ڕێباز مام شۆرش: خۆسێ موخیكا و سەرکردەکانی کورد، لە نێوان راستگۆیی و دروشمدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆسێ مۆخیکا باوكی هه‌ژارانی دنیایه‌. خۆسێ موخیكا له‌ ساڵانی نێوان (2010 – 2015) سه‌رۆكی ئۆرۆگوای بوو. ساڵی 1935 له‌دایكبوو. ژیانی سیاسی، به‌ رێكخستنی نهێنی و خه‌باتی چه‌كداری دژ به‌ دیكتاتۆر ده‌ستی پێكرد. به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ كورد و چه‌په‌كانه‌وه‌، خه‌باتی درێژخایه‌ن، 13 ساڵ زیندانی سیاسی و سێ جار برینداری و كه‌مئه‌ندام بوون، واینه‌كرد له‌ باوه‌ڕه‌ ره‌سه‌نه‌كانی خۆی لابدات و سه‌رمایه‌داری بیخه‌ڵه‌تێنێت و پێش وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات و دوای ده‌سه‌ڵات، گه‌نده‌ڵی نه‌بوو به‌ به‌شێك له‌ وجوودی و وه‌كو باوكی هه‌ژارانی دنیا مایه‌وه‌.

خۆسێ مۆخیکا دەڵێت:
1. زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێتان ده‌ڵێم له‌ وه‌حشییه‌تی زینداندا له‌دایكبوون. من ئه‌م كه‌سه‌ نه‌ده‌بووم كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌م. زیاتر بێ بایه‌خ، بێ كه‌ڵك و رووكه‌ش ده‌بووم. زیاتر په‌لكێش ده‌بووم به‌دوای سه‌ركه‌وتندا و ده‌مناڵاند به‌ده‌ست كورتبینییه‌وه‌ شه‌ڕئه‌نگێزتر ده‌بووم. سه‌ركه‌وتن، زیاتر سه‌رنجی راده‌كێشام. زیاتر مه‌یلم ده‌بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی گه‌وره‌یی. ئه‌و سیفه‌تانه‌م زیاتر ده‌بوو. ئه‌مه‌ نه‌ده‌بووم كه‌ ئێستا هه‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌و ساڵانه‌ له‌ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌حشییه‌ بێبه‌زه‌ییه‌ تونده‌دا نه‌بوومایه‌. ئه‌مه‌ سه‌یره‌. ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم سه‌یره‌. ئه‌مه‌ی پێتان ده‌ڵێم به‌ بیری داخراو ته‌فسیر ناكرێت. هه‌ندێجار خراپە باشه‌ و هه‌ندێجار به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی باشه‌ خراپه‌.
2. من كۆمارییم، به‌ڵام ده‌زانن كێشه‌ی سیستمی كۆماری چییه‌. سه‌رۆكه‌كان ده‌یانه‌وێت وه‌كو پاشاكان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. حه‌زیان له‌ فه‌رشی سووره‌. به‌ڵام پێویسته‌ كۆمارییه‌كان جیاواز بن. ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی زۆرینه‌دا بێت و خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڵده‌بژێرن. ئه‌وا پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیش هه‌وڵ بده‌ن وه‌ك خه‌ڵك بژین. هاوشێوه‌ی زۆرینه‌ بژین نه‌ك وه‌ك كه‌مینه‌یه‌ك ژیانی جیاوازیان هه‌بێت.
3. زۆرێك له‌وانه‌ی سۆشیالیست بوون، كۆچیان كرد به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌داری له‌خشته‌ی بردن. به‌ڵام سه‌رمایه‌داری وه‌ڵام نییه‌ بۆ خواسته‌كانی مرۆڤ. پێویسته‌ بۆ وه‌ڵامه‌كانمان، شتێكی تر بدۆزینه‌وه‌. له‌ سیاسه‌تدا، هاوڕێی به‌ڕێز! پێویسته‌ ئه‌وانه‌ هه‌ڵبژێرن كه‌ دڵنیان گه‌وره‌ و گیرفانیان بچكوكه‌.
4. مرۆڤایه‌تی پێویستی به‌ وه‌به‌رهێنانی گه‌وره‌ هه‌یه‌، له‌پێناوی ژیاندا. پێویسته‌ ئاوی سوێری ده‌ریا رابكێشرێت بۆ ناو دڵی سه‌حارا. بۆ گۆڕینی كه‌شوهه‌وا. پێویسته‌ روباری نوێ دروست بكرێت له‌ ئاوی به‌فراوی تواوه‌ی سیبریا بۆ بیابانه‌كانی مه‌نغۆلیا. سه‌هۆڵی تواوه‌ی ئالاسكا، بكرێت به‌ روبار بۆ پێده‌شتی شاخی رۆكی. ببرێت بۆ باكوری مه‌كسیك. پرۆژه‌ی گه‌وره‌ هه‌بێت‌ بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی. ده‌توانین ژینگه‌ و كه‌شی ئه‌تاكاما بگۆڕین كه‌ وشكترین بیابانی جیهانه‌. ئینسان ده‌توانێ ئه‌مه‌ بكات. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پیاوه‌ پیره‌كان سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ بن. یان ئوتومبیلی گرانبه‌های ملیۆن دۆلاری دروستبكه‌ن. ئه‌مانه‌ ته‌نها گریمانه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژیانن نه‌ك له‌ دژی.
5. رۆشنبیری وێنه‌یه‌ك نییه‌ هه‌ڵبواسرێت. رۆشنبیری كۆمه‌ڵێك به‌های هاوبه‌شه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌سه‌ریان ده‌ژین. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت مرۆڤ به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر بنیادبنێن، ئه‌وا لایه‌نی رۆشنبیری، ئه‌گه‌ر گرنگتر نه‌بێت له‌ لایه‌نی مادی، به‌ئه‌ندازه‌ی لایه‌نی مادی گرنگه‌. ده‌توانی لایه‌نی مادی بگۆڕیت. به‌ڵام ناتوانی لایه‌نی رۆشنبیری به‌ خێرایی بگۆڕیت. تا ئه‌مه‌ش نه‌كرێت گۆڕانكاری روونادات. گۆڕانكاری راسته‌قینه‌ له‌ عه‌قڵه‌كاندا رووده‌دات.
6. له‌م دنیایه‌دا هه‌موو شتێك ده‌ڕوێت. باشه‌ هه‌ژاران فێری گوڵچاندن بكه‌یت. ئه‌گه‌ر هه‌ژاران گوڵبچێنن بۆ فرۆشتنیان به‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، ئه‌وا پارێزراو ده‌بن. كاتێك هێزێكی وه‌ستاو هه‌بێت، ئه‌وا خواستیش بۆ گوڵ دروست ده‌بێت.
خۆسێ موخیكا، ” تێكه‌ڵێكه‌ له‌ توانای به‌رزی په‌یوه‌ندیكردن، به‌كارهێنانی زمانی ساده‌، پابه‌ندێتی به‌ بیروباڕوه‌ و به‌ڵێن و كاره‌كان، و پاكی له‌وه‌ی به‌پێی بنه‌ماكانی بژی.
بەڵام لە کوردستان، دوای سەد ساڵ، لە شۆرش و دروسبوونی چەندین، حکومەت، تائێستا نەمان توانی ئەزمون دروست بکەین، بۆ بەرێوەبردنی وڵات و خۆشگوزەرانی.
لە دوای ڕاپەرینە، کام سەرکردەی شاخ و زیندانی سیاسی سەردەمی حیزبی بەعس، راستگۆ بوو لەگەڵ دروشمەکان بۆ بەرێوەبردن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا، کەوان ئەوانەی باسی چەپ و دیموکرات و سۆسیاڵ دیموکراتیان دەکرد.
لەدوای ساڵی 2003، زۆر بوونی پارەو پۆست و کرانەوە بە دنیای دەرەوە، کام بەرپرس هەیە، لە دروشمی چەپ و دیموکراسی و شۆشیاڵ، نەگۆردرابێ بە سەرمایەداری.
ئەوەتا خوێندن، تەندروستی، ئاو، کارەبا، کامێرای چاودێری، رێگاوبانەکان، کۆکردنەوەی خاشاک…هیتد، هەمووی بووە بە سەرمایەداری، لە بەر ئەوەی هەر بەرپرسێک چووە، وڵاتێکی سەرمایەداری دەگەرێت بزانێت چی بووە بە پارە بێتەوە، لێرە کۆمپانیاییەکی بۆ دابمەزرێنێت، پارە کۆبکاتەوە، بە هاوکاری سەرکردەکانی خاوەنی دروشمی بریقەداری رابردوو.
ئێستا سیستەمی بەرێوەبردن لە کوردستان بووە، بە سیستەمی تاک جەمسەری و سەرمایەداری، هەمووان پشیانکردە دروشمەکانی کاتی شۆرشگێری، لە پێناوی کێ زۆرترین داهات کۆدەکاتەوە و زۆرترین کۆیلەی لە دەوربێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت