ئەحمەد ڕەسوڵ: بەمەزارگەکردنی شار.

لەبارەی هەوڵی بنیادنانی مەزارگەیەک لە دەروازەی سلێمانی.
پێشنیار و هەوڵ بۆ دامەزراندنی مەزارگە “مرقد” لەسەر گۆڕی “محمد عبدالکریم ناسراو بە شێخ محمد عبدالکریم کەسنەزانی- ڕێبەری کۆچکردووی ڕێبازی قادریی” لەژێر ناوی پێگەیەکی گەشتیاریی ئایینیی بۆ پێڕەوکاران و شوێنکەوتووانی ڕێبازەکە کە وەک دەڵێن درێژبوونەوەیەکی ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتیشی هەیە، کە گوایا دەبێتە هۆکاری وەجوڵەخستن و وەگەڕخەری ئابوریی، دروستبوونی هەلی کار بۆ کۆمەڵە کەسێک و سەرئەنجام داهاتێکی باش بۆ شارەکە و بۆ هەرێمیش.
ئایا بەگوێرەی کام ئاماریی باوەڕپێکراو، پێڕەوکاران و شوێنکەوتووانی ئەو ڕێبازە ژمارەیەکی هێندە گەورەیە، هەتا بەشێوەیەکی ساڵانە و پاتەبوونەی ساڵانەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بە مەراسیمی یادکردنەوەی ئەو کەسە ” ئەو ڕێبەرە کۆچکرووەی ڕێبازەکە” ئەو ژمارە زۆرە لە گەشتیاری ئایینی! “وەکو خۆیان دەڵێن” سەردانی ئەو مەزارگەیە بکەن و سەردانیکارانیش هێندە دارا و هەبوون، کە بتوانن جوڵەی ئابووریی دروستبکەن و پارەیەکی باش لەگەڵ خۆیان بهێنن و لە میانی مانەوەیاندا لەو ماوەیەدا خەرجی بکەن و دواتر بڕژێتە گیرفانی خەڵکی کاسبکار، شاری سلێمانی و حکومەتی هەرێمەوە؟!
ئاشکرایە ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕاستێنراوی مەرگی هەر کەسێک “بەتایبەت ڕێبەرێکی سیاسی یان ئایینیی، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی یان ئەدەبی و فەرهەنگیی”، پڕئەفسونترین و کاریگەرترین ساتەوەختە، هەم لەو ئاستەدا کە شۆکێکی گەورەیە لە خەیاڵدانی کۆمەڵایەتیدا، هەم لەو ئاستەدا کە شکانیی ئەو هالەیەیە لە نێو هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا کە لە دەوری کەسێتیی و شوناسی ئەو ڕێبەرە یان ئەو کەسایەتیە کێشراوە. واتا چرکەساتی مەرگ، بەهێزترین چرکەساتە بۆ لە دەوری یەک خڕبوونەوەی هەموو ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەی بە دەوری ئەو ئایکۆنە سیاسیی، ئایینیی یان کۆمەڵایەتییەوە هەیە. چڕبوونەوەی ئەو هێزە و ئەو ئاپۆڕایە لە ساتی مەرگدا لە ئەوجدایە و دواتر هیچکات ناگاتەوە بەو ئاستە.
واتا لە پەیوەند بە مەزار و مەرگی ڕێبەری کۆچکردووی ڕێبازی قادرییەوە، ئەوجی چڕبوونەوەی هێز و ئاپۆڕای کۆمەڵایەتی لە ساتی مەرگ و چەند ڕۆژی دواتر بوو. ئیدی هەرگیز ناگاتەوە ئەو ئاستە لە کۆبوونەوە و ئاپۆڕابەستنی خەڵک لە پێناو یادی ئەو کەسەدا. هەر بە گوێرەی ئەوەی لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی ئەو کەسە و ڕۆژانی دواتر کە لە ڕێگەی کەناڵەکان و سۆشیاڵ مێدیاوە گوازرایەوە، ژمارەی سەردانیکاران هێندە گەورە نەبوو تا سەرمایەگوزاریی گەشتیاریی لەسەر بکرێت و هەروەها ڕەتکەرەوەی ئەو بانگەشەیەش بوو کە گوایا لە هەموو وڵاتانی دنیادا و لە هەموو نەتەوە و زمانەکانی دنیادا پێڕەوکار و شوێنکەوتووی هەیە، جگە لە عێراق و ئێران کە ئەویش بەشە زۆرەکەی کورد پێکیدەهێنێت لەگەڵ کەمێک لە عەرەبی ناوەڕاستی عێراق وئەگەر بە دەگمەن و تاک و تەرا خەڵک لە ووڵاتانی وەکو سوریا، ئەردەن و تورکیا هەبێت یان نا. لە دووبارە بوونەوەی ساڵانەی یادەکەیدا چیدی لای خەڵک ئاسایی بووەتەوە و وەک ساتەوەختی یەکەمی مەرگیی، کاریگەر و گرنگ نییە و ئەستەمە ژمارەی سەردانیکاران، ژمارەیەکی هەژمار بۆکراو بێت لە نێو دنیای گەشتیاریی و وەجوڵەخستنی ئابوورییدا.

هەروەها ڕاستییەکی سادە لە پەیوەند بە پێڕەوکاران و شوێنکەوتووانی ئەو شێخە و ڕێبازەکەیەوە، ئەوەیە کە زۆرینەی ڕەهایان “ئەمە ئەگەر نەڵێین هەموویان” لە چینی کەمدەرامەت و کەمسەوادی کۆمەڵگای کوردستانن. ئەم کۆمەڵە خەڵکەش مایەی پشتپێبەستن نییە بۆ کەرتی گەشتیاریی “ئایینی وەکو خۆیان دەڵێن” چونکە نە دەتوانێت پارەیەکی باش لە مانەوە، هاتووچۆ، خواردن و شت کڕیندا خەرجبکات، نە دەتوانێت ببێتە دەرفەتی سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان لە میانی ئەو گەشت و سەردانیکردنانەدا.

خاڵێکی دیکە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، دەروێشانی ئەو تەریقەتە بۆ مەرگی شێخەکەیان بەو ژمارەیە “کە هێندە نەبوو ببێتە ژمارە لە بواری گەشتیارییدا” هاتنە مەراسیمی بەخاکسپارنەکەی و ڕۆژانی پرسەکەی و دواتریش، ئەوا هەڵبەت بۆ یادکردنەوەی کە کەم کاریگەرترە ژمارەکە زۆر کەمتر دەبێتەوە و ساڵ دوای ساڵیش کەمتریش، چونکە بە تێپەڕینی ڕۆژگار مەرگی پیر لای موریدانیش کاریگەییەکەی کەم و کاڵ بووەتەوە و بە کورتی لایان ئاسایی بووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە باری دارایی موریدانیش کە لە چینی هەژارن بۆ خۆی هۆکارێکی دیکەی بەهێزی کەمبوونەوەی سەردانیکارانە بۆ ئەو مەزارگەیە “کە پێشنیار و هەوڵ هەیە بۆ دروستکردنی”

ئایا بە گوێرەی کام ئەزموون و کام ڕابردووی ئیدارەدانی خاڵە سنوورییەکانی هەرێم، باج و داهاتی فەرمانگەکان، فڕۆکەخانە و بیرەنەوتییەکانی هەرێم، گەرەنتیی گێڕانەوەی ئەو داهاتە “ئەگەر هەیبێت وەکو دەڵێن” باشەی مەزارگەکە بۆ گیرفانی شارەکە و حکومەت هەیە؟!
هەڵسەنگاندن و نمرەپێدان بە حکومەت و ئیدارەیەک لەسەر ئەزموونی ڕابردوویەتی و لەوێوەیە کە دەتوانین داوەریی لەسەر خراپیی یان باشییەکەی بکەین. ئەزموونیی ڕابردووی ئیدارەدانی هەموو پێگە و خاڵەکانی بەدەستهێنانی داهات و پارەکۆکردنەوە، ئەوەمان پێدەڵێت کە لە کەمترین ئاستدا ڕاستگۆیی و متمانە لە ئاست حکومەت و دەزگا ئیدارییە سەنتەریی و خۆجێییەکانی بوونی نەماوە. واتا هەم میسداقییەت و هەم متمانەی لەدەستداوە ئەو شتەی کە پێیدەڵێن دەسەڵاتدارێتیی یان ئیدارە لە هەرێمی کوردستان. ئاشکرایە داهاتی هەموو فەرمانگە، خاڵە سنوریی، فڕۆکەخانە و بیرەنەوتییەکان ناڕژێتە نێو گیرفانی خەڵکەوە و ناچێتە خزمەت گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی شارەکان و کۆمەڵگاوە بەگشتیی، بەڵکو بەشە گەورەکەی و پشکی شێری دەچێتە گیرفانی خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتدارانی دەوری ئەوان. بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە، هەڵبەت کە داهاتی وەها مەزارگەیەک “ئەگەر داهاتی باشی هەبێت وەکو دەڵین” ناچێتە خزمەت شار و نێو گیرفانی خەڵکەوە، بەڵکو وەکو هەموو شوێنەکان و پڕۆژەکانی دیکەی بەدەستهێنانی داهات و پارە دەچێتە نێو هەمان ئەو گیرفانە دەریالووشانەوە، کە لە درێژایی ٢٩ ساڵی دەسەڵاتدارێتیدا داهات و پارەی کوردستانی تێچووە و پڕنەبووە و هەرگیزیش پڕ نابێت.
ئایا بەگوێرەی کام لۆژیکی پێشکەوتنخوازانە و کام پێوەری سەردەمییانە و هاوچەرخ، دەروازەی شارێک “وەکو خۆتان دەڵێن پایتەختی ڕۆشنبیری یان ئەدەب و فەرهەنگ” دەکرێتە مەزارگەیەکی ئایینی – لە ئایینەکەشدا ئایینزایەک – لە ئایینزایەکەشدا یەکێک لە ڕێبازە سۆفییگەرییەکان؟!
شارێکی وەکو سلێمانیی وەکو دەگوترێت بەو جیاوازییە زۆر کەم و بچووکەی کە هەیەتی لە ئاستی ڕووناکبیریی، فەرهەنگیی و ئەدەبییدا، بەروارد بە شارەکانی دیکەی کوردستان، بە قوتکردنەوەی مەزارگەیەکی ئایینیی لە دەروازەکەیدا لەسەر ڕووبەرێکی گەورەی نزیکەی دەیان دۆنمیی جگە لە لێدان لەو سەرمایە ڕەمزییە “هەڵبەت ئەگەر هەیبێت” ی شارەکە و شێواندنی سیما و ئادگاری شارەکە چیدیکە نییە. شارێک وەکو خۆتان دەڵێن “پایتەختی ڕۆشنبیری” بێت چۆن لە دەروازەکەیدا لەسەر ڕووبەری دەیان دۆنم لە بەرامبەر باخی بەختیاریەکەی جارانی، مەزارگەی شمشێربازیی و زرگخۆریی کە سروتێکی ئایینیی هەرە دواکەوتووانەیە، بنیاددەنرێت و ساڵانە ماوەی دیاریکراو و مەراسیمی تایبەتی بۆ ئامادە دەکرێت تەنها لە پێناوی ئەوەی کە گوایا وەکو دەڵێن دەستکەوتی پارە و داهاتی دەبێت؟! ئاساییکردنی ئەو کەشوهەوا ئایینییە دواکەوتووانەیەی دنیای شێخ و دەروێشان لە ئەتمۆسفیری شاردا جگە لە شێواندن و لێدان لە ڕوخساری شارستانییانەی شار “هەڵبەت ئەگەر وایدابنێن ڕوخسارێکی شارستانیانەی هەیە” چیدیکە نییە.
بۆیە باشترین بژاردە بۆ هەوڵێک و پێشنیارێکی لەو جۆرە ئەوەیە، هەرچی زووە بگەڕێنرێتەوە و پاشگەزبوونەوە لێی وەکو ئەوەی هەر نەگوترابێ و نەبیسترابێ.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies