه‌رووی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ.))
‘ بۆ بەڕێوەچوونی سروتەکان پێویستە سێ خاڵی سەرەکی ڕەچاو بکرێت، ئەوانیش چۆنێتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان و بارگە سیمبولیەکان و دوبارە بونەوەیە’ جگە لەوەش هیچ سروتێک بەبێ بوونی کەسی پیرۆز ” سەرکردە/ هەڵکەوتوو” بەڕێوە ناچێت.
لەم دەقەشدا هەرسێ خاڵە سەرەکییەکە ڕەچاو کراوە، ئەوانیش: ڕێکخستنی سروتەکەیە لە شێوە ئاهەنگی تەقلیدیداو بارگاویی کردنی دەقەکەیە بە لێشاوێکی سیمبول و دووبارە کردنەوەی ژمارە 40 ە.. لە ناویشیاندا، سەرکردە یاخود هەڵکەوتوو، مەستانە ئاوازو تەزووی بە بەردیش دەدا.. مەبەست لەوەیە تەواوی ئامادەبووان بەر کاریگەرێتیی دەنگی ئەو کەوتوون، لە کاتێکدا ئەو کاری کردبێتە بەردیشو تەزووی پێدابێت.
گۆرانیبێژێك ده‌نگ لێی یاخی بوو
باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات

یەکەم بونه‌وه‌ر مێروولەیە بۆنی پەڵە دەکات
خۆی توند ده‌گرێ و باراناو له‌ شاری لا ده‌دا
ئەم دوو وێنەیە خاڵی هاوبەش و لێکچوویان هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەکەیان لە دۆخێکی جیاوازدان.. لێرەدا دوو وێنەی جیاواز لە بارەی ڕوودانی کارەساتەوە هەیە.. یەکەمیان/ ڕوودانی پەڵەو تەنیاییە بێ فریادڕەسەکەی مێروولەیە، کە پێشتریش بە هۆی بۆنکردنی پەڵەوە ئەزانێت بارانی پەڵە ئەیبات و بە ناچاریش لە دەرکی شارەکەدا، یان جێماوە، یان ناچارە، لە هەردوو بارەکەشدا شتێک بە هانایەوە نایەت.. لە وێنەی دووەمیشدا/ کە وێنەی سروتەکەیەو کاتێ گۆرانیبێژێک/ سەرکردەیەک دەنگی ئەنووسێت، باڵندەی چلئاواز پێی ڕائاگات.
باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات
لەناو لەپی دوو هێلکەی چلخاڵی دانا
باڵی سووك لێكدا و چل جار له‌ هێلکەکانى خشاند
خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ
دەبیەوە منداڵی دەست بە ترش و شيرينى به‌رات
هەر بۆ خۆی بوونەوەی گۆرانیبێژ بە منداڵی دەست بە ترش و نوقڵ و شیرینیی بەرات، ئاماژەدانە بە جۆرێکیتر لە سروتەکان.. لەو کاتەیدا کە دەنگی لێی یاخی ئەبێت و باڵندەی چلئاواز پێی ڕائەگات، بە تروکاندنی هێلکەکان لەبەر تینی گەرمی سروتەکەدا، جوجەڵە تروکاوەکە ئەبێتەوە بەو مناڵەی سروتی بەراتی بەڕێوە بردووە، بەو مانا سیمبولییەی، نەک هیوا بگێڕێتەوەبۆ گۆرانیبێژ، بەڵکو ئەیکاتەوە بە مناڵەکەی بەرات و دەنگی بۆ ئەگێڕێتەوە.. بەمەش مەرجێکیتری سروت دووپات ئەکاتەوە کە جیاوازیی شوێنە لە دووبارە بوونەوەی کاتدا. وەک بەخۆدا کێشانی شیعەکان و گەڕانەوە بۆ زەمەنی کوژرانی ئیمامی حسێن وەک خۆی، لەبەرئەوە بەو هەموو گوژم و حەماسەوە بەخۆدا ئەکێشنەوە، شوێنەکان ئەگۆڕێن، لە دووبارە بوونەوەی زەمەندا.
کۆمەڵگە بە وێنەی سیمبولیی، نەک ماددیی گوزارشت لە جوڵەی ئەکات، ئەوەش لە ڕێگەی نەریت و سروت و دامەزراوەکانییەوە” لەم دەقەدا گوزارشتێکی ڕەوان لە جوڵەی کۆمەڵگە کراوە، ئەو کۆمەڵگە گریمانەییەی لە دەقەکەدا خەمڵێنراوە.. بۆ نمونە، بەم وێنەیە گوزارشت لە دامەزراوەیەکی پڕ کینەو بوغز ئەکات، کاتێ دێو و دوژمن لە کەسێک پەیدا ئەبن، کە لە ئەزەلەوە بە ئاشقیی خوڵقابێت، لەبەرئەوە گۆشەگیرو مەلولی ئەکەن:
په‌ڕی چلباڵ و ئه‌نگوستیله‌‌ى چلنقێم
لە ماتى و مه‌لوولیم وردمەبنەوە
خودا ئاشقی كردم پێناسه‌م پێنه‌كرا
دێو و دوژمنیشم لەزۆربوونن
دەستم خسته‌ دەستی ڕووناکی چلپه‌ڕی شیعر
دروشمێکم بۆ دێو و دوژمن زۆربوون نەدۆزییەوە.
هانا بردنە بەر شیعر، دەستەوسانییە بەرامبەر بە دۆزینەوەی چارەسەرێک، تا لە دێو و دوژمنەکان بگەیەنێت، کە ئەشق چییە.. بەمەش لە ڕێگەی دامەزراوەکەوە جوڵە کۆمەڵایەتیەکە ڕوون ئەکاتەوە، کە تۆڕێکی سیمبولییە.. هەروەک بەو لێشاوی سیمبول و بونیادە سروتییەوە، تەواو جوڵە کۆمەڵایەتیەکە ئەگەیەنێتە وەرگر.
لە پشتی هەر زمانێکی شیعرییەوە، چینێک لە ئاماژەو سیمبول و ئەفسانەو بەشێک لە زمانی مرۆڤی سەرەتا هەیە، یەکەیەکە ئەبێتە بەشێک لە قەوارەی زیندووی نەمر، شیعریش لە چنینە ناوەکی و پەیکەرە گشتییەکەی و هەڵوێست و ڕووداو و پاڵەوانەکانیدا بەو یەکەیە کاریگەر ئەبێت” لەبەرئەوەی ڕەگێکی هاوبەش لە نێوان چیرۆکە میللی و خورافیی و میتۆلۆژیی و دۆنکیشۆتییەکاندا هەیە.
بەهێمنی و بێدەنگیش ماومەتەوە و هه‌سته‌كانم له‌ ئاگرن
باڵندەی چلئاواز وەڵامی پێ بوو
ڕەگ لە گەڵا و گوڵ جوانترە
زەویش دەیشارێتەوە
ڕەگ سۆراخ ده‌كا و ناز به‌ به‌روبووم ده‌دا
وەک بیابان ناولەپی بەتاڵ نییە.
هەستەکان لە ئاگرن، خۆخواردنەوەیە دژی ئەو دامەزراوە سیمبولییەی کە جوڵەی کۆمەڵگەکەی دەرخست، بەڵام ئەو باڵندە چلئاوازەی لە شوێنێکدا فریادڕەسی گۆرانیبێژە دەنگ خنکاوەکەو لە شوێنێکیتردا وەڵامدەرەوەی پرسیارە چەپێنراوەکانە، ئەو قارەمانێکی توانا لەڕاددەبەدەری خورافییە، کە لە هەموو تەنگژەکاندا وەڵامی پێیەو ئامادەیە.
ڕەگ لە گەڵاو گوڵ جوانترە.. ئەم جیهانبینییە، جگە لەوەی مانایەکی واقیعیی پەتیی هەیە، بە گۆڕانی جوانترە بۆ بنەڕەتترە.. هەروەها گوزارشتە لە ” هێمنیی و مەلولیی و بێدەنگییەکان” ی خود لە دەقەکەدا.. ئەوەتا ڕەگ چەند جوانترە لە گەڵاو گوڵ کەچی زەوی ئەیشارێتەوە، لەم گوزارشتەدا سێ مانای پێچەوانە ئەخوێنینەوە:
یەکەم/ لەبەر مانەوەو پاراستنی.. دووەم/ پەراوێز خستنی جوانییەکان لە هەموو شوێنێکدا. سێیەم/ بێئاگایی زەوی لە شاردنەوەی ڕەگ.. کە ڕەنجدەر خوێندنەوەی سێیەمی بۆ کردووە:
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
دوای ئەوەی سێوەکە لە ئادەم وەرئەگرێت، ئەکەوێتەسەر زەوی و لەو نادادییە ئاگاداری ئەکاتەوە.
ئەوەی گرنگە بەم وێنەیەیتر لەسەر شاردنەوەی ڕەگ، ئەگاتە بونیادی جیهانە سروتییە خەمڵێنراوەکەو جیهانە میتۆلۆژییەکە بە ڕەوانیی ئەگەیەنێتە ئێمە:
ئادەم ئەگەر سێوەکەت تەواو نەخواردووە
شتێکی بدە من
نائومێدیی دەکوژم و هەستم تینی تێدەکەوێت
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
لەگەڵ ئادەمدا لە بەهەشت بوون و پێکەوە دەرکردن بۆ سەر زەوی.. کۆتایی هێنان بە نەمریی و سەرەتای دەست پێکردنی کۆتایی و مردن.
ئەمڕۆ یەکەم زەنگم لێدا
چل شه‌و و ڕۆژ بەسەر مردووەوە نامێنمه‌وه
باخچەیەکم به‌ دیواری گۆڕستانه‌وه هەیە

ژیان درێژبێتەوە لە کۆمەڵە یادگارییەک زیاتر نابێ
دەفتەری خامۆشییت دەکرێتەوە و هێڵەکانی درێژنابنەوە
ئاگر فریوخواردووی به‌خته‌وه‌رییه.
سیمبول و ئاماژەکانی مەرگ لە زۆر وێنەیتری دەقەکەدا بە ڕوونیی دیارن.

* عصفور. د.جابر- الصورة الفنیة- المرکز الثقافي العربي/ بیروت- 1992
* بوردیو. پییر – السلطة والرمز- ت: عبدالسلام بن عبدالعالي- دار توبقال للنشر- مغرب- ط3- 2007
شوندی. د حسن – موقع دیوان العرب- ایران ١١/ ٦/ ٢٠١١
المحواشي. منصف- الطقوس وجبروت الرموز- PDFمجلة الانسانیات- المجلد 14/ العدد 49- 2010 – الجزائر
* الرقم 40 : قداسة الأساطير والأديان والأعراف- جریدة الوطن السعودي- 16/ 7 / 2020 الصیني. د. عثمان محمود-
صالح. د قاسم حسین – الطقوس الدینیة.. دراسة سایکولوجیة- جریدة المدا العراقیة- العدد 3792/ في 1/ 12/ 2016
* لشکر. نورالدین- الطقوس والرموز- موقع الحوار المتمدن- العدد: 3801 في 27/ 7/ 2012
الحوار المتمدن-العدد: 3618 – 2012 / 1 / 25 – 21:08قزع. هدی- الرمز الاسطوري في الشعر العربي الحدیث-

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت