ناودار زیاد: دەستپێوەگرتنى کولتوور یاخود بەرەوپێشبردنى.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کولتوور بە [شادەماری کۆمەڵگە] دادەنرێت و سەرلەبەری لقە دەمارەکان لەو شادەمارەوە خوێن وەردەگرن. بەوپێیەى لە ڕێى خوێنەوە ڕەچەڵەک و نەسەبى مرۆڤ دیارى دەکرێت، بۆیە مەبەست لە بەکارهێنانى میتافۆڕى خوێن بۆ گوزارشتکردنە لە ڕەسەنایەتى، ئەوەى کە کولتوورێک بە کولتوورێکى ڕەسەن دادەنێت و، کولتوورێکى تر بە ناڕەسەن و پاشکەوتە و ئاسیمیلاسە ناوزەند دەکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە هەرچى سەر بە کولتوورى کۆن بوو ڕەسەنە، بەڵکو لەو سۆنگەیەوەیە خوێنى کولتوور بە لقە دەمارەکانى زمان، فەرهەنگ، کەلەپور، فۆلکلۆر، جۆرى خواردن، بۆنە و نەریت و ڕێوڕەسمە میللیی و نەتەوەیی و ناوچەیی و خێزانییەکاندا تێپەڕ دەبێت و هاتووچۆ دەکات. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچى بە مەبەستى ناسینى هەر کولتوورێک تەماشاى زمان و خواردن و جلوبەرگ و هەر یەک لەوانە دەکەین کە ئاماژەمان پێکردن. ئەمە ئەگەر لەو ڕوانگە مارکسییەشەوە تەماشا بکرێت کە تێگەیشتن لە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە تێگەیشتن لەو ژینگە کۆمەڵایەتییەى ئەو مرۆڤە تێیدا دەژیت. کەواتە کولتوور پێویستى بە پاراستن و دەستپێوەرگرتن هەیە یاخود نا؟
‎بەڵێ، کولتووری هەر کۆمەڵگەیەک پێویستی بە [پاراستن و دەستپێوەگرتن] هەیە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە بەهۆی کارتێکەری بەجیهانییبوونەوە تەوژمێکی بەرفراوانی کولتوورە هەژموونخواز و باڵادەستەکان لە پێشڕەویدان و ئەگەر بەریان پێ نەگیرێت ئەوا مەترسی خۆسەپاندنیان بەسەر کولتووری هێرشبۆکراودا چاوەڕوانکراو و حەتمییە. زیندووترین نموونەش کولتووری کۆمەڵگەی کوردییە لەبەردەم تەوژمی کولتووری وڵاتانی سەردەست و بیانیدا وەک شاڵاوى ئێستاى کولتوورەکانى تورک و فارس و عەرەب و ڕۆژئاوا، بۆ نموونە تورکیا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەى برەو بە کولتوورەکەى خۆى بدات لە هەرێمى کوردستاندا، ئەمەش لە میانەى کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنان و بیناسازى و دراما و جلوبەرگ و،،،تاد دەکات. کولتوورى عەرەب بەهۆى ئایین و، کولتوورى فارس بەهۆى ئەدەبیات و فەرهەنگەوە لە پێشڕەویدان. لێرەدا هەندێک ئەوەیان بە مێشکدا دێت کە ئایا ئەمە بەهۆى ئەوەوەیە کە کولتوورى ئەوان جوان و دەوڵەمەندە و، کولتوورى ئێمە ناشرین و هەژار؟
‎بە تێڕوانینى (سیلا بن حەبیب)ى ژنە بیرمەند “هیچ کولتوورێک لە کولتوورێکی دیکە باڵاتر، بەرزتر، چاکتر، گونجاوتر و، جوانتر نییە”. هەر کولتوورێکیش هەروەکو لە کتێبى (تایبەتمەندى تاکى کورد)ى (محەمەد فەریق حەسەن)دا پێناسەکراوە: “بریتییە لە بەرهەمی کۆی خوخدە و کەڵکەڵە، حەز و ویست، دۆزینەوە و داهێنان، خۆشی و ناخۆشی، هزر و باوەڕەکانی گروپێک یان چەند گروپێکی دیاریکراو، کە بەهۆی زمان و نووسین و چالاکییە کۆمەڵایەتییە هەمەجۆرەکانەوە لە پڕۆسەیەکی دوورودرێژ و دیرۆکیدا لەدایک دەبێت و گەشە دەکات”، کە لە دەرئەنجامدا لە فۆڕم و قاڵبەکانی هونەر، موزیک و گۆرانی، پەند و قسەی نەستەق و حیکایەت، جلوبەرگ و خواردن، شانۆ و هەڵپەڕکێ و سەما، بۆنە و ڕووداوە هاوبەشەکان، ژانرەکانی ئەدەب،،،تاد بەدیاردەکەوێت و خۆی نمایش دەکات. لێرەوەیە بەهای کولتوورێکى سەربەخۆ و جودا لە کولتوورەکانى دى لەدایک دەبێت، کە پاراستن و بەرەوپێشبردنی دەبێتە بەرپرسیارییەتی هەمووان، نەک حیزب و گروپ و تاقمێکى دیاریکراو. ئەم بەرپرسیارییەتیەش ئەركێکی جڤاکییە. بەڵام ئایا ئەمە بانگەشەکردن نییە بۆ پارێزگاریى و چەقبەستوویى و قاڵبگیریى لە بۆتەى کولتوور و فەرهەنگێکدا؟ ئایا ئێمە دەبێت ئیشمان تەنها پارێزگاریکردن بێت لە کولتوورەکەمان؟
‎ لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە سادەیە بکەین کە هیچ کۆمەڵگەیەک بێ کولتوور نییە، بەڵام هەندێکیان کولتوورى داخراو و دواکەوتوون و هەندێکى دیکەشیان کراوە و شارستانى. کەواتە کێشەکە لە پیادەکردنى کولتووردا نییە، چونکە هەموومان لەناو کولتوورێکداین، چ خۆویستانە چ بە ناچاریى پابەندین پێوەى، بەڵکو کێشەکە لە جۆر و چییەتى کولتوورەکەدایە، لێرەوە پرسى بەرەوپێشبردنى کولتوور دێتە پێشەوە، چونکە [لەمپەڕ و بەربەستی گەورە لەبەردەم گەشەسەندنی کولتووردا بریتییە لە هێشتنەوەی کولتوور لە قاڵب و چوارچێوەیەکی بەرتەسک و ڕەنگڕێژکراودا] لەژێر پاساوى پاراستنی کولتووردا. فاکتەر و بزوێنەرى هەرە گرنگ لێرەدا بەدیاریکراوی لە ئایین، مێنتەڵێتی خێڵ و عەشیرەتگەریى، مۆدێلی حزبی سیاسی، ڕەگەزی نێر و پاتریارکییەتدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم حاڵەتەش زیاتر لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە بەریەککەوتن و ناکۆکی توند لەسەر بەها و بەرژەوەندییەکان دێتە ئاراوە، وەکو ئێستاى کۆمەڵگەى کوردى کە ململانێى توند هەیە لەنێوان بەرەى عەلمانى و بەرەى ئایینى، عەقڵى خێڵ و عەقڵى شارستان، کەسانى حیزبى و کەسانى ناحیزبى، ئاڕاستەى پارتریارکى و نێرسالارى و ئاڕاستەى یەکسانیخوازیى جێندەریى و ئەوانەى دان بە مافەکانى ژندا دەنێن،،،تاد. وردتر بدوێین دەتوانین نموونەی ئەم جۆرە ململانێیانە ببینین کاتێک داکۆکى لە مافى ئافرەتان دەکرێت یان بەها کۆنەکان دەکەونە بەردەم هەڕەشە یاخود ناکۆکى نێوان دوو حیزبى باڵادەستى هەرێمى کوردستان -یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان- گەرم دەبێت. بەتایبەت لەو ساتانەدا کە لە ئەنجامى ئەم ململانێیانەوە دیدگا و دونیابینی نوێ سەرهەڵدەدات و، زەمینەى هاتنە ئاراى نەریت و بەها و توخمی کولتووریی نوێ دەردەکەوێت. کەواتە کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنى کولتوور پێویست و زەرورییە، بەڵام چى بکەین تاکو کولتوور بەرەوپێش ببەین؟ لە ناوخۆى کولتوورەکەوە دەست پێ بکەین یاخود کۆمەک لە دەرەوە وەربگرین؟
‎نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی کولتوور [پڕۆسەیەکی ناوەکی و خودییە]، واتا لە خودی توخم و ڕەگەزە ناوخۆییەکانی کولتوورەکەوە هەڵدەقوڵێت، بەڵام لە هیچ کولتوورێکدا ئەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییانە بەدینایەت ئەگەر لە پەیوەندی و کارلێکدا نەبێت لەگەڵ کولتووری دەرەکیدا <تەماشاى کولتوورى وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دەکەین و دەڵێین بۆ ئێمەش وەک ئەوان نەبین>، بەڵام چۆنیەتی پەیوەندیکردن بە کولتووری دەرەکى و بیانییەوە مەسەلەیەکى هەستیارە و بەپێی سروشتی ئەو پەیوەندییە دەتوانرێت حوکم لەسەر جۆری پەیوەندییەکە بدرێت، لێرەوەیە زیرەکی و دانایی کۆمەڵگە دەردەکەوێت کاتێک لەو پەیوەندییەدا لایەنە جوان و ئەرێنییەکانی کولتووری ئەوانى دى دەخاتە خزمەتی کولتوورەکەی خۆیەوە و، بەشێوەیەکی هونەری و وەستایانە لە ڕێگەی چالاکی و ناوەند و کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە سەرمایە و بەها کولتوورییەکەی خۆشی بەوان دەناسێنێت و بۆیان دەگوازێتەوە. لەم ڕۆژگارە ئەمڕۆدا بەهۆى ئەنتەرنێت و تۆڕە هەمەجۆرەکانى پەیوەندیکردنەوە تاک و ناوەندە نافەرمییەکان و سەنتەر و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەى مەدەنى ڕۆڵى بەرچاویان هەیە، بۆ نموونە ماوەى چەند ساڵێکە (سەنتەرى ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕى کولتوریى) ڤیستیڤاڵى کولتورە جیاوازەکان لە شارى (ڕانیە) بەڕێوە دەبات، تێیدا گروپە هونەرییەکانى چەندین وڵات مۆسیقا و گۆرانى و هەڵپەڕکێ و فەرهەنگى نەتەوە و کۆمەڵگەکەیان نمایش دەکەن. لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئایا ئێمە وەک کۆمەڵگەى کوردى لە هەرێمى کوردستاندا تەنها یەک کولتوورى دیاریکراومان هەیە و، هەموومان هەڵگرى یەک فەرهەنگ و زمان و نەریت و بیرکردنەوەین؟
‎ لە وەڵامدا بەبێ گومان دەڵێین نەخێر. ئێمە تەنها کولتوورێکمان نییە، بەڵکو [لەناو هەر کولتوورێکی گشتی و سەرەکیدا وردە کولتوور و کولتووری لۆکاڵی و ناوچەیی و لقە کولتوور sub-culture هەیە]. لە هەرێمى کوردستانیشدا کولتوورى مەسیحییەکان، کاکەییەکان، ئێزیدییەکان، تورکمانەکان، هەورامییەکان، قادرییەکان، میراودەلییەکان،،،تاد هەیە. ئەمە حاڵەتێکى سروشتیی جڤاکییە و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ کولتووری سەرەکیدا نییە. بەهۆی پێکهاتەی هەمەڕەنگ و مۆزاییکى کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستاندا بەدیدەکرێت، بۆ نموونە چین و توێژێکی جیاواز، خێڵ و عەشیرەتێک، نەتەوەیەک، گروپێکی دیاریکراو، ناوچەیەک، کۆمەڵە خەڵکانێک کە پابەندی ڕێباز، قوتابخانە، ئاین، یان ئایدۆلۆژیایەکن، یاخود بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، هاوکات بەها و نەریت و شێوە ژیان و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و هێما و ئاماژە و سرووتی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام هیچ مەترسی یان زیانێکیان بۆ کولتوورە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو باوەڕیان بە کولتوورە سەرەکییەکەش هەیە و هەمان نەریتەکانی کولتوورە سەرەکییەکە لە تەک کولتوورە تایبەتی و دیاریکراوەکەی خۆیاندا پیادە دەکەن. زۆرجار ئەوانەی هەڵگری بەهای وردە کولتوورن ئەوانەن سەرلەبەری کولتوورە سەرەکییەکە پەسەند ناکەن، بەڵکو تەنها بەشێکی قبوڵ دەکەن و بڕوایان پێی هەیە. واتا دیدگا و تێڕوانینی سەربەخۆ و ئازادانەی خۆیان هەیە. بەڵام ئایا ئەمە بە ماناى ئەوەیە ئێمە خودان مۆدێلێکى کولتووریى بێ کەمایەسى و بەرز و باڵا و تەواو و جوانین؟
بێگومان دەبێت بڵێین نەخێر، وە ناکرێت لە تێڕوانینى کۆن و پێشینەوە لە کولتوور بڕوانین، کە پێیان وایە ئەوەى پەیڕەوى کولتوورەکەى بکات ئەوە ڕەسەنە و شیرى حەڵاڵە، بەڵام ئەوەى پشت لە کولتوورەکەى بکات ئەوە ناڕەسەن و حەرامزادەیە، چونکە لەم ساڵانەى دواییدا لە لایەکەوە بەهۆى گەندەڵى و خراپ بەڕێوەبردنى وڵاتەوە زۆرێک نەفرەت لە کۆمەڵگە و کولتوور و حوکمڕانیی کوردیى دەکەن. لە لایەکى دیکەوە لە ئەنجامى بڵاوبوونەوەى ئەنتەرنێت، موبایل، سەتەلایت، ئۆتۆمبێل، کەلوپەل و ئامڕاز و ئامێرە بێشومارەکانەوە گۆڕانکاریى بەسەر باوەڕ و ڕەفتار و هەڵسوکەوتى تاکەکاندا هاتووە و بووەتە مایەى گۆڕینی سروشت و نەریت و چالاکی و پەیوەندییەکانی تاکەکان، بۆ نموونە دەستەبژێرێک لە خەڵکى دروست بووە هەموو شتێکیان لە کۆمەڵگەى کوردى جیاوازە وەک جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، خواردن، ئاهەنگ و بۆنە، پەیوەندییەکان و ئەو شوێنانەى لێى نیشتەجێن و سەردانى دەکەن. ئەم گۆڕانکارییانە [دابڕانى کولتووریى] دروست کردووە، بۆیە کولتووریى کوردیى پێویستى بە دووبارە پێناسەکردنەوە هەیە، وەک چۆن لە ڕوانکەى (گاستۆن باشلار)ەوە لە مێژووى زانستدا دابڕانى ئیپستمۆلۆژى هەیە، واتا زانست لە شوێنێکدا خۆى درێژ ناکاتەوە و بەردەوامى بە خۆى نادات، بەڵکو داهێنانێک یاخود ڕووداوێک دەبێتە مایەى کەلێن و درز لە زانستدا، بۆ نموونە داهێنانى گڵۆپ دابڕان لەگەڵ چرادا دروست دەکات، فیزیاى ڕێژەیى دابڕانى لەگەڵ فیزیاى نیوتن دروست کرد. بەم جۆرە لە کۆمەڵگەى کوردیشدا ئەو گۆڕانکارییانەى لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا دابڕانى کولتووریى دروستکردووە. پارەى نەوت مۆدێلێک لە سەرمایەدار و زەنگینى دروست کردووە کە تایبەتمەندییەکانى بە تەواوەتى لە سەرمایەدار و زەنگینى پێش خۆى جودایە، بۆ نموونە ئەندامانى خێزانى سەرمایەدارى پێشتر لەگەڵ کۆمەڵگەکەى خۆیاندا هەڵسوکەوتیان دەکرد و دەژیان، بەڵام هى ئێستا دابڕاون. ئەنتەرنێت جۆرێک لە پانتایى گشتى خوڵقاندووە جودایە لەو پانتاییە گشتییەى پێشتر هەبوو، بۆ نموونە ئەنتەرنێت وایکردووە لە هەر ساتێکدا و لە هەر کوێیەکدا بێت لە ڕێگەى هەژمار و لاپەڕەى فەیسبووکەکەتەوە دەتوانیت گفتوگۆى گشتى دروست بکەیت و ڕاى گشتى بجوڵێنیت،،،تاد. لەم گۆشەنیگایەوە ئەم دابڕانە کولتوورییە بووەتە مایەى گۆڕانکاریى، هەرچەندە بەشێکى ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕوانگەى کۆمەڵناسییەوە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕوودەدات، چونکە لەگەڵ [نەوەی نوێ و چینی لاوان و گەنجاندا] دێت، بەو پێیەى نەوەى نوێ خودان ڕوانین و دونیابینی سەردەمێکى دیکە یاخود سەردەمەکەی خۆیانن و، لەبەر ئەم ڕاستیەشە کە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان گرنگى بە نەوەى داهاتوو دەدەن، چونکە دەزانن نەوەى نوێ هەوێنى گۆڕانکارین و خاوەن ماتەوزەن potential و ئامادەیی گونجاویان بۆ گۆڕانکاریى هەیە. لەکاتێکدا ڕۆڵی نەوەی کۆنیش -سەربارى کەمتەرخەمى و نەبانى و دەستەپاچەیی نەوەى کۆن لە هەرێمى کوردستاندا- ئەگەر واوەتر نەبێ ئەوا بارتەقا و هاوتای لاوان و نەوەی نوێیە، چونکە ئەمانیش ئەرکی قورسی گواستنەوە و بارهێنان و پەروەردەکردنیان لە ئەستۆیە. بەجۆرێک لێرەوەیە کولتوور هەناسە وەردەگرێت و درێژە بە ڕێپێوان و بزاوت و ژیان دەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت