ئەحمەد ڕەسوڵ: پرسیار لە ڕاپەڕین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پەیوەند بە زۆرینەی پرس و ڕووداوەکانەوە تێگەیشتنێکی کۆیی وەکو ڕاستییەکی یەکاڵاکراوە بەسەر ئێمەدا، باڵادەست کراوە و ڕاهاتنی دەستەجەمعیی لەبارەیانەوە وەهای کردووەو وەژێر پرسیار خستن و بەگرفت ئامێز کردنیان، کردەیەکی عەقڵیی بیرلێنەکراوە بێت. لە ڕاستییدا بۆ هەر پرس، ڕووداو و دیاردەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مێژوویی پرسیارلێکردن و سەرلەنوێ بیرلێکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەی زانین لەبارەیانەوە بوێریی گەرەکە. پرسیارلێکردن و بەکێشەکردن بۆ خۆی پڕۆسێسێکە لەسەر سەرچڵیی فیکریی و لادان لە تێگەیشتنی کۆیی بینادەکرێت. لەکۆمەڵگای ئێمەدا، هەر جۆرە پرسیارلێکردن و گومانکردنێک لە ئاست هێز، پرس و ڕووداو و سیمبولە سیاسیی و مێژووییەکان ئازایەتیی و چاونەترسییەکە لە هەژموونی مێنتاڵیتیی دەستەجەمعیی بە تایبەتیی مێنتاڵیتیی کایەی سیاسیی و ئەوانەی بە هەرجۆرێک لە ژێر هەژموونی ئەو کایەیەدان. بەڵام هەر چۆنێک بێت، ئێمە ناچارین بە پرسیارکردن و گومانکردن.
ئایا داوەرییکردن لەسەر کەسێک، کردەیەک، یان ڕووداوێک بەبێ خستنەژێر ووردبین و پشکنینیەوە دەتوانێت داوەریکردنێکی ڕاستەقینە و تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە بێت؟ هەڵبەت کە وەها داوەریکردنێک نەوەکو ناتوانێت داوەریکردنێکی ڕاستەقینە و تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە بێت، بەڵکو ڕێگرە لە داوەرییکردنێکی ڕاستەقینە و هەوڵدانە بۆ تێنەگەیشتن.
ئەوەی کە ڕووداوێک، کردەیەک، یان تێکستێک بە پیرۆز دابنێین و تەنها بە تەفسیرێک و تێگەیشتنێکەوە بۆی خۆمان ببەستینەوە، دابڕاو لە کۆنتێکست، مانا، کاریگەریی و جێکەوتەکانی، جگە لەوەی ئەمە هیچی ئەوتۆمان پێناڵێت لەسەر خودی ئەو ڕووداو، یان کردەیە. هەروەها ئەو جۆرە بەرخوردە، ڕەگەکانی دەچنەوە نێو گوتار و مێنتاڵیتی ئایینیی.
لە ڕاستیدا ئەو جۆرە تێگەیشتنە بۆ ڕووداو، کردەیەک، یان تێکستێک هێندەی تێنەگەیشتن و هەوڵدانە بۆ تێنەگەیشتن، هێندە تێگەیشتن و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن نییە.
ئەو دیدە جەوهەرگەراییە بۆ ڕاپەڕین، ئەوەی کە ڕاپەڕین لە خودی خۆیدا ڕووداوێکی مەزن و پیرۆزە، دابڕاو لە مانا، کاریگەریی و جێکەوتەکانی، جگە لەوەی ” بەئاگاوە یان بێئاگا ” کێشانی هالەیەکە بە دەوریدا و دوورخستنەوەیەتی لەوەی بخرێتە ژێر تاقیکردنەوەی عەقڵیی و لێپرسینەوەوە، هیچیدیکە نییە.

پرسیار لە چییەتی دەسەڵاتدارێتیی و نوێنەرایەتیی ڕۆحی دەستەجەمعیی
لەو دیدەوە کە ڕاپەڕین ڕاماڵینی دەسەڵاتدارێتییەکی تۆتالیتاری سەرکوتگەر بوو، بۆیە ڕووداوێکی پیرۆزە، دەکرێت ئینسان بپرسێت، بەڵام ئەو دەسەڵاتدارێتییەی لە دوای ڕاپەڕینەوە خۆی داوە بە سەر شان و ملی خەڵکدا و هەر ڕۆژ قورساییەکەی زیاتر دەبێت، دەسەڵاتدارێتییەکی سەرکوتگەر و ملهوڕانە نییە؟! تا بەو هۆیەوە ڕاپەڕین وەکو ڕووداوێک کە دوو سەردەمی جیاواز و پێکدژ لێکجیادەکاتەوە ببینین.
لەو دیدەوە کە ئەو دەسەڵاتدارێتییەی بەر لە ڕاپەڕین لەسەرووی خواست و ئیرادەی خەڵکییەوە بووە و بەدەر لە نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەڵک بووە و نوێنەرایەتیی نەتەوەی کوردی نەدەکرد و ڕەنگدانەوەی ڕۆحیی کوردیی نەبوو، وەکو ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی بەدەر لە جیاوازییە حزبییەکان بەر لە ڕاپەڕین دەهۆڵی بۆ دەکوتا و تائێستاش هەندێک لەسەر هەمان ئاواز بەردەوامن، بەڕاست لە دوای ڕاپەڕینەوە دەسەڵاتدارێتییەک لە گوزارشتکردن لە خواست و ئیرادەی خەڵکیی و لە نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەڵک پایەدار بووە؟!، تا بەو هۆیەوە ڕاپەڕین وەکو ڕووداوێکی مەزن ببینین. یان بەڕاست ئەوەی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە هەیە، دەسەڵاتدارێتییەکە بە نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد و ڕەنگدانەوەی ڕۆحیی کوردیی و گوزارشتکردنە ئیرادەی ڕۆحی کوردیی؟! هەروەکو “هیگڵ” دەسەڵات بە نوێنەری ڕۆحی نەتەوە و بەرجەستەبوونی ئیرادەی دەستەجەمعیی نەتەوە دەزانێت.

پرسیار لە ئاستی فەرهەنگیی و کولتوریی – خۆشگوزەرانیی
ئەگەر لە دیدی فەرهەنگیی و کلتورییەوە لە کوردبوون بڕوانین و ڕاپەڕینیش، وەکو ڕووداوێک بۆ تەحقیقبوونیان و خۆ مانیفێستکردنی بوون و کەینونەی ئینسانی کورد و ئەو ڕەهەندانەی کوردبوون تەماشابکەین، بەڕاست لە پێش ڕاپەڕین، یان دوای ڕاپەڕین کلتور و فەرهەنگی ئەوەی پێی دەڵێن کوردیی لە پاشەکشەدایە و لە ژێر هەڕەشەی داگیرکارییدایە؟! تا بەو هۆیەوە لە ڕاپەڕین مانای گرنگ هەڵگۆزین و وەکو ڕووداوێکی مەزن لێی بڕوانین لە پێناو فەرهەنگ و کلتوردا.
ئەگەر وەکو ژیانێکی خۆشگوزەران و ئەوەی پێیدەڵێن دەوڵەتی ڕەفا، یان ڕیفاهـ “ًWelfare State ” لە ڕاپەڕین وەکو هێڵی جیاکەوەرەی نێوان دوو دەسەڵاتدارێتیی بڕوانین، بەڕاست کامییان نزیکتر بوو لە چەمکی دەوڵەتی خۆشگوزەرانەوە “هەڵبەت خۆشگوزەرانیی بۆ تاکە تاکەی ئینسانەکان نەوەکو خۆشگوزەرانیی بۆ چەند خێزانێکی سیاسیی ئەرستۆکراتیی دەسەڵاتدار” نزیکتر بوو ئەوەی پێش، یان دوای ڕاپەڕین؟! تا بەو هۆیەوە لە ڕاپەڕین وەکو ڕووداوێکی شادیهێن بۆ خەڵک بڕوانین.
ئەگەر وەکو شکۆمەندیی تاکە تاکەی ئیسانەکان و ئازادیی، یان ژێردەستەیی و ملکەچیی ئینسانی کورد و ڕۆحیی کۆیلەیی لە نێو کەسێتیی ئینسانی کورددا، لە ڕاپەڕین وەک ڕووداوێک بۆ ئازاد کردنی ڕۆحیی ئینسانی کورد و ئازادیی گشتیی جڤات بڕوانین، بەڕاست پێش، یان دوای ڕاپەڕین کەسێتیی ئینسانی کورد تێکشکاوە و ڕۆحیی تاکیی و کۆمەڵیی ئینسانی کورد بەکۆیلە کراوە و بە بارمتەی حزب گیراوە؟! تا بەو هۆیەوە ڕاپەڕین وەکو بزوێنەرێک و پاڵنەرێکی گەورەی ئازادکردنی ئینسانی کورد بە مەزن و پیرۆز بزانین.
هەڵبەت لە دید و گۆشەی زۆری دیکەوە دەکرێت قسە لە ڕاپەڕین، ماناکانی، کاریگەریی و جێکەوتەکانی بکەین و مێژووی ئەو ئایدیۆلۆژیا و حزبانەی کە بانگەشەیان بۆ کرد و خەڵکیان لە پێناویدا و لە پێناو شۆڕشدا “ئەگەر ڕاستبێت بڵێین شۆڕش” هاندا و هەم بەر لە ڕاپەڕین و هەم لە دوای ڕاپەڕین بخەینە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر دیاردەیەک، ڕووداوێک و مێژوویەک بە لێووردبوونەوەی زیاتر و قووڵبوونەوەی زیاتر و وە ژێرپرسیارخستن و وە ژێرخستنە تاقیکردنەوەی عەقڵیی زیاتر دەکرێت مانای دیکە و تێگەیشتنی جیاوازی دیکە لەبارەیەوە بەرهەمبهێنین.
بەگرفتئامێزکردن و وەژێرپرسیارخستن سەرەتایەکی سادەی بەرهەمهێنانی زانین و تێگەیشتنە لەبارەی ڕاپەڕینەوە. ئەمانەی سەرەوە هەندێک پرسیارلێکردن بوون لە ڕاپەڕین و ئەمانەی خوارەوەش هەندێ پرسیاری دیکەی کورت و سادە.
بەڕاست ڕاپەڕین، ڕاپەڕین بوو بەسەر چییدا؟! ڕاپەڕین بوو بەسەر عەقڵییەتێکی سیاسیی دیاریکراودا؟! ڕاپەڕین بوو بەسەر مۆدێلێکی دیاریکراوی دەسەڵاتدارێتییدا؟! ڕاپەڕین بوو بەسەر سترەکتوریی کۆمەڵایەتیدا و بەسەر مێنتاڵیتیی زاڵیی تەقلیدییدا؟! ڕاپەڕین بوو بەسەر هەژاریی و نەهێشتنی بۆشایی فراوانی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵدا؟! ڕاپەڕین بوو بەسەر نۆڕم و بەها ئاکارییە باوەکانی کۆمەڵدا؟! ڕاپەڕین بوو بەسەر ناعەدالەتیی و یاساشکێنییدا؟! بەڕاست ڕاپەڕین، ڕاپەڕین بوو بەسەر چیدا؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت