ناودار زیاد: کورد لەژێر چەپۆکى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراقدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

‎مایەى سەرسوڕمانە، هێز و حزبە سیاسییە کوردییەکان ڕێگە بدەن بەم هەموارەى ئێستاى یاساى هەڵبژاردنەوە، هەڵبژاردن لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت، یاسایەک کە بەشێک لە دانیشتوانى ڕەسەنى کوردى شارەکە لە دەنگدان بێبەش دەکات و ماف بە عەرەبى هاوردە دەدات دەنگ بدەن. بەتایبەت ئەو دانیشتوانە ڕەسەنە کوردەى کە بەهۆى سیاسەتى تەرحیل و گۆڕینى دیمۆگرافیا و شێواندنى سنورى ئیداریى کەرکوکەوە دوچارى سەدان چەرمەسەرى و دەربەدەرى و ئازار و مەینەتى بوونەتەوە.
جێى داخە، جارێکى دیکە بەشێک لە کوردانى کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان بەهۆى پیلانگێڕیى هێزێکى سیاسى کورد و بێباکى و تەسکبینى حزبە سیاسییە کوردییەکانى دیکە مەحروم دەبن لە مافێکى ڕەواى دەستورى و سیاسى خۆیان کە مافى دەنگدان و بەشداریکردنە لە هەڵبژاردندا بۆ دیاریکردنى نوێنەرەکانى خۆیان، وەک چۆن هەر ئەو هێزە سیاسییە کوردییە بوو کە بەهۆى هەڵەى سیاسەتەکانى ئابورى سەربەخۆ و ڕیفراندۆمەوە وایکرد کورد هەژموونى بەسەر نزیکەى نیوەى خاکەکەیدا لەدەست بدات و ملیاران دۆلار قەرزى لەسەر کەڵەکە ببێت و قەوارە نیمچە سەربەخۆکەشى لاواز ببێت، ئەمە وێڕاى ئەوەى هەر بەهۆى بەڵێنە بێبنەماکانى ئابورى سەربەخۆ و مژدە ناڕاستەکانى دەوڵەتى کوردیی ئەو حزبە سیاسییە کوردییەوە بوو کە زۆرینەى گەلى کورد بە نوخبە و سیاسەتمەدارانیشەوە بخاپێن و تەفرە بخۆن.
ئاخر چۆن ئەو کوردە ڕەسەنە ئاوارانەى کەرکوک نیگەران نابن: ئەوان پێشتر بە دەستى گروپێک لە عەرەبى شۆڤێنى و ڕەگەزپەرستى ڕژێمى پیشووى عێراق چەوسێندراونەتەوە و ستەمیان بەرامبەر کراوە، کەچى ئێستا بە پیلانگێڕیى پارتێکى سیاسى کوردیى هاوزمان و هاونەتەوە و هاوشوناسى خۆیان ستەمیان دەرهەق دەکرێت و بێبەش دەکرێن لە مافى دەنگدان، لەولاشەوە عەرەبى هاوردە و خەڵکى ناوچەى زاب –کە بە بڕیارێکى سیاسى لە چوارچێوەى پڕۆسەى تەعریبدا لە ( 1984 ) بە کەرکوکەوە لکێندراوە- لەبرى ئەوان مافى دەنگدانیان پێشکەش دەکرێت.
شتێکى ئاساییە کوردانى کەرکوک و کورد بەگشتى نەزانن چیان بەرامبەر کراوە و هەست بەوە نەکەن چ چاڵێکیان بۆ هەڵکەندراوە -هەرچەندە خەڵک ئێستا زۆر لەوە هۆشیارترن، تەنانەت کۆد و ئاماژەکانیش دەخوێننەوە- چونکە سروشتى هەر کار و کردەیەکى سیاسى بەو جۆرەیە کە ئەنجامەکانى یەکسەر دەرناکەوێت. سەبارەت بەم یاسایەش ئاساییە خەڵکى کوردستان ئێستا درک بە زیان و کارەسات و لێکەوتە نەرێنییەکانى نەکەن، بەڵام باشترە بزانین کە دواى هەڵبژاردن یەکسەر ئاکامەکەى دەردەکەوێت و ئەوکات دەزانین چ قوڕێکمان بۆ گیراوەتەوە، چونکە بەنسبەت کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانەوە کە ڕەهەندێکى نەتەوەیى و نیشتیمانى هەیە تەنانەت دەنگى یەک دەنگدەر زۆر و جێى بایەخە، جا نەخوازە بێبەشکردنى دەیان هەزار کورد لە مافى دەنگدان و بەخشینى مافى دەنگدان بە دەیان هەزارى دیکەى عەرەبى هاوردە.
گرنگە لێرەدا پرسیار لە خۆمان بکەین و بە خۆماندا بچینەوە: ئێمەى کورد خاکمان داگیرکراوە و مافى خۆبەڕێوەبردنمان لێ زەوتکراوە. عەرەب و تورک و فارسە سەردەستەکان خاکى ئێمەیان داگیرکردووە و حوکممان دەکەن. سەبارەت بە عێراق وێڕاى ئەوەى خۆى وێرانە و هەلا هەلا و ناسەقامگیرە، کەچى هێشتا ئەوان وردتر و ستراتیجیتر و دووربینترن لە ئێمە بەنسبەت داهاتووى خاک و نەتەوەکەیانەوە. ئەوەتا بەپێى ئەم یاسا تازەیە نەتیجەى هەڵبژاردن کار لەسەر دابەشکردنى پۆستە ئیدارییەکانى کەرکوک ناکات، ئەمەش لە بەرژەوەندى عەرەب و تورکمانە، چونکە کورد زۆرینەیە، هەروەها دەیان هەزار عەرەب مافى دەنگدانیان پێ بەخشراوە لە بەرامبەردا دەیان هەزار کورد بێبەشکراون لە مافى دەنگدان کە بە هەمان شێوە لە بەرژەوەندى هەم عەرەب هەم تورکمانە، سەربارى سەپاندنى سنورى ئیداریى ئێستاى کەرکوک بۆ هەڵبژاردن، کە بەهۆى سیاسەتى تەعریب و تەرحیلەوە شێوێندراوە و دیسان خەنجەر لە کورد وەشێندراوە و خاکى کوردان بە ئامانج گیراوە.
پێویستە لەسەر بڕیاربەدەستانى سیاسى کورد و هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان زۆر بە جدى و مشورەتەوە هەڵوەستە لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەى یاساکە بکەن کە جیاکارى و هەڵاواردنى نەتەوەیى تێدایە و بە زیانى کورد دەشکێتەوە، بەتایبەت ئەو بڕگەیەى ڕێگە بەو کەسانە دەدات دەنگ بدەن کە فۆڕمى بایەعی پێش ( 2003 )یان هەبووە و ئەو بڕگەیەى داواى وردبینى لە تۆمارى دەنگدەراندا دەکات، لەگەڵ ئەو بڕگەیەى سنورى ئیداریی ئێستاى کەرکوکى بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان دیاریکردووە، کە زۆربەیان پێچەوانەى دەستور و ماددەى ( 140 ) ن، چونکە ئەگەر پێش دەرچوونى یاساکە ئەم گرفت و دژوێژى و ناڕوونی و نادادییانەى یاساکە چارەسەر نەکرێن ئەوا دواتر ئاخ و داخ و بریا و پەنجەگەستن بەدەردمان ناخوات.
لە کۆتاییشدا، پێویستە ئەوە بزانین کە، ئەوە ئیشى خەڵکى کوردستان نییە بەم بابەتەوە سەرقاڵ بن و بیرى لێ بکەنەوە، بەڵکو ئەوە ئیشى هێز و حزبە سیاسییە کوردییەکانە، بەدیاریکراویش ئیشى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان و ئەو هێزە سیاسییە کوردییانەیە کە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا خاوەنى کورسین، بە لەبەرچاوگرتنى ئەو ڕاستییەى کۆدەنگى و یەکڕیزى و هاوهەڵوێستى هێزە سیاسییە کوردییەکان نەبێت ئەستەمە بتوانرێت ئەم مافە و مافەکانى دیکەى کورد بە ئاسانى بەدەستبهێنرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت