سانا نەوزاد: پڕۆسەی ڕیفۆڕمی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

پێشەکى
ڕیفۆڕم یەکێکە لە بابەتە گرنگ و کاریگەرەکان لە دونیادا کە گۆڕانکاری گەورە دەخوڵقێنێت، وە ڕیفۆرمی سەرکەوتوو دەرەنجامی زۆر سەرکەوتوو گۆڕانکاری زۆر کاریگەر دەبێت. ڕیفۆڕم دەکرێت لە هەموو بوارێکدا لە ناو دەوڵەت و حکومەتدا جێبەجێ بکرێت کەتێیدا پێویست بە چاکسازی بکات، ڕیفۆرمی ئەمنی، سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، وەلە زۆر بوار و فۆڕمی تردا هەیە. ڕیفۆڕم بە واتای چاکسازی و گۆڕانکاری دێت لە دۆخەکاندا، لە خراپەوە بۆ باش یاخود لە خراپترینەوە بۆ باشترین، کە زۆر کاریگەرە بۆ خۆڕزگارکردن لە شکستی گەورەی حوکم و دەسەڵات یاخود دەوڵەت.
وە ڕیفۆرمی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە ڕیفۆرمی سەربازی دادەنرێت، کە بریتیە لە چاکسازی لە هێزە ئەمنیەکاندا لە ڕووى ئەرک و یەکەکانی هێزە ئەمنیەکان. بۆ دوبارە بنیاتنانەوەو دروستکردنی هێزێکی بەهێز و بوونی هێزی پێشمەرگە بە هێزێکی مۆدێرن و ڕێکخراو . ڕیفۆرمی سەربازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کاریگەریەکانی گەورەن و ڕۆڵی گرنگ دەبینێت بە حوکمی ئەوەی هێزی ئەمنی و سوپا لە هەرێمی کوردستاندا بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەکیان هەیەو ئەرکی ئەوانە پاراستنی خاک و شکۆی حکومەتى هەرێم و نەتەوەکەیان وە هەروەکو دیارە سوپای بەهێز پیشاندەری سەنگینی و هێزی ئەو حوکمەت و دەوڵەتانە نیشان دەدات کە بەرگری لێ ئەکەن لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، هەر لەبەر ئەمەیە ئەم پرۆسەیە دەبێت بە هەند وەربگیرێت و کاری جدی لەسەر بکرێت. هاوشان جگە لە گرنگی هێزە ئەمنیەکان کە ئەرکی سەرەکیان بریتییە لە پاراستن و ئاسایش لە ناوچەکە بۆ هاونیشتمانیان و هاوڵاتیەکانیان.
پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەکانی پێشمەرگە لە 2014 ەوە لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە داوا کراوە لە حوکمەتی بەریتانیا کە هاوکار بن لەم پڕۆسەیەدا، چونکە ئیرادەیەکى کوردی هەیە بۆ ئەم هەنگاوە، بەڕیتانیەکان و چەند وڵاتێکی تریش ئامادەبوون بۆ هاوکاری کە ئەمەش بە هۆی بوونی مەترسی گروپە تیرۆرستیەکانە لەم ناوچەیە وە سیاسەتی هاوپەیمانان لەم ناوچەیە و بەرامبەر کورد. لە پاشاندا گروپی ڕاوێژکاری MNAG پێکهێنرا کە پێکهاتووە لە وڵاتانی وەک: بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا . دوای دیراسەکرندی پڕۆسەکە لەلەیەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە پڕۆژەیەکی 28 خاڵی نوسرایەوە بۆ ڕیفۆڕمی هێزەکانی پێشمەرگە، MNAGو لەگەڵ بۆردی حوکمەتی هەرێم بۆ ڕیفۆڕم بۆ هەر پرۆگرامێک گروپێکی هاوبەشیان پێکهێنا لە کەسانی شارەزا لە بوارە دیاریکراوەکاندا. بۆ نموونە، هۆڵەندیەکان کاردەکەن لەسەر پێدانی مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بەریتانیا کار لەسەر پەروەردەی لەشکری پیشەیی دەکەن. هەموو ئەم خاڵانە پێویستن بۆ کردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە هێزێکی نیزامی، وە ئەم پڕۆسەیە تا وەکو ئێستا بەردەوامە کە دەکاتە نزیکەی 8 ساڵ وە بەپێی لێدوانەکانی کۆمەندەرەکانی هێزە هاوپەیمانەکان بێت ئەم پڕۆژەیە بەرواری کۆتایی هاتنی بۆ دیارینەکراوە، بەڵام بە پێشبینی ئەوان و خەمڵاندنیان بۆ پڕۆژەی ڕیفۆرمی هێزەکانی پێشمەرگە تاوەکو ساڵی 2025 پڕۆژەکە نزیک بە تەواو بوون دەبێت. بەڵام تا ئێستا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ و دڵخۆشکەر و گەش نابینرێت و بە پڕۆسەیەکی خاو لە قەڵەم دەدرێت لە ساڵی 2022 هەروەک لێپرسراوێکى سەربازى باڵاى وەزارەتى پێشمەرگە ئاماژەی پێداوە کە سێ لیوا لە هێزەکانی 70 و 80 وە لیوای یەک و دووی هێزەکانی پاڵپشتی لە ژێر وەزارەتی پێشمەرگەدان، ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە بوونی هێزی پێشمەرگەیە بە هێزێکی نیزامی و مۆدێرن کە یەکەم هەنگاو بۆ ئەم کارە لە یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 یە و یەکخستنەوەی هەموو هێزە حزبیەکانە بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان بێت وڵاتان ناتوانن لەگەڵ هێزە نایاسایی و میلیشیاکاندا مامەڵە بکەن.
پێشمەرگە لە دوای هاتنی داعش لە جیهاندا بوە باسێکی بەردەوام و زیاتر ناسرا لەلایەن جیهانەوە وەکو سیمبولى ئازایەتی و چاونەترسی و بۆتە سیمبولى بەرگریکار بۆ نەتەوەی کورد، وە هەروەها کورد ڕۆڵی بەرچاوی خۆی هەیە لە ناوچەکە و کەیسی کورد لە مێژە بۆتە مەسەلەیەکى گەورە و گرنگ لەلاى وڵاتانى دەرودراوسێ و وڵاتانى زلهێزى ڕۆژئاوا و ئەوروپا،کە ئەمەش وادەکات کورد لەناو دەسەڵات و حکومەتى هەرێمى کوردستان بەگشتى و لەبوارى سەربازى و پێشەمەرگایەتیدا پڕۆسەى ڕیفۆرمى سەربازى بەئەنجام بگەیەنێت بۆ ئەوەى توانا و هێزى ڕووبەڕووبونەوەى زیاترى هەبێت لەمیانەى پڕۆسەیەکى کورت مەودا و ستراتیژیشدا لەگەڵ هەموو هێزە تیرۆریستەکاندا و هەر بەو مەبەستەش هێزەکانى هاوپەیمانان هان و پشتگیرى پڕۆسەى ڕیفۆرم دەدەن لە بوارى سەربازیدا.

• پرۆژەی پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەم بوارانە لە خۆ دەگرێت:

1. ستراتیژی بەرگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە.
2. کارنامەی هێزی پێشمەرگە.
3. یاساکان و ڕێنمایەکان.
4. دامەزراندنى یەک یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو.
5. پلاندانانی بودجەی چوارساڵی.
6. دوبارە ڕێکخستنەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
7. مووچە، دەرماڵە، و پارەی خانەنشینی.
8. دامەزراندن و بەرەوپێش چوون.
9. پەروەردەی لەشکری پیشەی .
10. بنەما و ڕاهێنان.
11. دادوەری سەربازی.
12. یەکسانی کۆمەڵایەتی ( جێندەر ).
13. ئەفسەری پۆل.
14. هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق.
15. کاریگەری هێزەکان بەیەکەوە.
16. ئامادەباشی.
17. لۆجیستی.
18. گەیاندن.
19. پزیشکی.
20. پێدانی موچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی.
21. یەکپۆشی.
22. یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە.
23. ستراتیژیەتی نیشتەجێبوونی پێشمەرگە.
24. بەڕێوبەرایەتی گرێبەست.
25. هاوکاری بۆ خێزانی شەهیدان و برینداران.
26. پڕۆژەی گەڕان و چاودێری هەواڵگیری (درۆن).
27. پڕۆژەی ستراتیژی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە.
28. یەکخستنی زاراوە سەربازیەکان.
ئاشکرایە کە هەموو ئەم بوارانە کاریگەرى گەورەیان دەبێت لەسەر ڕێکخستنەوە و بەهێزبوونى هێزى پێشمەرگەى کوردستان.

• لە دەرەنجامی توێژینەوەکەدا، ئەم ڕاستیانەى لاى خوارەمان بۆ دەرکەوت:
لە پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەکانی پێشمەرگەدا، گەلێک هۆکار بونەتە ڕێگر لەبەردەم پێشکەوتن و بەئەنجامگەیاندنى پڕۆسەکەدا لەمەودایەکى کورتدا وەک:
1. هۆکارە سیاسیە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان .
2. ململانێ و متمانە نەبوونی نێوان هێزە کوردیەکان.
3. کێشەی بودجە.
4. جگە لە دەستێوەردان و سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتى بوونەتە بەربەست لەبەردەم ئەم پڕۆسەیە و بۆتە هۆی خاوی و بەرەوپێش نەچوونی .

• لێرەدا ئەو پرسە دێتە پێشەوە کە ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستان چیە لە چارەسەرکردن و نەهێشتنى ئەم ڕێگریانەدا ؟
بەمەبەستى نەهێشتنى هەموو ئەو ڕێگرى و بەربەستە ناوخۆیى و ناوچەییانەدا ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە هەستێت بە :
1. ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێم و حیزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە کە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە بکەن بە تایبەتی هێزە باڵا دەسەکانی ئەم هەرێمە وەک یەکێتی و پارتی بە هەما هەنگی هەوڵ بدەن بۆ چەسپاندنى دیموکراسیەت .
2. بە دامودەزگاییکردنى هێزە ئەمنیەکان و یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 کە دوو گەورەترین هێزەکانی پێشمەرگەن لە ڕووی ژمارەو چەک و پێداویستیەوە .
3. دەبێت یەکێتى و پارتى، بگەن بە ڕێکەوتنی سیاسی نێوانیان و کێشە سیاسیەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن چونکە لە ڕێکەوتنی نێوان حوکمەتی هەرێمی کوردستان و هێزە هاوپەیمانەکاندا هاتووە کە ئەوان هاوکار نابن لە ڕیفۆڕمی پێشمەرگەدا ئەگەر حیزب و لایەنە کوردیەکان ڕێکنەکەون و ئەوان ئامادەنین کە هاوکاری هێزی حیزبی بکەن.

• دەرئەنجامى لێکۆڵینەوەکە
لە دەرئەنجامدا ئەم لێکۆڵینەوە زانستیەدا، دوو پێشبینی بۆ داهاتووی پڕۆژەی ڕیفۆرمی هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، کە دەکرێت بە دوو بەرەوە:
1. بەرەیەک کە گەشبینن بە هێزە کوردیەکان و هێشتا تروسکاییەکی ڕووناکی دەبینن لە سیاسەتی حزبە کوردیەکاندا بەرامبەر یەکگرتنەوە و ئیشکردن لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەکەیاندا و بڕوایان وایە کە ئەم پڕۆژەیە کۆتایەکەی هێزە کوردیەکان یەکدەگرن و داهاتوو بە دەستی حیزبە کوردیەکان بەرەو گەشەسەندن دەڕوات بە پێی ئەوەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە داواکراوە و دەسپێشخەری بۆ کراوە لەلایەن لایەنە کوردیەکانەوە، وە تا ئێستا 18- 21 لیوای هاوبەش خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
2. بەڵام ڕایەکی تر هەیە کە گەشبین نیە بە داهاتووی ئەم پڕۆژەیە، چونکە تێبینیان هەیە لەسەر مێژووی حیزبە کوردیەکان و پێیان وایە بە ئاسانی ناگەنە ڕێکەوتنی سیاسی و دیموکراسیەت لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن و قورسە بۆ هەریەکێکیان دوای مێژوویەکی دوروو درێژو و تاڵ کە متمانە وا بە زووی درووست ببێتەوە و هەریەکە هێزە ئەمنیەکانی خۆی واز لێبێنێت و بێ دەسەڵات بمێنێتەوە، چونکە هێزی سەربازی واتە دەسەڵات و هەبوونی پێگەیەکی باڵا و گران، ئەمە جگە لەوەی خۆی لە خۆیدا لە نێوان هێزە کوردیەکاندا ڕێگرى و بەربەست هەیە و دەوڵەتە هەرێمایەتیەکان و دراوسێکان هاوکارن بۆ دژوار بوون و ئیشکردن لەسەر یەکنەگرتنەوەی هێزە کوردیەکان. چونکە بە دڵنیایەوە لە هیچ وێسگەیەکى مێژوویدا یەکگرتنەوەی کورد و هێزە کوردیەکان لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێدا نەبووە بە تایبەتی وڵاتانی تورکیا و ئێران، هەربۆیە ئەم بەرەیە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى کە ئەم پرۆژەیە سەرکەوتوو نابێت و لە کۆتایدا هێزە هاوپەیمانەکانیش کۆڵ دەدەن لە هاوکاریەکانیاندا بۆ ئەم پڕۆسەى ڕیفۆرمەى هیزى پێشمەرگە.
بەهیواى ئەوەى کە ڕاو و بۆچونەکانى ئەم بەرەیە ڕاستدەرنەچێت، چونکە ئەوکاتە کارەساتێکى گەورە ڕووبەڕووى ئایندەى گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دەبێتەوە، بۆیە گرنگە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەردووى پارتى سەرەکى (یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان) بەگرنگیەوە لەم پڕۆسەیە بڕوانن و هەوڵى جدى بدەن بۆ سەرخستنى. لەبەرئەوەى سەرکەوتنى ئەم پڕۆسەیە دەروازەیەکى فراوانتر دەکاتەوە لەبەردەم ئایندەیەکى ڕۆشنتردا بۆ گەل و وڵاتەکەمان.

* تێبینى:
ئەم وتارە بەشێکە لە توێژینەوەى زانستى بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە کۆلێژى زانستە ڕامیاریەکان/بەشى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies