شەماڵ بارەوانی: مــــــرۆڤــــی یاخـــی.

شاکارێکی فەلسەفی مەزن و بەرهەمێکی تری(ئالبێرت کامۆ)ی فەیلەسوفەو یەکەم چاپی بە زمانی فەڕەنسی و لەساڵی 1951 لێ بڵاو بووەوە.
هەڵبەت، هەرکاتێک ناوی کامۆی گەوره نهلیست و فەیلەسوفی بوونگەرای سەدەی بیستەم دەکەوێتە بەرگوێمان، ئەوا ڕاستەوخۆ بیرو خەیاڵمان دەڕوات بۆ لای کۆمەڵێک چەمکی وەک: وجودیەت و نهلیزم، عەبەسیەت و نامۆیی و یاخی بوون و شۆڕەش و… تاد.
کامۆ ئایکۆنی یاخی بوونەو لە کوێ ناوی یاخی بوون بەرگوێمان بکەوێت، یەکسەر بیرمان بۆ لای فەلسەفەو مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ دەچێت.
لە مرۆڤی یاخییەکەیدا، کامۆ بنەماو بنچینەی فەلسەفەکەی دادەڕێژێت و باس لە میتافیزیکاو لەو پەرەسەند و گۆڕانکارییانە دەکات کە لە مێژووی یاخی بوون و شۆڕشەکاندا ڕوویانداوە، لە کۆمەڵی مرۆڤایەتی. بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئەوروپی و خۆرئاوا.
کامۆ باس لەو تەمەڕودوو یاخیبوونانەی بەرەبەیانی مێژووی ئینسانیەت دەکات،کە لەپێش یاخی بوونەکەی سپارتاکۆس ڕوویانداوە و پێیمان دەڵێت: ئەوکاتەی کۆیلە هاوشێوەی بوو، کەڵەیەک بوو بە دەست خاوەنەکەیەوەو بێ ڕێزی بە کەسایەتی و بوونی دەکراو هیچ ئازادی و سەربەستیەکی نەبوو، دواتر هێدی هێدی ژیانی کۆیلە و دۆخی کۆیلایەتی بەرەو باشتر ڕۆشت و پێشڤەچوونێکی ڕێژەیی بە خۆیەوە بینی، بە تایبەتی لەو کاتەی دۆخەکە لە عبودیەتەوە گۆڕدرا بۆ سەردەمی ئەقتاعییەت و دەرەبەگایەتی، لەودەمەدا، کۆیلە، یاخود باشتروایە بڵێین جوتیار هەندەک ئازادی بە دەست دێنێت و وەک ئەو کاتەی پێشوو تەنها بوکەڵە بوو کەڵەیەکی بێ ئیرادەو بێ ئازادی و بێ ماف نامێنێت.
دواتر ژیانی مروڤایەتی و میلی مێژوو و زەمەن پێدەنێتە قۆناخێکیتر، کە ئەمیش قوناخی کەپیتاڵیزم و سەرمایەداریی پیشەسازییە، لەو سەردەمەدا، کۆیلە، (کرێکاری کارگەکان). سەردەمێک بەراورد بە سەردەمی فیۆداڵ و دەرەبەگایەتی، کۆیلە ئازادی زیاتر بەدەست دێنێت. بەو چەشنە ژیانی کۆیلەو سیستەمی نامرۆڤانەی کۆیلایەتی لە مێژووی مرۆڤایەتی و لەگەڵ یاخی بوونەکاندا، قۆناخ بە قۆناخ و هەنگاو بە هەنگاو، پێشڤەچوون بە خۆیەوە دەبینێت و باشتر دەبێت.
کامۆ لەو کتێبەی دا باس لە مرۆڤی یاخی دەکات و لێمان دەپرسێت مرۆڤی یاخی کێیە؟ هەرخۆیشی وڵاممان دەداتەوەو پێمان دەڵێت: ئەو مرۆڤەیە کە دەڵێت: نەخێر! واتا
ئەو مرۆڤەی ئامادە نییە، مێگەڵ ئاسا بژیت و سەری ڕەزا مەندی بۆ هەموو فرمانێک بڵەقێنێت و بەڵێ و ئەزبەنی بۆ هەموو سەپاندنێک بکات.
مرۆڤە یاخییەکەی کامۆ، مرۆڤێکە قبوڵ ناکات، کەسیتر لە جیاتی ئەو بیربکاتەوەو بڕیاربدات. مرۆڤێکە، ڕەتی دەکاتەوە بە چاوی بەرامبەر دنیاببینێت و بە پێیەکانی هیچ کەسێک هەنگاو بهاوێژێت. ئەو مرۆڤێکە خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات و ڕێگە نادات کەس هێڵ بۆ ئازادییەکانی بکێشێت و بوت لەبەردەم خواستەکانی قوت کاتەوەو ژیانی هەمووی بە بۆمبی تابوو و بڤە مین ڕێژبکات و سنوور بۆ خەون و ئاواتەکانی دیاری بکات.
مرۆڤە یاخی بووەکەی کامۆ، خۆی تەفسیر بۆ وجودی خۆی دەکات و واتا بۆ پۆچیەکان دادەتاشێت و مانا بە ژیانە بێ ماناکەی خۆی دەبەخشێت. مرۆڤێکە پێمان دەڵێت، گەر ڕێنێ دیکارت وتبێتی:”من بیردەکەمەوە، کەواتەمن هەم”و مرۆڤی بە کائینێکی بیرکەرەوە دانابێت و بیرکردنەوەی کربێت بە پێشمەرجی بوون لە ژیانی مرۆڤ و بوونگەرانکانیش لە بەرامبەردا بڵێن:”من هەم، کەواتە بیردەکەمەوە”و ماهییەت و چییەتی مرۆڤ پێش (بیرکردنەوە، ئایدۆلۆژیا، ئایین، نەتەوە، ئیتن و ڕەگەز) خستبێت، ئەوە کامۆ یاخی بوون دەکات بە بنەمای ژیان و جەوهەری وجود و ماکی مرۆڤ بوون و پێمان دەڵێت:من یاخیم ، کەواتە من هەم، و یاخی بوون بە پێش مەرجی مرۆڤ بوون دادەنێت و مرۆڤ بە کائینێکی یاخی بوو حیساب دەکات.

مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ،
مرۆڤێکە، دەق بە دۆگمایەکەوە ناگرێت و لە چەقی هیچ ئایدۆلۆژیایەک ناوەستێت و خۆی لە ناوهیچ تونێڵی تێگەیشتنێکی دیاری کراو بۆ هەڵبژێردراو زندانی ناکات.
ئەو، مرۆڤێکە بەردەوام بیردەکاتەوەو گۆڕانکاری لە ئاڕاستەی بیرکردنەوەو جیهان بینی دەکات و هەوڵدەدات و تێدەکۆشێت لە پێناو گۆڕانکاری لەو دۆخ و واقعەی هەیە، بەرەو باشترو باڵاتر.
ئەو واقیع وەک خۆی قبوڵ ناکات و هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە یاخی بوون و تێکۆشانەکەی ئەو بکات. ئەو ڕەتی دەکاتەوە کڕنۆشی سەرشۆڕی بۆ هیچ یەکێک لەو بتانە ببات کە لە کۆمەڵ لە بەردەم ئازادی تاکەکان قوتدەکرێنەوەو مرۆڤ ناچاردەکەن، سەریان بۆ دانەوێنێت و خۆیان بۆ بچەمێنێتەوەو بەپیرۆز و سەرو ڕەخنەو وەک خواوەندانێک سەیر بکرێن.
نەخێر ئەو ببڕای ببڕ قبوڵی ناکات وەک بەندەیەک تەعامولی بکرێت، هیچ کەسێک خۆی بکات بە سەردار و سەیدی ئەو،
ئەو مرۆڤێکی جیاوازە، کەس ناتوانێت ڕامی بکات و کۆدو بیرو باوەڕو ئیدەلۆجیاو بکەو نەکەکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.
ڕەتکرنەوەو ڕادەست نەبوون و کڕنوش نەبردن، لای ئەو بەهاو ئەخلاق و ئەقیدەو ئیمان و بیرو باوەڕ و پڕەنسپیەو هەرگیز دەست بەردایان نابێت. ئەو نایەوێت وەک مەڕی ناو مێگەڵ لێبخوردرێت و دەست بەسەر هۆشیاری و کەسایەتی و کەڕامەتی دابگیرێت. ئەو گومان دەورووژێنێت، پرس دەکات، ڕەخنەدەگرێت و بەبڕوای ئەو، مرۆڤ لە جەوهەردا مرۆڤیکی ڕەخنەگر و پرس کەر و گومانگەرایە.
ئەو بێ لە بێژینگدانی زانست و بە فلتەردابردنی ئەقڵ و هەڵسەنگاندنی بەڕێگەی لۆژیک، هیچ شتێک وەکوو حەقیقەتێکی موتڵەق و یەقینێکی سەروگومان و پیرۆزییەکی باڵاو کۆتا تەفسیرو دوایین ئایین و باشترین مەزهەب و، گرووپی ناجیە و هاوڕێی فریشتەکان و ئەهلی بەهەشت و دۆستانی خواوەند وەرناگرێت.
لە تێڕوانین و دیدەنیگای مرۆڤە یاخییەکەی کامۆ ئەو سەردەمە گوزەشت، چیتر هیچ شتێک وەک ڕاستیەکی ڕەها بە مرۆڤایەتی بفرۆشرێتەوەو مرۆڤەکانی بێ دیماگۆج و گەوج و لغاو بکرێت، بەڵکوو سەردەم سەردەمی ڕێژەگەراییەو دەبێت پێوەری نسبی بوون بە سەر هەموو شتێکدا جێ بەجێ بکرێت.
کێ دەتوانێت وا بە ئاسانی قەناعەت بە مرۆڤەیاخییەکەی کامۆبکات، کە، مرۆڤ لە چارەنووس و ئەزەلەوە هەموو شتێکی بۆ بڕدراوەتەوەو بڕیار لەسەر وردو درشتی ژیانی دراوە!؟
بۆیە ئەو جگە لە ئەکتەرێکی ڕۆڵ بۆ دیاری کراوی بێ دەسەڵات، هیچ شتێکیتر نییە، جگە لە ڕۆڵبینین لەو شانۆیەی بۆی نووسراوە ڕوڵ وازی بکات وەک ئەوەی شانۆنووس لە پشت پەردە داوای لێکردووە، بێ کەم و زیاد و هیچ دەستکاریکردنێک!
مرۆڤ گەر ئەرستۆ گوتبێتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییه، لای کامۆ، بێگوومان مرۆڤ بوونەوەرێکی یاخییه. مرۆڤە یاخییەکەی کامۆ، مرۆڤێکە ،هەرگیز ڕادەستی شکست نابێت و ئاڵای دۆڕان بەرزناکاتەوەو لە دژی قەدەر دەجەنگێت و سیزیف ئاسا، شەڕی مان و نەمان و خۆ سەلماندن دەکات.
شەڕدەکات لە پێناو نەهێڵانی شەڕ، یاخی دەبێت لە پێناو ئازادییەکان، بۆ سەربەستی بوون و مافەکانی، بۆ بەدیهێنانی خەون و خۆلیاکانی، بۆ لەناو بردنی یاسای لە سێدارەدان، بۆ سڕینەوەی بیرۆکەی کوشتن لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی، بۆ پەرپاکردنی ئاشتی، بۆ لابردنی سیستەمی کۆیلایەتی، یاخی بوون لە دژی دریکتاتۆر و چەوسانەوە، لە دژی بتەکان، لە دژی ئایدۆلۆژیاکان، لەدژی هێڵە دەستکردەکان.
مرۆڤە یاخیەکەی کامۆی وجودی، مرۆڤێکە لەدژی هەموو بتە مادی و ڕووحی و ئایدۆلوجیاکان یاخی دەبێت. مروڤێک بانگەوازی لە گروهی مرۆڤایەتی دەکات و پێیان دەڵێت:ژیان لە سایەی سیستەمی کۆیلایەتی خەجاڵەتی و ترسەنۆکی و بێ ڕێزییە، تەنها لەگەڵ یاخی بوون، مرۆڤ بوون و ڕێز و کەڕامەت و مافتان بۆ دەگەڕێتەوەو لە کۆت و بەندەکان ئازاد دەبن.

مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ،
ڕووبەڕووی ناداپەروەری دەبێتەوەو تەحەدای ستەم دەکات و سەری بەرزی لە بەردەم هیچ هەڕەشەو کابووسێکدا شۆڕناکات. ئەو تامی ژیان لە یاخی بووندا دەبینێت.
ئەو گەشتووە بەو قەناعەتەی، کە ئەو بۆ ئەوە نەهاتووەتە بوون، تاوەکو کۆیلەبێت. بەڵکوو ئەو واتای ژیان تەنها لە سەربەستیدا دەبینێتەوە. سەربەستیش نایەتە بوون ئەوکاتە نەبێت، کە، مرۆڤ نەخێردەکات و لە سیستەمی کۆیلایەتی یاخی دەبێت. مرۆڤە یاخی بووەکەی کامۆ بە هەموو شێوەیەک دژی توندو تیژییە، تەنانەت گەر ئەو توندو تیژییە ئامڕازێک بێت لە پێناو ئامانجێکیش.
مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ پێمان دەڵێت:گەر دەتانەوێت، سیستەمێکی دیموکراتیک و وڵاتێکی ئازاد و گەلێکی سەربەست و ژیانێکی خۆشگوزەران و یەکسانتان هەبێت، ئەوە دەبێت پێڕەوی لە یاخی بوون بکەن و پێڕۆی کۆیلێتی بخەنە ژێر پێتان و پەرتۆکی شەرشۆڕی بدڕێنن و پەڕەکانی بێدەنگی بسووتێن و جاڕی یاخی بوونێکی مەدەنی بدەن.
یاخی بوونێک، بە وشە عەرشی دیکاتۆرییەت بڕمێنن و بەهەنگاوەکانتان دڕکی کۆیلایەتی لە کێڵگەی ژیان لەڕەگەوە هەڵقەنن، چیتر قبوڵ نەکەن، کەس یاری بە ژیانتانەوە بکات و مافتان بخوات و کەسایەتی و کەڕامەتتان پێشێل بکات.
مرۆڤەیاخیەکە پێمان دەڵێت لەسەر بوونم موساوەمە ناکەم لەگەڵ هیچ جەلادێک، یان هەمووی یاخود هیچ. ڕێزی تەواوی ماف وخواستەکانم دەگریت، یان قبوڵی ناکەم.
مرۆڤە یاخیەکە پێمان دەڵێت، دەبێت مرۆڤ هەڵگری جیناتی یاخی بوون و خاوەنی ڕۆحیەتێکی یاخیانەبێت و دەنگی کۆیلایەتی لە ناخیدا کپ بکات و بخنکێنێت، تابتوانێت به ئازادی بژیت. ئەو پێمان دەڵێت مرۆڤ لە هەر کیشوەر و سەدەو قۆناخێکی مێژوویی و کامە سنووری جوگرافیا ژیابێت و بژیت، سەر بە هەر ئایین و نەتەوەو ڕەگەز و مەزهەبێکەوە بێت، پێش هەمووشتێک و دوواجار ئەو مرۆڤە و بە هیچ پێوەرو پاساوێک ناکرێت بکرێت بە کۆیلە.
ئاخر بە چ لۆژیکێکی ئینسانی و پێوەرێکی ویژدانی و حوجەیەکی ئەخلاقی مرۆڤ مرۆڤ دەکات بە کۆیلە!؟
بۆیه هەر ئایین و ئایین زاو تەوژم و ڕەوتێکی هزری و قوتابخانەیەکی فەلسەفی، ڕەوایەتی دا بە سیستەمی کۆیلایەتی، لەژێر هەر ناو بە هەرپاساوێک، ئەوە گومانت لە نامرۆڤانەبوونیان نەبێت.
مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ درۆشمی بەڵێ بۆ هۆشیاری و وەعی، بەڵێ بۆ مرۆڤ بوون، بەڵێ بۆ ئازادی بەرزکردووەوەتەو بە هەڵگرانی تۆی بیری ڕەگەز باڵایی و ڕەگەزپەرستی و دکتاتۆرییەت و هۆڤێتی دەڵێت نەخێر، بۆ جیاکاری ڕەگەزی و چەوسانەوەی مرۆڤ و نایەکسانی و عبودیەت و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و زەوتکردنی ئازادییەکانی ئینسان.
مرۆڤە یاخییەکە پێمان دەڵێت گەر دەخوازیت تەحقیقی ئینسانییەتت بکەیت، ئەوە یاخی بوون هەڵبژێره، گەردەتەوێت چیتر بە یاسای دارستان حوکمت نەکرێت و بە هێز بێ هێز نەخوات، دیسان یاخی بوون. لەیاخی بوون بەختەوەری و ڕزگاری تۆهەیه، بە یاخی بوون ئەوروپا، سەدەتاریکەکانی جێ هێشت، سێکوچکەی دەسەڵاتی دەرەبەگ و پاشاو ئایینی تواندەوە. بەیاخی بوون شۆڕشکەی فەڕەنسا سەری گرت و پڕەنسیپەکانی عەلمانیەت و پێوەرەکانی حەداسەت و ڕەگەزەکانی حەزارەت جێگیربوون و قۆناخی گیلۆتین و سوتانی فەیلەسوف و زاناو بیرمەندەکان و سانسۆرکردنی کتێب و بەهەرتەقەکردنی جودابیران و سەردەمی خوڕافەیان جێ هێشت.
بەیاخی بوون شۆڕشەنەرم و ناتوندو تیژییەکەی گاندی سەرکەوتنی بە دەست هێنا. بەیاخی بوون گەلان ئازاد دەبن، و ئازادی بەرقەرار دەبێت. یاخی بوون یاسا ڕەقەکان دەگوڕێت، ستەم دەتوێنتەوە، یاخی نەریتەکۆنەکان ناچاری ملدان و گۆڕانکاری دەکات میتۆدی ڕخنەیی و مێژوویی و ڕیفۆرم بە سەر ئایین و ئایینزاکاندا جێبەجێ دەکات و بنەماکانی تۆلەرەنس و یەکسانی جێدەری و مافی مرۆڤ و ژن و، ڕۆشنبیری ژینگە دۆستی و هەستی ئاژەڵدۆستی و.. تاد. لەبیرو باوەڕ ودڵ و دەروونی تاکەکان جێگیردەکات و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەسەپێنێت و دەرگای دۆرەخ دادەخات و بەهەشت ڕۆدەنێت.
یاخی بوون بیری ڕەگەزپەرستی لەناو برد، قفڵی ئەقڵەکانی کردەوە، شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی و پیشەسازی بەرهەم هێنا.
مرۆڤەیاخییەکەی کامۆ پێمان دەڵێت ،مرۆڤی کۆیلە ناتوانێت خەون ببینێت، مرۆڤ بوونی خۆی جێ بەجێ بکات، ئازادانەبیربکاتەوە، داهێنان بکات، وەرچەرخان لە ڕەوڕەوەی شارستانییەت ئەنجام بدات و جێ دەستی لە مێژووی مرۆڤایەتیدادیاربێت، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بڕیاردەدات یاخی بێت.
هەڕەمەکانی میسر، گەرچی لەسەر چەوسانەوەو ماندووبوون و هیلاکی کۆیلەکان ڕۆنراوە، وەلێ ئەفسوس کاتێک کەدەڵێن:هەڕەمەکانی میسر، جگە لەناوی فیرعەونەکان و پاشاو خواوەندەکان، ناوی هیچ چین و کەسیتر نایێت، ئەوهایە هاوڕێ گیان، کۆیلە مادام ڕازییە بە سیستەمی کۆیلایەتی بوون و کۆیلایەتی خۆی قبوڵەو چێژ لە ئازاری قامچی خاوەنەکەی دەبات، کۆیلەیەک مازۆکی، گەر دەیان هەزار فڕۆکەو ڕۆبۆت و، ئابوورییەکی بتەو بەهێز درووست بکات و ببێت بە کۆڵەکەیەکی بەهێز بۆ سیستەمی وڵات و مانەوەی و پاراستنی لە ڕووخان، بە کورتیەکەی شۆرای چین درووست بکات و دنیایش خراپ بکات، کۆیلە هەرکۆیلەیەو ئەوە هیچ پاداشت و چاکەیەک بۆخۆی ناگەڕێتەوەو هەموو فەزلەکە بۆ سەردار و سەیدەکەی دەبێت، مادام ئەو کۆیلەبێت و کۆیلەیەتی و زەلیلی قبوڵ بێت!
کۆیلایەتی و یاخی بوون، دوو جەمسەری جوایەز و دوو پارادۆکس و چەمکی دژ بەیەکن و هەرگیزکەسی ئازادی خواز و کۆیلەویست دانوویان پێکەوە ناکوڵێت و هیچ خاڵ و ڕایەڵەیەک پێکەوەیان نابەستێتەوە. کۆیلایەتی گەر لە مێژوو لە دەرەنجامی شەڕکردن، یاخود هێرش و پەڵامار، یان لە ڕێگای دسەڵات و هێزەوە دەستیان بەسەر مرۆڤ داگرتبێت و کردبێتیان بە کۆیلەو کاڵایەک و سیستەمی کۆیلایەتیان بە سەردا سەپاندبێت و بە زۆری و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردبێتن، ئەوە ئێستا جۆرێکیتری نوێ لە کۆیلایەتی بوونی هەیەو لە دایک بووە!
کۆیلایەتی خۆبەخشانەو ئارەزومەندانەو خۆویستانە، وەک سیاسەت مەدار ڕۆشنفکری کورد بەڕێز مەلا بەختیار باسی دەکات، ئەوەیە جۆره مەترسیناکەکەی کۆیلایەتی، ئەو جۆرەیە کە کەمرۆڤی بە کۆیلەبوو بیری یاخی بوون و شکاندنی کۆت و بەندی کۆیلایەتی بە بیر وهۆشیدا گوزەرناکات، کۆیلەیەک سارتەر وتەنی:”بە جۆرێک کۆیلەن حەز دەکەن ئەو پێڵاوانەیش لە مۆزەخانە هەڵبگرن، کە شەقیان پێ خواردووە”.
کۆیلەیەک نایەوێت بیر لە ئازاد بوون بکاتەوەو ناخوازێت هەرگیزئازاد بێت، ئاخر ئەو چێژ لە کۆیلایەتی بوون دەبات و یاخی بوون لەو کۆیلایەتی و سەرشۆڕییەی ئەو یەکسانە، بە نەمانی پاروەناکەو پەرداخە ماستاوەکەی.
کۆیلەی وا ئارەزومەندانە، وەک گوتراوە ئازادی لە ئاسمانیش ببارێت، ئەو چەتری بۆ هەڵدەدات و نایەوێت دڵۆپی بارانی ئازادی بەر جەستەی کۆیلێتی بکەوێت و تەڕی بکات.