شێرزاد وڵاتدۆست: چەکدارکردنی کۆمەڵگا و زۆربوونی ڕێژەی تاوان.

ئەگەر هەر یەکێکمان ڕۆژانە سەرنجی  میدیا بینرا و بیستراوەکانی  هەرێمی کوردستان بدەین ، ئەوا لەگەڵ هەر سەرنجدانێک ڕووبەڕووی وشەگەلێکی وەک ( کوشتن ، رفاندن ، دەستدرێژیکردنەسەر ، دزی کردن و… هتد )  دەبیەنەوە ، بە جۆرێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بینەر و بیسەری زیاتری ئەم جۆرە تاوانەنە دەبین ، لەم سۆنگەیەوە ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: ئایا بۆچی ڕووداوە تاوانکاریەکان لە باشوری کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو و زەق لە هەڵکشاندایە ؟ ئاخۆ زۆربوونی ڕووداوەکانی تاوانکاری پەیوەندیی بە چەکدارکردنی کۆمەڵگاو زۆر بوونی چەک و چەکدارکدنی کۆمەڵگاوە هەیە یاخود نا  ؟

دوای ساڵانێک لە حکومڕانی خۆماڵی و دەسەڵاتداری دوو حزبی و دوو بنەماڵەیی حاکمڕەو لە باشوری کوردستان ، ڕووداوگەلێکی وەها  ڕوویان داوە ، کە وایکردووە لە زۆرێک لە قۆناغەکانی ئەم 28 ساڵە لە حکومڕانیە  کۆمەڵگای کوردی لە ڕێی بوون بە کۆمەڵگایەکی مەدەنی و کرانەوە لابدەو بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگایەکی بەسەربازیکراوە و چەکدار.

 بێگومان ئەگەر لە پێش ساڵی 1991 واتا پێش ڕاپەڕینی باشوری کوردستان  کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستان بە تەواوی بە سەربازی کرابێت و خاکی کوردستان بوبێتە مەیدانی شەڕ و ململانێکانی پێشمەرگە و سوپاسی بەعسی عێراق و سوپای جاشە خۆمەڵیەکانی ئەو سەردەمە  و جەنگی  نێوان عێراق-ئێران ، ئەوا دوای ڕاپەڕین بەهۆی ململانێنی دوو حزبی باڵادەست و پەلکێشکردنی سوپای تورک و ئێران بۆ ناو ئەو ململانێە زیاتر باشوری کوردستان بوو بە سەربازگەیەک نەوەک هەرێم و ومەملەکەتێک بۆ ژیان ، کە لە ئەنجامیشدا شەڕی ناوخۆ و کوژرانی هەزاران کەس و چەندین لێکەوتەی خراپتری ، کە لە هەموویان مەترسیداتر بە چەکدارکردنی کۆمەڵگا بوو .

لە دوای ساڵی 2003 و داگیرکردنی عێراق و لە یەکترازانی سوپای عێراق هەمدیسان وای کرد چەک و جبەخانەیەکی زۆری ئەو سوپایە بکەوێتە دەست کۆمەڵێک میلیشای و گروپی چەکدار و عێراق ببێتە  لانەی دەیان گروپی توندڕە و تۆقێنەر ، بە جۆرێک ڕوودای کوشت و ڕفاندن باسکردنی لە ڕاگەیاندنەکانی عێراق بوبوو بە شتێکی ئاسایی  لەم ساڵاندا . ئەگەر چی هەڕێمی کوردستان لەم قۆناغە کەمێک باردۆخی لە ناوەڕاست و باشوری عێڕاق باشتر بوو ، بەڵام هەمدیسان ڕووداوە تاوانکارەیەکان لە ئاستێکی بەرزدامابوویەوە بەراورد بە وڵاتانی تر.

دوای ساڵی 2014 و سەردەرهێنانی داعش لە سوریا و عێراق دووبارە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی قۆناغێکی سەختر کرایەوە کە تا هەنووکەش  لە قۆناغە داین ، ئەگەرچی داعش لە ئێستادا  لە سنورێکی جوگرافیا دا بوونی نەماوە ، بەڵام دەرنجامەکانی تا ئێستاش بەسەر کۆمەڵگا ماوە  ، بە شێوەیەک لەم ساڵانەی داعش بوونی هەبوو ، لە ژێر ناوی جەنگان لە دژی ئەو ڕێخکراوە هەموو کایەکانی ژیان وەستێنران و تەنیا بواری سەربازی لەلایان هەردو حزبەوە گرنگی پێدرابوو ،  پۆل پۆل لە گەنجانی ئەم  هەرێمە چەکدارکران بەناوی خۆبەخش و  دروشمی نیشتمانی و نەهێشتنی هیچ دەرفەتێکی کار جگە لە بوون بە چەکداری حزبی! ، بەجۆرێک هیچ دەرفەتێک نەما لە پێش گەنجان و  دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە پێناو بوونی موچەیەک ناچاربن ببن بە چەکداری حزبی ، واتا ئەم جارەش لە جیاتی بڕینی هەنگاوێک بەرەو کراونەوە بوون بە کۆماڵگایەکی مەدەنی و مۆدێرن دوو هەنگاو بەرەو دواوە گەرەینەوە بۆ کۆمەڵگای سەربازی و چەکداری.

ئەگەر بوونی چەک و کەرەسەتەی سەربازی بەدەست تاکی کۆمەڵگاوە یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکیەکان  بۆ زۆربوونی ڕێژەی تاوان کاری لەم قۆناغە ، ئەوا کۆمەڵێک هۆکاری تری زۆر گرنگ هەن ، کە وای کردووە لە باشوری کوردستان ڕێژەی تاوانکاری لە هەڵکشاندابێت ئەمانیش وەک بە حزبی کردنی تەواوی دامودەزگا حوکەمیەکان لە نێوانیشیاندا دادگا و دەزگا ئەمنیەکان  ، بەجۆرێک ئەگەر کەسی تاوانکار لەیەکێک لەو دوو حزبە  باڵدەستە پشتووپەنایەکی هەبێت ، ئەوا زۆر بەئاسانی لە هەموو جۆرە سزا و لێپێچینەوەیەک ڕزگاری دەبێت ، یاخود ئەگەر بێت و لەژێر فشاری ڕایگشتی ئەو کەسەی پشت پەنەیەکی هەبێت ماوەیەک بەند یان لێ پێچینەوەیەکی لەگەڵ بکرێت ، ئەوا پاش ماوەیەکی کەم لە ژێر ناوی لێبوردنی گشتی یاخود (سوڵحی عەشایەری) کەسی تاوەنبار بۆی دەردەچێت و ئازاد دەکرێت!

 ئەوەی گرنگە لە کۆتایی دا بە چەن دێڕک باسی بکەم ئەوەیە ، ئەگەر بێت و بە خێرایی هەنگاو نەنرێت بۆ ڕاستکردنەوەی  هەموو ئەو هەڵانەی لە سەرە ئەماژەی پێدراوە ، واتا بە دامەزروەیکردنی هێزی چەکدار و کەمکردنەوەی ڕێژەیەکی زۆری ئەو هەموو هێز و دەزگا ئەمنیەی لە ژێر ناوی سەیروسەمرە هەیە و داماڵێنی چەک لە کۆمەڵگا بەشێوەیەکی یەکجاری  ، هەرەوەها  بڕینی دەستی حزب و هەر لەیەنێک بیەوێت دەست بخاتە ناو کاروباری داداگا و دەزگا ئەمنیەکان ، لەگەڵ ئەمانەد لە هەر هەمووی گرنتر هەوڵدانە بۆ بردنەوەی کۆمەڵگا بۆ سەر ڕێی بە مەدەنی بوون و کرانەوە ئەمیش لە ڕێی بوونی پەروەردەیەکی دروستی تاک لە ناوەندەکانی خوێندن و خێزان بۆ ئەوەی  تاکی کۆمەڵگا دووربێت لە کاری تاوانکاری و توندوتیژی ، لێ دەبێت ئەوە بڵێین مەخابن تا هەنوکە هیچ ئاسۆەیەک  نیە و هیچ هەنگاوێک نەنراوە بەو ئاڕاستەیە  ، بەڵکو  تا ئێستاش رەوتی چەکداردنی کۆمەڵگا بەردەوامە و هیچ پلانێک نیە بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و دوور لە کاری تاواونکاری.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies