پشتیوان جەمال: پرسی هەڵبژاردن و هەمواری بودجە، لەنێوان ئالنگیری و ئاسۆدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی ھەستیاردایە، سەرەڕای پلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و ھەوڵەکانی عێراق بۆ لەقاڵبدانی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆش دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ناجێگیرە، ناکۆکی نێو ماڵی کورد و شەڕی سارد لە نێوان لایەنەکان گرفتێکی گەورەیە، دۆخی ئابوری خەڵک لەئاستێکی زۆرخراپدایەو کۆمەڵگا دابەش بووە بەسەر دوو چینی دەوڵەمەند و هەژار، و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە،لەئێستادا هەرێم لەبۆشایی یاسایی گوزردەکات بەهۆی نەبوونی پەرلەمانەوە، حکومەتەکەی کاربەڕێکەرەو بەدووریش نابیندرێت ئەم کاربەڕێکردنەش سنورێکی بۆدابندرێت لەدادگای فیدڕاڵی، ڕەنگە نووسینی سکاڵایەک بەسبێت بۆ دیاریکردنی سنوری کاربەڕێکەری حکومەتەکەش، ئەمە خەتەررین بڕیاردەبێت بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی هەرێم و بچێتە تای تەرازوی پارێزگایەک لەچوارچێوەی عیراقدا.
تادێت گرێکوێرەی نێوان بەغداو هەرێم تونتر دەبێت، مەترسی نایاسایی لەسەردامەزراوەکانی و لایەنی ئابوری هەرێمی کوردستان زیاتردەبێت، پرسی هەڵبژاردن بۆتە مۆتەکەی هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی بڕیاردان لەم بابەتە لەداگای فیدڕاڵی چارەنووسی هەرێم دەخاتە بەرمەترسیەوە، بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی کۆمسیارانی بەغداد فریانەکەوتیان لەبەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەماوەی یاسایی خۆیان، چونکە لەهەر حاڵەتێکدا ئەم بڕیارە دوا بکەوێت بۆمانگی” حەوتی 2024 ” کۆمسیۆنی بەغداد ماوەی یاسایی نەمێنێت ئەوکات دۆخی هەڵبژاردن دەچێتە تونێڵێکی تاریکەوەو ئەوسەری دەرگاکە لەکەس دیارنابێت.
بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و دوبارە نوێکردنەوەی کۆمسیۆن خول و فێرکاریەکانی ئەودامەزراوەیە، مەودایەکی دوورو درێژی پێویستە، چونکم لەباری ئاسایی خۆیدا کۆمسیۆن پێویستی بەشەش مانگ هەیە بۆبەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، خۆئەگەر دامەزراوەکەی خۆی ماوەی یاسایی تەواوبێت تا خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردن لە هەرێم پێویستی بەساڵێک دەبێت،کەوابوو هەڵبژاردنی هەرێم پێش بەسەرچوونی کۆمیسیۆنی بەغدا لەم ساڵی 2024 نەکرێت، بەدڵنیایەوە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. لەلایەکی تر تەواوی ئومێدی لایەنەکوردیەکانی بەغدا لەسەر هەموارکردنەوەی چەند بڕگەو بابەتێکی بودجە هەڵچندراوە، بۆئەوەی پشت بەستن بەیاسای بودجە شایستە داراییەکانی هەرێم وەک خۆی و لەکاتی خۆیدا بدرێت. ڕەنگە ئەمەش جێگای دڵخۆشی و ئومێد نەبێت، چونکە لەکاتی خۆیدا ئەم داواکاری هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەسەرخواستی کوردنەبووە، بەڵکو لەسەر ناڕەزایەتی لایەنە عەرەبیەکان بوو، کەدەسەڵاتی پارێرگارەکانی عێراقی کەمکردبۆوە لە مەسەلەی پارەدارکردنیان. ئاستەنگی هەندێ لایەنی عەرەبیش بۆ هەمواری بودجەکەم نین، بەتایبەتی دوای ئەو کۆبونەوەی پەرلەمان بۆدەرکردنی هێزبیانەکان عێراق و بەشداری نەکردنی کورد تیایدا، هەڕەشەی هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکانیان بۆ دەنگ نەدان بەو بابەتانەی کەپەیوەندی دارن بەپشکی هەرێمەوە، بۆیە پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوان لایەنەکان دوورنیە ئەو ئومێدەش لەگۆڕبنێت و گێچەڵی بەغدا بۆ ناردنی پشکی کورد وەک ئێستا بەردەوامبێت.
دەرئەنجام ئەوەی بۆکورد گرنگ و پێویستە، بۆ دەربازکردنی قەیران و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هیچ ڕێگا چارەسەرێکی ترنیە، جگەلەڕێککەوتنی لایەنەکوردیەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی لەسەرئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ڕێککەون لەسەر وەڕەقەیەک بۆتەواوی ئەو گرفتانەی کەهەن و ناکۆکییان لەسەرە، ئەو کات ڕێککەوتنی لایەنە کوردیەکان دەبێتە هۆی دروستکردنی قەرارێکی سیاسی،کە دەتواندرێت ئاسانتر ئەو پرسانەی لەبەغدا هەن یەکلایی بکرێنەوە تەنانەت لەدادگای فیدڕاڵیش ئەگەر ببیندرێت لەسەر پرسێک کۆدەنگی هەیە حەتمەن ئاسانتر یەکلایی دەبێتەوە،کاتێک پرسەکە تەنها لایەنە کوردیەکانن، ئەمە کۆتا چارەسەرە بۆ دۆخی هەرێم و ڕێگای دووەمی نیە، جگەلە گەورەتر کردنی مەترسی زیاتر لەسەر قەوارەی هەرێم و خراپترکردنی دۆخی دارایی هاوڵاتیەکانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت