رزگار شێخ حه‌سه‌ن: ده‌رچوانی دوانزه‌ی ئاماده‌یی و روانگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی.

ساڵانە لەکۆتایی تاقیکردنەوەکان نمرەی دوانزەی ئامادەیی ئاشکرا دەکرێت، ژماره‌یه‌ك له‌ نمرە به‌رزه‌كان ده‌رفه‌تی خوێندنیان له‌ كۆلیجه‌ پزیشكیه‌كان بۆ ده‌ره‌خسێت، سه‌ره‌نجام ژماره‌یه‌ك پزیشك و كلینیكی پزیشكی دێنه‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌س نییه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی خوێندن ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ بواری ئه‌م پسپۆرییه‌دا داهێنان بكرێت ، ئه‌و خوێندكارانه‌ی نمره‌ی به‌رز و پێویستیان هێناوه‌ لێهاتوییه‌ خودییه‌كانیان كه‌شف بكرێت، ئه‌م لێهاتوییه‌ بۆ داهێنان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رشته‌ زانستیه‌كان به‌كار بهێنرێـت.
له‌ راستیدا به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ده‌رچوه‌كان بێ ئاره‌زووی خۆیان له‌ یه‌كێك له‌ كۆلیجه‌كان درێژه‌ به‌ خوێندن ئه‌ده‌ن، سه‌ره‌نجامیش نه‌ ئه‌توانرێ به‌هره‌و لێهاتوییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان بدۆزرێته‌وه‌، نه‌ هیچ سه‌رمایه‌گوزارییه‌كیش له‌و لێهاتوییه‌دا ئه‌كرێت، له‌م لایه‌نه‌وه‌ ئه‌ركی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا ئه‌ركێكی گرنگ و به‌ بایه‌خه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خوێندكار له‌و ریتمه‌ كوشنده‌یه‌ رزگار بكه‌ن كه‌ كۆلیجێك ته‌واو بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی جێگای خولیا و ئاره‌زووی خۆیان بێت، بی َئه‌وه‌ی بتوانن به‌هره‌ و لێهاتوویی خۆیانی تیا بدۆزنه‌وه‌، به‌مه‌ش دوو بنه‌مای هه‌ره‌ گرنگ دێته‌ پێشه‌وه‌:
یه‌كه‌میان/ په‌ره‌پێدانه‌ به‌ لێهاتویی خوێندكار.
دوه‌م/ ره‌چاوكردنی خولیا و ئاره‌زووی تایبه‌تی خوێندكاره‌، چونكه‌ بێ ره‌چاوكردنی ئاره‌زوو ناتوانریت لیهاتوییه‌كانیش په‌ره‌ی پێ بدرێت.
له‌ چوارچێوه‌ی پرسی گه‌شه‌پێدانی لیهاتویی و ره‌چاوكردنی ئاره‌زوو، كۆمه‌ڵێك گرفتی گرنگ له‌ په‌روه‌رده‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێ بده‌ین:

سیستەم
به‌داخه‌وه‌ لەناو پەروەردەی ئێمه‌دا سیستەم هاوکار نیە بۆ گەشەو لێهاتوی خوێندكار، بەڵکو سیستەم چاودێرو جیاکارە لە دەستنیشانکردنی زیرەک، تەمەڵ، ئەرکیشی نیە لە برەو دان بەلێهاتوی قوتابی، لەگەڵ ئەوەی ڤوتابخانەکان تێچویەکی ئێجگار زۆریان هەیە لەسەر حكومه‌ت، به‌ڵام سیستمێك نییه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ باشی و گونجاوی جێبه‌جێ بكات، ناكرێت قوتابخانه‌ و په‌روه‌رده‌ به‌ تێچوویه‌كی زه‌به‌لاحه‌وه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت نه‌توانێت ئه‌ركه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام قوتابخانه‌ ئه‌هلییه‌كان به‌ كه‌مترین تێچوون هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ بده‌ن.

ژینگە
قوتابخانە له‌ وڵاتی ئێمه‌دا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی ئاڕاسته‌كه‌ر بێت بۆ خوێندكار، ژینگەیەکی سەربازییە، بەردەوام لێپرسینەوە لە نمرەو ئامادەکاری وانەکان و هات و نەهاتن و كۆمه‌ڵێك پرسی دیكه‌ ده‌كرێت كه‌ خزمه‌ت به‌ جه‌وهه‌ری كێشه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ناكات، واتا ژینگەیەکی هەمە جۆرو هەمە ڕەنگ نییە تا هەموان ئارەزوی بکەن، ژینگه‌یه‌ك ده‌سته‌به‌ر نییه‌ تا خوێندكار هان بدات ئاره‌زووی له‌ خوێندن و فێربوون هه‌بێت، چێژ له‌ پرۆسه‌ی فێربوون و گه‌ران و عه‌وداڵبوون به‌ دوای زانستدا وه‌ربگرێت، به‌مه‌ش نه‌ده‌توانیت ئاره‌زوه‌كانی خۆی له‌ بوارێكی دیاریكراودا بدوزێته‌وه‌ نه‌ ئه‌شتوانیت داهێنان بكات.
خوێندكار دوای تێپەڕاندنی 18 ساڵ لەتەمەنی ناکرێت نمرە بەرزی هۆکاری دەستنیشانی ئایندەو خولیابێت، گرنگە بەدرێژای تەمەنی خوێندنی کۆمەلە پێوەرێک هەبێت بەخاڵبەندی ئەژماربکرێت ببێتە پێوەر بۆ دیاریکرنی لێهاتوی قوتابی، بەڵام گرنگە سیستەم ئەم پێوەر بەندیە دیاریبکات نەکا میزاجی مامۆستاو پەیوەندی و دەستڕۆشتوی قوتابی.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies