شاخەوان سەعید سەنگاوی: پیاسەیەک لە گەڵ پاڤڵ تالەبانی دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر سەردارانی سیاسی هەرێم دەتانەوێت ڕووی خۆتان و شۆفڵەکانتان سپی بێت، ئەوا باشترە لە چواردەورەکەی خۆتانەوە دەستپێ بکەن. ئەویش لە ڕێگای گوێگرتن لە خەڵکی دەرەوەی حەرم سەراکنتان، نەک ئەو مێگەڵە لە ڕاوێژکارەی کە لە چواردەورتان بوونی هەیە، هەرگیز ڕۆژێک نابیستن ڕاوێژکارێک پێچەوانەی قسەی ئێوە قسە بکات. چونکە لە ترساندا برستی قسەیان نیە. بەڵام وەرە من پێتان دەڵێم؛ لە هەرێمە گچەیەی خۆماندا نەک کوێخایەک، بگرە سەدان و هەزاران کوێخا هەیە. بەلام بەناو ناونیشانی جۆراو جۆر، کەواتە گوێبگرە من مشتێک لەو خەرمانەت بۆ باس دەکەم چاوڕێی ئێوە و شۆفڵەکانتان دەبم، یان قەڵاکانی ئەوان بڕوخێنی، یاخود ماڵە سەدوچل مەتریەکەی من.
زۆر دوور ناکەومەوە لە سەرووی ماڵەکەی خۆتەوە کە بەیانیان تەماشایەکی گۆیژە و ئەزمەڕ دەکەیت، ئەوە نابینیت کە چون ئەو شاخە هەنجن هەنجن کرا بۆ کێ؟ کەواتە نەک نەزانیت من پێت دەڵێم؛ بۆ پڕ کردنی گیرفانی کۆمەڵێک سەرانەسێنی دیکە. بەڵام لە بەرگێکی یاسایدا هێدی هێدی گۆیژە و ئەزمەر لە خاچ دەدرێت، نەک بۆ پڕۆژەی بنیات نانەوەی شار، چونکە بنیاتنانەوەی شار بە پیلان نابێت، بەڵکو بە پلان و هەنگاو دوای هەنگاو دەبێت. هەر زۆر لێت دوور ناکەومەوە چەن سەد مەترێک لەو لای هەواری شار دەبینی چی دەگوزەرێت بەبێ مزایدە و بە بێ بانگەواز سەدان نا بگرە هەزاران دۆنم زەوی دەدرێت بە وەبەرهێن، کامە وەبەرهێنانە، ئەمانە من ناوی دەنێم ئەنفالچی زەوی. چونکە تەنها لە خەمی کەڵکەکردنی سەفتە دۆلارەکانی خۆیانن. هەندێی لەو بەناو سەرمایەدارانە ئەگەر هەر ئەو زەویەی وەریدەگرێت خەمڵندنێکی سەرەتایی بۆ بکەیت، دەتوانیت نەک جارێ، بگرە دووجار شەقامی سەد مەتری پێ تەواو بکەی. ئەگەر ئەمە ئەنفال نەبێت من دەپرسم چیە؟ دڵنیاشم چەند ساڵێکی دیکە دەبینیت ئەگەر تەمەن باقی بێت قسەکەم تەواوە، یان نا. با زۆر نەڕۆین بەرەو مێرگەپان، چونکە ئەوە نەک سەری من، بگر سەری منداڵی بەربێشکەش سپی دەکات. بۆیە بەناچاری دەگەڕێنەوە بۆ تاقانە شەستیەکەی شار، ئەها تەماشاکە بیرم کەوتەوە ئەرێ خێرە هەر کۆمەڵە شوقەیەک کەدەچێ بە ئاسماندا بەنزینخانەیەکیش قوت دەبێتەوە.
باشە. باش….. دەڕۆینە خوارتر ئەرێ بەڕاست شوێنی بەنزینخانە حکومیەکەی دووڕێیانەکە، بڕیار بوو بکرێت بە پارک، کەچی لە پڕ زەویەکەی هێندە بەپیتە لە جیاتی دار شوقەی تێدا سەوز بوو.
تواخوا بۆستە تەماشاکە ئەرێ ئەوە گەڕاجی بغداد نیە؟ دەبینیت چی تیا سەوز بووە هەر جەمەڵۆنە و پاڵ دەنێ بەجەمەڵۆنەوە. ئەها بەزمانەکەی خۆت هەڤاڵ تەماشایەکی ئەم گردەش بکە! ئۆ دەڵێی قەڵاکەی کابرایە، بەڵام لە ناودا جیاواز.
ئەرێ بەڕاست بۆ ئیشارەتی ڕاست داگیرسان ئێمە بڕیار وابوو شەستی بەشتی بڕۆین، چونکە بەس بەتەماشاکردنیش کاری کارسازان تەواو نابێت جی حەشرێک بەم مەملەکەتە دەکەن. باشە باش پیاو ناوێرێت ئینکاریت لە گەڵدا بکات دەنا خانۆکەی منیش دەروخێنی.
ئەرێ بەڕاست بۆ دەپرسیت ئەی نایبینیت ئەوە تاوەری کارەبایە بەپێی ڕێنمایەکانیش دەبێت شەقام بێت. ئێباشە منیش دەزانم سیاج کراوە بەس بۆ لەمن دەپرسیت. بڕۆ لە کاربەدەستانی مەملەکەت بپرسە.
باشە ئەوە وازمان هێنا لەو….. بەڵی شەقامە!.
باوکم بەخوا تۆ ڕاست دەکەیت لەم شەقامە دەڵێت؛ دەست بەدیوار دەکەین، هەرجارە و لە لایکیەوە دەڕۆین. دەگوێبگرە با ئەمەشت پێ بلێم؛ ئەم شەقامە دەبینیت، ئەمە سەد مەتریە، دەیان ساڵە تەواو بووە لە پردەکەی ولوبە وە دەست پێ دەکات تا دەگاتە شەقامی دەروازە.
بەڵێ بەڵێ کەنیسەکەیە، بەڵێ دەزانم زەویەکی باش بوو، بەڵێ وابڕیار بوو بکرێت بە پارکێک. بەڵام لە پڕ خەت خەت کراو خوا لە خێری دەرنەکات خۆمان خۆش.
وریابە ماڵم ئاواکردیت خەریک بوو کەتنێك بنێیتەوە.
چی!!! باوکم بەخوا درۆم لە گەڵ نەکردیت! بەڵێ ئێستاش دەڵێم؛ ئەم شەقامە تەواو بووە بەس لە سەر کاغەز. هههههه.
کورە ماڵت ئاوابێت خاڵی پشکنینی چی.. دەزانم ئەوە خاڵی پشکنینە بەس هی ئەو یەکەی نیشتە جێ بوونە یە. خۆشت ناو و ناونیشانەکەی دەبینیت، ئیدی بۆ لەمن دەپرسیت. گرنگ شەقامەکە هەیە.
ئەوانەی خوارەوە شوقەیە. ئێ دەزانم کە دەزانیت شوقەیە بەس هەموو شتێ شەرت نیە من پێت بڵێم ئەی ئەو هەموو ڕاوێژکارەت بۆچیە با ئەوانیش پێت بڵێن کە چی دەگوزەرێت لەم شارەدا.
بووەستە … بووەستە… من دادەبەزم لێرە. بۆی ناوێت، چونکە ئەگەر زانیم شۆفڵەکەت کەوتەکار، ئەوکات هەزاران شوێنی دیکە ماوە، دەتوانین سەردانیان بکەین و شۆفڵەکەتی بۆ بخیتەکار، هەر وەک چۆن خستەکار بۆ قەڵاکەی کوێخا. بمێنن بەخێر و سەلامەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت