شاخەوان سەنگاوى: هەفتەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى …… میلەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر تەماشایەکى پیاوە سمێڵ با بردووەکانى مەملەکەت بکەیت لەم هەفتەدا وا لێیان تێدەگەیت کە ئەمانەو ئەمسالەکانى ئەمانەى مەملەکەت، شەو ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ چارەسەر کردنى هۆکارەکان پاڵنەرەکانى ئەو دیوو ئەو توندوتیژى کە دژى بەشێکى گرنگى کۆمەڵگا دەکرێت ئەویش ژنانە. لە کۆشکە شاهانەکانیان لە خۆیان و ماڵ منداڵیان خەو خواردنیان حەرام کردووە.
بەڵام من دەمەوێت ئەوە بڵێم لەم مەملەکەتە شەش ملیۆن نەفەرەیى ئێمەدا ئەو ژنانەیى کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە لایەن پیاوانەوە، ئەگەر 10 % کۆمەڵگا بێت. کە ئەمە خۆیى لە خۆیدا ئەم ڕێژەیە لە کۆمەڵگایەکى تەندروستدا کاریگەرى نەڕێنى لە سەررفتار و خوو ڕەوشت و پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانى کۆمەڵگا و نەوەکانى ئایندەى ئەو کۆمەڵگایە دادەنێت، هەر بۆیە بۆ چەندین ساڵ ئەو کۆمەڵگایە بەدەست ئەو چەشنە گرفتانەوە دەناڵێنێ وە ملیارەها دۆلاریش سەرفدەکرێت لە پێناو دەربازکردنى و وەلانانى ئەوخوو ڕەوشتانەى کە بە شێوەى بۆماوەیى بەهۆکارەکانى توندوتیژى بۆوەچەکانى ئایندە بە جێماوە ئەمیش بە پێى ئەوتوێژینەوانەى لە بوارەکانى مرۆڤ رەفتارەکانیدا کراوە.
ئەمە ئەگەر بۆ 10% کۆمەلگا کە توندوتێژیان بەرامبەر بکرێت کاریگەرى بکاتە سەر نەوەکانى ئایندە و بۆچەندین سالیش بەردەوام بێت ئەم دەرئەنجامەکەى بێت.
ئەى من دەپرسم لە کۆى سیاسیەکانى ئەم مەملەکەتە؟ ئەگەر تەواوى کۆمەڵگا لە لایەن خۆتان و دەست و پێوەندەکانتانەوە بۆماوەى سى ساڵى حکومڕانیتان بێ ئەوەى جیاوازى بکەن لە نێوان چین و توێژە و ڕەنگ و ڕوو و ڕەگەزەکانى مرۆڤى ئەم مەملەکەتە لە بیست و چوارسەعاتى خودادا توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت دەبێت نەوەکانى ئایندەو خوڕەوشتیان چ جۆرێک دەربچێت.
یان بە دیوەکەى دیکەدا هەفتەى توندوتیژى دژ بە مێینە گۆڕەپانێکە بۆ ئەوەى هەرکامێکتان لە گۆشەیەکى تیڤى و ڕوپەڕى ڕۆژنامەکانا خۆتان بکەن بە پاڵەوان و زۆرترین شیعاراتەکانتان بە گۆێى تەواوى دانیشتوانى مەملەکەتدا بدەن، ئەگەر دەڵێن وانیە. کەواتە من دووبارە دەپرسم لە خودى خۆتان لە ماوەیى سى ساڵ لە پڕۆسەى بەناو حکومڕانیتان دەتوانن بەبارتەقاى شیعارەکانتان خاڵ ریز بکەن لەو هۆکار و پاڵنەرانەى کە هۆکارێکن بۆ توندوتیژى دژ بە ژنان ، کە ئێوە بوبێتن بە هەوێنێک بۆ ڕێگریى کردن و لە ناوبردنى ئەو هۆکارانە یان بە پێچەوانەوە من دەتوانم دەیان خاڵ ریز بکەم کە پڕۆسە حکومڕانى کوردى هۆکارێکە لە هۆکارەکانى زیاد بوونى توندوتیژىە کۆمەلایەتیەکان لە تەواوى ئاستەکانى کۆمەڵگادا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت