نەوزاد بەندی: بەیانییەک هەتا نیوەڕۆ.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە دەنگی باران لە خەو ڕابوو، بڕیاریدا پێش ئەوەی دەم و چاوی بشوات، بڕواتە بەر دەرگا تێر بۆنی خاک بکا. هەر دەرگای ترازاند چوار سەگی گەورە هەڵمەتیان بۆ هێنا، کە لە ڕاستیدا لە برساندا بۆ لای هاتن، ئەمیش هەر ئەوەندەی پێکرا، بە ڕاکردن گەڕایەوە ژوورەوە. لەگەڵ داخستنی دەرگاکە، ئەژنۆیەکی بریندار بوو. لەو کاتەدا پۆلێک مراوی کۆچیان ئەکرد، یەکێکیان دەنگێکی لێ بەرز بۆوە وەک ئەوەی بەم بڵێ گوێ مەدەرێ، جار جار ئەژنۆیش وای لێ دێ.
بە شەلە شەل گەڕایەوە ماڵەوە، خێزانی ووتی: بتڵە غازەکە ئێستا تەواو بوو، هەردوو بتڵەکەی تریش بەتاڵن. ملی بتڵە غازێکی گرت و هەڵی دایە ناو ئوتومبیلەکەی، پێش ئەوەی سلف لێ بدا، تێلێکی لە کوڕە ناوەنجێکەیەوە بۆ هات: باوە، ئۆردنەریی مامۆستا بەشارم بۆ بکڕە، هەڵبژاردنەکان.
سلفی لێ دا و چەند مەترێک ڕۆیشتبوو زەنگی مۆبایل لێی دایەوە، کچەکەی بوو: زوو وەرەوە، پێویستم بە سەیارەکەیە، سیمینارم هەیە.
گەیشتە فولکەکە و گڵۆپی سەوز، پرتەقاڵیی بوو، پێی پێوە نا، پرتەقاڵی و سوور بوو، گوێی لە فیکەی پۆلیسی هات و چۆ بوو، بێ ویستی خۆی، ووتی کورە دەبڕۆ تۆیش، مەعاشجوان. لەو کاتەی کە ووتی مەعاشجوان، زەنگێکی ڤایبەری بۆ هات، واتا ڕێک لە نێوان مەعاش و جوانەکەدا زەنگەکە هات! کوڕی باش لە کوێی؟ بەڕێوەبەری کاڕگێڕیی گەڕا و خۆی ناوی ئامادەبووانی خوێندەوە، بواری هیچمان نەبوو، تۆ و دوانزە کەسی تری بە غایب نوسی. فریاکەوە وەرەوە، پینە و پەڕۆیەکی بکە.
پینە و پەڕۆی چی؟ ئەی ئەمڕۆ من ئۆفم پشووم ئەی نازانن؟
بەڕێوەبەر ئەڵێ مانگی ڕەمەزان دوو موچەتان لە بەغاوە وەرگرتووە، ئاخ و ئۆف نەماوە.!
گەیشتە بەردەم بەنزینخانەیەک و خۆی کرد بە ژووردا و زرم، بتڵە غازەکەیدا بە ئەرزا.
* غازمان نییە برا.
تاسێک بردیەوە، سەرێکی هەڵبڕی بۆ سکرینەکەیان، نەڕاندی: ئەی ئەو LPG یە چییە نوسیوتانە؟
کرێکارەکە لووتێکی بۆ خوراند و تەماشایەکی سکرینەکەی کرد، ڕێک لە کاتی لوتخوراندنەکە و بە تایبەت لە پیتی واوەکەیدا، زەنگێکی لە تێلیگرامەوە بۆهات، دایکی بوو: ( ئەرێ ڕۆڵە ئێمە دایک و فرزەندین، ئەوە بۆ سەرێکمان لێ نادەی. خۆ هیچمان ناوێ، هەر حەز ئەکەین بتبینین!
کرێکارەکە لە لوتخورادنەکەی بۆوە و وتی:
* وەڵا داتا بەیسەکەمان تێکچووە، ئەوە سەعاتێکە تێلمان بۆ پسپۆڕی داتابەیس کردووە بێ بۆمان بکوژێنێتەوە.
بەخوا دایە زۆر مەشغوڵم. خۆیشم نازانم چی ئەکەم. تۆزێ سەرم سوک بێ، دێم بۆ لاتان.
* نا نا .. پسپۆڕی داتابەیسی ناوێ، ئێستا من بە خڕکە بەردێک بۆتان ئەشکێنم.
لە ساتەوەختی خڕکە بەردەکەدا، لە مەسنجەرەوە زەنگێکی بۆ هات، کوڕە گەورەکەی بوو: باوکە، عەسر یاریمان هەیە، جوتێ پێڵاوی شەقم بۆ بکڕە، ڕەقەم 40‌، با سپی بێ، ئەگەر ژمارە حەوتەکەی ڕۆناڵدۆی پێوە بێ ، باشتر.
ڕێک لە کاتی ڕۆناڵدۆکەدا، شڵپەی لە سکرینەکە هەڵساند و LPG ـەیەکە کوژایەوە.
کرێکارەکەی کە سەری لوتی خوراند، توشی شۆک بوو. نەیئەزانی چی بکا، دەمی داپچڕی بوو وەک هێلانەی خورماخۆرە وابوو.
کە کرێکاری پەمپەکانی تر، هەڵمەتیان بۆ هێنا، ئەم ویستی خۆی قوتار بکا، نەیتوانی. لە ڕاستیدا ئەگەر دەستبەرداری بتڵە غازەکەی بووایە، ئەیتوانی قوتاری بێ، بەڵام ڕێک لە کاتی گرتنی ملی بتڵە غازەکە و گرتنی یەخەی خۆی لە لایەن کرێکارێکی بەنگالی فیل ئاساوە، مۆبایلەکەی دیسان لێی دایەوە، ملی غازەکەی بەردا و دەستێکی برد بۆ مۆبایلەکەی، سەعدونی خۆخۆر بوو: دوکانەکەت هەر بەناوەوە ماوە، لە باجەکان بووم. سێ ساڵیش قەرزاریت، ئەمڕۆ نەڕۆی بۆ باجەکان، ڕەنگە نەتوانیت بیکوژێنیتەوە، باوەسمێڵ ئەیووت شتی وا نییە، دوا فلسی لێ ئەسێنین.
ڕێک لە کاتی باوە سمێڵەکەدا یاخود لە نێوان باوە و سمێڵەکەدا ناچار بوو کەللـەیەک بدات لەناو دەمی کرێکاری بەنگالی و پەلەخوردی زەوییەکەی بکات.
کرێکارێکی تر هەڵمەتی بۆ هێنا، ئەم قاچە زامدارەکەی بەرز کردەوە، بە هێواشی کێشای بە لاملیدا، کرێکارەکە وەک پەڕۆ کەوت و بورایەوە. ڕێک لە کاتی لێدانی قاچی و لاملی کرێکارەکەدا، زەنگێکی لە وەتس ئەپەوە بۆ هات، ویستی مۆبایلەکەی هەڵبگرێ، لە دواوە دوو پۆلیس توند دەستیان گرت.
لەناو فۆردی ئێکسپلۆرەری پۆلیسدا چەند زەنگێکی تری بۆهات، بواریان نەدا وەڵام بداتەوە. لەگەڵ گەیشتنی بە پۆلیسخانە، لافاو هەستا، بەرمیلی ڕیزکراو لە چاوەڕوانی نەوتی پەنجا هەزاریی بەغداد، تەنەکە خۆڵی ڕەنگا و ڕەنگ، پشیلەی کوژراو، لقی داری شکێنراو، ئەمانە و شتی تریش وەک قردێلە بە قژی شەپۆلەکانی لافاوەکەوە بوون.
لە ڕێڕەوی پۆلیسخانەکەدا، پۆلیسێکی لاوازی ڕەنگزەرد، بە مامۆستا مامۆستا بەرەو ڕووی هات.
* مامۆستا ئەوە خێرە؟ چۆن تۆ دەستبەسەر کراوی؟ فەرموو ،، فەرموو لێرە دانیشە.
نەیهێشت پۆلیسەکان بیبەنە ژووری بەندکراوەکانەوە.
* چا بە شەکرەوە ئەخۆی، یان بێ شەکر؟
پۆلیسەکان لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگزەردەکە مۆڕ بوونەوە:
* ئەمە تاوانبارە!
* من بەرپرسم لێی، با لای من دانیشێ. ئەمە نووسەرێکی گەورەیە، نایناسن؟ بەرهەمەکانیتان نەخوێندۆتەوە؟
دوو پۆلیسەکە لێی وورد بوونەوە، هیچیان لێ هەڵنەکڕاند.
ڕێک له کاتی لێ هەڵنەکڕاندنەکەدا سێ زەنگی جیا جیای بۆ هات. دەستی برد مۆبایلەکەی بێ دەنگ کرد.
لە کاتی بێ دەنگ کردنەکەدا، ووتی: چایەکی بێ شەکر.
هەر ئەو کاتەی کە ووتی چای بێ شەکر، بەڕێوەبەری پۆلیسخانەکە پەیدا بوو، مۆڕەیەکی لێ کرد و دەستی برد شەقازلەیەک لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگ زەردەکە بدات:
* گەورەم! ئەمە نووسەر و شاعیرێکی گەورەیە.
بەڕێوەبەر لە نێوان نوسەر و شاعیرەکەدا، ووتی: حیسابی تۆ دوایی ئەیکەم، شاعیر و نوسەرت فێر ئەکەم.
قۆڵی ڕاکێشا و بۆ ژوورەکەی خۆی بردی.
* تۆ ئەزانی چ تاوانێکت کردووە؟
* چی؟
* سکرینی بەنزینخانەیەکت شکاندووە. لە دوو کارمەندت داوە هێشتا یەکێکیان بێ هۆشە.
* بە گەورەیی نوسیویانە LPG کەچی غازیان نییە.
بەڕێوەبەری پۆلیس سمێڵی خستە ناو دەمی بە ددانەکانی توند گرتی و لە لووتەوە هەناسەیەکی دایەوە کە زیاتر لە ساڵنسای هەندێ ئوتومبیلی وەرزشیی ئەچوو، ئەو ئوتومبیلە گرانبەهایانەی کە کوڕی بەرپرسە باڵاکان بە پارەی خەیاڵیی ئەیکڕن.
* تۆ ئەزانی ئەو بەنزینخانەیە هی کێیە؟
* هی کێیە ؟
* هی حاکم نادرە.
* ئێ.
* ئی ..کەواتە تۆ دەستدرێژیت کردۆتە سەر شەخسی حاکم نادر.!
* من لە دوو کرێکارم داوە نەک لە حاکم نادر . ئینجا من بەرگریم لە خۆم کردووە، چونکە هەردووکیان هێرشیان کردە سەرم، دانەیەکیان بەنگالیی بوو. ئەوەی تریان لە شارەزووریی ئەچوو.
ئەو کاتەی کە ووتی شارەزووریی، ڕێک لە( زووریەکە ) دا  زەنگی بەڕێوەبەری پۆلیسخانە لێی دا، ئاوازی مونۆ مۆر بوو.
* بەڵێ گەورەم .
* پەیوەندی بە کاک حاکمەوە بکە، با خۆی سزاکەی بۆ دیاری بکا.
* بەڵێ گەورەم. ئەمر ئەکەی. بەڵام ژمارەی کاک حاکمم لە لا نییە.
* بنوسە .. سفر .. حەوت سەد و حەفتا .. پەنجا و دوو … سی و …
* دەستخۆش گەورەم.
لەگەڵ نوسینی هەر ژمارەیەکی مۆبایلەکەی حاکمدا، مۆڕەیەکی لەم ئەکرد، واتا یانزە مۆڕە.
کە زەنگیان بۆ لێدا، حاکم سەرقاڵی خۆ ڕێکخستن بوو بۆ ئەوەی سەردانی چوار شەکراوخواردنەوەی جیا جیا بکات لە چوار مزگەوتی جیاجیای شار، مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب. مزگەوتی حاجی ئەحمەدە سوور. مزگەتی فایقی کۆڵەک. مزگەوتی دارولسەلام .
* بەڵێ ..
* لە بەنزینخانەیەکی بەڕێزتا، کابرایەک سکرینی LPG یەکەی شکاندووە و لە دوو کرێکاریشی داوە، دانەیەکیان هێشتا هۆشی نەهاتۆتەوە.. ئەمرتان بە چییە؟
لەو کاتەی کە ووتی ئەمرتان بەچییە، ڕێک لە کاتی (تان ) ــەکەدا، زەنگێکی بۆ هات:
* قوربان کرێکارە گەرمیانییەکە هۆشی هاتەوە: خێرا داوای سی ڤی ئەو کابرایە بکەن ، بزانن کێیە؟
* بەڵێ قوربان ..
* بیبەنە ژوورەوە ..
* قوربان، ئەم کابرایە بەکالۆریۆسی لە کارگێڕیدا هەیە. چوار زمان ئەزانێت. شێوەکار و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە. پشتوێنی ڕەشی لە تایکواندۆدا هەیه. خێزاندارە و پێنج مناڵی هەیه، گەورەکەیان لە زانکۆیە و بچووکەکەیان سەفی سێی سەرەتاییە. حەزی لە ڕەنگی خاکییە. سێ جار لە تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیا سنوورداشکراوەتەوە. خزمی کۆمەڵێ بەرپرسی باڵایە، بەڵام قسەی لەگەڵ هیچیاندا نییە.
* بەسە ،، بەس، بەرەڵای کەن. بەڵام بەڵێننامەیەکی بە دەستنووسی خۆی لێ وەر بگرن.
کە پۆلیسخانەی بە جێهێشت، تەماشایەکی مۆبایلەکەی کرد:
٭ وەتس ئەپ: سڵق و تەماتە و کولەکە و کەرەوز بکڕە، با تەماتەکە توێکڵەکەی ڕەق نەبێ. ئەگەر تەرخون و نەعنایشت بەرچاو کەوت، بیانکڕە.!
* بابە، بیرم نەبوو پێت بڵێم؛ لەگەڵ پێڵاوە شەقەکاندا، جووتێ گۆرەوی درێژی شینیشم بۆ بکڕە، هی فتبۆڵێن.
* لەگەڵ مەلزەمەکەی مامۆستا بەشار، مەلزەمەیەکی کیمیایشم بۆ بکڕە هی مامۆستا…
* ئەو بابەتەی ناردووتە، زۆر تەواوە، بەڵام ناتوانین بۆت بڵاو بکەینەوە.
* قەیناکا، با وا بێ .. ئەمزانی تۆ گۆڕاویت.
* کاکە گیان! ئەو حەبی خەوە نەماوە. ئێستا خەڵک بۆ شتی تر بەکاری دێنن. ئێمە لە تۆ تێ دەگەین.
+ ڤایبەر:
* بۆچی جوابی تەلەفۆن نادەیتەوە؟ دوانزە کەسەکە هاتنەوە و هەر یەکەی بە بیانوویەک کوژاندیانەوە، غیابی تۆ نەشر‌ کرا.
* ئارەزووی خۆتە، من خەمی تۆمە، دوکانەکە بە ناوتەوەیە. بۆچی تەلەفون هەڵناگری؟
* لە بەیانییەوە تەلەفۆنت بۆ ئەکەم، خۆت بە چی ئەزانی؟
* ئەمڕۆ ئیتر داشکاندنی کارەبا تەواو، دیارە تۆ دەوڵەمەن بووی.
* عەسر ئەڕۆمەوە بۆ نەرویج، حەزم کرد نیوەڕۆ پێکەوە چایەک بخۆینەوە، دوو جار زەنگم بۆ کردی.
* ببوورە، بە هەڵە پەنجەم بەرکەوت.

+ ماسنجەر:
* قەینا بە تەکسی ئەڕۆم، هەزار جار تەلەفۆنم کرد، دیسان شەڕت نەکردبێ ؟ )
* ئەزانم تاقەتی ئەو شتانەت نییە، بەس با گلەیی نەکەی، تاقە پورزاکەمان مرد. ئەم نیوەڕۆیە. تەلەفون هەڵگرە خۆ ناتخۆین.
* چییە خاڵە، تاقەتی قسەت نەماوە. ووتم سبەینێ، یان دوو سبەینێ سەرێ لە هەولێر نەدەین؟ خەریکە دڵم ئەتەقێ.
* بۆچی وا لە خۆت ئەکەی ئازیز؟ تۆ بارێکی قورست لەسەر شانە، هەر من ئەزانم.
* هیچ ئیشم نەبوو، هەر حەزم کرد هەواڵێکت بپرسم. واز لەو جۆرە نوسینانە بێنە، کەس نایانخوێنێتەوە. یەک کەباب دابەزێنەوە، خەڵکەکە وەک مێش لێی ئەنیشن، تۆ باسی نیتشە و سارتەری چی ئەکەی؟
* بەڕێز/ من خانمێکم لە ئەفەریقیا، مێردەکەم مردووە و خاوەنی پێنج ملیۆن دۆلارە، تۆ بە کەسێکی شیاو ئەزانم، ژمارەی بانکیت بنێرە، هەموویت بۆ ئەنێرم، لەوێ بیدە بە فەقیر و فوقەرا.

+ تێلیگرام:
* باوکە، ئەوە بۆچی وەڵاممان نادەیتەوە؟ غازمان نەماوە. داوای دێلیڤەریمان کرد، بۆ تۆیش بانگ کەین؟
* ڤێستڤاڵی ئەم جارە ئەبێ بێیت، قەینا هیچ بڵاو مەکەرەوە …
* کاکە گیان ، لە خۆت بایی مەبە. بە پیاوت ئەزانین بۆیە تێلت بۆ ئەکەین.
* ئەزانم مەشغوڵیت. زێرابی گەڕەک گیراوە، حەفارەیەک و سێ کرێکار لە بەیانییەوە خەریکن. یەکی شەشت هەزارمان مەسرەف کردووە، ئەوەی تۆیش من دەفعم کرد* مۆبایل مەشغوڵ مەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت