ئەحمەد ڕەسوڵ: لۆمپنیزم دژ بە ڕۆحی ناڕەزایەتیی و بەرەنگاریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵاتدارێتیی بەرپرسیار – خزمەتگوزارییە گشتییەکان
لە درێژایی مێژووی دەزگای دەوڵەت لە فۆڕمە مۆدێرنەکەیدا بە دامەزراوە گشتییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە، بەشێک لە شوناسی خۆی لە ڕێگەی نێوەڕۆک و سیمای نوێگەرانە و پێشکەوتووی چەندین کایەی خزمەتگوزاری گشتییەوە بەرجەستەدەکات. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکو پەروەردە و خوێندن “باخچەی ساوایان تا خوێندنی باڵا”، تەندروستیی، شەقام و ڕێگەوبانەکان، پارک و ڕووبەرەکانی سەوزایی، خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ووزەی کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە، چاودێری کۆمەڵایەتیی “سەرپەرشتییکردن، هاوکاریی و پشتگیریکردنی بەساڵاچووان، منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان”.
چەندێتیی و جۆرێتیی “Quantity and Quality” ئەم خزمەتگوزارییە گشتییە بنەڕەتییانە پێوەری ئاستی بەرپرسیارێتیی و پێشکەوتوویی دەسەڵاتدارێتیی ڕامیاریی و کارگێریی هەر کۆمەڵگایەکە. ئاستی بەرپرسیارێتیی و کارایی هەر دەسەڵاتدارێتییەک بە تایبەتی نێوەندی بڕیاردانی سیاسیی و کارگێریی “حکومەت و حزبەکان”، بە گوێرەی بڕ و شێوازی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاستی داهات و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان و دواجار کۆمەڵگا بەگشتیی، دەپێورێت.
هەڵەی گەورەی سیاسیی یەک بە دوای یەک، گەندەڵیی بێسنوور و ویستی هەژموونێکی گشتگیری حزبیی لە هەر جومگەیەکی حوکمڕانییدا، مامەڵەکردنی خێڵەکییانە لە تەک سیاسەت و حوکمڕانیی، بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵاتدارێتیی و… هتد، ئەو ڕیزە هۆکار و ئەنجامە یەک بە دوای یەکانە بوون کە کوردستانی گەیاند بە دۆخێک لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوام لە دابەزین و نزمبوونەوەدان تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە داڕمان و هەرەسهێنان. لاوازبوونی کوشندەی خزمەتگوزاری تەندروستیی و پزیشکیی لە کەرتی گشتییدا تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە نەمان، شەقام و ڕێگەوبان نەوەکو زیادنەکراون و بونیادنەنراون، بەڵکو ئەوەشی هەبووە بەرەو وێرانەیی و هەڵوەشانەوە دەڕوات، خزمەتگوزاریی دابینکردنی کارەبا دابەزیوە تا نزمترین ئاستی خۆی لە ئەم وەرزی سەرمایەدا و کە لە هاویندا کێشەی کەمئاوییشی سەربار دەبێت. سیستمی پەروەردە و خوێندن لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە لە پاشەکشەی بەردەوام و بەرەودوا گەڕانەوەدا بووە لە سەر هەموو ئاستەکانی.

داهاتی تاکەکەس – ئابووریی گشتیی
پێوەرێکی دیکە لە هەڵسەنگاندن و نمرەپێدان، هەوڵە بەردەوامەکان و پڕۆژە ئێستایی و ستراتیژییەکانی هەر دەسەڵاتدارێتییەکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس و توانایی ئابووریی کۆمەڵگا بە گشتیی.
دەسەڵاتدارێتییەک کە هەردەم سەرقاڵ بێت بە گەورەکردنی ڕووبەرەکانی توانایی ئابووریی و دەستکراوەیی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان لەسەر شانی حزب، حزبیش لەسەر شان و ملی حکومەت و لە بەرامبەریشدا بچووککردنەوەی ڕووبەرەکانی ئازادیی، ئیرادە و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای گشتیی کۆمەڵگا جگە لەوەی دەبێتە کابووس لە ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا هیچیدی لێبەرهەم نایەت. دەسەڵاتدارێتییەک کاتێک ڕوئیا و بەرنامەیەکی ڕاستەقینە و واقعیی بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی تاکەکەس و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکەی نەبێت و بگرە هەردەم لە هێرشکردنە سەر ژیانی خەڵک و قورسترکردنی گوزەرانییاندا بێت، هەڵبەت کە بۆشایی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک دەبێتە خەرەندێکی قووڵ و فراوان بە ئەندازەیەک دنیای خەڵک و دنیای دەسەڵاتداران دەبنە دوو دنیای بە تەواوی لێکدابڕاو و بگرە دژبەیەکتری وەکو ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردووەوە کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و ئەو هەموو مووچەیەی کە نەدراوە کە وا مووچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵیشی دێتە سەر بە ئەو هەموو لێبڕین و پاشەکەوت و ئەو قسە بێمانایانەی داهێنراوی دەسەڵاتدارێتیی حزب-خێڵەکانی کوردایەتیی، سەرباری زیادکردنی چەند هێندەی هەموو جۆرەکانی باج و ڕسومات، سەرباری زیادکردن و داهێنانی چەندین جۆری باج و سەرانەسەندن، ئەوە سەرباری بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی “غاز و نەوت و بەنزین” و کارەبا و … هتد، جگە لە دابەزینی کەمەرشکێنی داهاتی تاکەکەس و داڕمانی ئابووریی گشتیی کۆمەڵگا هیچیدی لێ بەدینایێت هەروەکو ئەوەی ئێستا کۆمەڵگای ئێمەی پێدا تێپەڕدەبێت.

لۆمپن – لۆمپنیزم
واژەی لۆمپن “Lumpen” بۆ یەکەم جار لەلایەن کارڵ مارکس (1818-1883) و فرێدریک ئەنگڵز (1820-1895) لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستدا “The Communist Manifesto” بەکار هێنرا کە لە زمانی ئەڵمانییەوە گواستییانەوە نێو زمانی ئینگلیزی “Lumpenproletariat”، بە واتای ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە دێت کە لە ڕووی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و چینایەتییەوە لە خوار چینی پڕۆلیتاریا “چینی کرێکار” وەن. لۆمپن، ئەو بەشەی کۆمەڵگا دەگرێتەوە کە پێکدێت لە سواڵکەر، لەشفرۆش، دز و تاوانکار. لۆمپن تا ئاستێک لە ملکەچیی و بێئیرادەیی دابەزیوە کە چیدی نەوەکو ئیمکانی بەرەنگاربوونەوەی تێدا مردووە بەڵکو دژی هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی و ڕۆحێکی یاخییبوون و ئیرادەتمەندیی دەوەستێتەوە. لۆمپن تا ئاستێک تەسلیمبووە بە وەزعی مەوجود و قەدەری ڕەشی خۆی، کە وایلێهاتووە دژ بە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاریی لە دۆخی هەنوکەییدا دەوەستێتەوە. لۆمپن بە سروشتیی پێکهاتەی چینایەتیی خۆیان و بەهۆکاری نزمیی ئاستیی خوێندەواریی، تێگەیشتن و بیرکردنەوەیان نەوەکو نابنە بەشێک لە شۆڕشی چینی کرێکار دژی خاوەنکار و سیستمی سەرمایەداریی بەڵکو ڕۆڵی دژەشۆڕش دەگێڕن.
لە دۆخی کۆمەڵگای ئێمەدا، لۆمپنیزم، ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە مێنتاڵیتیی و بیرکردنەوەیەی کە دژ بە هەر ڕۆحێکی تەسلیمنەبوو و ئیرادەخواز دەوەستێتەوە. لۆمپنیزم، ئەو ڕۆحییەت و عەقڵییەتە دەستەمۆ، ملکەچ، بێدەنگ و بێهەڵویستەیە دەشێت لای کەسێکی بڕوانامەدار یان تەنانەت نووسەر یان پلەدار و پێگەدار لە هیرارکییەتی ئیداریی و سیاسییدا، یان خاوەن بڕوانامەی باڵا “ماستەر و دکتۆرا” بێت، کە بە نووسین و ڕەخنە دژ بە ڕۆحی بەرەنگاریی و توانای دەربڕینی ناڕەزایەتیی توێژێک یان بەشیکی کۆمەڵگا دەوەستێتەوە یان هەندێجار بە سوخرییەت و گاڵتەجاڕیی.

تۆمەت و ڕەخنە لە سەر بنەمایەکی هیچ یان لۆمپنیزم
مامۆستایان لەپێناوی داواکارییە سەرەتایی، ڕەوا و یاساییەکانی خۆیان، فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران بەرەوڕووی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران بوونەتەوە بە شێوازە مەدەنییەکان. بایکۆت لە دوای گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەباتی مەدەنییەوە پەنای بۆ براوە. ئاساییە هەر جۆرە خەبات و ئیرادەکردنێک ڕووبەڕووی چەندین جۆری تانەلێدان، ڕەخنە و تەنانەت گاڵتەجاڕیی ببێتەوە. سروشتیی هەر سەرکێشیی و ئیرادەردنێک وەهایە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی و لەمپەرە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە.
لە پەیوەند بە ناڕەزایەتیی، خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایانەوە چەندین سەرنج و ڕەخنە خرانە ڕوو. بۆ نموونە سەرنجێک ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات لەم دەڤەرە لە کاری ژێربەژێری پارتییە بۆ تێکدانی دۆخی (زۆنی سەوز) کە ئەم بۆچوونە لەوکەسانەوە دەبیسترا کە لایەنگیری یەکێتیین ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بێبنەمایی و پووچێتیی ئەم تۆمەتە لەوێدا دەرکەوت کاتێک وەزیری پەروەردە “کە لە پشکی پارتییە” هەوڵیدا بۆ شکاندنی بایکۆت و کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتی مامۆستایان تەنانەت بە ووشەی “دەبێت” فەرمانیکرد و نەوەکو سەرینەگرت بەڵکو ناڕەزایەتیی مامۆستایان توندتر بووەوە، سەرنجێکی دیکە ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات دروستکراوی یەکێتییە و بۆ فشاردانانە لەسەر پارتیی و کارتێکی سووتاوە و کاریگەری نابێت، ئەم بۆچوونەش لەو کەسانەوە دەبیسترا کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لایەنگیری پارتیی یان گوتارە سیاسییەکەی پارتیین. پووچیی و بێبنەمایی ئەم تۆمەتەش لەوێدا دەرکەوت کە جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانیی داوای لە مامۆستایان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دواهەمین هەوڵی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیی بە هەموو توانایانەوە بۆ شکاندنی بایکۆت، بەڵام بە ناڕەزایەتیی توندتری مامۆستایان و خۆپیشاندنی فراوانتر وەڵامدرانەوە. هەروەها هەبوون دەیانگوت نەوەی نوێی لە پشتە، ئەمەیان نەوەکو پووچ و بێنەما بەڵکو تۆمەتێکی هێند ئاست نزمە شایان بە قسە لەسەرکردن نییە کە ئەمانە تێیاندا هەبوو لایەنگیری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی یەکێتیی و پارتییش.
هەموو ئەو تۆمەت ڕیزکارانە لە نێو بازنەی لۆمپنیزمدا جێگادەگرن. لۆمپنیزم ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنەیە، بۆ ئەوەی لە ئیرادەکەوتن و ڕۆحە تەسلیمبووەکەی خۆی پاساو بداتەوە، دەبێت لە بەهای ڕۆحی تەسلیمنەبوو و ئیرادەتمەندیی ئەوانیتر کەم بکاتەوە بە تۆمەتی پووچ و قسەی هەڵیت و پەڵیت. لۆمپن و لۆمپنیزم دژ بە هەر ئەکتێکی بەرەنگاریی دەوەستێتەوە.

ناڕەزایەتیی گشتیی – بەرئەنجامێکی حەتمیی
مامۆستایان وەکو توێژێکی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە، لە چەند ساڵی ڕابردووەوە بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لەو دۆخە سەختە و لە ناڕەزایەتیی گشتیی کۆمەڵگا کردووە و هەردەم بە فشاری جیاوازی مەدەنیی و نەرم، بەڕێخستنی چەندین خۆپیشاندان و تادەگات سکاڵا تۆمارکردن لە دادگا و … هتد، هەردەم لە ڕووبەڕوونەوەدا بوون لە دژی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتداران، تا گەیشتووەتە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن و ڕاوەستانی پەروەردە. پەروەردە، یەکێک لە پڕۆسە هەرە گرنگەکانی هێمای زیندووێتیی و بەردەوامیی ژیان و گەشە و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگایەکە. دۆخی ئێستا سەرباری هەموو ئەوەی پێشتر هێمای بۆ کرا، بایکۆتی مامۆستایان و پەککەوتنی پەروەردە و خوێندنیشی هاتووەتە سەر.
دۆخێکی کارەساتباری بەو شێوەیە کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کردووەتەوە، هەڵبەت بۆ هەر کۆمەڵگایەک گەر لە نزمترین ئاستی زێندووێتیی و هۆشیار بە ماف و ئازادییەکانیدا بێت، ناڕەزایەتیی لە هەموو جۆر و ئاستەکانیی، خۆپیشاندان و هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی بە دەستەوەدەگرێت و پەنای بۆ دەبات لە دژی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران.
لە وەها دۆخێکی کارەساتبار. کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان تا نزمترین ئاست دابەزیون، باج و رسومات تا بەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە، مووچەش بە ئەو جۆرەیە، مرۆڤ ئاخێزێک نەکا و دەنگ هەڵنەبڕێت، ناڕەزایەتیی توندی خۆی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە دەرنەبڕێت و توڕەیی خۆی لە خۆپیشاندان و هەر ئەکتێکی دیکەی بەرەنگارییدا بەرجەستە نەکات، دەتوانێت چ ئومێد و خەونێکی هەبێت و دەتوانێت قسە لە چ ئیرادە و ئازادییەک بکات! بێهەڵوێستیی و بێدەنگیی لە ئاست وەها دۆخێکدا دەتوانێت جگە لە کەوتن، بیماریی و کەوتنی بوون و کەینوونەی مرۆیی، چ ناوێکی دیکە و چ تەفسیرێکی دیکەی هەبێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت