سامانی وەستا بەکر: پاثۆلۆجی ئیسلامییەکان لە کوردستان”pathological.

تێبینی/ ئەم بابەتە ڕوو لە بەشێک لە ئیسلامییەکانی کوردستانە و گشتگیرنیە.

pathological
پاثۆلۆجی* بۆ بەشێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان بابەتێکی گرنگە، ئەبێ هەڵوێستەیەکی جدی لەسەر بکرێ، لەناو کۆمەڵگەدا بەگشتی، وە لەناو خودی حیزب و هێزو ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بەتایبەتی، لەلایەن خەلکانێکی ناو خودی ئیسلامییەکان کە بۆ کوردایەتی و خواپەرستی چوونەتە ناو ئەو حیزب و ڕێکخراوانەوە نەک بۆ تەنها خواپەرستی، چونکوم خواپەرستی لەناو ماڵ و مزگەوت و هەر شوێنێکا ئەکرێ و پێوستی بە حیزب نیە. مرۆڤی ئیماندار بەبێ حیزبیش ئەتوانێ پەیوەندییەکی ڕەوانی لەگەڵ خوای خۆیا ببەستێ بەبێ هاوکاری، بەڵام خەڵکانێک بۆ تەواوکردن و پڕیی ئیمانیان و خواپەرستییەکی ڕاست کە خاک و نیشتمان خۆشویست بەشێکە لێی حیزب و ڕێکخراوی جیاجیایان هەڵبژاردووە، مەخابن سیاسەتی بەشێک لەو حیزبانە و سەرکردایەتییەکانیان پێچەوانەی خواستی ئەندامە کوردپەروەرەکانیانە و سود لە نیەتی پاکی ئەو خەڵکانە وەردەگرن. لەبری کوردایەتی کۆیلایەتی خەڵکانی ئەودیوی سنورەکان هەلئەبژێرن. نمونەی ئەردۆگان، نوێترین دیکتاتۆری سەردەم.

تاڵیبان و کوردستان:
تاڵیبان کە بە هێزێکی توندڕەو ڕادیکاڵی ئیسلامی تیرۆرست ناسراون، چوونە ناو کابوڵی پایتەختی ئەفگانستانەوە. یەکەمین خەڵکانێک کە پەیوەندیان پێوەکردن و دوعای خێریان بۆ کردن بەشێک لە هێزە ئیسکامییەکانی کوردستان بوون. لە کاتێکا هەموو جیهان گەواهی توندڕەوی و چەوسانەوەو سوکایەتی بە ژن و کچ و خەڵکانی مەدەنی ئەو وڵاتە ئەیەن لەلایەن تاڵیبانەوە. لەسەردەمی حکومڕانی تاڵێباندا ئەفگانستان بووبووە مۆڵگە و حەشارگەی گەورەترین و ترسناکترین تیرۆرستان. تاڵیبان تەنها بە خەلافەتێک ڕازی ئەبن کە تیرۆری بیرو هزری ئازادی خود تیایا باڵادەستبێ و ترس و تۆقاندن، سیمای حوکمڕانییەکەیانبێ.
ئەگەر تەماشایەکی مێژوو و کردەوەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعش بکەین ئەوا ئەبینی کە تاڵیبان وەک ئەلقاعید و داعش نیە، ئەگەرچی هەرسێکیان هێزی ئیسلامی توندڕەو داپڵۆێسێنەر و خۆسەپێنن، بەڵام تاڵیبان لە خەڵکانی پەراگەندەو ئەو دیووی سنورەکان و کۆکراوەی قینی ڕادیکاڵی ئیسلامی بەرامبەر ئازادییەکانی مرۆڤ و سەربڕین و جیهاد لەو پێناوە بۆ حۆرییەکانی بەهەشت لەناو خاکی وڵاتانی تردا دروست نەبووە، ئەگەرچی تاڵیبان لەناوخۆی وڵاتەکەی خۆیانا توندڕەوێکی ڕادیکاڵ و دڵ ڕەق و دەمارگیرن بەرامبەر ئازادی تاک بەگشتی و ژنان بەتایبەتی، بەڵام ئەوان جیاوازن لە ئەلقاعیدەو داعش.
تاڵیبان خەڵکانێکی جەنگاوەری ئەفگانین لەسەر خاکی وڵاتی خۆیان بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی دروست بوون. تاڵیبان بەرهەمی دڕدۆنکی و پەنجەشکانی براکان و دانونەکولانی هێزەکانی پێشخۆیانن. زۆر کەم بیستراوە کە جەنگاوەرانی تاڵیبان کاری خۆکوژیان لەناو خاکی وڵاتێکیترا بە ئەنجام گەیاندبێ، سنوری وڵاتانی درواسێیان بڕیبێ بۆ کاری خۆکوژی یان هەوڵدان بۆ دەستبەسەراگرتنی خاکی وڵاتانیتر بە مەبەستی دروست کردن و ڕاگەیاندنی خەلافەت.
ناتوانرێ چاو لەو ڕاستیە بپۆشرێ کە تاڵیبان هێزێکی تاریک پەرست و بەربادن، دژی ئازادی مرۆڤن، دنیابینی ئەوان بۆ بەڕێوەبردن زۆر پێچەوانەی کۆمەڵگایەیەکی مۆدێرن و لیبراڵە، بەڵام ناشکرێ دان بەوەیا نەنرێ کە تاڵیبان هێزێکی ئەفگانە و هەمیشە لە ئەفگانستاندا بووە و بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ئەفگانستاندا شەڕی کردووەو و قوربانینداوە. سیاسەت و ئایدۆلۆجیاکەیت بە دڵ بێت یاخود نا، ئەمە ڕاستییەکە پێویستە بزانرێت.
ڕێڕەوی تاڵیبان دیارە و ئەزانرێ لەکوێوە هاتوون بۆ کوێش ئەچن، خاوەن ناسنامەی ئەفگانین، بەپێچەوانەی ئەلقاعیدو داعشەوە کە دوو هێزی چەتەگەرای و بێ ناسنامەن، دوو هێزی کۆکراوەی خەڵکانی پەراگەندەو ڕاونراوی وڵاتەکانی خۆیان، ئامانجیان دامەزرانی خەلافەتێکە کە مرۆڤی ئازاد بوونی نەبێ، ژن و کچان کالایەکی سێکسیی بن و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێ، تۆقاندن شوێنی یاسا بگرێتەوە. بۆیە ئەگەر بەراوردیکی زانستیانە بۆ هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بکرێ ئەوا ئەبێ ئەو بەراوردە بەرامبەر تاڵیبان و ئیخوان موسلمین و حەماس و جیهادی ئیسلامی غەزە بێت نەک ئەلقاعیدە و داعش.
بەڵام باری هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بەرامبەر تاڵیبان لاسەنگ ئەبێت، چونکوم ئەمان بەشێکن لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان و لە چەندین وێزگەشا بوونەتە پارێزەری دەسەڵات و حکومەت، ڕێگربوون و هاوکارنەبوون لە گۆڕینی دەسەڵات، بەڵام تاڵیبان لەماوەی 20ساڵا تەنها بۆ جارێکیش سازشی لەسەر بیروباوەڕ و دنیابینی خۆی نەکرد، نەک هەر لە حکومەت نزیک نەبۆتەوە، بەڵکو شاخ و کێویان هەڵبژارد بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و ژیانی شاهانە.
ئەگەرچی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بە ڕووکەش خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن ئەناسێنن، بەڵام ژێربەژێر پێچەوانەی ئەوە کارئەکەن. نمونەش کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمانەکەی بڕیاریانا کە تەمەنی سەرۆکی هەرێمی ئەوکاتە درێژنەکەنەوە، هەر یەکگرتووی ئیسلامی ڕێگربوو ئامادەنەبوون بۆ ئەو کارە، چونکە بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ درێژەدان بەم جۆرە حکومڕانی و سیستەمەیە کە هەرێمی پێوە ئەبرێ بەڕێوە.
لێرەوە ئەگەیتە ئەو بڕوایەی کە هێزە ئەیسلامییەکانی کوردستان کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات و حوکمڕانی کوردستانا نیە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم پەتەکەیان بۆ شلکەن، هیچ نەڵێن لەبەرامبەر ئەوەی ئەمان کۆمەڵگە تەسقیف بکەن و زۆرترین ئەندام بەلای حیزبەکانیان ڕاکێشن. زۆرترین کچ و ژن باڵاپۆشبکەن بەپۆشاکێک کە ئەمان خۆیان ڕەنگەکەی دیاریئەکەن، زۆرترین خەڵک لە مزگەوتەکانی سەربەخۆیانا کۆببنەوە، زۆرتین خەڵک بەشداری دەرس و وانەکانیان بێت کە مەبەست لێی بارگاویکردنیانە بە حیزبایەتی و ڕاپێچکردنیانە بۆ ناو حیزبەکانیان، هەڵبەتە باسی پشکی حیزبەکانیان ناکەین لەپارەی دزراوی میلەت و ئەمەیان ڕووبەڕووی ویژدانی خۆیان ئەکەینەوە، خۆ ئەگەر بشڵێن پارە لە هەردوو حیزبی باڵادەست و حکومەت وەرناگرین، ئەوا سووچ لە قەباعەت خراپتر. کەواتە سەرچاوەی داهاتەکانیان لەکوێوەیە؟

ژن و ئیسلامیەکان:
بەشێک لە هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان یەکەم بوون لە پیرۆزبایی کردن لە تاڵتیبان دوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات لە ئەفگانستان، بەبرا و هاوپەیمان و هاوڕێ ناویان بردن و دوعایان بۆ ئەکردن کە سەرکەوتووبن و ئاستەنگ نەیەتە ڕێیان. تا ئێرە کێشە نیە، هەموولایەک چاوی لەوەبوو کە ئەکرێ گۆڕانکاری بەسەر بیری توندڕەوی تاڵیبانا هاتبێ و باشترە بەکردار ببینرێن و پاشان قسەیان لەسەر بکرێ.
وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان له‌په‌یامێكا ووتی، “ئه‌ركى ژنان ته‌نها مناڵ بوونه‌، پێویست ناكات به‌شدارییان له‌حكومه‌ت‌ و پۆسته‌كانا پێبكرێت”. سەید زیکروڵڵا ئەلهاشمی وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیا لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی”تۆلۆ”یان “طلوع” کە (کەناڵێکی بازرگانییە و سەر بە گرووپی “مۆبی”یە، کەناڵێکی ناوداری فارسیە و تاجیکەکان خاوەندارێتی ئەکەن. خاوەنی کەناڵی “لێمار”یشن کە بە زمانی پشتۆ پەخش ئەکات) لە وەڵامی پرسیارێکا لە ئەگەری بەشداری پێکردنی ژنان لە کابینەی حکومەتەکەی تاڵیبانا، ووتی: ئەرکی ژنان مناڵ بوونە و پێویست ناکا بەشداریی کاری سیاسی بکەن. بەڵکو بەو سوکایەتیەش دڵی ئاوی نەخواردەوە و زیاتر ڕۆی و دانی بەوەیا نەنا کە ژنان نیوەی کۆمەڵن، ووتی بەدانانیان لە ئەنجومەنی وەزیران نایانکات بەنیوەی کۆمەڵ بەبێ ئەوەی بزانرێ تا چەند مافەکانیان پێشێل ئەکرێ”، لەکاتێکا پێش چەند چرکەیەک هیچ ماف و ئازادییەکی بۆ ژنان نەهێشتەوە کاتێک ووتی: کاری ئەوان تەنها مناڵ بوونە. ئەمە لەکاتێکایە کە واباوە “ئافرەت نیوەی کۆمەڵەو دایکی نیوەکەی تریشێتی”، ئەی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان چییان ووت؟
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەهێزە ئیسلامییەکانی کوردستان یەکەمین خەڵکانێک بوون لەپیرۆزبای و دوعای خێر بۆ تاڵیبان، کەچی کاتێک ووتەبێژەکەی تاڵیبان ئەو سوکایەتیەی بە کۆی ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی ئەفگانستان بەتایبەتی کرد، هیچ هیزێکی ئیسلامی کوردستان نە بە تاک، نە بەکۆمەڵ، نەوەک حیزب و ڕێکخراو بێبەری بوونی خۆیان لەو بیرە پڕ شەرمەزاری و ئابڕوتکێنەی ووتەبێژەکەی تاڵیبان ڕانەگەیان. هەر لایەنی کەم ئەگەر تەنها بۆ موجامەلەکردنی شەقامی کوردیشبێت، تەنانەت لەم کاتەشا کە چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش خۆی لەخۆیا زەنگێکی پڕ مەترسی و ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموو ئازادیخوازێک، پەیامێکە لە هێزە ئیسلامییەکانەوە بۆ شەقامی کوردی کە لەئەگەری گرتنە دەسەڵاتی ئیسلامییەکانی کوردستان دوورنیە هەمان سوکایەتی بەژن و ماف و ئازادییەکان بکرێت، چونکە کاتێک تۆ ئامادەنەبی قسە لەسەر ئەو خاڵە جەوهەرییە بکەیت و دڕدۆنک نەبی لەگەڵ بۆچوونی ووتەبێژەکەی تاڵیبانا، کەواتە تۆ ڕازیت و ئەوەی ئەو ئەیڵێ بڕوات پێیەتی و جێبەجێشی ئەکەیت، کاتێک دەسەڵات هەبێ، کە ئومێدەکەم هەڵوێستی خۆیان ئاشکرابکەن و شک لەیەقین ببڕن.

پیاوسالاری و ئیسلام:
ڕاستییەک هەیە کە نابێ نادیدە تەماشا بکرێ، ئەویش حەزی مرۆڤە بۆ دەسەڵات جا چ ژن بێت یان پیاو، واتە مرۆڤ هەر لە ڕەچەڵەکەوە حەزێکی زۆری بۆ خۆسالاری و گرتنە دەستی دەسەڵات هەیە، ئیتر لە ماڵا بێت یان لە قوتابخانە یان فەرمانگە تا حکومەت، هەمیشە شەڕی خود بۆ دەسەڵات هەر لەگەڵ دروست بوونی مرۆڤەکانەوە هەبووەو هەر ئەشبێت، ئەم شەڕە لەناو بوونەوەرەکانی تریشا هەر بەهەمان شێوەیە، هەمیشە ئازاترین سەرۆکایەتی ئەو گەلە ئاژەڵە ئەکات کە لە دەورووبەرین، ئەگەرچی هێز تا ئێستاش یەکلاکەرەوەیە لەناو ئاژەڵەکانا، بەڵام ئەمە لەناو مرۆڤا گۆراوە بۆ ئەقڵ پاشان هێز. واتە مرۆڤ ئەقڵ بەکارئەهێنێ بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات ئەگەرچی بەڕێگای توندوتیژی و هێزی چەکیشەوە بێت. بەڵام سەرەتا ئەقڵ بەکارئەهێنێ پاشان هێز، واتە ئەقڵ خستنە خزمەتی هێزەوە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و خۆسالاری.
لە بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوین و بەشێک لە ئەفریقا کۆی ئەو جوگرافیایەی ئیسلام ئاینی باوی کۆمەڵگەکەیەتی هاوکارییەکی زۆر هەیە بۆ تێرکردنی حەزی پیاو سالاری، ئەو هاوکارییە لە پارچەکانی تری جیهان بەردەست نیە، ئەویش ئاسانکاریی ئیسلامە بۆ خۆسەپاندن و پیاوسالاری.
ئیسلام ڕێگەی بەوە یاوە کە پیاو خاوەنی دەسەڵاتبێت و دەسەڵات و هێز لەبەرژەوەندی پیاو یەکلای بکاتەوە (الرجال قوامون على النساء)، جا ئیتر موفەسیرە ئیسلامییەکان هەر جۆرە لێکدانەوەیەک و داتاشینێکی بۆ بکەن شوێن ناگرێ، چونکە لەیەکەم بەرکەوتن و گوێ بۆگرتنا، ئەوە لای گوێگر دروست ئەکات کە پیاو لە ژن بەهێزترە، پیاو حاکم و دەسەڵات بەدەستە و سەرۆکە، پیاو لە ژن باشترە، پیاو زیرەکتر و زرنگترە، بەڵگەش بۆ ئەمە دوو شتی زۆر ئاسانە کە ئیسلامیەکان ناتوانن ئینکاری بکەن، یەکەمیان ئەوەیە کە خواوەند بە پیاو پێناسە کراوە، کۆی ناوەکانی نێرینەیە و هەر بە سیفەتی پیاویش ناوهێنراوە. دووەمیش ئەوەیە کە کۆی پەیامبەرەکان “پێغەمبەر” نێر بوون، لە گێڕانەوەکانی “البخاري”ا هاتووە کە پەیامبەری ئیسلام ووتوویەتی “لن يفلح قوم ولوا أمرهم امرأة” واتە گەل سەرناکەوێ ئەگەر حاکمەکەی یان دەسەڵاتدارەکەی ژن بێت.
لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە پیاوانی وڵاتانی ئیسلام لەپاڵ غەریزەیی بۆماوەیی دەسەڵات و حەزی مرۆڤ بۆ خۆسالاری، ئیسلامیش هاندەرێکی سەرەکی و پاڵنەرێکی زۆر هاوکار و باشە بۆ پیاوان تا هەمیشە لەبیری پیاوسالاری و خۆ بەیەکەم و ژن بە پاشکۆ ببینێت.

خاک، نەتەوە، ئاین:
هەرچۆنێک ئەیهێنی و ئەیبەی ئەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە زۆرینەی ئیسلامی سیاسی کورد یان لە ئاینەکەی تێنەگەشتووە، یان هەڵخەڵەتێنراوە و لەخشتەبراوە، یان باش لە ئاینەکەی گەشتووە و ئەوە ئاینەکەیەتی داوای لێئەکا کە خاک و نەتەوە بکات بە قوربانی ئاینەکەی، کە ئەمیان هەڵەیەوە ئاینی ئیسلام شی وای نەوتووە.
ڕاست ئەوەیە و ئەبێ هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان خاک و نەتەوە بە بەشێک لەخوداپەرستی و تەواوکردنی ئیمانیان تەماشابکەن، وەک ئەوەی لە گێرانەوەکانی پەیامبەری ئیسلاما هاتووە (من قتل دون ماله فهو شهيد، من قتل دون دمه فهو شهيد، من قتل دون دينه فهو شهيد، من قتل دون اهلە فهو شهيد)، بەداخەوە بەشێک لە حیزب و هێز و ڕێکخراویی ئیسلامی، هێندەی لەخەمی موسوڵمانێکی بۆرما و فەلەستین و موریدی ئەردۆگانن، چارەکی ئەوە هەستیان بۆ خاک و نەتەوە نیە.
هێزە ئیسلامییەکان بە گشتی ئەوانەی کوردستانیش ئەگەرچی یەک خواو یەک پەرتوک و دینیان کردووە بە چەندین پارچەی مەزهەب و تەریقەوە، لەژێر ناوی ڕێکخراوی جیاواز جیاوازا بۆ بەرژەوەندی کەسی و خێزانی و ئابوری خۆیان ڕێکخستووە، بەڵام ناوەرۆکی هەموویان هەر یەکن، ئەگەرچی هەندێکیان توندئاوێژ و هەندێکیشیان میانڕوەو خۆیان نمایش ئەکەن، بەڵام چەند نمونەیەکی مێژووی نزیکی ناوچەکە و جیهان گەواهی ئەوە ئەیەن کە هەموویان یەک ئامانجیان هەیە، بەڵام ڕێگایان جیاوازە.
ئەگەر هەڵوێستی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بەرامبەر سێ ڕووداو لە فەرەنسا، فەلەستین و ئەفگانستان وەرگرین ئەوا بەڕوونی ئەبینین و بە ئاسانی تێئەگەین کە نەرمترین تا توندترین ئیسلامی سیاسی بیروبۆچوونیان چۆنە و ئەگەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ چ جۆرە حوکمێک ئەچەسپێنن.
هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا تا دواین گۆڕانکاری لە ئەفگانستان، هەڵوێستیان نەگۆڕبووە لەوەی کە ئەوان پاڵپشتی دەسەڵات و حوکمی ئیسلامی ئەکەن کە ئەمەش مافی خۆیانە و هەر بۆئەوەش تێئەکۆشن.
نابێ حیزبێکی ئیسلامی یان کۆمۆنیست بانگەشەی نەتەوەیبوون بکەن، چونکە ئەوان بۆ ئەوە دروست نەبوون.
کۆمۆنیست خەبات بۆ بەختیاری گەلان ئەکات و باوەرێ بە سنور نیە، ئیسلامییەکانیش خەبات بۆ دروست کردنی خەلافەتی ئیسلامی ئەکەن و نەتەوەو سنور بۆ ئەوان هیچ واتایەکی نیە، هەڵبەتە لە کۆمۆنیست و لە ئیسلامیەکانیشا ئەکرێ کەسانێک هەبن کە جیاوازتر بیربکەنەوەو باوەڕیان بە کوردایەتی و دەوڵەتی کوردی هەبێ، بەڵام ئەو کەسانە کەمینەیەکی ناو ئەو حیزبانەن.

سێ نمونە:
کاتێ لەغەزە تیرۆرستێکی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کردەوەیەکی تیرۆرستیان ڕزگاری نابێ و ئەکوژرێ، لە هەواڵی حیزبە ئیسلامییەکانا بە شەهید ناوی ئەهێنرێ کەچی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا بە کوژراو ئەخوێننەوە، یان کە لە غەزە مناڵێک ئەکوژرێ یا کە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکانا ڕوئەیا ڕاستەوخۆ ئازارو ناڵەی عەرەبە فەڵەستینیەکان لە هەناو و گەرووی هێزە ئیسلامیەکانی کوردستانەوە بەرزئەبێتەوەو یەنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان ئەکەن، کەچی کاتێ تورکیا و سەرۆکە ئیخوانیە شۆڤێنیەکەی عەفرین و سەرێ کانێ و گرێ سپی داگیرئەکا و، تیرۆرستە ئیسلامیە یاوەرەکانی دەستدرێژی ئەکەنە سەر کچانی کورد و سوکایەتی بە پیرو بە تەمەنەکان ئەکەن، مەخابن هێزە ئیسلامییەکان بێدەنگی هەڵەبژێرن.
لەسەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەما زۆربەی زلھێزەکانی جیھان کەوتنە دژایەتی عوسمانیەکان و پاشانیش بوون بە نەیاری ئەتاتورک، کەچی گڕگڕ کورد بەڕابەرایەتی پیاوانی ئاینی و شێخ و مەلاکان بوو بە ھاوپەیمان و داردەستی تورک، کە تا ئێستاش کورد باجی ئەو هەڵە مێژووییە ئەیات کە ئەگەر ڕاستکردنەوەی مەحاڵ نەبێ ئەوا بەبێ هاوکاری و بەخودی کورد تاقەت پڕوکێن ئەبێ.
ئێستاش جارێکیتر کە زۆربەی ھەرە زۆری زلھێز و دەرو دراوسێی و وڵاتانی دیموکراسیخواز بوون بە نەیار و دژایەتی سیاسەتی ئەردۆگان،کەچی دیسانەوە گڕگڕ بەشێک لە ئیسلامی سیاسی ڕادیکاڵ و ئیخوانی بوون بە دۆست و موریدی کابرای دیکتاتۆر، هەڵبەتە لێرەیا باسی هێزە ئیسلامییەکان ئەکەین ئەگەرنا حیزبەکانیتریش لەو خووە ناشرینە بێبەش نین.
کاتێک کە خوێنکارێکی ڕادیکاڵی ئیسلامی بەشێوەیەکی وەحشیگەرای هێرشی کردە سەر مامۆستاکەی و سەری لەجەستەی جیاکردەوە، ئەو بابەتە بۆ بەڕۆژەی جیهانی و هەموو مرۆڤدۆستانی هێنایە سەر هێڵ و سەرکۆنەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیان کرد، پاشان سەرۆکی فەرەنسا وتارێکی پێشکەش کرد و بەرگری لەڕای ئازاد کرد لەو وڵاتە، کەچی ئسلامییەکانی کوردستان وەک هەر توندڕەوێکی تر دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر فەرەنسا و سەرۆکەکەی و دیوە ڕادیکاڵییەکەیان بەسەریانا زاڵتر بوو لە مرۆڤایەتی بەبێ ئەوەی هیچ چاکەیەکی فەرەنسا بەرامبەر کورد و دۆسێکەی بیانجوڵێنێ
فەرەنسایەک کە لە دوای ساڵی 1991 وە بۆتە چەتر بۆ کورد و وەک ئەندامێکی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیوەدەوڵەتی لە ھەوڵدایە بۆ دۆستایەتی کورد و دژایەتی و شکستپێھێنانی ھەر کارێک کە لە بەرژەوەندی کوردا نەبێت.
ئەو ڕووداوەی فەرەنسا شەرێک نەبوو/نیە لەنێوان فەرەنسا و ئیسلاما، بەڵکو ئەوە شەڕێکە لە نێوان کۆمەڵگەی فەرنسا بە ھەموو چین و توێژو ئاین و مەزھەبەکانەوە لەگەڵ لەگەڵ فکرێکی ڕادیکاڵی توندئاوێژ و تیرۆریستی نامۆ بە مرۆڤایەتی، کەچی بەشێک ئیسلامییەکانی کوردستان هەر لەبەرەی تیرۆرست و ڕادیکاڵەکانا مانەوە.
ئەو شەڕی نێوان کۆمەڵگە و ھەڵگرانی بیری توندوتیژی و ئیسلامی ڕادیکاڵ تەنھا لە فەرەنسا نیە و پەیوەندیشی بە نیشاندان و بڵاوکردنەوەی وێنەی پەیامبەری ئیسلامەوە نیە ھێندەی خواستێکی تێرکردنی ئەو ڕق و کینە و ئارەزووی خوێن ڕشتنەی ئیسلامیە ڕادیکاڵ و ھەڵگرانی بیری توندوتیژیەوە ھەیە، بۆ نمونە بەھاری ساڵی 2017 لە کردەوەیەکی تیرۆریستیا کەسێکی توندئاوێژ و ئیسلامی ڕادیکاڵ بە بارھەڵگرێگەوە لەناو جەرگەی سەنتەری شاری ستۆکھۆڵما خۆی کرد بەناو خەڵکی سڤیل و بێ تاوانا چەندین کەسی شێلاو پێنچ کەسیشی کوشت کە یەکێکیان مناڵێکی بێ تاوانی یانزە ساڵان بوو، کەچی بەشێک ئیسلامییەکانی کوردستان هەر لەبەرەی تیرۆرست و ڕادیکاڵەکانا مانەوە.
ئەوەی لە کوردستاندا دەیبینین کاردانەوەیەکی دۆگمایی و ترسناکە، کاتێک ئەبینی کە کوردێكی موسوڵمان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیری خۆی بۆ خوێن ڕێژێک و سەربڕێکی چیچانی توندڕەو، تیرۆرستێکی فەلەستینی، دیکتاتۆرێکی تورکی ئیخوانی و بزوتنەوەیەکی ئیسلامی ڕادیکاڵی ئەفگانی دژ بە ژن و ئازادی و پێشکەوتن دەرەبڕێ، ئەوە واتای ئەوەیە کە موسوڵمانی کورد شوناس و ناسنامەی خۆی لێ وون بووە، لە نێوان نەتەوە و دین، توندڕوی و میانڕەوی و ئاشتەوایی و شەڕەنگێزی، بۆیە گرنگە ئاقڵمەندانی ناو هێزە ئەو ئیسلامیانەی کوردستان هەڵوێستەیەک بکەن و جارێکیتر بیرلە سیاسەت و ئاین و نەتەوە و خاک و نیشتمان بکەنەوە، ڕێگەنەیەن کە بەشێک لە سەرکردایەتی ناو ئەو حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامیانە خواپەرستی و کوردایەتی و خۆشەویستی و خاک و نیشتمان و نەتەوە لێکجیاکەنەوە.

*پاثۆلۆجی = زانستی نەخۆشی

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies