کێشەی سەرەکی نێوان حەماس و ئیسڕائیل: ئایا خول و گێمی پێنجەم دەست پێدەکات؟

وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی
تێبینی: من بۆیە ئەم چاوپێکەوتنەم وەرگێڕاوە چونکە دانیاڵ پایپ بە کەسێکی بە ئاگاو شارەزای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش کێشەی نێوانی ئیسڕائیل و فەلەستین ناسراوە. زۆر جاران و زوربەی بۆچوونەکان و شیکارییەکانی دەربارەی ناوچەکە وەڕاست گەڕاون. تا ڕادەیەک شارەزای سیاسەت و پلانەکانی پشتی دیوارەکانە بۆ ناوچەکە. شارەزای سیاسەتی ئیسڕائیلە. ئەو کەسێکی ڕاستڕەوەو پشتی سیاسەتی ڕاستڕەوەکان دەگرێت لە ناو ئیسڕائیلدا. خۆی قەت ئەمەی نەشاردۆتەوە. لەو چاوپێکەوتنەدا ئەو ئاماژە بە سیاسەتێکی ترسناک دەدا وە پێشنیاری دەکا بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل کە لە بەرامبەر فەلەستینییەکاندا بیباتە پێش . دەبێ کورد ترسی هەبێ کە تورکیاو ئێران و سوریاو تەنانەت عێڕاقیش هەمان سیاسەت و پلانیان گرتۆتەبەر لە دێرزەمانەوە. وە ئێستا هەموومان دەیبینین کە ئەوان هەمان سیاسەتیان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی کێشەی مێژوویی کورد وردە وردە کۆتایی پێ بێنن بەو بارەیدا کە خۆیان دەیخوازن و پلانی بۆ دادەنێن.(ح. ڕ).

ئەمەی خوارەوە چاوپێکەوتنێکە کە گڵۆبەڵ ڕیڤیوی ئەڵمانیی ئەنجامی داوە لەگەڵ دانیال پایپ دەربارەی شەڕی غەزە. ” پێویستە ئیسڕائیل بەردەوامی بە سیاسەتێک بدات کە فەلەستینییەکان قەناعەت پێبکات کە ئامانجەکانییان بێ هوودە دەبن. ڕاڵف ئۆستەر چاوپێکەوتنەکەی ئەنجامداوە لە 27ی ئایاری 2021.
گ. ڕ= گڵۆبەڵ ڕیڤیو….. د . پ = دانیاڵ پایپ

پرسیار: تۆ چ شتێک دەبینی وەک گرنگترین هۆ بۆ کێشەی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و حەماس، هەروەها بۆچی لە ئێستادا ئەم کێشەیە ڕوویدا؟
وەڵام: وا دەردەکوێت کە حەماس ویستی ئەو هەنگاوە هەڵەیەی مەحمود عەباس بقۆزێتەوە کە بانگەوازی کرد بۆ هەڵبژاردن لە کەرتی غەزەو دواییش هەڵی وەشاندەوە. ئەوەش بۆ ڕاکێشانی جەماوەربوو بەلای خۆیدا. ڕەنگە هۆی تریش هەبن بۆ حەماس بۆ نموونە: لە نێویاندا بابەت و کێشەی مڵک و خانووبەرە لە قودس، تاقیکردنەوەی ئیدارەی بایدن، قۆستنەوەی نا ئارامی سیاسی لە ئیسڕائیلدا، هەروەها ڕازیکردنی دڵی تاران و ڕاکێشانی بەلای خۆیدا.

پرسیار: لە ڕاستیدا حەماس لایەنی خەڵکی بەقازانجی خۆی بردەوە لەسەر حیسابی دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس، ئایا ئەمە ئەوە دەگەێنێت کە حەماس لە بانووی ڕۆژئاوادا هێزبەدەستەوە بگرێت و بازنەی شەڕەکەش لە دژی ئیسڕائیل تەواو بکات؟
وەڵام: نەخەیر. دەوڵەتی ئیسڕائیل ئەوەی پێی بکرێت دەیکات بۆ ئەوەی نەهێڵێت حەماس دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. ئەوەندە دەبێ بەس بێت بۆ ئەوەی حەماس لە هاوکێشەکە بکرێتە دەر.

پرسیار: ئایا کۆک و هاوڕاییت لەگەڵ ئەوانەی کە دەڵێن : ئیسڕائیل لە ڕووی سەربازییەوە شەڕەکەی بردەوەو حەماسیش لە ڕووی سیاسییەوە؟
وەڵام: بەشێکی . سەرکەوتنی ئیسڕائیل لە ڕووی سەربازییەوە وتووێژ هەڵناگرێت . بەرەی جەنگی سیاسی جارێ زۆر ڕوون نییە. بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو خول و گێمی چوارەمەی شەڕ، وا لە ئیسڕائیل دەکا بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە خول و گێمی پێنجەم لە ئارادا نابێت؟ من پێم وایە بۆی هەیە. بۆیە ئەگەر ئەوە ڕوو بدا، لەو حاڵەتەدا حەماس زەرەرمەندی گەورە دەبێ.

پرسیار: ئەوە یەکەم جارە حەماس بتوانێت هانی عەڕەبەکانی ناو ئیسڕائیل بدات. ئەمە چی دەگەێنێت بۆ ئیسڕائیل؟
وەڵام: بە شێوەیەکی گشتی، من ئەوە بە باش دەبینم بۆ ئیسڕائیل چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جولەکەکان وەخەبەر بێنێت و ئەو قەیرانە چاوەڕوانکراوانە ببینن لە نێوانی خۆیان و هاونیشتیمانیە موسڵمانەکانیان. ئەمە شتێکە کە من زۆر دەمێکە پێشبینیم بۆ کردبوو، بەڵام نەیان ویستووە ڕووبەڕووی ببنەوە.

پرسیار: بەرەی ڕاست لە ئیسڕائیل دەڵێت کە ئەو ئابڵوقەیەی پێشووی سەر کەرتی غەزە کاریگەر نەبووەو دەبێ توندتر بکرێت لەسەریان. بەرەی چەپیش دەڵێت پێویستە ئیسڕائیل دڵی خەڵکی غەزە بەلای خۆیدا ڕاکێشێت بە باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، بە شێوەیەک وایان لێبکات کە لە حەماس هەڵگەڕێنەوەو ڕاپەڕینی لەبەرامبەردا بکەن و لە دەسەڵات لایبەرن. تۆ کام لەو بۆچوونانەت پێ باشە، یان چ چارەسەرێکی ترهەڵدەبژێریت؟
وەڵام: من ئەو تێڕوانینەی بەرەی ڕاستم پێ باشە. تێڕوانینی بەرەی چەپ لە ساڵی ١٩٩٣دا تاقیکرایەوە کە پێی دەگوترا پەیمانی ئۆسڵۆ، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر ناخۆش کۆتایی پێهات. فەلەستینییەکان یەک سەدەی تەواویان هەیە لە دژایەتی زایۆنیزم لە جیاتی ئەوەی ژیانی خۆیان خۆش بکەن. فەلەستینیەکان تونڕەوترین مڕۆڤی ئەو سەرزەمینە پێک دەهێنن.

پرسیار: حەماس بە ئاشکرا داوای کۆتایی پێهێنانی دەوڵەتی جولەکە دەکات، بەڵام چۆن ئەوەی پێدەکرێت؟ بە هێزی سەربازی وەک شتێکی وەهم وخەیاڵ دەردەکەوێت. ئەدی ئایا ئامانجی حەماس ترساندنی ئیسڕائیلە، هەڵایساندنی ئاگری شەڕو کێشەیە لە نێوانی جولەکەو عەڕەبەکانی ناو ئیسڕائیل، کۆتایی هێنان بە سەرمایەگوزاری ئیسڕائیل لەدەرەوە، دابەزاندن و ڕوخاندنی وورەی جولەکەکانی ئیسڕائیلە تا وایان لێ بکرێت وەڵات بەجێ بهێڵن و ڕابکەن؟
وەڵام: بەڵێ ، بە درووستی ئەوەیە پلان و ئامانجەکە. بێزارکردنی جولەکەکانی ناو ئیسڕئیلە تا وایان لێ دێت بێزار دەبن و وەڵات بەجێ دێڵن. بەڵام جێگەی داخە بۆ حەماس کە ئەو تاکتیکەی بە تەواوی پەکی کەوتووە. جولەکەکانی ئیسڕئیل لە ئەوپەری کەیف و سەفای خۆیاندان . لەزەت لە پێشکەوتنە ئابووریەکانیان دەبینن ، لە سەروەری یاسا، لە سیستەمی دێموکراسی، هەروەها ئەوان لە ئەوپەڕی دڵنیایی دان لە ئاساییشی سەروماڵیان. حەماس وادیارە لەبەر دەمارگیرییەکانی ئەو شتانە نابینێت و بەردەوامە لە کارە پوچەڵ وڕێبازە نەزۆکەکانی.

پرسیار: زۆرینەی هێزەکانی دەرەوە پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەن، هەروەها بەرەی چەپی ناو ئیسڕائیل و دەسەڵاتدارێتی فەلەستینیش بەو چارەسەرە ڕازین. ئایا ئەو چارەسەرە هیچ گرنگی دەمێنێت کە نە حەماس و نە بەرەی ڕاستی ناو ئیسڕائیل پێی ڕازین؟
وەڵام: لە کورت ماوەدا نەخەیر. چارەسەری دوو دەوڵەتیی گرنگی نییە لەبەر ئەو هۆیانەی کە تۆ ئاماژەت پێدان. زوربەی ئیسڕائیلییەکان لەو چارەسەرە دەترسن و زوربەی فەلەستینییەکانیش دەیانەوێت ئیسڕائیل لەناوبەرن. بەڵام لە درێژ ماوەدا، ئەو چارەسەرە بەردەوام دەبێ وەک تەنها چارەسەری درووست بۆ گەورەترین و سەخترین کێشە لە ئاستی جیهانیدا. کاتێک کە فەلەستینیەکان تووشی شکەست دەبن و ئیترهیچی تر باوەڕیان بە لەناوبردنی ئیسڕائیل نامێنێت، ئەوکاتە ئاسۆی چارەسەری دەکرێتەوە لەبەردەم چارەسەری دوو دەوڵەتیی. بەڵام ئەو چارەسەرەش چەندین ساڵ و دەیە دوورە پێی بگەیین.

پرسیار: ئەگەر چارەسەری دوو دەوڵەتی نەبێ، ئەدی چی تر هەیە؟ ئەو بارودۆخەی ئەوڕۆدەپەڕێتەوە بۆ دواڕۆژێکی دوور، چارەسەری یەک دەوڵەتیی، گەڕانەوەی میسڕ بۆ غەزەو ئوردونیش بۆ بانووی ڕۆژئاوا، یان شتێکی تر؟
وەڵام: ئەوانە لە ڕاستیدا چارەسەرن لە کورت ماوەدا. من بە شەخسی ئەوەی ئوردون و میسڕم پێباشە.

پرسیار: ژمارەی ئەو ئیسڕائیلیانەی کە لە بانووی ڕۆژئاوادا دەژین بەرزبووەتەوە بۆ ٤٥٠ هەزار کەس . ئایا دەبنە هۆی درووستکردنی گرفت بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتیی؟
وەڵام: نەخەیر،هەرگیز. من وای بۆدەچم کە جولەکە دەتوانن لە نێو دەوڵەتی فەلەستیندا بژین هەروەک چۆن فەلەستینی لە نێو دەوڵەتی ئیسڕائیلدا دەتوانن بژین. ئەم ئەگەرە شتێکی حەتمییە. چونکە تۆ بێنە پێش چاوی خۆت ، وا خۆی لە نیو ملیۆن جولەکە دەدا لە بانووی ڕۆژئاوادا دەژین، ئەگەر ئەو ئەگەرە درووست نەبێ دەبێ هەموویان باروبنگەنە بپێچنەوەو چۆڵی بکەن. ئەو کاتە کێشەکە هەر دەمێنێتەوە بە چارەسەرنەکراوی.

پرسیار: ئایا داواکارییەکان بۆ ئابڵوقە دانان لە سەر ئیسڕائیل بۆ ڕاگرتنی هۆردوگای جولەکە نشین لە بانووی ڕۆژئاوادا لە ڕاستیدا ناوەڕۆکێکی دژە سامییانەی هەیە؟
وەڵام: بەڵێ بە دڵنیاییەوە. ئەوانەی کە ئەو جۆرە داوایانە دەکەن ، ناچن هەمان داوا بکەن بۆ مەغریب لەسەر مەسەلەی سەحرای ڕۆژئاوا، تورکیا لەسەر مەسەلەی باکوری قوبرس، یان چین لە تیبێت، هەروەها چارەسەریش نیە، ڕۆژهەڵاتی تورکستان.

پرسیار: بە یارمەتیت چەمکی “سەرکەوتنی ئیسڕائیل ” شی بکەرەوە کە تۆ داتهێناوەو لە مونتەدای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا یەرویجت بۆ کردووە.
وەڵام: شەڕەکان کۆتاییان دێت کاتێک لایەنێک واز دەهێنێت. بۆ ئەوەی کێشەی نێوان فەلەسین و ئیسڕائیل بە کۆتایی بگات، دەبێ ئیسڕائیل پەیڕەوی لە سیاسەتێک بکات کە وا لە فەلەستینیەکان بکات کە بگەنە قەناعەتێک کە هیوایان بە ئامانجەکانیان نەمێنێت. ئاشکرایە کە ئەو کارە سوود بە ئیسڕائیلییەکان دەگەێنێت و بە فەلەستینییەکانیش زۆرتر. چونکە لە کۆتاییداو بەم شێوەیە دەتوانن دەستبکەن بە بنیاتنانی سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵگاو کەلتوورو ڕۆشنبیری.

http://www.danielpipes.org/20411/the-key-issue-in-hamas-vs-israel
سەرچاوە: میدڵ ئیست فۆڕوم

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies