ئەحمەد ڕەسوڵ: خۆڕاپسکاندنی پدک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەنها م. س. پدک لە بەیاننامەیەکدا باسی بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردن دەکات. واتا بەبێ لێدوان و بڕیاری سێ بارزاننیەکە “سەرۆک و دوو جێگرەکەی” ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە خولەکی کۆتایی یان بۆ زیادکراودا، بارزانی سەرۆکی پدک بڕیاردەدات لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا.
پدک وورد جوڵەکان و گەمەکەی ذیاریکردووە. بۆ نموونە لە بەیاننامەکەدا ناڵێت؛ بایکۆت، بەڵکو بەشدارینەکردن، چونکە گەر بایکۆت بیت مانای یاخیبوونە و ئەمەش باجی قورسی لە دوایە. لە بەیاننامەکەدا دەڵیت؛ بە لوبنانییکردن، واتا هەڕەشەی تێکدان و نائارامیی.
پدک، بەشداری هەڵبژاردن دەکات
بەیاننامەکەی م. س. پدک لەبارەی بەشدارینەکردنەوە لە هەڵبژاردنە بڕیارلێدراو و چاوەڕوانکراوەکەی حوزەیران و چەند بە ئامانجگیراوێک و چەند ئەگەرێک:
یەکەم/ لاساییکردنەوەی جوڵەی موقتەدایی. خۆبەسەنتەرکردن لە دیمەنی سیاسیی عێراقدا. لێسەندنەوەی بەسەنتەربوون لە دادگای فیدراڵی. پدک تا ئێستا بەرکار بوو، بەم جوڵەیە دەیەوێت خۆی بکاتە بکەر. لە ژێرهەژموون کەوتووەوە بۆ هەژموونگەر.
❶ بە سەنتەرکردنەوەی “بارەگای بارزانی”: هەمووان، لە نوێنەرانی ئەمریکا، ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەگەڵ حزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی بەغدا، ملی ڕێگا بگرنە بەر بەرەو بارەگاکەی.
❷ چرکردنەوەی سەرنجی ئەمریکا، ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەسەر خۆی. خۆنمایشکردن وەکو هێزێکی کاریگەر لە تێکدانی گەمەکەدا بە ئامانجی ووتنی: دەبێت حسابم بۆ بکەن لە هەر یاسا و بڕێارێکدا کە لە بەغدا “دادگای فیدراڵیی، حکومەت و پەرلەمانەوە” دەردەچێت. واتا فشار بخەنە سەر بەغدا.
❸ فشاردانان لەسەر دادگای فیراڵیی تاوەکو هەم جەخت نەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمەوە و هەروەها دەستهەڵگرتن لەوەی ئەگەر نیازی دەرکردنی بڕیاری دیکەی هاوشێوەی ئەوانەی پێشتری هەبێت.
❹ خۆ نمایشکردن لەنێوخۆی هەرێم لە بەرامبەر هێزەکان وەکو هێزێک کە دەتوانێت بەربەرەکانیی لە تەک بەغدا و برێارەکانییدا بکات.
❺ بۆ ڕێگرتن لە توطینی مووچە لە بانکە فیدراڵییە حکومییەکان و بەرگریکردن لە پڕۆژەی “هەژماری من!”. هەڕەشەکردن بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئەوەی ئێستا بەردەستە.

دووەم/ تۆقین لە ناسێنتڕاڵبوون
پدک نەوەکو تەنها هێزی یەکەم بەڵکو بڕیاری سەرەتا و کۆتایی لە وورد و درشتی پەیوەندیدار بە هەرێم و عێراقەوە لە هەموو ئاستێکدا، لە دەستی خۆیدا نەمێنێتەوە و لە هێزێکی سەنتراڵەوە ببیتە هێزێکی ناسنتڕاڵ، لەمە تۆقیوە.

هۆکارەکانی ناسێنتڕاڵبوون:
❶ نەمانی کۆتای پێکهاتەکان، 11 کورسیی مسۆگەریی ئاسان و خۆشدەستی پدک بوون.
❷ نەمانی کۆمیسیۆنی کوردستانی ژێرهەژموونی پدک.
❸ چواربازنەیی بونی هەڵبژاردن.
❹ ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە ڕێی بانکە حکومییە فیدراڵییەکان “توطینی مووچە”.
پڕۆژەی ” هەژماری من!” دواهەمین سەنگەر، یان ڕەگی ژیان
پدک هەموو مڕاوەغەکانی بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئەوەیە کە هەتا ئێستا بەردەست بووە بۆی. لەدەستدانی دەسەڵاتی پدک بەسەر مووچەی خەڵکدا واتا لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر توانای دەنگدانی خەڵکدا، واتا لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر تەنانەت بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگداندا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا و تەنانەت لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر ئەندامانی سادە و لایەنگرانیدا، تەنانەت بەسەر هێزە چەکدارە مووچەخۆرە کوردییەکانی کوردستانی سوریا و کوردستانی ئێران.
بۆیە لە گەمەکەدا هەموو سەنگەرەکان چۆڵ دەکات و پاشەکشە دەکات بە ئامانجی پاراستنی پڕۆژەی “هەژماری من!” کە دواهەمین سەنگەر و دواهەمین سنوورە.
هەموو ئەو گوتارە پفدراوەی پدک بەناوی کوردستانییبوون، شکۆی هەرێم، هەڵوەشانەوەی هەرێم، کوردایەتیی و کوردبوون، جگە لە گوتارێکی موزەیەف و بەرگێکی ساختە هێچیتر نییە کە نێوەڕۆک و کڕۆکەکەی ترسە لە ناسێنتڕاڵبوون و دەستگرتنێکی شێتانەیە بە دەستەڵاتداربوون بەسەر مووچەی خەڵکی هەڕێمەوە و دەستگرتنی توندە بە پڕۆژەی “هەژماری من!” کە ئەو دەسەڵاتدارێتییەی بەسەر قووتی خەڵکی کوردستانەوە بۆ تەحقیق دەکات جگە لە قازانجە خەیاڵییەکەی کە بۆ بنەماڵەی بارزانی خۆیەتیی و لە نێو بنەماڵەکەشدا لقێکی. ئاشکرایە چەکێکی کاریگەریش دەبێت بە دەستیانەوە بەرامبەر هەر کەسێک کە ئەوان ئارەزووی نەکەن و نەیانەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت