بورهان ڕەئوف: دوای‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ سه‌درییه‌كان.

دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌در له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له 23- 6- 2022‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ رێبه‌ره‌كه‌یان موقته‌دا سه‌در، جێگره‌وه‌كانیان به‌ گوێره‌ی‌ یاسا و رێسا و په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دوای‌ سوێندخواردنی‌ یاسایی‌ شوێنه‌كانیان پڕكردنه‌وه‌.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ سه‌در دوای‌ هه‌شت مانگ له‌ ململانێی سه‌خت له‌ نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ نه‌یاری‌ نێو ماڵی‌ شیعه‌دا هات، كه‌ حكومه‌تی‌ زۆرینه‌ی‌ نیشتمانی‌ دروشمی‌ هاوپه‌یمانی‌ رزگاری‌ نیشتمانی‌ بوو سێ‌ قۆڵی‌ بوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی‌ جێبه‌جێی‌ بكه‌ن، ئێستا دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ سه‌درییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی‌ جێگه‌كانیان نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق به‌ گشتی‌ و نێو ماڵی‌ شیعه‌ به‌ تایبه‌تی‌ گۆڕانكاری‌ بنه‌ڕه‌تی‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌، هێزه‌كانی‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ بوون به‌ هێزی‌ یه‌كه‌م له‌ نێو ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا.
هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی‌ ئاینده‌ی‌ عیراق گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستی‌ بۆ دروست ده‌كرێت و ئه‌ركه‌كانی‌ زۆر قورس ده‌بێت، به‌ تایبه‌تی‌ كه‌ سه‌درییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ببنه‌ ئۆپۆزه‌سیۆنی‌ شه‌قام و ململانێی سیاسیی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ببنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ ژیانی‌ دیموكراسی‌ و په‌رله‌مانییه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پاساوی‌ جۆراوجۆری‌ هه‌یه‌ هه‌ر له‌ شكستهێنانی‌ سیستمی‌ سیاسی‌ و ده‌ستوور و زۆر شتی‌ تر كه‌ ده‌كرێت به‌ هێمنانه‌ و به‌ متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك به‌ خۆسه‌پاندن و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ گۆڕانكارییه‌ ئیقلیمی‌ و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، چونكه‌ ئێستا قسه‌گه‌لێكمان به‌رگوێ‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ده‌ڵێن ئه‌و دۆخه‌ی‌ ده‌ستووری‌ 2005 ی‌ تێدا نووسرا، ئێستا گۆڕانكاری‌ به‌ سه‌ردا هاتووه‌.
ئه‌گه‌ر بۆ هۆكاری‌ گه‌وره‌و سه‌ره‌كی‌ شكسته‌كانی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عیراق له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2005 و نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ بگه‌ڕێین و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ورد و به‌ ئینسافی‌ بۆ بكه‌ین ئه‌وا جێبه‌جێ نه‌كردنی‌ ده‌ستووره‌ و به‌ ئینتیقائی‌ سه‌یركردنییه‌تی‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌ باڵاكانه‌وه‌، نه‌وه‌ك ده‌ستوور خۆی‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌یه‌ك یان دادگایه‌كی‌ ئیتیحادی‌ هه‌بێت پێشێلكاریه‌كان دیاری‌ بكات و رێڕه‌وه‌كه‌ راست بكاته‌وه‌، دانه‌مه‌زراندنی‌ داموده‌زگاكانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیتیحادی‌ له‌ عیراقدا، كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحاد گرنگترینیانه‌، به‌ڵام دوای‌ ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ باسێك له‌ پێكهێنانی‌ نییه‌، ئیتر ده‌بێت خه‌تای‌ ده‌ستوور چی‌ بێت كه‌ به‌نده‌كانی‌ وه‌لا ده‌نرێت و له‌سه‌ر ره‌فه‌كان بێت یان هه‌ر حبری سه‌ر كاغه‌ز بێت؟
كێشه‌یه‌كی‌ تر كه‌ كۆسپی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌موو كابینه‌كانه‌ دانانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ بێلایه‌ن یان بێ‌ بوونی‌ پشتیوانی‌ به‌هێزه‌ له‌ ناو په‌رله‌مان و هێزه‌ سیاسیه‌كاندا، یان یه‌كێك دێنن هه‌ر به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ نه‌كردبێت، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی‌، عیراق پێویستی‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی‌ به‌هێز و خاوه‌ن پشتیوانی‌ په‌رله‌مانییه‌ كه‌ بتوانێت بڕیاری‌ ئازایانه‌ بدات و یاسا به‌رقه‌رار بكات به‌گژ تاقم گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا بچێته‌وه‌ و ناسراو بێت و خاوه‌ن پێشینه‌ی‌ مێژوویی‌ و په‌یوه‌ندی‌ ئیقلیمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ بێت، دووربێت له‌ ئینتیمائی‌ تائیفی‌ و قه‌ومی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای‌ عیراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ ره‌چاو بكات.
پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌ش هه‌ركابینه‌یه‌ك پێك بێت به‌ ده‌ردی‌ كابینه‌كانی‌ پێش خۆی‌ ده‌چێت.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies