عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: قوتابخانه‌ی بێکه‌س/ بەشی کۆتایی.

بۆ یادی مامۆستا ئه‌کره‌م فه‌وزی، یه‌که‌م پیت و یه‌که‌م وشه ‌و یه‌که‌م رسته‌ی فێرکردم.
قوتابخانه‌ی بێکه‌س و مه‌وله‌وی له‌ یه‌ک بینا بوو، به‌رامبه‌ر ئینزیباتخانەی سلێمانی، کاتی خوێندن بۆ هه‌ر ‏قوتابخانه‌یه‌کیان سێ رۆژ به‌یانیان و سێ رۆژ ئێواران بوو، ئه‌کره‌م فه‌وزی مامۆستاو هاوڕێمان بوو ، به‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌ جوان و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناخ و هه‌ست و نه‌ستمان دروست کردبوو، له‌ زمان و رۆحی په‌پو‌له‌ ئاسای ‏ئێمه‌ی قوتابی ده‌گه‌یشت، میهره‌بانانه‌ ده‌یتوانی ناخمان بخوێنێته‌وه‌، گه‌ر هه‌ر کێشه‌یه‌کمان هه‌بوایه‌ مامۆستاو هاوڕێمان بوو، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ پاڵپشتی هه‌موومان ‏بوو.‏
ئه‌و رۆژه‌ی ده‌سڕمان بیر بچووایه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌داره‌که‌ی ده‌ستی لێی بداینایه‌، ده‌ستی ده‌کرد به‌ گیرفانیدا و ده‌ستڕه‌ کلێنسه‌که‌ی خۆی به‌‌سه‌رماندا ‏دابه‌ش ده‌کرد،ئه‌م مامۆستایه‌ فریشته‌یه‌ک بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتبووه‌ خواره‌وه‌، پڕ بوو له‌ هه‌ست و ‏سۆزوخۆشه‌ویستی و پاکی و به‌های باڵای مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی.‏
رۆژێکیان له‌ ویستگه‌که‌ی کاره‌باکه‌ی شه‌قامی سالم، زۆر وه‌ستام چاوه‌ڕوانی ئامانه‌که‌ بووم، دره‌نگ هات. سه‌رکه‌وتم، جابیه‌که‌ زانی پاره‌م پێ ‏نییه‌، چاوی لێ زه‌ق کردمه‌وه‌، له‌ ویستگه‌ی سه‌هۆڵه‌که‌ دایبه‌زاندم.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وانه‌ی یه‌که‌م دوانه‌که‌وم، به‌ڕاکردن به‌ هه‌ورازه‌که‌ی نێوان ‏سه‌هۆڵه‌که‌و ئاماده‌یی پیشه‌سازی سلێمانیدا سه‌رکه‌وتم. ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ئه‌و شه‌قامه‌ یه‌ک ساید بوو، ئه‌م لاو ئه‌ولای شه‌قامه‌که‌ گردی لمایی و خۆڵ بوو، له‌ ناکاو قاچم له‌ قه‌راغی چاڵێکی سه‌ر رێگاکه‌ خلیسکا، سه‌رم به‌ توندی ‏دای له‌ قه‌راغ چاڵه‌که‌ و که‌وتمه‌ ناو چاڵه‌که‌وه‌، سه‌رم شکا، خوین به‌ سه‌ر و ده‌م و چاوم و جله‌کانمدا هاته‌ ‏خواره‌وه‌. هه‌موو بیر و هۆشم لای وانه‌که‌م بوو، دوانه‌که‌وم، به‌ په‌له‌ هه‌ستامه‌وه‌، به‌ده‌م ئازاره‌وه‌، تا هیزم تیابوو رامکرد، گه‌یشتمه‌ به‌رده‌م ‏پۆله‌که‌مان، مامۆستا ئه‌کره‌م که‌ خوێنه‌ وشک بووه‌که‌ی بینی به‌سه‌رو جه‌سته‌مه‌وه‌، یه‌کسه‌ر وانه‌که‌ی به‌جێ هێشت، بردمی بۆ ‏مه‌غسه‌لی مامۆستاکان، خۆی به‌ده‌ستی خۆی، ده‌م و چاو و سه‌ری بۆ شۆردم، بردمییه‌ ژووری مامۆستاکان بۆ ئه‌وه‌ی پشوو ‏بده‌م.‏
مامۆستا ئه‌کره‌م کوردی پێ ده‌وتین، به (مره‌که‌بی سوور‌ی پاندانه‌که‌ی )بۆ رێنوس و نوسینی رۆژانه‌ی ‏وانه‌که‌مان ده‌ له‌ ده‌و زۆر باشه‌ی به‌ده‌ست و خه‌ته‌ جوانه‌که‌ی بۆ دا ده‌ناین، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر زمانی کوردی و رێنوسمان لا خۆشه‌ویست ‏بکات.
ته‌خته‌ ره‌شه‌که‌ی ناو پۆله‌که‌ی له‌ ئاستی هه‌ر سێ ریزه‌که‌دا به‌ ده‌باشیری ره‌نگاو ره‌نگ ده‌کرد به‌ سێ به‌شه‌وه‌، ‏له‌ هه‌ر ریزێک، قوتابی یه‌کی له‌ ئاستی ئه‌ستێره‌کان ده‌هه‌ڵده‌ستاند، رینوسی کوردی پێ ده‌کردین، بۆ ئه‌وه‌ی ‏پێشبڕکێ له‌ نێوان هه‌ر سێ ریزه‌که‌دا دروست بکات، خولیاو حه‌زمان بۆ زمانه‌که‌مان زیاتربکات، زیاتر ‏کۆشش بکه‌ین و خۆمان ماندوو بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی تواناو که‌سێتی خۆمان به‌ عه‌شقه‌وه‌ له‌ ناو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌دا ‏بدۆزینه‌وه‌.
یادگار تاهیر بابان، جار کتێبێکی چیرۆکی منداڵانی ره‌نگاو ره‌نگی به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ‏خۆیدا ده‌هێنا بۆ قوتابخانه‌، مامۆستا ئه‌کره‌م دوای ئه‌وه‌ی وانه‌که‌ی پێ ته‌واو ده‌کردین، ئه‌و چیرۆکانه‌ی ‏راسته‌وخۆ له‌ پۆله‌که‌دا به‌زمانه‌ پاراو شیرینه‌که‌ی خۆی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ ده‌کردین به‌ کوردی، وێنه‌ی ره‌نگاو ڕه‌نگی ‏لاپه‌ره‌ی رووداوی چیرۆکه‌که‌ی نیشانی هه‌ر هه‌موومان ده‌دا.‏
ئێمه‌ به‌ جۆرێک تێکه‌ڵ به روداوی ناو چیرۆکه‌کان ده‌بوین، هه‌موومان خۆمان به‌ پاڵه‌‌وانی ئه‌فسانه‌که‌ی ناو چیرکه‌کان ده‌زانی، له‌ پۆله‌که‌مان داده‌بڕاین، حه‌زمان ده‌کرد زه‌نگی کۆتایی وانه‌که‌ لێ نه‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ و زنجیره‌ رووداوانه‌ی ناو چیرۆکه‌که‌ دانه‌بڕین، ‏هه‌ر پاڵه‌وانی خه‌یاڵی چیرۆکه‌کان بین.‏
مامۆستا ئه‌کره‌م فه‌وزی، رۆژنامه‌و گۆڤارو کتێبی منداڵانی وه‌ک خۆی کرد به‌ هاوڕێ و مامۆستامان‏، یه‌که‌م پیت و یه‌که‌م وشه‌و یه‌که‌م رسته‌ی فێری کردین.‏
ئه‌وه‌ چه‌ندان ساڵه‌ سه‌رقاڵی نوسینم، هه‌ر قوتابییه‌که‌ی جارانی ئه‌و رابه‌رو مامۆستا مه‌زنه‌م، هه‌موو ئه‌و پیت و وشه‌ونوسینانه‌ی بواری ئه‌زمونی ‏رۆژنامه‌نوسیم ونوسینی کتێبه‌کانم ‏هه‌ر هه‌مووی به‌ هی مامۆستا ئه‌کره‌م فه‌وزی رابه‌رمان ده‌زانم.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies