عیماد عه‌لی: ئایا رێككه‌وتنی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه‌ له‌ قازانجی رۆژئاوای كوردستانه‌؟ بەشی یەکەم.

ده‌كرێت له‌ رووی هاوكێشه‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كیه‌كانەوه‌، له‌ دوو دیدگاوه‌ ته‌ماشای ئه‌م جۆره‌ رێككه‌وتنانه و به‌ تایبه‌تی ئه‌مه‌ی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه‌ ‌ بكرێت و شیبكرێته‌وه‌.
یه‌كه‌م/ هاوكیشه‌كانی په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌م پرسه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی.
دووه‌م/ له‌ رووی نێوخۆی خودی كوردستانی رۆژئاواو په‌یوه‌نده‌یه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كانیه‌وه‌ له‌ لایه‌ك و له‌گه‌ڵ كوردانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌.
پێش هه‌موو شتێك هه‌ر رێكارێكی گه‌وره‌ یان بچوك و هه‌ر هه‌نگاوێك به‌تایبه‌تی سیاسی بێت له‌ كوردستانی رۆژئاوا بنرێت و به‌و مه‌رجه‌ی ‌دوور بێت له‌ بۆچون و دید و كاریگه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی توركیا، خۆی له‌خۆیدا و له‌ده‌رئه‌نجامدا له‌ رووی دوارۆژی گه‌لی كوردستان به‌گشتی و به‌ تایبه‌تی له‌ رووی ستراتیجیه‌تی به‌دیهێنلنی ئامانجه‌كانیه‌وه قازانج به‌خشه‌. ئه‌وا ئه‌گه‌ر زلهێزه‌كانیش ده‌ستیان تیدا بێت و به‌دوور له‌ هه‌ماهه‌نگی و ده‌ستوه‌ردانی توركیا بێت و به‌ هه‌ماهه‌نگی و سه‌رپه‌رشتی وڵاته‌ وڵاتانی وه‌كو ئه‌مریكا و به‌ تایبه‌تی فه‌ڕه‌نساش بێت كه‌ یه‌كتربڕێك له‌ ئامانج و سیاسه‌ته‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ئارادایه‌، جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت.
دیسان له‌ رووی بارودۆخه‌ نێوخۆییه‌كه‌ی كوردستانی رۆژئاوا، ده‌كرێت له‌ دوو دیدگایوه‌ ته‌ماشای ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بكرێت، كه‌ لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنیش له‌خۆ دگرێت.
ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌زمونی كوردستانی باشوور وردبینه‌وه‌ و ناكۆكیه‌ نێوخۆییه‌كانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و مه‌رحوم مه‌لاموسته‌فا له‌ شه‌ست و چواره‌وه‌، كاریگه‌ریی لێكه‌وته‌ خه‌ته‌رناكه‌كانی له‌سه‌ر ئامانج و ژیانی گه‌لی كوردستان به‌ روونی دیاره‌ و، ئه‌زمونێكی یه‌كجار تاڵ و نه‌هامه‌تی و قوڕبه‌سه‌ری و زیانی گه‌وره‌ هێنه‌ر بووه‌ بۆ میله‌ت و بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ و، درێژ بوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی پارتی و یه‌كێتی و لێكه‌وته‌ له‌مێژینه‌ و نوێكانی كه‌ كاریگه‌ری سه‌لبی یه‌كجار گه‌وره‌ی بۆ كورد نه‌ك له‌ كوردستانی باشوور به‌ ته‌نیا، به‌ڵكو بۆ كوردستانی گه‌وره‌ به‌ گشتی هه‌بووه‌ و، و جگه‌ له‌ دووبه‌ره‌كی و ماڵوێرانی و زیان بۆ ره‌وتی تێكۆشان و هه‌وڵی كورد بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی هیچی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌.
له‌ روانگه‌ی ئه‌و دیدگایه‌وه‌ ته‌ماشای وه‌زعی كوردستانی رۆژئاواو و ململانێی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه‌ به‌ پێی ناكۆكی هه‌مه‌جۆری نێوان خۆیان له‌ لایه‌كه‌وه‌ و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بوونی هه‌وڵی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی ئه‌وانه‌ی له‌ پشت ئه‌نه‌كه‌سه‌ن له‌ لایه‌كه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی هاوپه‌یمانی ستراتیجی ته‌ڤده‌من له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌گه‌ر بارودۆخ و دوارۆژی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی كوردستانی رۆژئاوا بخوێنینه‌وه‌ ئه‌وا له‌ زۆر لاوه‌ به‌ یه‌كجاری ره‌شبین ده‌بین و ترسه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌زمونی یه‌كێتی و پارتی و فیفتی به‌ فیفتی له‌وێش دووباره‌ بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م كێشه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیرێت و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی نێوخۆیی بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌ نه‌كرێت.
ئه‌گه‌ر توركیا به‌م شێوه‌یه‌ی تێدایه‌ بۆی نه‌كرێت نارازیبونه‌كه‌ی وا بكات رێگری له‌م رێككه‌وتنه‌ بگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا له‌م كاره‌ به‌شدارن و خه‌ڵكی تریش ته‌مویلی هه‌نگاوه‌كان ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندی ئه‌م ره‌وشه‌ تازه‌یه‌ی به‌ دوارۆژی سوریاوه‌ ده‌بێت و هاوكێشه‌كان گۆڕانكاری له‌به‌رچاوی به‌سه‌ردا دێت( بێگومان له‌ لایه‌كه‌وه‌ پارتی و توركیا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ لایه‌نگیری ئه‌نه‌كه‌سه‌ و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌یان بۆ سه‌ر ئه‌رزی كوردستانی رۆژئاوا قسوری ناكه‌ن و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌ش له‌به‌رامبه‌ردا هه‌موو هه‌وڵێكیان به‌پێی توانای خۆیان بۆ پشتگیری ته‌ڤده‌م ناوه‌ستێنن) و ئه‌مه‌ش واده‌كات دوو بۆچون و دیدگای جیاواز خۆی فه‌رز بكات و ته‌نانه‌ت ده‌كرێت دوو میحوه‌ری نێوخۆیی ئاشكرا به‌ پێی ره‌وشی سیاسی و ئیداری و كۆمه‌ڵایه‌تیش دروست بێت و له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ش ره‌نگ بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ روانگه‌ی دوورمه‌ودای پرسه‌كه‌وه‌ زیانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌قازانجی زۆرتر بێت. به‌ڵام كه‌س نیه‌ له‌ تاكی كۆمه‌ڵگه‌ مه‌یلی له‌ یه‌كێتی و یه‌كبوون و یه‌كگرتوویی هه‌ڵویست و دیدبۆچونی كورد نه‌بێت له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستاندا بێت، ئه‌وه‌ی خوازراوه‌ و ئامانجی خه‌ڵكی دلسۆزی پرسی گه‌لی كوردستانه‌ له‌ هه‌ر شوینێك بێت یه‌كێتی پێكهاته‌ و دیدوبۆچون و هه‌ڵوێسته‌ له‌مه‌ڕ سه‌رجه‌م پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ له‌وێدایه‌، ئایا ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌یه‌ له‌و روحیه‌ته‌ شۆرشگێری و ته‌باییه‌ له‌ق نابێت و بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر نابێته‌وه‌؟ بێگومان زۆر سه‌خته‌ به‌ بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان واقیعه‌كه‌ به‌ یه‌ك ئاراسته‌دا بخوێنیته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ گومان له‌ ‌به‌رده‌وامی یه‌كڕیزی و یه‌كێتیی هه‌ڵوێستی سیاسی و بۆچونه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌مه‌ڕ سه‌رجه‌م پرسه‌كانی داهاتوو ده‌كرێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies