ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە لەنێوان ململانێی حیزبەکان وخواستی مامۆستایان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ 10 ساڵ دەچێت، لە دوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا، قەیرانی دارایی سەر و دڵی ئەم هەرێمەی گرتوەو بەجۆرێ شڵەژاوی هێناوە بۆ خەڵکی، نەتوانراوە بەباشی و ئاسایی هاوڵاتیان لەم جوگرافیە بچووکەدا ژیانێکی سادەو ساکار بەڕێبکەن.
هەمیشە ناڕەزایەتی هۆکارێکە بۆ وەڵامی کارێکی پێچەوانەی خواستی کەسێک، یان توێژێک، یان گروپێکی دیاریکراو. لەهەرێمی کوردستان بەهۆکاری نەبوونی شەفافی و نادادی و خراپ بەکار‌هێنانی دەسەڵات و دەستوەردانی حیزبەکان لەهەموو بوارو سێکتەرەکانی ژیان، ئەم هەرێمە دەرگیری ناخۆشی و نائارامی بووە، بۆیە زۆربەی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام زۆربەی کۆمەڵگەی کوردەواری بێدەنگیان هەڵبژاردوە، جگە لەمامۆستایان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆبوونی چەند فاکتەرێک کە لەکاتیکی تروشوێنی تردەکرێت ئاماژەیان پێبکرێت، بەڵام ئەمجارە باسەکەمان تایبەت کردووە بە پەروەردە، لەبەشێکی هەرێم کە سنوری پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەکانیەتی ئەو ناڕازیەتیانە براونەتە سەرشەقام، یان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردوە، بەپێی ئەوزانیاریانەی هەیە لەدوای ساڵی دوو هەزارو پانزەوە بێجگە لەگردبوونەوەکان و خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ، تەنها لەسنووری سلێمانی و دەوروبەری حەفتا خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، هەرجارەو بەجۆرێک و بێ ئەوەی وەڵامی داواوخواستەکانیان درابێتەوە، لەپشتی هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، حیزبەکان بەعەلمانی و ئیسلامی و قەومی و چەپەکانەوە، هەوڵیانداوە بەویستی خۆیان و مەرامە ئایدۆلۆژیەکانیان بخزێننە ناو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، هەر حیزبەو بەپێی تواناوپێگەی خۆی کاریان لەسەرکردوون، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەهۆکاری بوونی دەسەڵات و بوونی هێزو بەردەست بوونی دارایی زیاترکاریان لەسەر کردووەو کاریگەریان زۆرتر بووە.
ئەمە ئەوەناگەیەنێ خۆپیشاندەران و ناڕازیکاران خۆیان خزاندبێتە ئەجێندای حیزبەکان، بەڵام ئەگەر چەند کەسێکیشیان لەخشتە بردبێت توانیویانە، ئاقاری ئەو ناڕەزایەتیانە بگۆڕن بۆخواستی خۆیان، کەکۆتایی هێنان بووە بەو نەڕەزایەتیانە، ئەگەر بەکاتیش بووبێت.
هەرلایەک بیەوێت پەروەردە بخاتە ژێرڕکێفی خۆی و بەدڵی خۆی ئاراستەی بکات و لەئامانجە گەورەکەی پەروەردە دووری بخاتەوە، هیچ گوومانی تێدا نیە کەئەولایەنە نە بۆخۆی باشە، نە لەپەروەردەش گەیشتووە، چونکە لەدۆخێکی ئاوادا پەروەردە تووشی شکست دەکات، نەوەیەکی ناووشیاری دوورلەبیرکردنەوە دروست دەکات، وەک نوسەر(عەلی ئیبراهیم موسەوی)دەڵێت: (پەروەردەی شکستخواردوو، ئەو پەروەردەیەیە، نەوەیەک دروست دەکات کە دەتوانێت تەنها بخوێنێتەوە و بنوسێت، بەڵام ناتوانێت بیر بکاتەوە).
لەلایەکیتر ئەوەی بۆتەجێی سەرنج وتێبینی بەندەو زۆر خەڵکیتر، وەڵام نەدانەوەو پشتگوێ خستنی خواست و داواکاریەکانی هەموو ناڕەزایەتیەکان بەگشتی و ناڕەزایی مامۆستایان بەتایبەتی، زۆرجێی تێڕامان و سەرسامیە نزیکەی حەوتسەد هەزار قوتابی و خوێندکار لەماڵەوەن، بەهۆی بایکۆتی حەفتاو پێنج هەزار مامۆستا، ئەتوانین بڵێین خوێندنی بەشێکی هەرێم بۆ ساڵی 2023- 2024 لەلێواری پەکخستن و فەوتان و دواکەوتندایە، کەچی بەرپرسێکی پەروەردە نەهات واڵامێکی باوەڕ پێکراوبدات بەتوێژی مامۆستایان، یان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێبدات، بەپێچەوانەوە بەزمانی هەڕەشە دەیانەوێت مامۆستایان بگەڕێننەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەگەر نەگەڕینەوە، ئاوا ناچار دەسەڵاتە کارگێڕیەکانیان بەکار دێنن، ئەوەش بووە هۆی تووڕە بوونی زیاتری مامۆستایان، وەک پەرچە کردارێک لەجیاتی چوونەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن چوونە شەقام و دووپاتی بایکۆتی بەردەوامیان کردەوە، تا گەیشتن بەمافەکانیان.
ئەوەی لای زۆربەمان ئاسایی نەبوولەڕۆژی 22.10. 2023 بەشداری چەند بەڕێوەبەرێکی حیزبی بوو لەگەڵ چین وتوێژەکانی تری شاری سلێمانی، کە وادەخوێندرایەوە بە ویست و داوای حیزب بەشدار بووبن، چونکە هەرلە ڕۆژی دواتربارەگاکانی حیزب کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لەبەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگەکان کرد و داوایان لێکردن بچنەوە بۆ دەوام و دەستبکەنەوە بەوانە خوێندن، لێرەوە گومان دەخرێتە سەرکەسێتی ئەوانەی لەو خۆپیشاندانە بەشداربوون و دەچنەوە بۆ دەوام، بێ ئەوەی هیچ مافێکیان بەدەست هێنابێت، ئەوەش دووپاتکردنەوەی هێنانە خوارەوەی شکۆوکەسێتی مامۆستایان و ئەوانەیە کەبەوکارە هەڵدەستن، ئێستاش چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و جێبەجێکردنی خواستەکانیان زۆر ئاسانە، دەسەڵاتی سنووری سلێمانی دەتوانێت خۆی بەو ڕێگەیانەی دەبنە دەرچەیەک بۆ دەرباز بون لەم دۆخەی پەروەردەی تێکەوتوە، ئەتوانن لەوپارەیەی هەیانە، یان داوا لە کۆمپانیاکانیان، یان ئەودەوڵەمەمدانەی دروستیان کردوون و کراوون بە ملیارلێرموچەی مانگێکی مامۆستایان دابین بکەن، تا پرۆسەکە بچێتەوە سەرسکەی خۆی.
بەڵام دەسەڵاتداران بۆیە ئەوە ناکەن دەزانن بەڕێوەبەرەکان وابەستەی خۆیانکراوون و فشارلەسەر مامۆستایانن دەکەن تا داوای حیزبەکان بەدیبێنن، ئەمەش وازهێنانە لەخواست و داواکان و بەکۆیلەکردنی نەک هەرخۆیان و مامۆستایانە، بەڵکو پەلدەکێشێت بۆنەوەکانی داهاتوو.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت