مەحمود ڕەزا: ئازادی لە هەرێمی سلێمانی.

ئەم ئازادیەی لە هەرێمی سلێمانی هەیە بە خوێن هاتۆتە دی:

1 – لە 1919 وە سلێمانی پایتەختی مەملەکەتەکەی شێخی نەمر بو. خەڵکی سلێمانی بۆ پشتیوانیی شێخ و مەملەکەتەکەی قوربانی زۆریان دا. خۆپیشاندانەکانی خەڵکی سلێمانی بو ئینگلیزیان ناچار کرد شێخ لە هندەوە بهێنێتەوە و ئازادی بکا.
2 – لە 31 ی ئابی 1921 دا ئینگلیز و حوکمەتی پاشایەتیی عێراق بە فڕۆکە لە ناو شاری سلێمانیان دا، چونکە سلێمانی داوای مافە نەتەوەییەکانیان ئە کرد.
3 – رۆژی 6 ی ئەیلولی ساڵی 1930 تێکڕای چین و توێژەکانی شاری سلێمانی رژانە سەر شەقام و لە بەردەرکی سەرا پەلاماری هێزی داگیرکەری ئینگلیزیان دا، لە پێناو سەلماندنی مافە نەتەوایەتییەکان، ژمارەیەک شەهید و برینداری دا.
4 – ساڵی 1932 تێکڕای پیاوماقوڵان و رۆشنبیرانی شار و تێکڕای سەرۆک عەشیرەتەکانی هەرێمی سلێمانی بروسکەی سەربەخۆیی خوازی یان دا بە کۆمەڵەی گەلان.
5 – چونەوە بە لاپەڕەی رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی بیستەکان و سییەکان و چلەکان و پەنجاکانی شاری سلێمانیا دەری ئەخا کە رۆشنبیران و نوسەران و خەڵکی ئەم هەرێمە بەردەوام لە سەر دو ئاست خەبتاون:
ڕەخنە
و
ناڕەزایی بەردەوام لە دەسەڵاتی ئینگلیز و حوکمەتی پاشایەتی عێراق و؛ رۆشنکردنەوەی بەرچاوی جەماوەر و هاندانی بۆ داواکردنی مافەکانی و بەرەنگاربونەوەی زوڵم و ستەم.
6 – لە کۆتایی چلەکانا سلێمانی بەردەوام بەشداری خۆپیشاندانەکانی 46 و 47 و 48 یان کردوە. ساڵی 947 شاعیری کوردایەتی، فائق بێکەس لە سلێمانی لە بەردەمی مەندوبی سامیی بریتانیا شیعری بەناوبانگی ” ۲۷ ساڵە”ـی خوێندەوە:
بیستوحەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم
بە نان و ئاو و جلوبەرگی خۆم و … هتد
7 – سلێمانی هەر لەگەڵ داگیرکەران ململانێی نە کردوە، بەڵکو لە ناو کایەی حیزبایەتی و خەباتی کوردایەتیشا بەردەوام رەخنەگر بوە و نوێنەرایەتی باڵی پێشکەوتنخوازی بزوتنەوەی کوردایەتی کردوە تا ئێستا.

8 – لە خۆپیشاندانەکانی 17 ی شوبات بۆ 19 ی نیسانی 2011 دا، 10 شەهید و نزیکەی 1000 بریندار قوربانی دا.
9 – لە سەردەمی بەعس یشدا، سلێمانی هەر سەر تۆپ و سەرقافڵە بووە. ئەم راستییە پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگە نیە. لێ گرنگە قسەیەکی سەدامی دیکتاتۆر بیر بهێنینەوە: “سلیمانیة راس الحیة”.
هەر لە بەر ئەوە بو، کە بەعس سزای گشتیی سلێمانیی ئەدا. بەعس لە 17 پارێزگای عیراق خەستەخانەیەکی هاوچەرخی دروست کرد و، ناوی نان “مستشفی صدام”. لە سلێمانی نەی کرد.
لەبەر هەمو ئەو راستی و فاکتانە، ئەو ئازادی و ئازایەتیەی لە هەرێمی سلێمانی هەیە، ریشەی مێژویی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە و بە خوێن و خەباتی بەردەوام هاتۆتە دی … نە بەخشراوە ، سەنراوە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies