شێرزاد خدر: مرۆڤکوژی لە کۆمەڵگای کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ڕۆژانە چەند خولەکێک سەیرێکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان یاخود گوێبیستی و بینەری میدیا بیستراو و بینرەوەکان بین لە هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبینین دیاردەیەکی ترسناک لە حاڵەتەوە بەخێرایی هەنگاو دەنێت بۆ شەپۆلێکی لەناوبەر و دیاردەیەکی بەربڵاو، کە ئەویش مرۆڤ کوژیە جا لەناوبردنی یەکتربێت یان خودکوژی کە هەردوکی دەکرێت ناوبنێین خۆکوژی و لەناوبردنی تاکێکی کۆمەڵگا.
ئاشکرایە هیچ کۆمەڵگا و وڵاتێکی دونیا لەم دیاردە ترسناکە خۆکوژیە بەدەر نیە، هەر کۆمەڵگا و کلتور و وڵاتێک کۆمەڵێک فاکتەر هەیە کە پاڵنەر بۆ زیادبوون یان کەمبوونی ئەم دیاردەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا پێوست و گرنگە هەڵوێستەی ووردی بخرێتە سەر بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستانە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو کە بەڕێژەیەکی ترسناک لە زیاد بووندایە، بەجۆڕیک ئەگەر بێت و توێژینەوەیەک ڕاست و دروست بکرێت لەسەر ئەم دیاردە ترسناکە دەمانگەیەنێتە چەند خاڵێک، کە هۆکار و پاڵنەریی سەرەکین بۆ هەڵکشانی ئەم خۆکوژی و لەناوبردنەی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لێرەردا تیشک دەخەینە سەر چەند خاڵێک ئەگەر بێت هەنگاوی جدی نەنرێت بۆ کەم کردنەوە یاخود نەهێشتنی ئەو هۆکارگەلە، ئەوا دەبێت چاوەڕێی کارەساتێکی مرۆیی بین و هەریەکێکمان شایەدی لەدەستدانی خۆمان یاخود ئازیزیکمان بین بەهۆی ئەم جۆرە لە خۆکوژی و مرۆڤ کوژیەوە.
هۆکارەکان ڕەنگە ئاسان نەبێت نەکرێت بتوانێرێت بەتەواوی لەم چەند دێڕە کورتە تیشکی تەواوی بخرێتەسەر، چونکە بەڕاستی پێویستی بەچەندان توێژینەوەی زانستیە لەو بوارە، بەڵام لێرە دەکرێت بەکورتی تیشکبخەینەسەر باوترین و فراوانترین ئەو هۆکارانە، کە پاڵنەری سەرەکین بۆ زۆرینەی ئەو ڕووداوانەی ناومانان خۆکوژی!.
ڕوونە لای هەریەکێکمان لە هەرێمی کوردستان دوای 30 ساڵ لە حکومڕانی خۆماڵی و بانگەشەی بوونی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ و ئازادی، مافی ژن و باشی کەرتی پەروەردە و باری ئابوری خەڵک و چەند وشە و باقی بریقی لایەنی دەسەڵاتدارە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، دەگونجێت ئێستا هەر لەم دروشم و بانگەشانە کۆمەڵێک هۆکاری ئەم دیاردەی خۆکوژیە هەڵێنجین، بەجۆرێک ئاشکرایە لە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک بەگشتی ئەم دروشم و بانگەشانەی دەسەڵات پێچەوانە بوون بە کردار!، بۆ نمونە لە سەرەوە نەبونی یاسا، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ستەم و زۆرداری، پوکانەوەی کەرتی پەروەردەی حکومی و تەواوی کەرت گشتیەکانی تر برسی کردن و دزینی قوتی خەڵک لە ژێرناوی قەیرانی دەسکردی جۆرا و جۆر و بێکاری و… هتد..! کە هەریەکێک لەمانە و چەندین هۆکارگەلی تری مرۆیی بێگومان کاریگەری تەواوی لەسەر زۆربونی ئەو دیاردە لە خۆکوژیە لە کۆمەڵگای کوردی هەبووە و دەبێت، کە دەکرا لە دوای 30 ساڵ لە حکومڕانیە کوردیە خۆماڵیە ژینگەیی وەها لەبار و ژیاندۆستی بۆ هەرتاکێکی کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستان بهێنرێتە کایەوە، مەگەر بە خەیاڵ بیر خۆ لەناوبردن یان لەناوبردنی تاکێکی تری کۆمەڵگا بکاتەوە.
لێ کاتێک حکومەت و دەسەڵاتی حیزبی بۆ بەرژوەندی حیزبی و تایبەتی خۆی دێت نیوەی کۆمەڵگا دەکات بە چەکدارێکی بێ سیستەم و پڕەنسیپ و چەک وەک دیاری دەبەخشیتەوە و یاسا و، دادگا دەکاتە شانۆگەری بێزراو بێ متمانە لای خەڵک و، خودی خۆی دەبێتە پارێزبەندی بکوژ و تاوانبار. ئەوا بێگومان ئەو کەسە بیردەکاتەوە کە لە دارستانێک دەژیت نەوەک لە ژێر چەتری دادگەری و لێپرسینەوە، بۆیە هەرکاتێک مەیلی بهێنت دەستی سوردەکات بە خوێنی تاکێکی تر لەم کۆمەڵگایە. جگە لەمە قورسکردن و برسیکردن و دروستکردنی دەیان قەیرانی و ئابوری خەڵک بەشێوەیەکی گشتی و شاهانە ژیان و خۆیان لەلایەیەک و بەخشینەوەی ملیۆنان دۆلار بۆ میدیا حیزبی و کۆمەڵێک بەناو میدیاکاری نمایشکار بۆ تێکدانی کۆمەڵگا لەبەریەک هەڵوەشاندەوەی خێزان و کارکردن بۆ بێ هیواکردنی بڕینی هەر ڕۆشنایەکی ئومێد بۆ ژیانێکی شیاو و ژینگەیکی سەقامگیری سیاسی و ئابوری وەهای کردووە، ئەگەر بێت و ئەوکەسە بەدەستی تاکێکی تر لەناونەچێت ئەوا خودی خۆی بیر لەناوبردنی خۆی بکاتەوە.
بۆیە لە کۆتایی دەبێت بڵێین، ئەگەر بەم جۆرە و بەم ئاوازە لە حکومڕانیە لەم هەرێمە بەردەوام بێت و هەنگاوی بەپەلە نەنرێت بۆ نەهێشتن یان لانەی کەم کەمردنەوەی ئەو هۆکارانەی سەرەوە، ئەوا دەبێت چاوەڕێی زیاتر فراوانبوونی خۆکوژی و مرۆڤ کوژی و لەناوبردنی بین لە کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان، بەجۆڕێک زووبێت یان درەنگ پڕشکی ئەم ئاگری لەناوبردن و خۆکوژیە بەر هەریەکێکمان دەکەوێت و بەدوورنابین لەم دیاردە ترسناکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت