Barzani-Erdogan

ئارپاك سه‌رگه‌تی : تیشكێك له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان .

دوای جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو كه‌ بوه‌ هۆی شكستی قورسی عێراق ، ده‌رفه‌تێكی زێڕین بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان ره‌خسا تا شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی له‌ گه‌ڵ توركیا فراوانتر بكات و زیاتر له‌ پێش بره‌وی پێبدات . كونترۆڵ نه‌كردنی سنووره‌كانی نێوان عێراق و توركیا ، بۆشایی سیاسی له‌ باكووری عێراق و فراوان بوونی پێشبڕكێ و شه‌ڕ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ پ . ك . ك  قۆناغێكی نوێ له‌ چالاكی چه‌كدارانه‌ی خۆی ده‌ست پێكات ، كه‌ ئه‌م چالاكیه‌ چه‌كداریه‌ داهاتووی په‌یوه‌ندی حیزبه‌ كوردیه‌كانی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ توركیای دیاری كرد .

له‌ ساڵی 1991 ‌هه‌ركام له‌ حیزبی سه‌ره‌كییه‌كانی باشوور نوێنه‌ری خۆیان هه‌بوو له‌ ئه‌نقه‌ره ‌، به‌ڵام پێكێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له ساڵی‌ 1992 خیرالله صالح ده‌كاته‌ نوێنه‌ری هه‌ردوو حیزب له‌ ئه‌نقه‌ره ‌. گرنگترین ده‌سكه‌وتی په‌یوه‌ندی نێوان كورد و تورك ، ئه‌وه‌بوو كه‌ توركیا توانی به‌ ره‌زامه‌ندی دووحیزبی باشووری كوردستان رێگه‌ی دزه‌ی پ . ك . ك . بگرێت بۆناو توركیا و له‌ رێگه‌ی ئه‌م حیزبانه‌وه‌ بتوانێ به‌ ئاسانی پارتی كرێكارانی كوردستان سه‌ركوت كات . هه‌روه‌ها رێكه‌وتننامه‌ی 1997ی نێوان توركیا و پارتی به‌ فه‌رمی ڕێگه‌ی ئه‌دا به‌ توركیا كه هێزی چه‌كداری خۆی له‌ دژی پ . ك . ك   له‌ باشووری عێراق به‌كاربهێنێت . دوای ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه‌ ، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی ، پ . ك . ك  وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی ده‌ناسێنیت .

ڕووداوه‌كانی 1997، به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نێوان پارتی ، حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و توركیا له‌ لایه‌كه‌وه‌ و پ . ك . ك و یه‌كێتی و ئێران له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دروست كرد . له‌م ساڵه‌ به‌دواوه‌ به‌ فه‌رمی دوو جه‌مسه‌ره‌ی جیاواز له‌ یه‌كتر له‌ باشووری كوردستان سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ تا ئیستاش به‌رده‌وامه‌ . سوود و قازانجی هه‌ركام له‌ یه‌كێتی و پارتی گرێدراو بوو به‌ ئێران و توركیاوه‌ ، بۆیه‌ له‌م ساڵانه‌ به‌دواوه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ هه‌موو جۆره‌ هاوكاریه‌كی ئه‌م دوو ولاته‌ ده‌كه‌ن دژ به‌ ئۆپۆزیسیۆن و هێزی كوردی له‌ باشووری كوردستان . ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ 97 به‌دواوه‌ به‌ بیانووی بوونی پ . ك . ك  له‌ باشووری كوردستان ئه‌م ناوچه‌یه‌ بوردمان ده‌كات و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی لێ ناكه‌وێته‌وه ‌.

له‌ دیاری كردنی په‌یوه‌ندی نێوان توركیاو باشووری كوردستان چه‌ندین هۆكار ڕۆڵی هه‌بووه‌ كه‌ بریتین له‌ :

1 – بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی فراوانی نه‌وت و گاز له‌ باشووری كوردستان .

2 – بوونی ناوچه‌یه‌كی كوردی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی توركیا و عێراق .

3 – بوونی كه‌مینه‌یه‌كی توركمان له‌ باكووری عێراق .

4- سه‌رچاوه‌ی ئاوی عێراق كه‌ له‌ وڵاتی توركیاوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت .

سه‌ره‌ڕای ئه‌م چه‌ند هۆكاره ، پێشهاته‌ سیاسیه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ناوخۆی توركیاو عێراق وای ده‌خواست كه‌ توركیا په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان پته‌وترو فراوانتر بكات .  هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2001 له‌ توركیا حیزبی دادوگه‌شه‌پێدان ده‌كاته‌ ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م له‌و ولاته‌ . هه‌نگاوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م حیزبه‌ گۆڕینی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ بوو ، كه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ وای ده‌خواست بایه‌خ و گرنگیه‌كی زیاتر بدات به‌ گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌ و زیاتر له‌وی كه‌ گرنگی بدات به‌ په‌یوه‌ندیه‌ رۆژئاوایه‌كانی ، له‌ رووی ناوچه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی رێكده‌خسته‌وه‌ .

پرۆسه‌ی ئازادسازی عێراق له‌ 2003 هۆكارێكی تر بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان پته‌وتر كات ، ئازادسازی عێراق بوه‌ هۆی ده‌سه‌لاتدارێتی زۆرینه‌یه‌كی شێعه‌ی لایه‌نگری ئێران‌ له‌ عێراق . به‌واتایه‌كی تر دروست كردنی به‌ره‌یه‌كی نوێی شێعه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق به‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ بۆ توركیا داده‌نرێت .

له‌لایه‌كیتره‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وام بۆ زاڵكردنی هه‌ژه‌موونی خۆی به‌سه‌ر باشووری كوردستان ، پێویستی به‌ وڵاتێكی وه‌ك توركیایه‌ كه‌ بتوانێت به‌ ئاسانی له‌ رێگایه‌وه‌ ئامانجه‌ سیاسیه‌كانی خۆی به‌ دیكات . بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان توركیا و باشووری كوردستان په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو حیزبه‌ سیاسیه‌یه‌‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ، به‌ واتایه‌كی تر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م دووحیزبه‌ له‌ بوونی په‌یوه‌ندیه‌كی قووڵ و نه‌خشه‌رێگایه‌كی هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ل یه‌كتر . حیزبی دادوگه‌شه‌پێدان له‌ ڕێگه‌ی پارتیه‌وه‌ به‌ ئاسانی ئه‌توانێت رۆڵی هه‌بێت له‌ تێكدانی به‌ره‌ی شێعه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها به‌ ئاسانی  رێگر بێت له‌ هه‌ژه‌موونی پ . ك . ك له‌سه‌ر كوردان به‌گشتی و كوردانی باكوور به‌ تایبه‌ت . توركیا به‌ باشی ده‌زانیت كه‌ باشووری كوردستان ده‌توانێت سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دابین كردنی نه‌وت وگازی توركیا به‌ نرخێكی زۆر كه‌متربێت له‌ ئێران و رووسیا . له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ پارتی له‌ رێگه‌ی حیزبی دادوگه‌شه‌پێدانه‌وه‌ وا هه‌ست ده‌كات كه‌ ده‌توانیت سیاسه‌ته‌ نه‌وتیه‌كانی خۆی به‌دیكات و به‌م چه‌شنه‌ و به‌ ئاسانی سیاسه‌ته‌كانی خۆی زاڵ كات له‌ باشووری كوردستان . داهاتووی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ گرێدراوه‌ به‌ داهاتووی  ئه‌م دوو حیزبه‌و هه‌روه‌ها ده‌سه‌لاتیدارێتی ئه‌وان له‌ ئه‌م ولاتانه‌ .‌

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies