ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: بۆچی رێكخراوەكانی ژنان دابخرێن؟

لەم چەند رۆژەی رابردوودا كە بەبۆنەی (16 رۆژەی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان)ەوە، هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن لە رێی تەلەفۆنەوە گفتوگۆیان لەگەڵ هاووڵاتیان دەكرد، زۆرێك لەوانەی گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكرا، یان پەیوەندییان دەكرا، تەنانەت بەداخەوە بەشێك لەوانە، كە ژنیش بوون، لە پەیامەكانیاندا دەیانوت: «با رێكخراوەكانی ژنان دابخرێن»، پاساویشیان بۆ ئەوە – بەوە دەهێنایەوە كە گوایە «ئەو رێكخراوانە رێز و بەهای كۆمەڵایەتییان نەهێشتووە و كێشەیان خستۆتە نێوان هاوسەرەكانەوە و ئاڵۆزییان لە خێزانەكاندا دروست كردووە». بە بۆچوونی بەشێك لەو كەسانەی په‌یوه‌ندیان پێوه‌ده‌كردن، «كێشەكانی دادگا و جیابوونەوەی هاوسەرەكان زۆربەی بەهۆی رێكخراوەكانی ژنانەوەیە و… هتد».
به‌ڕاستی ئەو بێ بتمانەییە مایەی نیگەرانییە، لەكاتێكدا چەندین رێكخراویی ژنان و ئافرەتان و خوشكان و هی تریش لە كوردستاندا هەن و خۆیان وەك داكۆكیكا‌ری مافی ژنان ناساندووە و زۆریش هەوڵیانداوە بۆ پاراستن و هۆشیاركردنەوەی ژنانی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان، بەتایبەتی یەكێتیی ژنانی كوردستان، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشتی سەرەكیی ئەو رێكخراوەیە كە هەر لە سەرەتاوە باوەڕی وابووە ژنان بەشێكی دانەبڕاوی خەباتی سیاسی و مەدەنی و پێشخستنی هەموو كایەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستانن، لەبەرئەوە هەر لە سەردەمی شاخ و لەكاتی پێشمەرگایەتیدا، ژنان وێڕای خزمەتی پێشمەرگایەتی و ئەركەكانی تری رۆژانەیان، دروستكردنی یەكێتی ژنانی كوردستانیان كردە خەمی خۆیان و چالاكانە تێكۆشان بۆ بەرەوپێشبردنی چارەنووسی ژنانی كوردستان و داكۆكیكردن لە مافەكانیان.
لە دوای راپەڕین و لەناو شاریش پەرەیان بە چالاكییەكانیان داو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوكار و پشتیوانیان بوو بۆ سەرخستنی كارەكانیا‌ن و زەمینەی رەخساند بۆ هاتنەپێشەوەی ژنانی بە توانا و خاوەن بڕوا بە مافە مرۆیی ‌و رەگەزییەكانی ژنان ‌و كچان، تا وەك پیاوان لە پێگە‌ حزبی و حوكمڕانییە باڵاكانی كوردستان رابەرایەتی بگرنەدەست، لەسەرووی هەمووانیشەوە جگە لە یەكێتی وەك حزب ‌و ئایدیۆلۆژیای سیاسی، رەوانشاد مام جەلال- وەك مامی گەورەی هەمووان رۆڵی زۆر گرنگی لەو بارەیەوە گێڕا، چ بەر لە رووخانی رژێم و چ دوای بوونیشی بە سەرۆك كۆمار هەم لە كوردستان بەتایبەتی ‌و هەم لە سەرانسەری عیراقیشدا بەگشتی، هەمیشە وەك داكۆكیكار و پشتیوانێكی تەواوی مافەكانی ژنان رۆڵی گەورەی بینیووە.
مامی گەورە داكۆكی و پشتیوانییەكەی تەنیا بەقسە نەبوو، بەڵكو بە كردار ئەوەی سەلماندووە، چ لەناو هەرێمدا ‌و چ لە عیراقیشدا هەرلە هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی و دەركردنی هەردوو بڕیاری ژمارە 62و 59 وە بیگرە كە دوو یاسای زۆر گرنگ و دیاربوون لە ناوخۆ و دەرەوە، دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، كە لانیكەم بووە ڕێگر و لەمپەر لەبەردەم كوشتنی ژنان بەناوی شەرەفپارێزییەوە، هەروەها كاركردن بۆ بەدیهێنانی مافەكانی ژنان لە سەرجەم بوارەكانی پەیوەندیدار بە یاسای باری كەسێتی و هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی كە ی.ن.ك كاری لەسەر كردبێت، لە هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی و یاسای سزادانی عیراقی.
سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكان، پیاوی كورد زیاتر لە دراوسێكانی رێز و پایەی ژنی بەرز نرخاندووە، لەبەرئەوە ژنانی كورد جیاواز لە ژنانی تری ناوچەكە، لەهەموو بارودۆخە جیاوازەكاندا ژنانی ئازارچەشتووی دەروونی و جەستەیی دەستی كەلتووری كۆن و ناپەسەندیی كۆمەڵگا لەژێر كاریگەری نەتەوەی سەردەستدا، بەڵام سروشتی ژنانی كورد وایكردووە كە هەرگیز نادادیی و جیاكاریی و پاشكۆیەتی و ستەمی كۆمەڵایەتی قبووڵ نەكەن.
وەك ئاماژەمان پێدا لەم سەردەمەی ئێستاشدا ژنان ‌و كچانی كورد زۆر چالاكانە هاتوونەتە مەیدان و لە رێگەی رێكخراوەكانی ژنانەوە هەوڵی شێلگیرانە و بەردەوامیان هەیە بۆ پەروەردە و پاراستنی ژنان و دەستەبەركردنی مافەكانیان، لەكاتێكدا هێشتا زۆر لە ژنانی نەتەوەكانی دەوروبەر ئازادیی و رای خۆیان لە بوارەكانی باری كەسێتی و هاوسەرگیریی و گەشت و سەفەر و تەنانەت شوفێریشدا نییە و بگرە زۆر مافی دیكەی سەرەتایی خۆیان وەك پێویست نییە، بەڵام ژنانی وڵاتی ئێمە بەهۆی چالاكی و تێكۆشانی رێكخراوە پێشكەوتنخوازەكانی چالاك لەبواری پاراستنی مافی ژناندا هەر نەبێت، لە ‌هەرێمی كوردستاندا لە زۆربەی كایەكانی ژیاندا بەشدارن و پێگەی كۆمەڵایەتی و كارگێڕیی و سیاسییان هەیە و هەمیشەش لە هەڵكشان و بەرەوپێشچووندایە، جێی داخە هێشتا ئه‌گه‌ر خەڵك هەبێت بەتایبەتی لەناو خودی رەگەزی مێینەدا داوای داخستنی رێكخراوەكانی ژنان بكات!
بێگومان رێكخراوەكانی ژنان دەبێت بەجدی لەو مەسەلەیە بڕوانن، بۆ متمانە بەخشین و راستكردنەوەی ئەم تێڕوانینە و نیگەرانییەكانی كۆمەڵگە لەم بارەیەوە، دەبێت رێكخراوەكانی ژنان بەكارەكانی خۆیاندا بچنەوە و زیاتر هەوڵ بدەن بۆ پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان و پێویستیشە شێوەی كاریان بگۆڕن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخەكاندا بگونجێنن و زیاتر لە ژنان نزیكببنەوە و پیاوانیش ئاراستە بكەن، بە شێوەیەك لەگەڵ ژیانی سەردەمدا بگونجێت لەپێناوی بردنەپێشەوەی سروشتییانەی ئەو خەباتەی كردوویانە. بێگومان ئەوەی كردوویانە مایەی رێز و پێزانینە لە داكۆكی لە مافی رەوای ژنانی نەتەوەكەمان، هەربۆیە پێویستە ئەرك و ماندووبوونی رێكخراوەكانی ژنان رێزی لێبگیرێت و پێویستیشە ژنان بە مافە شارستانییەكانی خۆیان ئاشنابكرێن، چونكە خەبات بۆ مافی ژنان ‌و كچان، بۆ رێگرییە لە بە كۆیلەكردنیان ‌و مامەڵەكردن لەگەڵیان وەك كەرەستەی تێركردنی غەریزە، نەك وەك ئەوەی هەندێك لە كەسی كۆنەپەرست پێیانوایە ئاشنابوونی ژنان بە مافەكانیان، رێگە خۆشكەرە بۆ بوونی ژنان بە كۆیلە و كەرەستەی تێركردنی غەریزەی رەگەزی نێر، بۆیە زۆرێك لەوانەی دژی رێكخراوە پێشكەوتنخوازەكانی ژنان دەوەستنەوە، كار بۆ ئەوە دەكەن كە ژنان ‌و رەگەزی مێینە تەنها لەو قاڵبەدا بمێننەوە، بۆیە گۆڕینی ئەو تێڕوانینە بەتایبەتی لای خودی ژنان ئەركی رێكخراوەكانی ژنانە بەجۆرێك كە كۆنتاكتی راستەوخۆیان لەگەڵ ژنان هەبێت بۆ روونكردنەوەی ئامانج ‌و خەباتەكەیان لەلایەك ‌و هۆشیاركردنەوەی پیاوان لە گۆڕینی تێڕوانینیان بۆ ژنان ‌و كچان بە پێوەرە مەدەنییەكان.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies