عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ره‌شه‌بای ژه‌هر و ئه‌نفال.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

کاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆی 16- 3- 1988 چه‌ند فڕۆکه‌یه‌کی جه‌نگی عێراق گه‌یشتنه‌ سه‌رئاسمانی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ساروخ و رۆکێت و ناپاڵم شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان داگرته‌وه‌، بۆمبه‌کان به‌ گه‌ڕه‌کی سه‌رادا ته‌قینه‌وه‌، جه‌ند ماڵێک به‌رکه‌وت، ئه‌و پۆله‌ فرۆکه‌ یه‌ ده‌هات رۆکێته‌کانی به‌سه‌رشاردا ده‌باراند، دوای تاوێکی ترپۆلێک فرۆکه‌ی تر ده‌هاته‌وه‌، بواریان نه‌ده‌دا خه‌ڵک له‌ ژێر زه‌مین و په‌ناو پاساره‌کان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، تا ئێواره‌ شاریان نوقمی هه‌وری ژه‌هر کرد. خه‌ڵکی شار به‌ پێ و به‌ئۆتۆمۆبیل روویان ده‌کرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شار.
ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌کان وه‌ک ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی تۆپه‌کانی تر نه‌بوو (ته‌په‌ی ده‌هات ]، دوکه‌ڵێکی سپی له‌ گه‌ڕه‌کی [پیر محه‌مه‌د و تووه‌ وشک و خواروی شار ] به‌ره‌و قوڵایی ئاسمان به‌رز ده‌بووه‌وه‌، به‌ کپی و چڕی به‌ سه‌رشاردا ده‌نیشته‌وه‌، بۆنی سیر وسێوی لێ ده‌هات. خه‌ڵکه‌که‌ به‌ په‌شۆکاوییه‌وه‌ رویان کرده‌ عه‌نه‌ب و عه‌بابه‌یلێ و بامۆک، ده‌یان جه‌سته‌ی ره‌ش داگه‌ڕاوی ژن و پیاو منداڵ، له‌ملاو ئه‌ولای قه‌راغ شه‌قامه‌که‌و ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌ و له‌ کۆڵان و به‌رده‌رگادا به‌شێوه‌ی جیا جیا که‌وتبوون. له‌نێو ماڵان و ئوتۆمبله‌ وه‌ستاوه‌کان وشک ببوون.
له‌ رێگای نێوان باوه‌کۆچه‌ک و بامۆکدا جه‌سته‌ی ئاژه‌ڵ ومه‌ڕو ماڵاتێکی زۆر و مرۆڤ به‌لادا هاتبوون، هه‌موو شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری شارو رێگاکان بۆنی ژه‌هری کیمیایی لێ ده‌هات.
سکرتێری گشتی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی دونیا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، ئیدانه‌ی رژێمی سه‌دامیان کرد، ئاماده‌یی خۆیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی برینداره‌کانی کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ربڕی.
میدیای جیهان کامێراو رۆژنامه‌و گۆڤاره‌‌کانی جیهان به‌ هه‌موو جۆره‌کانی میدیای نووسراو بینراو بیستراو ده‌یان وتارو ریپۆرتاژ و وێنه‌ی تراژیدیای تاوانی ره‌شه‌بای ژه‌هری هه‌ڵه‌بجه‌یان خسته‌ روو. به‌ڵام یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو، ئه‌ندامانی وارشۆ و زۆربه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ ئیسلامییه‌کان، به‌ هیچ جۆرێک باسی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌ی جینۆسایده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان نه‌کرد.
سه رکردایه‌تی سیاسیی کوردو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رێزی بڕیاری یاسایی دادگای باڵای تاوانبارانی عێراقیان له‌ به‌غداد نه‌گرت، نه‌ک تاوانبارانی جینۆسایدی کوردیان ده‌سگیر نه‌کرد، به‌ڵکو پارێزگاریان له‌ هه‌موو تاوانباره‌کان کردو ده‌یان پاراست و له‌ کایه‌کانی حیزب و حکومه‌ت دا خزمه‌تیان ده‌کردن.
ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ به‌غداد له‌سه‌ر پلانێکی نهێنی دیاریکراو که‌یسی دوجیل یان خسته‌ پێش هه‌موو که‌یسه‌کانی تری کۆمه‌ڵکوژی کورد، بواریان نه‌دا. دادگای باڵای تاونبارانی عێراق ره‌وتی ده‌ستووری و یاسایی سه‌ربه‌خۆی خۆی ببینێ، له‌ 41 یه‌مین دانیشتن دا، له‌ 5 ی تشرینی دووه‌م ی 2006 حوکمی سێداره‌دانیان به‌ سه‌ر سه‌دام حسین تا خنکاندندا، به‌ تاوانی ساڵی 1982 ی کوشتنی 148 شیعه‌ له‌ دوجیل.
ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌گه‌ری عێراق، به‌ پلان و به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی نهێنی و تایبه‌تیان به‌ هاوکاری ئه‌مه‌رکییه‌کان به‌ خێرایی له 30- 12- 2006 حوکمی له‌ سێداره‌دانی سه‌دامیان له‌ به‌ربه‌یانی یه‌که‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان له‌ بینایی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئیستخباراتی عێراق له‌ کازمیه‌ جێبه‌ جێ کرد.
بۆ ئه‌وه‌ی بوار نه‌درێ سه‌دام له‌ سه‌ر تاوانی ئه‌نفال و کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و زنجیره‌ جینۆسایدی کورد له‌ سێداره‌ نه‌درێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌های به‌ دیکۆمینتی یاسایی نیوده‌وڵه‌تی بۆ جینۆسایدی کورد که‌م بکه‌نه‌وه‌.
بۆبچوکردنه‌وه‌ی ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال و جینۆسایدکردنی کورد بوو ده‌سه‌ڵاتی سونه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق جینۆسایدی کردین، ده‌سڵاتی شیعه‌ی ده‌وڵه‌وتی عێراق له‌ به‌های ده‌ستووری و یاسایی و به‌ دیکۆمینیی نێوده‌وڵه‌تی جینۆسایدی کوردی که‌م کرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی یه‌که‌م

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت