ئەحمەد ڕەسوڵ: میللەتی خائین!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی ئەمڕۆ بە نەخۆشیی خەڵک دڵخۆش بێت، سبەی خەڵک بۆ مەرگی ئەو شایی دەگێڕێت.
ئەم دۆخەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ، دۆخێک کە دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران هێندە بێخەم و نابەپرسیار لە ئاست وێرانبوونی کۆمەڵگا و نابوودبوونی گشت سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری گشتیی. هێندە بێباک لە ئاست داڕمانی ژیانی ئابووریی خەڵک و ڕاوەستانی هەموو دەزگاکان، پەروەردە، تەندروستیی و… هتد، لە مێژووی هاوچەرخ و دێرینی هیچ کۆمەڵگایەکدا هاوشێوەی نییە.
دۆخێک کە قەیرانگەلی هەمەجۆر تانوپۆی پێکدەهێنێت و بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بەردەوام بێت، ئەمە تەنها لە هەرێمی کوردستان دەیبینیت. دۆخێک کە نزیکەی 10 ساڵ بێت مووچەی 40 ڕۆژیی و 50 ڕۆژیی فەرمانبەران، هەردەم لە دڵەڕاوکێ و نادڵنیاییدا بێت و ئەو هەموو مووچەیە نەدرابێت و ئەوەشی کە درابێت بەشێکی زۆری بە لێبڕین و پاشەکەوت و ئەو قسە بێمانایانەوە بووبێت. ئینسان دەخاتە سەر لەنوێ وەژێر پرسیارخستن و گومانکردن لە هەر چەمک و دەستەواژەیەک لە پەیوەند بە کۆمەڵگا، سیاسەت و بەڕێوەبردن.
بەهەرحاڵ، دیمەنی هەنووکەیی بەم شێوەیەیە:
حزبە سیاسییەکان بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە ڕاستییدا هەموویان دەستە و تاقمی بەرژەوەندییخوازن و خۆیان داوەتە پاڵ ئایدیۆلۆژیایەک و پارە و دەسەڵاتی لێوە بەدەستدەهێنن و بە ناوی خەڵکەوە قسە دەکەن و پەیکەرێکی بێناوەڕۆک و بەتاڵیان لە ئەو ئایدیۆلۆژیایانە بۆ خۆیان داتاشیوە. واتا لە ڕاستییدا جگە لە دوکان و مارکێتی سیاسیی بۆ پڕۆژە ئابوورییەکانیان و کەڵەکەکردنی زیاتر و پاراستنی سەرمایەکانیان چیدیکە نین.
بەهەرحاڵ، دەسەڵات و حزبگەلی هەرێمی کوردستان کۆکن لەسەر ئەوەی نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەشبکرێت، بە بیانووی ئەوەی دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان دەبێتە کارتۆنێکی بۆش و بەتال” وەکو ئەوەی هەر ئێستا شتێکی لەوە زیاتر بێت” و هەروەها ئەم بالۆرەیە هەموو مێدیاکار، نووسەرە حزبییەکانیان “بەر هەتاو و سێبەرەکانیشیان” بە کۆڕاڵ دەیڵێنەوە.
مووچە ئامرازی زەلیلکردنی خەڵکە لە ژیردەستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
ئەو لەشکرە گەورەیەی سەرانی زل و سەرەوەی هەموو حزبەکان کە مووچەیان لە بەغداوە ڕاستەوخۆ بۆ دێت بە پلەی ئەندامی ئەنجومەنی حوکم، سەرۆک کۆمار، جێگری سەرۆکوەزیر، جێگری سەۆکی پەرلەمان، ئەندام پەرلەمان، وەزیر، وەکیل وەزیر، ئەندام پەرلەمان، بەڕێوەبەری گشتی، کۆمەڵێک پلەی سەربازیی ژەنەڕاڵ، کۆلۆنێڵ، سوپاسالارو… هتد.
میللەتیش تەنانەت بە جەماوەری حزبەکانیشەوە دەیەوێت و داوادەکات مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دابەشبکرێت بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا. خەڵکی کوردستان دەیەوێت لە میحنەت و بەبارمتە گیراوییەکەی بە دەست دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، ڕزگاری ببێت.
ئێستا هاوکێشەکە بەم شێوەیەی لێهاتووە:
دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران، نیشتمانپەروەر و کوردپەروەرن. بەرپرسیار و لە خەمی حکومەت و قەوارەی هەرێمن.
حزبەکان “سەرۆک و سەرکردایەتییەکانیان”، نیشتمانپەروەر و کوردپەروەرن. بەرپرسیار و لە خەمی حکومەت و قەوارەی هەرێمن.
میدیاکارە حزبییەکان و نووسەرە حزبییەکان نیشتمانپەروەر و کوردپەروەرن. بەرپرسیار و لە خەمی حکومەت و قەوارەی هەرێمن.
بەڵام میللەت، نە قوربانی داوە لە پێناوی ئەم قەوارەیە، نە خەباتی شاخ و شاری کردووە لە پێناوی نیشتمان و کوردبووندا، نە زیندانی کراوە و نە شەهید بووە.
میللەت، منداڵێکی گڕۆزنی ناحاڵییە تەنها داوای بەشەکەی خۆی دەکات و هیچ تێگەیشتنێکی نییە.
میللەت نانیشتمانپەروەر و ناکوردپەروەرە. نابەرپرسیارە و لە خەمی حکومەت و قەوارەی هەرێمدا نییە.
میللەت خیانەت لە گەل و نیشتمان دەکات.
میللەت خیانەت لە حزبەکان و سەرۆکەکانیان دەکات.
میللەت خیانەت لە دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران دەکات.
میللەت خائینە.
ئای میللەتی گەندەڵ و خائین! چۆن گیرت خواردووە بەدەست ئەم شۆڕشگێڕ، ئینسانە شەریف، دەستپاک و بەرپرسیارانەوە، بە دەست ئەم نیشتمانپەروەر و کوردپەروەرانەوە!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت