دکتۆر جەبار قادر : کەرکوک ” لە مادەی سەدوچل و مۆدێلی برۆکسلەوە بۆ هەرێمی سەربەخۆ – بەشی یەکەم .

دۆزی کەرکوک بەرجەستەی تەواوی سیاسەتی پڕ لە شکست و بێ سەروبەری نیو سەدەی ڕابردووی سەردارانی کورد دەکات . پێویستمان بەوە نیە لێرەدا بچینەوە سەر باسی بەڵگە مێژووییەکان و هەڵکەوتەی جوگرافی ئەم دەڤەرە بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییە دووپات بکەینەوە کە خاکی پارێزگای کەرکوک تا سەد و پەنجا کیلۆمەتری باشوری شاری کەرکوک بەرەوە بەغدا شۆڕ دەبێتەوە . بەم واتایەش ئەم شارە نەک هەر ناکەوێتە دامێنی باشوری کوردستانەوە ، بەڵکو لە ناو جەرگەی ئەم بەشەی کوردستاندایە . شارەزایان و پسپۆرانی کورد و بیانی باسی ئەمەیان زۆر کردووە و ئێمەش لە چەندین لێکۆڵینەوە و وتاردا ئاماژەمان پێکردووە . ئەوەی لەم وتارە کورتەدا مایەی باس و لێکدانەوەیە ، هەڵوێستی ڕابەرانی سیاسی کوردە لە مەڕ پرسی کەرکوک لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا .

چیرۆکێک لە ماوزی دونگ ( ماوتسی تۆنگ ) دەگێڕنەوە کاتێ بۆچوونی لە مەڕ شۆڕشی 1968 قوتابیانی ئەوروپای لێ دەپرسن . بەلای ماوەوە بێجگە لە شۆڕشەکەی خۆی هیچ بزووتنەوە و شۆڕشێک مایەی سەرنجی زۆر و تێڕامانی قووڵ نەبوو . دەڵێن گوایە وتوویەتی : چەندێ چاوەڕوانی ئەنجام لە هەڵبەز و دابەزی مەیمون دەکرێت ، هەر ئەوەندەش چاوەڕوانی ئەنجام لەم جۆرە بزووتنەوانە دەکرێت . منیش بەدەست خۆم نیە هەرچەندە سەیری هەڵبەز و دابەزی ڕابەرانی کورد دەکەم لە مەڕ پرسی کەرکوک ، ئەم وتەیەی ماوم بیردەکەوێتەوە . ڕەنگبێ ئەمە سەرجەم سیاسەتەکانی لە بارەی دۆزی کوردەوە بگرێتەوە . مەبەستم ئەوە نیە خوا نەخواستە بێڕێزی بە هیچ کەسێک بکەم . من باسی پرس و بابەتەکان دەکەم ، نەک کەسەکان .

لە ڕێکەوتنی 11  ئازاری 1970 یەکەم هەنگاوی نادروست لە بارەی چارەنووسی کەرکوکەوە نرا ، کاتێ  سەرکردایەتی کورد بەوە قایل بوو پرسی کەرکوک بۆ دوای سەرژمێری دانیشتوان دوابخرێت . لێرەوە پرسکە بوو بە پرسی ژمارە نەک خاک . پێموایە زۆر لەوانەی بەرپرسیار بوون لەم بڕیاڕە زۆر زوو بۆیان دەرکەوت کە هەنگاوەکەیان نە دروست بوو و نە سەرکەوتوو ، بەڵام لە کولتوری کوردیدا داننان بە هەڵەدا جێگەی نابێتەوە ، خۆ لە لای سیاسەتمەداران ئەوە دەچێتە خانەی کوفرەوە . وەکو خۆیان دان بەهەڵەکانیاندا نانێن ، نابێ کەەسی تریش خۆی لە قەرەی ئەو باسانە بدات ، ئەگینا لە لایەن دەروێشانی حیزبەوە دەکرێت بە دوژمنی گەل و نیشتمان و ناوی دەخرێتە لیستی ڕەشەوە . 

ئەمە بۆ بەعس بوو هەلێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی هەڵمەتی بەعەرەبکردنی کەرکوک گشتگیر و فراوانتر بکات . پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکوک لە دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە دەستیپێکردبوو و لە دوای دەرهێنانی نەوت پەرەی سەندبوو و ئەنجامی گەورەی بەدەستەوە دابوو . کورد لەم پرسە زۆر بێ ئاگا بوو و کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. چەند کوردێکی هۆشیاری وەک محەمەد ئەمین زەکی ، مەعروف جیاوک و سەعید قەزاز و هەندێکی دیکە نەبێت ، کە بە ژمارەی پەنجەکانی دەست دەژمێردران ، کە زوو هەستیان بە مەترسی ڕەوشەکە کرد و هەرکەسەیان بە پێی توانا و دەرفەتەکانی بەر دەستیان هەندێ هەوڵ و تەقەلایان دا بەر بەم لێشاوە بگرن ، لێ شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکرا ، خەڵکەکەی تر لە گوێی گادا نووستبوو . بەڵگەی کار و کردەوەکانی ئەم زاتانە لە مێژوودا تۆمار کراون و من و زۆر لە نووسەرانی تریش ئاماژەمان پێکردوون، بۆیە بە پێویستی نازانم لێرەدا دووبارەیان بکەمەوە .

بۆ بەعس خەونێک بوو پرسی کەرکوک لە کێشەی خاکەوە بکات بە مەسەلەی ژمارە و ڕێژەی دانیشتوان . کە ئەمەی بۆ مەیسەر بوو زوو چاکی لێ کرد بەدارا و دەستی دایە هەڵمەتێکی فراوان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و زۆرکردنی ژمارەی عەرەب . سەدام زوو زوو دەیوت ئێمە ئۆتۆنۆمیمان بە خەڵک داوە نەک بە خاک . پرسی کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لە کەرکوک لە پرسی زۆرکردنی ژمارەی عەرەب زۆر ئاڵۆزتر و ترسناکتر بوو کە کورد زۆر کەم باس لەمە دەکات . ئەوە بوو توانی لە ماوەیەکی کورتدا ڕێژەی کورد لە 48٪ دانیشتوانی پارێزگای کەرکوکەوە بە پێی سەرژمێری 1957 دابەزێنێ بۆ 38٪ بە پێی سەرژمێری 1977 ، ڕێژەی دانیشتوانی عەرەبیش لە 38٪ بەرزبکاتەوە بۆ 45٪ دانیشتوان لەو بیست ساڵەدا . خۆ بە پێی سەرژمێری فەرمی ساڵی 1997 ڕێژەی عەرەب هەڵکشا بۆ 72 ٪ و کورد دابەزی بۆ 21 ٪ کۆی دانیشتوان .

هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە دراماتیکی و کارەساتبارانە بۆ کورد نەک تەنها دەرکردنی کورد و هێنانی بە لێشاوی عەرەب بوو بۆ کەرکوک ، بەڵکو چەند هۆیەکی دیکەش ڕۆڵیان زۆریان بینی لەم بارودۆخە ناهەموارەدا . بەر لە هەموو شتێک دابڕاندنی چەمچەماڵ ، کفری ، خورماتوو و کەلار لە کەرکوک و لکاندنیان بە سلێمانی ، تکریت و دیالەوە هۆیەکی گرنگ بوو بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لە پارێزگای بچووککراوەی کەرکوکدا . لکاندنی هەندێ یەکەی ئیداری عەرەبی نەینەواش بە کەرکوکەوە ژمارەی عەرەبی زیاتر کرد . ئەنفالکردنی دەیان هەزار کوردی گوندنشینی پارێزگای کەرکوک گورزێکی کوشندەی بەعس بوو لە کورد بە گشتی و کوردی کەرکوک بە تایبەتی. گەلێ لەو کوردانەی لە کۆڕەوەکەی ساڵی 1991  پەنایان بردە بەر شارەکانی تری کوردستان ڕێگەیان نەدرا بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان . ژمارەیەک خێل و هۆز و بنەماڵەی کوردیش لە ناو کەرکوک و دەرەوەی شاریشدا ناچار کران خۆیان بە عەرەب ناو نووس بکەن . زۆربەی تورکمان و هەموو کلدان و ئاسورییەکانیش بە عەرەب ناونووس کران ، بە شێوەیەک ڕێژەی تورکمان لە 21٪ دانیشتوانەوە بە پێی سەرژمێری 1957 دابەزی بۆ 7٪ بە پێی سەرژمێری 1997 . سەرباری هەموو ئەمانە دەرکردنی بە لێشاوی کورد لە نەوەدەکان ئەوەندەی تر ژمارەی کوردی کەم کردەوە .

بەعس پرسی کەرکوکی بە پێی ژمارە یەکلا کردەوە و لە 1991 بە بەرپرسانی کوردی ڕاگەیاند مافی ئەوەتان ئەدەینێ بۆ کەرکوک بگرین کاتێ بەوێدا تێدەپەڕن . ئەگەر سەدام کەتنەکەی کوەیتی نەکردبایە ، خودا بە خۆی دەزانێ ئێستا ڕێژەی کورد لە کەرکوک چەندێ لە سەرەوەی سفر دەبوو .      

 

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds